كاتێك رووداوەكان ناخى حیزبەكان ئاشكرا دەكەن!

Saturday, 13/06/2009, 12:00

4717 بینراوە


كاتێك دەسەڵاتى سیاسیى لە كەناڵى راگەیاندنەكانیەوە هەق بەخۆى دەدا، كە بە هەموو شێوازێك باس لە ئیجابى كاروبارەكانى سیاسیى و ئیدارى خۆی بكات، هەمیشە ئاوێنەیەكى دوو روو بە كار دەهێنێت، بە تایبەتى ئەو رووە پیشانى كۆمەڵگا دەدات كە بە گەورەیى خۆى بنوێنێت، كارە نێگەتیڤەكانیشى بە رووە بچوكەكەیدا دەهێڵیتەوە، تاكو ئێرە دەسەڵاتى سیاسیى هەقى خۆیەتى كە بیەوێ بە چ شێوازێك هەنگاو بنێت و پڕوپاگەندەكانى بخاتە ناو مەیدانى ئەو مەزاتەى، كە ئایا كۆمەڵگا جارێكى تر وەك كڕیارێكى ناهۆشیارانە لە ئاست شاردنەوەى هەقیقەتەكاندا دەكرێت، بە نرخى ئەمڕۆى بیركردنەوە جیاوازەكان بە هەمان شێوە درووشم و پڕوپاگەنەدەكانى لێبكرێتەوە و دەسەڵاتى سیاسیش لە ساغكردنەوەى كاڵا سیاسیى و ئابوورییەكانى بەسەر كۆمەڵگادا بۆ هەڵبژاردنێكى دیكە جێگەى متمانەى كۆمەڵگا دەبێتەوە؟
بۆیە پێویستە لە روانگەى ئەو بانگەشە ئیزدیواجیانەى كە ئەمڕۆ لە چەندین كەناڵى جیاوازى راگەیاندنى دەسەڵاتى سیاسیى گوێ بیست دەبین، ناچار دەبین هەڵوەستەیەك بكەین و لە كاتى ئەم بانگەشە و پڕوپاگەندانەدا بچینە دونیاى بیركردنەوە، جارێكى تر بە رەفتارەكانى رابردووى ئەمڕۆى دەسەڵاتدا گوزەر بكەین، پێویستە هەموو رۆشنبیرێكى بە ویژدان لە پێناو گۆڕان و دەرخستنى راستیەكاندا، ئەركى تەنها دەنگدان نەبێت، بەڵكو هۆشیاركردنەوەى دەنگدەرانیشى بۆ مێژوو لە ئەستۆیە، چونكە بەپێى قسەكانى ئەمڕۆى دەسەڵاتى سیاسیى بێت، دەیانەوێت بە كۆمەڵگا بڵێن ئێوە رەعیەتن و دەبێت بەیعەت بە ئێمە بدەنەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ بڕوانینە گۆڕانكارییەكانى كارى ئیدارى ناوشارەكان، ناتوانین بڵێین هیچ جۆرە گۆڕانكاییەك لە سیماى شارەكانى ئەمڕۆدا بەدى نەهاتووە، بەڵام هەر لە پێناو ئەم باسەدا كۆمەڵگاش هەقى خۆیەتى چەندان پرسیارى جۆراوجۆر لە هزرى دا دروست ببێت، بڵێت ئایا بۆچى تەنها لە دواى رووخانى رژێمى عێراقەوە پڕۆژە ستراتیژییەكان دەستى پێكرد؟! ئایا ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییانە لە ئاست هەموو شار و شارۆچكەكاندا بەبێ جیاوازى وەك یەك وان؟! ئایا ئەمریكا خەرجى ئەم پڕۆژانەى دابین كرد؟! یاخود بە پارەى كەڵەكەبووى كۆنى گومرگەكانى (ابراهیم خلیل و باشماخ و حاجى ئۆمەران) كران؟! ئایا لە ماوەى هەژدە ساڵدا پارتى و یەكێتیى نەیاندەتوانى بە پارەى كۆكراوەى خۆیان كارەباى سەرتاسەرى كوردستان بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن؟! ئایا بوونى پڕۆژەى كارەباى ئێستا هاوكارى ماددى و مەعنەوى هاوپەیمانان نییە؟!
ئەم پرسیارانە و كۆى گەلێ پرسیارى تریش، كە ئەمڕۆ لە هزرى هەموو تاكێكى ئەم كۆمەڵگایەدا دێتە ئاراوە، كە كاتێك دەسەڵاتى سیاسیى بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت وەك خۆڵ لە چاوكردنێك لە ئاست كاركردن و رووداوەكانى دوێنێ و ئەمرۆدا بەرامبەر بە كۆمەڵگا بخولقێنێت، ئەمەش لە پێناو پەردە پۆشكردنى كارە نێگەتیڤەكانیدا لە رووى ناعەدالەتی ووڵات بە شامى شەریف ناوزەد بكات، هەروەها واى نیشان بدات لە سەردەمى ئەودا بە قەولى مەزهەب گوتەنى لە رووى خۆشگوزەرانى و پێداویستیەكانى رۆژانەى مرۆڤەوە، هەموو بەرپرسێك لەگەڵ هاووڵاتیەكى ئاسایى ئەمڕۆى ناو كۆمەڵگادا وەك یەك وان و پێكەوە ئاودەخۆنەوە.
سەیرەكە لەوەدایە كە كاتێك مرۆڤ دەیەوێت لە ماڵەوە بۆ ماندو حەسانەوە گوێ بیستى یەكێك لە كەناڵەكانى راگەیاندن بگرێت، ئەوا بێ سێ و دوو بەرنامەیەك خۆى دەكات بە ناو هزرتدا و كاكى میوانى بەرنامەش پەروەردە بوو بە رەوشتى ئیزدیواجى دوێنێ و ئەمڕۆ بێ گوێ دانى ئیحساسى ئەمڕۆى كۆمەڵگا دەكەوێتە سەر ئەو ئاوازەى بەیت و بالۆرەیەى، كە بە بەرژەوەندى دەسەڵات تەواو دەبێت، چونكە كاكى میوانى بەرنامە بە نەخشەى شنەباى (مكافئە)ێك چۆتە ناو بەرنامەكە و چ دەزگایەك سوچى دینارێكى پێ نیشان بدا، ئەو كلیپى قسەكردنەكەى لەوێ تەواو دەكات كە لە كاتێكدا ئەو جۆرە كەسانە ساڵانیك بەر لە ئەمڕۆ لە ئاست كەم و كورى خزمەت گوزارى و بیروراى ئازاددا داد و فیغانیان بوو.
زۆرجار دەسەڵاتى سیاسیى بوونى بیروراى ئازاد و میدیاى سەربەخۆ بۆ فەرهەنگى سیاسیى خۆى دەگێڕێتەوە، بە راستى من زۆرجار كە گوێبستى ئەم قسانەى دەسەڵات دەبم كە لەبەر شاشەى تەلەفزیۆن دانیشتوم، تەریق دەبمەوە و خواخوامە كەس هەستم پێنەكات كە بۆ بەرنامەیەكى وەها دانیشتوم! چونكە بە راستى ئەو جۆرە بەرنامانە جگە لەوەى لە رووى سایكۆلیجیەوە گەورەترین جەنگى دەروونین بۆ كۆمەڵانى خەڵك دەسازێنێت، لە هەمان كاتیشدا شۆڕشێكى چەواشەكارانەیە لە ئاست پێشكەوتنەكانى كۆمەڵگادا، چونكە باشترین نموونە بۆ تێگەیشتن لەسەر بیروڕاى ئازاد و میدیاى سەربەخۆ مێژووى لەدایك بوونى رۆژنامەى (هاوڵاتى) باشترین نموونەى زیندووە، كە لە كاتێكدا دەرچوونى ئەو رۆژنامەیە لەئاست دەرخستنى كەم و كوڕییەكانى دەسەڵاتى سیاسیى و ئیدارى لە هەرێمەكەدا تاكە سەرچاوەیەك بوو بۆ تینو شكاندنى كۆمەڵگا، هەمووشمان دەزانین لێرە و لەوێ ئەو رۆژنامەیە لە ژێر سایەى دەسەڵاتى سیاسیدا نووسەران و پەیامنێرانى چ نا رەحەتیەكیان چێشت و هەمیشە دەزگاى ئاسایش لە تەواوى دەڤەرەكانى ئەم هەرێمەدا راو دەنران و كامێراو ریكۆردەرەكانیان لێدەشكاندن زۆرجاریش دەستگیر دەكران، ئەمە جگە لەوەى كە ئەم رۆژنامەیە تا چەند ساڵێكیش لە دەڤرى (بادینان)، كە قوڵاییى دەسەڵاتى پارتیە، نە خوێنەر ئازاد بوو لە خوێندنەوەى! نە رۆژنامەكەش لە فرۆشتنى ئازادبوو! ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ ئەو سیاسەتەى كە دەسەڵات جگە لە رۆژنامە زمانحاڵ و ئەوانەى كە لەبن دەسەڵاتى خۆى دەردەچن هیچ رۆژنامەیەكى دیكە قابیلى قبول نەبوو، بۆ هۆشیاركردنەوەى كۆمەڵگا رۆژنامەكانى خۆشیان وەك ئەنفلۆنزاى ئایدۆلۆژیاى حیزبى شەخس پەرستى هیچ ماهیەتێكى دیكەى تیادا بەدى نەدەكرا.
زۆرجار دەسەڵاتى سیاسیى لە كەناڵى راگەیاندنەكانەوە باس لەوە دەكات ئەو دەسەڵاتێكى رەهایە و بارى ئاشتى و ئارامى بۆ كۆمەڵگا دابین كردووە! پێویست بەوە ناكات پەنابەرێتە بەركارى توند و تیژى، زۆر جاریش لە مەجالى هەندێك لە قسەى بەرپرسانى دەسەڵات بە ناوكێش هەندێك قسە بۆكۆمەڵگا فڕێ دەدرێت، كە بۆنى ئەوەى لێدێت بە كۆمەڵگا بڵێن "ئەوە ئێمەین ئێوەمان لەمەرگ رزگاركردووە و ژیانى ئاشتى و ئارمیمان لە هەرێمەكەدا بۆ دروست كردوون، پاداشتى وەفاى ئێوەش بۆ ئێمە لەسەر سندوقەكانى دەنگدان، دەنگدانەوەتانە بۆ ئێمە"، ئەگەر ئەم قسانەى ئەمڕۆى ناو كەناڵى راگەیاندنەكان بەشێك بێت بۆ داپۆشینى روداوە دڵتەزێنەكان كەبەرامبەر كۆمەڵگا ئەنجام دەدرا، ئیدى چ مانایەك دەمێنێت بۆ راستى گوتەى ئەمڕۆى بانگەشەى هەڵبژاردنەكان كە هێشتا بەرەسمى وادەى نەهاتووە و ئێوە شیرى دروشمە باق و بریقەكانى خۆتان لێدەرهیناوە! دیارە بێ ئاگان لە جوڵانەوەى كۆنى خۆتان بەرامبەر بەكۆمەڵگا.
ئەى هەر دوێنێ نەبوو لە ژێر دەسەڵاتى ئێوەدا توند و تیژى بەرامبەر بەكۆمەڵگا ببوە سەرەتا و كۆتایى رەفتارەكانتان، كە لەساڵى (1999) خەڵك لەبەر نەبوونى كارەبا و لە ژێر بوونى بەرزى پلەى گەرمادا دەپروكا و ئەو كاتەش كارگەى بەرهەم هێنانى (بەفر)یش كە زۆرینەى لەبن دەسەڵاتى بەرپرساندا بوو، هاووڵاتیان رۆژانە چاوەڕوانى كڕینى تەنها ژەمە بەفرێك بوون، كەچى ئێوە پێتان رەوا نەدەبینین و بەفرەكانتان دەخستە ناو لۆرى رەوانەى شارى موێل دەكرد، بۆیە خەڵكیش ناچار دەبوو خۆپیشاندان لە پێناو بەفردا بكات، كە لەپێناو ئەو بەفرەدا یەك دووجار خۆپیشاندان كرا و ئێوەش بە زەبرى دەست رێژكردن لە خۆپیشاندەران بۆ بڵاوەپێكردن وەڵامتان دانەوە، كە یەك دووجار لەو خۆپیشاندانەدا چەند كەسێك شەهیدكرا، كە لە فەرهەنگى ناعەدالەتیدا ئەو ساڵە ناونراوە بە (ساڵى بەفرەكە)، ئەگەر ئەمە وەزعى پارستنى ئاشتى و ئارامی بێت؟! دەسەڵاتى پارتى بەم شێوەیە بووبێت؟! داخۆ ئاشتى و ئارامیەكەى بن دەسەڵاتى یەكێتیش دەبێت چۆن بووبێت.
ئەدى چەندین جار هاووڵاتیانى هەڵەبجە و گەرمیان و رانیە لە پێناو داواكارى خزمەتگوزارییەكانیاندا خۆپیشاندانیان دەكرد، بەڵام ئەوە هەر ئێوەش بوون كە لە لایەن دەزگاى ئاسایشەوە بە دەستڕێژ وەڵامى خەڵكى خۆپیشاندەرانتان دەدایەوە، لەپاشانیشدا خەڵكانى بەشدابووى ناو خۆپیشاندەرانیشتان لە ژێر ناونیشانى جۆراوجۆر دەستگیر دەكرد!
ئەدى ساڵى وشكەساڵیتان لە بیرچۆوە كە كاتێك لە نێوان خۆتاندا كە تەنانەت جیاوازیتان لە مەڕدارەكانى سنوورى یەكتریشدا دەكرد، هەر لەو پێناوەشدا رێگاتان بە لەوەڕاندنى مەڕوماڵاتى مەڕدارانى یەكترنەدەدا و لەپێناو دژایەتى یەكتردا دەچوون عەشیرەتى (شەممەر)تان بانگهێشت دەكرد، ئەمەش بۆ ئەوەى مەڕوماڵاتەكانیان لە سنورەكانتاندا بلەوەڕێنن! كە ئەم رەفتارانەش هەمووى لەو سەردەمەدا خۆى لە مزایەدەى سیاسیدا دەدۆزییەوە!
ئەگەر بێینە سەرباسى درووشمە ستراتیژییە نەتەوەییەكانیش، ئەوا لە ماوەى ئەم هەژدە ساڵەدا لە ئەنجامى ئەو درووشمانەى كە زۆر جار بەرزتان دەكردەوە، تاكو ئێستا هاوكێشەیەكى نادیارە، كەس ناتوانێت باس لە دەرەنجامەكان بكات، جا لەم روەوە وتەیەكى سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس (شەهید ێاڵح یوسفى) دێتەوە یادمان، كە لە دواى ئاشبەتاڵى ساڵى (1975) لە یەكێ لە چاوپێكەوتنەكانیدا كاتێك لەسەر پرسى شۆڕش و سەركردایەتیەكەى پرسیارى لێكرا، لە وەڵامدا وتبووى: "ئێمە ئەو كاتەى پێویستمان بە شەڕ بوو نەمان كرد، بەڵام ئەو كاتەى پێویستمان بە شەڕ نەبوو كردمان"!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە