ڕونكردنەوەیەك لە لاوانى عەشیرەتى زەنگەنەوە.....

Tuesday, 23/06/2009, 12:00

1922 بینراوە


ئێمە وەك ژمارەیەك لە گەنج و لاوانى عەشیرەتى زەنگەنە بە پێویستمان زانى ئەم ڕونكردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى خەڵكى كوردستان و هەمو عەشیرەتى زەنگەنە ڕابگەیەنین:.
هۆشیارین بەوەى هەمو مرۆڤى مێژویەكى تایبەت بە خۆى هەیە, جێگەى شانازیمانە ئێمەى نەتەوەیى كوردیش خاوەن مێژویەكى دێرێنین و پێكهاتوین لە گەلێ تیرە و هۆز و عەشیرەتى دێرین و خاوەن كەڵچەر و دابونەریت, سەرەنجام هەمومان كوردین و هیچیتر, بەڵام جێگەى نیگەرانیە لەداوى ڕاپەڕینەوە هەندێ حزبى دەسەڵاتدارى كوردستان وەك چۆن ویستیان زۆر كەناڵى ژیان مۆنەپۆڵ و حزبى بكەن لەپێناو بەرژەوەندى ئایدۆلۆژى و حزبى و سەركردە پەرستى خۆیاندا, ئاوەهاش هەوڵیاندا جیاوازى لەنێوان ڕەگەزە سەرەكییەكان كە نەتەوەى كوردیان لێپێكهاتوە وەك(هۆز و عەشیرەت وخێڵ و تیرە) دروستبكەن و لەژێر دروشمێكدا كۆیانبكەنەوە, كەعەشیرەتگەرى و خیڵپەرستى خۆشە بكەن و بیكەنە پرۆسەى دروستبون و پیرۆز كردنى مەرجەع لەناو عەشیرەتەكاندا و خێزان و كۆمەڵگەى پێى پاوانبكەن, چەندین ساڵە یەكێتى وپارتى داهاتى كوردستان بەفیڕۆدەدەن لە ژێر ناوى دیۆەخانانە و هاوكارى سەرۆك عەشیرەتەكان, بەمانایەكى تر چۆن سەدام حوسَین هەندێ هەلپەرستى لە ژێر ناوى سەرۆك عەشیرەت دا دروستكردبو بۆ مەبەستى كارو خزمەتى بەعسى و وێرانكردنى ژیانى تاك و خێزانى كوردى, یەكێتى و پارتیش هەمان ئەزمۆنیان دوبارە كردەوە , ئەوانەى دێوەخانانەیان لەسەر ماڵ و موڵكى میلەت بۆ سەرف دەكرێ و دەكرا لەلایەن دو حیزبەكەوە, هەمان ئەو دەم و چاوانەن كە بەشداربون لە پرۆسەى بەدناوى ئەنفال و جاشایەتیدا بۆیەشە زۆرینەیان وەك تۆمەتبارى جەنگ داواكراون لەلایەن دادگاى باڵاى تاوانەكانەوە, بۆیە ئێمە ڕایدەگەینین هیچ كات دڵمانخۆش نیە كەسێ بەناوى هەمو عەشیرەتەكەمانەوە خۆى بكاتە نوێنەرى خواستەكانمان, و لەجیاتى هەمومان بیربكاتەوە ئێمە ئەو جۆرە ئەدەبیات و كەڵچەرە بەبەسەرچوى دەزانین و جگە لەبارقورستركردنى كێشە خوڵقاوەكان بەهۆى ئەو ڕەوتە خراپەوە دروستبوە هیچى تر نیە.
چەند ڕۆژێ لەمەو پێش بەڕێزێ بەناوى ئیسماعیل عەزیز , سەردانى بەڕێز مام جەلالى كردبو, كەناڵە ڕاگەیاندنەكانى یەكێتى بەدەر لەنهێنیەكانى كۆبونەوەكە, بەشیوەیەكى ناڕاستەوخۆ باسى بەیعەتكردنى عەشیرەتى زەنگەیان بڵاودەكردەوە بەلیستى كوردستانى لەڕێگەى ئەو بەڕێزەوە,پێمانوایە ئەم جۆرە كارانە ئەگەر یەكێتى بیەوێ درێژەى پێبدا ئەوەندەیتر ڕەوتى ژیان و بەدامەزراوەیكردنى دەزگا حكوكى و حزبایەتیكردنێكى سەردەمیانە دوادەكەوێ و حەقوایە بیر بكاتەوە سنۆرێ بۆ ئەو دیاردانە دابنێ, چونكە كەسانێ ڕابردویان قسەى لەسەر بێت و داوا كرابێتن لەلایەن دادگاى باڵاى تاوانەكانەوە بەهۆى بەشداریكردنیان لەتاوان دەرهەق بەم میلەتە دەبێ چاوەڕێ كام نۆێبونەوەى و ئاوەدانى لێبكرێ, بەخەساردانى پارەى میلەت نەبێت!!
بۆ هەمو دڵسۆزانى نەتەوەكەشمانى ڕادەگەیەنین ئەوانەى بەهەر ناوێكەوە دەیانەوێ لەپێناو بەرژەوەندیە شەخسیەكانى خۆیان و دەوڵەمەندتر بونیان بەیعەت بەلیستێ دیاریكراوبكەن یا هاوڵاتیەك بخەنە ژێر فشارەوە بۆ خزمەتى لیستێك ئەوا مانەوەی كۆمەڵگەكەمان بەم شێوەیەى ئێستا كە هەمو ویژدان زیندوەكانى نیگەران و توڕە كردوە درێژتر دەبێتەوە و لەهەمانكاتدا ئەو هۆشیاریەى كە لاى هەمو كۆمەڵگە و تیرەو هۆزو عەشیرەتەكان خۆشبەختانە دروستبوە باوەڕ بەشتێ نەماوە ناوى سەرۆك و كۆیخاو دەربەگى عەشیرەتێك بیت, هەندێكیان وەكو تاوانبار و خیانەتكار سەیر دەكرێن,نەگبەتى هەر لیستێكیش لەوەوە دەستپێدەكا پارە فەرش بكا بۆ ئەوانە و بەكاریان بیێنى بۆ ڕیكلامى هەڵبژاردن.
ئێمە وەك پێكهاتەیەكى زیندوى خاوەنبیر لە عەشیرەتى زەنگەنە دوپاتى دەكەینەوە, ئیدانەى هەمو كەسێ دەكەین هۆكار و ڕێگربن لەدەنگدانى ئازادانەى خەڵكى بەهەر لیستێ كە خۆیان دەیانەوێ, هەروەها سەرۆك عەشیرەت بە مۆتەكەو دواكەوتن نەبێ بەهیچیترى نازانین, و دڵنیاشین لەوەى ئەمڕۆ عەشیرەتەكەى ئێمەش, پاڵپشتى كەسانێ دەكەن یاسا سەروەربكات و حكومەتى دامەزراوەیى دور لەگەندەڵى دابهێنێ نەك حكومەتى عەشیرەتباز و خیڵ پەرست, پارەسەرفكردنى میلەت بۆ سەرۆك عەشیرەتەكان بەخاڵى ڕەشى مێژوى ئەوانە دەزانین كە ئەم ڕۆژە خۆشەیان بۆ خۆیان دروستكردوە بەسەروەرى ئەوانەى كە لە نەهامەتیدا دەژێین.


*ژمارەیەك لە لاوانى عەشیرەتى زەنگەنە


گەرمیان 23/6/ 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە