نامەیەک بۆ بەڕێز کۆسرەت رەسوڵ عەلی

Saturday, 07/02/2015, 12:00

2646 بینراوە


پاش سڵاو
جەنابتان ئێستا لە دوای نەخۆشکەوتنەکەی مام جەلال، بە فەرمی ئەرکی یەکەمی قیادەکردنی یەکێتیت دەکەوێتە سەرشان . جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشیت .
من هەقم بەوە نییە لە ناو یەکێتی گیروگرفتان هەیە. یان داخوازیتان پێشکەش کردوە. ئەچنە کۆبونەوە یان ناچن ، ئەوە بریاری خۆتانە . بەڵام من ناتوانم لەوە بگەم کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیتان کە شێخ جەعفەرە، فەرمانی سەرۆکی هەرێم لە قورئان بە پیرۆزتر بزانێ. من دڵنیام سەرۆکی هەرێم خۆیشی ئەم قسانەی شێخ جەعفەری قبوڵ نییە هیچ نەبێ لەبەر ئیسلام و ئیسلامییەکان.
لەم نامەیەدا ئەمەوێ بزانم جەنابت لە بەرامبەر ئەم بۆچونانەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ، کە هێشتا لە بەد بەختی یەکێتی کەسی یەکەمی ناو هێزی پێشمەرگەشیت، ئایا هیچ وەڵامێکت پێیە؟
ئەگەر.. خۆت بە پەرۆشی یەکێتی ئەزانی و راستگۆیت لە پاراستنی یەکێتی ، ناکرێ ئەم بیروڕاو رەفتارانەی شێخ جەعفەر قبوڵ بکەیت .
ئەگەر.. بریاریشت داوە دەست لە یەکێتی بۆ هەمیشە هەڵبگریت یان جیابیتەوە لەگەڵ هاوڕێکانت ، دڵنیام وەکو سەدان کاری قۆڕی تر چاو لەم قسانەش ئەپۆشیت . هەروەک چۆن لە کەرکوک .. کە تەشریفتان بردۆتە ئەوێ .. زیاتر لە (١٠٠) پێشمەرگەتان بە شەهیدکردن داوە. دوان لەوانە (شێرکۆ و ئەبو عەلی) یە.. خۆت دڵنیایت کە کەمتەرخەمی لەو جەبهانە هەیە . دڵنیایت کە بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی.. بەرپرسیاریان لەو کارەساتە هەیە.. کەچی نەک کەست سزانەدا، بەڵکو وات پیشان دا کە فەرماندەی سەرکەوتنەکانی کەرکوکیت و بەپێکەنین و بڵاوکردنەوەی رەسمی سەرکەوتن گەڕایتەوە .

بەڕێز جەنابی جێگری سکرتێری گشتی
تۆ ئەبێ بزانیت کە مێژوو هەموشتێک لەسەری خۆت و بەرپرسەکانی تریش تۆمار ئەکات. هەموو بێ دەنگیەک یان خۆ لادانێک لەم تەسریحانەی شێخ جەعفەری کۆنە نەیارت و تازە تەکەتولت.. بتەوێ نەتەوێ،مەترسی لەسەر شەخسی خۆشت پەیدا ئەکات. چونکە ئەم ئاگرەی پاراستن لە بن خەرمانی یەکێتی بەری داوە دڵنیابە هەموتان ئەسوتێنێ . 
بە ویژدانت سوێندت ئەدەم ، ئەوەی شێخ جەعفەر لە چاوپێکەوتنەکانیا لەسەر بەڕێز مەسعود بارزانی ئەیڵێ .. هەتا ئێستا مەسرور بارزانی یان فازڵ میرانی لە دەمیان هاتۆتە دەر.. کە ئەوان هەقی خۆیانە قسەی وا بکەن .. نەک شێخ جەعفەر .

یەکێتی .. کەوتۆتە ناو بازنەی پیلانێکی خەتەرناکەوە، وا وردە وردە ، پیلانەکە ئاشکرا ئەبێ .. بە دڵنیایەوە شێخ جەعفەر بۆتە سەری رمی پیلانەکە. رۆژێک دێ .. شێخ جەعفەرو ئەوانەی لەگەڵیا نەخشەی نهێنی ئەکێشن.. خۆیان ئاشکرا ئەکەن، کاتێکیش خۆیان ئاشکرا ئەکەن، نە جەنابت و نەکەسێکی تر هیچتان پێ ناکرێ بەرامبەیان.
ئەم قسانە ئەکەم.. دڵنیام جەنابت و زۆربەی ئەوانەی لە دەورتان بونەتە تەکەتول، ئەم راستیانە ئەزانن.. بەڵام تێ ناگەم خەنجەری ئەم راستیانەتان بۆ چ رۆژێکی خراپتر لە ئێستای یەکێتی هەڵگرتوە .
من ئەمەوێ ئەوەش بزانیت قەواعیدی یەکێتی هەتا بینە قاقایان پڕن لە رق و بێزاری بەرامبەر شێخ جەعفەر و هەندێک کەسی هاوڕێی ئێستات . ئەگەر دڵنیانیت ، لە حاکم قادر بپرسە چی بەرامبەر وتراوە لە مەکتەبی رێکخراوەکان ، کەمن خۆم لەوێ بوم و ئەمزانی حاکم چاوەڕێی ئەو وەڵامانەی نە ئەکرد . بیستوشمە لە مەڵبەندەکانی تریش حەشر بە حاکم قادر و د بەرهەم کراوە . من هەموو ئەمانەشم پێ ناخۆشە.. وەنەبێ پێم خۆشبێ کادرێکی بێلایەنیشم لە ناو موشکیلەکانی ئێستا . بەڵام شێخ جەعفەرو حاکم قادر، هەتا یەت بێلایەن لەناو یەکێتی ناهێڵن تەنها دەست و پەیوەندیەکانتان بە دەورتانەوە ئەمێنن .
لە کۆتایشدا ئەڵێم .. شەرم ئەکەم شێخ جەعفەر.. ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەمە . کە تەنها ماستاو ئەزانێ بۆ ماڵی بارزانی و مەسعود بارزانی و پاراستن . مەسئولیەتی شەهیدان .. لە برایم عەزۆوە هەتا حسێن مەنسور.. لەسەر شانتە
کاک کۆسرەت..خۆت لە مەسئولیەت مەدزەوە. ببەرەوە بە کۆسرەت رەسوڵەکەی جاران . کە یەکێتی لاواز بوو .. دڵنیابە بەرد بە ئەژنۆت ئەشکێنێ . خۆشت ئەزانیت کە شێخ جەعفەر لە مێژووی خۆیدا زۆر کەسی بە شوو داوە ، دڵنیابە لەگەڵ جەنابت و د. بەرهەمیش هەروا ئەبێ .
ئەگەر ئەوانی تری لەناو یەکێتی جێ هێشتبێ ئێوە لەدەرەوەی یەکێتی جێ ئەهێڵێ !

ئەندامێکی یەکێتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە