کاکه‌ ئه‌حمه‌د موفتی زاده‌ له‌ سه‌ربوورده‌ی زیندانی بوونی رابه‌رێکی (چریکهای فدایی خلق) دا

Sunday, 15/07/2012, 12:00

2009 بینراوە


دیارییه‌کی ئاسمانی که‌ قه‌درمان نه‌زانی....

یەکێ لە ئەندامانی رێکخراوی مارکسیستی (چریکهای فدائی خلق) بە ناوی ع ـ ب لە زیندان بە شی ٣٢٥ قاوشی ٣، دوساڵ لەگەڵ کاک ئەحمەد زیندانی بووە و دیداری فرەی لەگەڵ بووە، دەگێڕێتەوە کە لە بەشەکەی ئەوان ١٦٠ نەفەر بوون ٢٠ نەفەریان لە ناسراوەکانی ئێران بوون، لە ناویاندا کەسانی وەک ئەمیر ئینتیزام و بابەک زەهرایی هەبوون، بابەک زەهرایی لە رابەرانی چریکە فەداییەکانی خەڵق و ئاخوندزاده‌ بوو ، کاتی باسی کاک ئەحمەدی مفتی زادەی دەکرد (بە ئەحمەدی مفتی زادە یا حاجی ئاغا) ناوی دەبرد، ئەو دەڵێت : لە زینداندا بۆ ئێمە، ئەحمەدی مفتی زادە، وەک دەرمانی ئارامبەخش بوو، ئەو منی شەڕەنگێزی بەرە و خۆی کێشکرد، من فرە تینووی بووم و هەمیشە لە سۆرا‌غیدا بووم.
لە خراپترینه‌وە تا باشترینی زیندان، هەموو خۆشیان دەویست و رێزیان لێدەگرت، شکۆیه‌کەی تایبه‌تی هه‌بوو، پیاوکوژێ کە ٢٧ کەسی لەسەر جادە بەیەکجار کوشتبوو، کاتێ بەلای ژوورەکەی حاجی ئاغادا تێدەپەڕی لە شەرمەزاریدا سه‌ری داده‌خست، ئەحمەدی مفتی زادە لەگەڵ ئەودا میهرەبان بوو، بەڵام ئەو لە شەرما رووی نەدەهات تەماشای چاوەکانی حاجی ئاغا بکات، هەموو زیندانییەکان خواخوایان بوو، و حەزیان دەکرد لە راڕەوەکاندا چاویان بە ئەحمەدی موفتی زادە بکەوێ و سڵاوی لێبکه‌ن و تەوقەی لەگەڵدا بکەن، ئەو چەند ساتە کەمە بۆ ئەوان تا چەند رۆژ به‌س بوو تا لەگەڵ بیرەوەری ئەوساتانەدا بژین.
بابەک زەهرایی یاری شەترنجی فرە باش دەزانی، ئاماتۆر بوو وەلی وەک پسپۆڕێک یاری دەکرد، لەگەڵ هەرکەسێکدا یاری بکردبا، هێندە شارەزا بوو دەیزانی، که‌ به‌رامبه‌رەکەی دەیه‌وێ به‌ چ بارێکدا داشەکان بجوڵێنێ، ته‌نیا ئه‌حمه‌دی مفتی زادە حه‌ریفی بوو، بابه‌ک شانازی به‌وە دەکرد که‌ پاش چه‌ند مانگ جارێک له‌گه‌ڵ حاجی ئاغا یاری بکات، یارییەکەیان چه‌ندین سه‌عات درێژەی دەکێشا، کاتێ ئەوان یارییان دەکرد، هه‌موو زیندانییەکان بێدەنگ له‌دەورییان کۆدەبونه‌وە، هەر که‌ وەختی نوێژ یا خواردن دەهات، یارییه‌کەیان وەک خۆی به‌جێدەهێشت پاشان دووبارە دەگه‌ڕانەوە سه‌ری.
فرە جوان و پاک و به‌له‌زەت نانی دەخوارد، به‌ زۆری ئاوگۆشتمان هه‌بوو، ئه‌ویش ئاو و نۆک ـ نۆکاوـ بوو، له‌پێشدا نۆکه‌که‌ی جیا دەکردەوە و ئاوەکه‌ی دەکردە تریت و پاشان خوێیه‌کی زۆری بە نۆکه‌که‌وە دەکرد و ئەوسا مه‌یلی دەکرد، ئاخر چ که‌سێ پاشماوەی خۆراک دەخوات، هه‌موو فڕێیان دەدا، به‌ڵام حاجی ئاغا پاشماوەی خۆراکی فڕێنه‌دەدا و هه‌ڵی دەگرت و پاشان مه‌یلی دەکرد.
لەو سەعاتانەی سێ و چواری بەیانیدا، کاتێ کە شەیتان به‌باشی به‌سه‌ر مرۆڤەکاندا زاڵ دەبێت و ئیرادەی
ئینسان لاوازە بۆ لەخه‌و رابوون، ئەگه‌ر بۆری ئاوێک دڵۆپه‌ی بکردبا له‌ خه‌و رادە بوو دەیگرته‌وە ، دەیفه‌رموو حه‌یفه‌ نابێت ئەم نعمه‌ته‌ به‌خۆڕایی بڕوا.
من ئەو کاته‌ گەنجێکی نه‌فام بووم وهیچم نه‌دەزانی، نه‌ قسه‌یه‌ک نه‌ پرسیارێ، ته‌نیا له‌ هه‌ڵسووکه‌وتی حاجی ئاغا وورد دەبوومەوە، لە خوام دەویست کارێکم پێ بسپێرێ، هەرچەندە فرە حەزم دەکرد وەک کوڕی خۆی خزمەتی بکەم ، بەڵام هیچکاتێک رێگەی نەدا کارێکی بۆ ئەنجام بدەم، چەند جار کاتێ دەچوو بۆ حەمام دەمویست خاولی بۆ بەرم، نەیدە‌هێشت کەس کاری بۆ بکا، هەر کاتێ پێداگریمان دەکرد کە کارێکی بۆ ئەنجام بدەین، دەیگووت : کوڕم هێشتا پاکانم توانای رۆشتنیان ماوە، کەواتە دەبێ خۆم کارەکانم ئەنجام بدەم.

بابەک زەهرایی پەیوەندیەکی دەروونی له‌گه‌ڵ حاجی ئاغا هه‌‌بوو، گرفتێکی بۆ پێشهاتبا دەچووە لای مشورەتی پێدەکرد، کاتێ ئیمام خومه‌ینی نامه‌که‌ی نووسی بۆ گۆرباتچۆڤ، داوایان له‌بابه‌ک زەهرایی کرد که‌ سه‌بارەت به‌ نامه‌که‌ بۆچوونی خۆی به‌وان بڵێت، ئه‌گه‌ر بیووتایه‌ قسەکانی ناو نامه‌که‌م قه‌بوڵه‌، به‌و مانایه‌ دەبوو که‌ نکۆڵی له‌ رابوردووی خۆی بکات، ئه‌گه‌ر رەتی کردبایه‌وە خۆی توش دەکرد له‌گه‌ڵیان، مشورەتی به‌ئاغای موفتی زادە کرد، ئه‌و ووتبوی راسگۆیانه‌ بۆچوونی خۆت بڵێ، ئه‌ویش به‌وانی وتبوو: ئیمام خومه‌ینی به‌ باوەڕی خۆی کارێکی باشی کردووە، به‌ڵام من مارکسیستم، هاو ژوورییەکانی بابەک ئەویان بە گڵاو دەزانی دەیان ووت :خودا رەت دەکاتەوە، بەڵام هەر چەندە لەگەڵ ئاغای مفتی زادە وەک دوو جەمسەری دژ بەیەک بوون، بەڵام بەیەکەوە هەڵیان دەکرد، حاجی ئاغا وەک ئەوانی تر بابەکی بە گڵاو نەدەزانی و لەگەڵیدا میهربان بوو.
لێپرسراوانی زیندانەکەمان، لە چەقاوەسووە خوێڕیەکانی خوارووی شار بوون، تازە پیا کەوتوو، بە پلەیەک گەیشتبوون. ئاسایی هەموو رۆژێک سەرژمێرییان دەکردین، رۆژێک من دەستم لەسەر شانی هاوڕێیەکم دانا بوو، یەکێکیان بە منی ووت: کەربابی گوێرەکە لە بەرچاوی باوکیشت هەروا دادەنیشی؟ دەمیان زۆر پیس بوو، کەسیان بە پیاو نەدەزانی، بەڵام شەرمیان لە حاجی ئاغا دەکرد، لە دەرکەکەیان دەدا تاکو بواری پێیان نەدابا نەدەچوونە ژوورەوە، ئەگەر وەڵامی نەداباوە دەیانزانی کە خەریکی نوێژ کردنە، ئێدی نەدەچوونە ژوورەوە و بێزاریان نەدەکرد، هەرله‌دەرگاوانی زیندانەوە بگرە تا زیندانوان و ئەشکەنجەگه‌رەکان، هه‌موویان شەرمیان لە ئەحمەدی موفتی زادە دەکرد، لە قەبارەی له‌شی نه‌دەترسان، به‌ڵکو لە مه‌عنه‌وییه‌ت و نیگاکانی شه‌رمه‌زار ده‌بوون. شکه‌نجه‌گەرەکانی په‌شیمان بوون و شه‌رمه‌زار، هەریه‌که‌یان تووشی به‌ڵایەک بوون، حاجی مه‌هدی به‌هۆی مینه‌وە(لوغم) سێ ئه‌ندامی له‌شی له‌دەست دان، ووتبووی ئه‌مه‌ سزای ئه‌شکه‌نجه‌دانی ئه‌حمه‌دی مفتی زادەیه‌، ژنه‌فتمان ووتبووی : ئه‌گەر خۆشبه‌خت بووینایه‌ ئه‌شکه‌نجه‌دانی ئه‌حمه‌دی موفتی زادەیان به‌ ئێمه‌ نه‌دەسپارد.
یەکێک لە زیندانییەکان ئەفسەری هێزی هەوایی بوو، لە کودەتادا دەستی هەبوو، لەگەڵ حاجی ئاغا پیکەوە ئەشکەنجە درابوون، دەیووت : من ساڵانێکی زۆر لەناو سوپادا بووم، خەڵکانی جۆراوجۆرم زۆر دییوە، خەڵکانی که‌للەڕەق، بێباک، باش، خراپ، بەڵام نەمدییوە کەسێک شکەنجەی بده‌ن، وەبەر زللانی بدەن بەڵام بزەی بێتێ وخەندە لەسەر لێوانی بێت، ئەحمەدی مفتی زادە لە کاتی شکەنجەداندا بە خەندەوە لە شکەنجەگەرەکەی دەڕوانی، بەڵام نە خەندەیەکی گاڵتە ئامێز، بەڵکو بەزەیی بە شکەنجەگەرەکیدا دەهاتەوە و دڵی بۆ بەدبەختی ئەو دەسووتا، هەمووانی خۆشدەویست، ئەوانی دی لەوەوە خۆشەویستی فێر دەبوون، دکتۆر شیرازی کە کورد بوو، لە حەوشەی زیندان نانی دەدا بە مێرولە ، ئەم دەرسەلە حاجی ئاغاوە فێر بووبوو، ئەو دەیوت من ئاساییم، هەموو دەتوانن ببنە ئەحمەدی مفتی زادە، خوا رێگای هیدایەتی لە دەروونی هەموواندا جێگیرکردووە، هەر ئەوەندەی دەوێ چرا هەڵگرین و بەڕیکەوین، سەبارەت بەوەی کە دین چرای هیدایەتە و مرۆڤ چۆن دەبێ دەست پێبکات، ١٣ لاپەڕەی بۆ نووسیووم.
ئەو هەر دەیووت (ئینسان بن)، ڕێزی لە هه‌مووان دەگرت، هه‌مووانی خۆشدەویست، هه‌مووش ئه‌ویان خۆشدەویست، من نه‌م بیستووە قسەی خراپی به‌کەسێ ووتبێ ، نه‌م بیستووە کەسێکی نەفرەت کردبێ، ئەو دوژمنەکانیشی نەفرەت نەدەکرد، سەبارەت بە دوژمنەکانی دەیگووت، کوڕم وای دابنێ لە کۆڵانێکه‌وە تێدەپەڕی، منداڵێک بەردێکت تێدەگرێت و بەر سەرت دەکەوێ و دەشکێت، تۆ چ دەکەی؟ حەقی لێدەکەیتەوە و سەری دەشکێنیتەوە؟ نا، ئەمانە منداڵانێکن بەرد دەگرنە منی رێبوار. ئینسانێکی مەزن بوو فرە مەزن، بۆ هەموو ئینسانەکان دەپاڕایەوە و دوعای بۆ دەکردن و دەیگوت خوایە ئەگەر دەکرێ دەرد و ئازاری هەموو ئینسانەکان بدە بەمن تاکەس ئازار و دەردی نەبێ، ئاواتی بوو کە تەنانەت دوژمنەکانیشی بێ دەرد و ئازار بن.
ئەحمەدی مفتی زادە تاوانێکی نەبوو ئەمانە لەسەر دین و کارکردن بە قورئان زیندانیان کرد بوو، جارێک لە تەلەفزێۆنەوە، چەند منداڵ بە شێوەی کۆڕ قورئانیان دەخوێند، فرە گریا و ووتی، کوڕم! دەبینی ئەمانە گاڵتە بە قورئان دەکەن لە رەفتاردا چەند لە قورئانەوە دوورن، دەیووت تاوانی من بەرگرییە لە قورئان ودینی خوا، حاجی ئاغا دەیووت تەماشای ئەمڕۆ مەکە، هاین لە ناو چواردیواردا، رۆژێک دێت دەبینی ئەندێشەو رێگای من پەیڕەوای زۆری دەبێت،من ئەمڕۆبەدیهاتنی ئەو قسەیەی ئەو دەبینم.
رۆژێک هاتن ووتیان، جگە لە ئاغای مفتی زادە و چەند نەفەری تر ، ئەوانیترتان هەرکەس تاپۆی مۆڵکێک بێنێ ١٠ رۆژ مۆڵه‌ت وەردەگرێ (ئەوان بەهۆی ئەو کاریگەرییەوە کە حاجی ئاغا هەیبوو لەسەر ئەوانی تر، نەیاندەهێشت بچێتە حەوشەی زیندان، بەڵام ئەوانی تر دەچوون)، من تاپۆی موڵکم نەبوو بەڵام رەنگە باوەڕ نەکەن، دەڕۆژ مۆڵەتیان پێدام و لەسەر راسپاردەی حاجی ئاغا لە وەختی خۆیدا گەڕامەوە بۆ زیندان، بەڵام چونکە ناووم لە لیستەکەدا نەبوو، لەوناوە دەریان کردم ، ١٠ رۆژی تریش چوومە مۆڵەت، پاشان خۆیان هاتن بە شوێنمدا، لێپرسراوی زیندانەکە بەمنی ووت : بۆچی خیانەتت کردووە، ووتم من ئەهلی خیانەت نیم، رۆژی دیاریکراو گەڕامەوە، بەڵام رێگەیان پێنەدام. شەوێک لە خەونمدا کوڕێکی یەکساڵەیان پیشاندام، ووتیان ئەمە کوڕی تۆیە، بۆ لێکدانەوەی ئەم خەونە لە حاجی ئاغام پرسی فەرمووی کوڕم! خوا کوڕێکت پێ دەبەخشێ، کاتێک کوڕەکەت دەبێتە یەکساڵ، تۆ لە زیندان ئازاد دەبیت، لەراستیدا هەر ئەوە روویدا.
من زمانی ئینگلیزیم لای ئاغای ئەحمەد سەنگی خوێند، ئەو ٢٠ ساڵ لە دەروەوە بوو، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، ئینگلیزی باش فێرکردم، کەچی شتێکی تری فێرنەکردم، بەڵام ئەحمەدی مفتی زادە هەموو شتێکی بە من دا.
ئەو لەگەڵ هەر کەسێکدا بوایە، دینی فیری ئەو کەسە دەکرد، دەتوانم لەیەک رستەدا بڵێم :(ئەحمەدی مفتی زادە بە مانای واقعی ئینسان بوو)، ئەو باسی دینی نەدەکرد، ووتار بێژ نەبوو، تەنها بە مەعنەویات، بەڕەوشتی، بەکەسایەتی، بە هەیبەتی، دینی دەگەیاند و فێردەکرد، کاتێ خەبەریان داینێ کە لەزیندان ئازاد بووە، تەنانەت ئەوانەشمان کە بەسێدارە حوکم درابوون، بە تەنگ حوکمەکەیانەوە نەبوون، بەڵام له‌ حه‌سره‌تی چوونی حاجی ئاغا نارەحەت بوون.
مرۆڤ ئەگەر منداڵی یان هاوسەری بمرێت پاش ١٨ ساڵ، هێدی ‌هێدی لای ئاسای دەبێتەوە، بەلام پاش ١٨ ساڵ هێشتا ئەحمەدی مفتی زادە بۆ من ئاسایی نەبووە، تا ئێستاش یەک رۆژ لە بیر و زەینمدا لانەچووە. من ئینسانێکی باش نیم، بەڵام ناتوانم خیانەت لەکەس بکەم، پارچەپارچەم کەن ناتوانم درۆ لەگەڵ کەسێکدا بکەم
جارێک لە تورکیا، لە ناو کۆمەڵێکدا باسی دین و ئینسان کرا ، من باسی ئەحمەدی مفتی زادەم کرد، هەر کە ناوی ئەوم هێنا لە ناو خەڵکەکەوە یەکێک ووتی: چۆخ بیوە ئادەم دە ، اللە بۆ بەیانکردنی گەورەیی بەکار دەهێنن، لە هەر مەجلیسێکدا دەربارەی دین و ئینسانییەت قسە بکریت من باسی ئەحمه‌دی مفتی زادە ده‌کەم، وەک نمونه‌ی ئینسانییه‌ت.
هەرکەس ئەوی خۆش بوێت خۆشم دەوێت، من شانازی به‌وه‌وە ده‌که‌م کە لە خزمه‌تی ئه‌حمه‌دی مفتی زادەدا بووم، من ئه‌و کاتە ئه‌وم دەرک نه‌دەکرد، ئێستا پاش ١٨ سال دەزانم چ زیانێکم کردووە، دەزانم کە ئێوەش قه‌دری نازانن (پاش ٣ سه‌عات قسەکردن)، ئه‌گه‌ر تا به‌یانی سه‌بارەت به‌ ئه‌حمه‌دی مفتی زادە قسه‌ بکه‌م، ماندوو نابم، ئه‌م شەو پاش ١٨ ساڵ خۆشترین شه‌وی ژیانم بوو.
لەوەڵامی ئه‌و پرسیارەدا که‌ خۆشترین یادگاریی زیندانت چیه‌؟ ووتی : باشترین یادگاری من ئەوەیه‌، که‌ له‌پێناوی دیداری ئه‌حمه‌دی مفتی زادە دا، لێدانم خوارد..
................................................
وەرگێڕ: سامان رەوەند
سەرنجێک لە وەرگێرەوە:
ـ له‌ ووتارێکدا لەمەو بەر، لەسەر کاکە ئەحمەدی مفتی زادە، باسی کەسایەتی کاکە ئەحمەدم کردووە، سوپاسی خوای گەورە دەکەم کە بۆچوونەکانم لەگەڵ قسەکانی ئەم برادەرە چریکەدا سەبارەت بە کەسایەتی کاک ئەحمەد، یەکدەگرنەوە، ئەو ووتاره‌م لە کوردستانپۆستدا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ رۆژی 7 / 7 / 2012
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=257fedd2

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە