مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


بزوتنەوەی جوتیاران مێژوو‌یه‌کی شاراوه‌یه‌، من ئاشکرای ده‌که‌م

Friday, 27/08/2010, 12:00

2933 بینراوە


بەدوای ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٩١ نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان کۆمەڵیک کەسایەتی ناوچەی پشدەر هەستان بە دروستکردنی بزوتنەوەیەک بەناوی لیژنەی سەرپەرشتی جوتیاران.
کێشەی دەرەبەگ و جوتیارەکانی دەڤەری پشدەر مێژوویەکی تاڵی هەیە کە چەندین شەڕو پێکدادانی خوێناوی لێکەوتۆتەوە، هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش نەیانتوانیوە کێشەی زەوی چارەسەر بکەن ، چەندین جاریش یاسای جۆراوجۆر دەرچووە، بەڵام لەبەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردستان بەتایبەت دەڤەری پشدەر بوونی بەشێکی زۆر لە ئاغاکانی سەر بەعەشیرەتی میراودەلی، ئەم یاسایانە جێ بە جێ نەکراون و لەلایەن ئاغاکانەوە سەرپێچی کراوه‌، هه‌روه‌ها بەدرێژایی مێژوی بزوتنەوەی چەکداری کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا، بەداخەوە ئاغاکان دەوری نۆکەرایەتی و جاشایەتیان بینیوە جگە لە بەشێکی کەمیان نەبێت.
لەدەڤەری پشدەر زۆرجار کێشەکە لە کێشەی زەوی چۆتە دەره‌وە و بٶتە دوژمنایەتیه‌کی سەخت و چەندین قوربانی لێکەوتۆتەوە.
یاسای ژمارەی ٩٠ ساڵی ١٩٧٠ حکومەتی عیراقی بۆ ماوەیەک کێشەی زەوی چارەسەر کرد، تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردووش کاری پێدەکرا، گەرچی لە هەندێک ناوچەی کوردستان ئاغاکان سەرپێچی ئەوانه‌یشیان کردووە.
لەدوای دروستبوونی یەکەم پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لە یاسا و ڕێنویەکانی پەرلەمان گەڕانەوەی جوتیاران گوندەکانی خۆیان و ئاوەدان کردنەوە و برەو دان بوو بە کشتوکال بۆ بوژاندەنەی ئابوری کوردستان، بەڵام جوتیارانی دەڤەری پشدەر نەیانتوانی ئەم خەوەشیان بێتەدی بەهۆی ڕێگری ئاغاکان .

لیژنەی باڵای جوتیاران و دەست تێوەردانی حزبەکان
یه‌کێتیی:
بەحوکمی ئەوەی خەڵکی دەڤەری پشدەر و بتیۆن زوربەیان سەر بە یەکێتی بوون، بۆیه‌ یەکێتیی جوتیارانی بە موڵکی خۆی دەزانی. لەسەردانێکی جەلال تاڵه‌بانی بۆ ناوچەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ کادیرانی یه‌کێتیی ڕاشکاوانە پێی ووتبون، کە بەهەموو شێوەیەک هەوڵ بدەن هانی جوتیارەکان بدەن دژ بە ئاغاکان!
ڕاستیەکەشی وابوو بەشێکی زۆری کادیرانی یه‌کێتیی و بەرپرسانی ناو چەکە پشتیوانیان لە جوتیاران دەکرد، بەڵام دوای شكڵ گرتنی لیژنەی باڵای جوتیاران وەک ڕێکخسنێکی حزبی ئەوسا یه‌کێتیی ١٨٠ پلە پێچەوانە بۆوە.

یەکەم شەڕ و پێکدادانی نێوان جوتیاران و ئاغاکان کە ئینتفاغا ناسراوە، جوتیاران توانیان سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنن و ئاغاکان تا نزیک سنوری ئێران ڕاو بنرێن، هەموو ئەو زەویانەی کێشەیان لەسەر بوو لە گوندەکانی سرێجە و دێرێ و گەرمکان و هتد کەوتنەوە دەست جوتیاران. شەڕەکە ئەوەندە گەورە بوو حکومەتی هەرێم ناچار بوو لیژنەیەکی شەڕ وەستان بنێرێت، کە هەم یه‌کێتیی و هەم پێشمەرگە و کادیرەکانی حزبی شێوعی تێیدا بەشدار بوون. دوای چەند ڕۆژ لە وەستانی شەڕ لیژنەکەی حکومەت کەوتە گفتۆگۆ، هەموو لایەک لە هەوڵی ئەوەدابوون، بگەنە چارەسەرێک، بەڵام لەناو شاری قەڵادزێ ئاغاکان هەستان بە تیرۆر کردنی کوڕە جوتیارك هەر بۆ بەیانی شەڕێکی بەر بڵاو دەستی پێ کردوەو ئەمجارە لە بیتوین و ناوچەکانی ترەوە هێزی جوتیاران بەروە قەڵادزێ هاتن.
جارێکی ئاغاکان تێک شکان ، تەنانەت ماڵ و سەورتوو سامانیشیان دەستی بەسەر دا گیرا. ئاغاکان بە پشتیوانی ئێران لەسەر سنور جێ گیر بوون. قەڵادزێ و دەورو بەری لە هیزی ئاغاکان پاک بوووه‌.
تادەهات هێزی جوتیاران زیاتر دەبوو، خەڵکی زیاتر لە دەوری ئەم بزوتنەوەیە کۆ دەبوونه‌وه‌، جوتیاران یاخود باشتر بڵێین لیژنەی سەرپەرشتی ئەوسا کە پێکهاتبون له‌ کەسە دیارو بەرچاوەکانیان لە وانه‌ وەتمان، مامۆستا ئەمین، حەمە ڕەش، سوارە، لە گەشتێکی هوشیار کردنەوەی جوتیارانی گوندەکانی خۆرئاوای قەڵادزێ کە پێک هاتبوون لە چەندین ئۆتۆمۆبیل لە کاتی گەڕانەوەیاند دەکەونە ناو کەمینی ئاغاکان. لەشەڕیکی دەستە و یەخەی چەند سەعاتیدا حەمە ڕەش شەهید دەبێت و چەندین برینداری لێدەکەوێتەوە، ئەمە بەگەورەرترین تۆڵە سەندنەوەی ئاغاکان بوو لە جوتیاران پاش تێکشکان و ئاوارە بوونیان.
جارێکی تر هەوڵی ئاشتیانەی حکومەتی هەرێم و هەندێک کەسایەتی ناوچەکە کەوتنەوە گەڕ لە ٢٨/١/١٩٩٤ کۆبونەوەیەکی فراوانی جوتیاران لەقەڵادزێ بەسترا ئەو ڕۆژە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەی زەڵێ. هەمان ڕۆژ دوای ڕۆیشتنی میوان و بەرپرسانی حزبی و حکومی لیژنەیەکی تازە بۆ سەر پرشتی جوتیاران هەڵبژێرا، بڕیاریش درا ناوەکەی بکرێتە بزوتنەوەی جوتیارانی کوردستان، منیش هەمان ڕۆژ وەک ئەندامی لیژنەی باڵا دەستم بەکار کرد، لەکاتەدا کێشەی جوتیارانی سەنگەسەر و شارۆچکه‌کان گەیشتبۆو لوتکه‌ی تەقینەوە..

حزبی شیوعی و بزوتنەوەی جوتیاران:
حزبی شیوعی هەمیشە یارمەتی دەرو پاڵپشتی جوتیاران بوون هەر لە سەرکردایەتیانەوە تا ئەندامەکانیان، بەتایبەت بروسکە ناردن و پەیوەندییەکانمان، چونکە بزوتنەوەکە بەروە گەورە بوون دەچوو دەیان ئەندام و لایەنمان لە تەواوی کوردستان هەر لەدەشتی کۆیەوە تا چەمچەماڵ و هەولێر هەبوو..
شەڕی ناو خۆ و بزوتنەوەی جوتیاران!
ئەگەر شەڕی نەگریسی ناوخۆ نەبووایە بزوتنەوەی جوتیارانیش ئاوای بەسەر نەدەهات.. یەکەم هەڵەی برادەرانی لیژنەی باڵا چۆن دەستی پێکرد کە بەم شێوەیە یه‌کێتیی شێتگیر بوو.

پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی بەپشتیوانی ئێران لەسەر سنوری خۆر هەڵاتی کوردستان بەتەمای پەلامادارنی شاری قەڵادزێ بوون.
بەرپرسی ئەوسای پارتی جەلیل فەیلی بوو، هەندێک لە برادەرانی ئێمە بەبێ ئەوەی پرس و ڕا بە ئەندامانی تر بکەن یاخود داوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا بکەن سەربەخۆ سەردانی جەلیل فەیلیان کردبوو لە گوندی هێرۆ، جەلیل فەیلی داوای لێ کردبوون کە ئەوان واتە بزوتنەوەی جوتیاران پشتیوانی لە پارتی بکەن لانی کەم بێلایەن بن ئەگەر پارتی دەستی گرتەوە بەسەر شاری قەڵادزێ و دەوروبەریدا. هەواڵی ئەم سەردانەی جوتیاران هەمان ڕۆژ گەیشتە سەرانی یه‌کێتیی من ئەو ڕۆژە لە هەولێر بووم، کاتێک گەڕامەوە بەسه‌ر ئەم قسە و باسەدا یەکسەر چووم بۆ ماڵی کاک وەتمان، ئەوانیش نەیانتوانی نکۆڵی لێ بکەن
چی بکەین ؟ هەڵەیەک بوو کرا بوو، هەوڵی زۆرماندا کە یه‌کێتیی هەڵوێستێکی توند وەر نەگرێت، بەڵام لەبەرامبەردا یه‌کێتیی پشتیوانی بۆ بەشێک لە ئاغاکان دەربڕی.. تا دەهات نێوانی یه‌کێتیی و بزوتنەوەی جوتیاران بەرەو خراپی دەڕۆیشت جوتیاران لەبەرامبەر هەڵوێستی یه‌کێتیی، ڕێپێوانێکی هێمنانەیان لە ناو شاری قەڵادزێ بەڕی خست، ڕۆژیک دواتر لە تەله‌فزیۆنی یه‌کێتیی بەیاننامەیەکی توند دژ بە بزوتنەوەی جوتیاران خوێنرایەوە کە هەڕەشەیەکی ڕاستە خۆ بوو. پاشان لە بروسکەیەکی نهێنی تاڵه‌بانی کە بۆ مەڵبەندی هه‌شتی نارد بوو نووسی بووی: ئەو سەگبابانەی بزوتنەوەی جوتیاران بکوژن.
کار بەوە گەیشت هێرشی بەر بڵاوی یه‌کێتیی بۆ سەر هەر یەک له‌ ماڵی کاک وەتمان لە ئۆردوگای پێماڵک، سەر گوندی گەرمکان ماڵی کاک مەولان و ماڵی مامۆستا ئەمین لە چوار قەڕنە دەستی پێکرد، لەماڵی مامۆستا ئەمین بە هۆی دەستڕێژی کچێکی مامۆستا ئەمین لە پێشمەرگەکانی مامۆستا ئەمین دوو کەس دەکوژرێن دوای ئەوەی ماڵەکەی مامۆستا ئەمین تاڵان دەکەن، مامۆستا ئەمینیش بە دیل دەگرن و دوای دوو ڕۆژ بە بێ هیچ دادگاییکردنێک لە مەڵبەندی هەشت شەهیدی دەکەن..
ئەوەی پێویستە بوترێت تا ئێستا سەرانی یه‌کێتیی بە ڕەسمی داوای لێبوردنیان نە لە بنەماڵەی مامۆستا ئەمین کردوە نە لە بزوتنەوەی جوتیاران.
دوای ئەم کارە قێزونەی یه‌کێتیی کۆمەڵێ کەسی هەلپەرست خۆیان کرد بە باوەشی پارتیدا بۆ مەرامی تاکە کسی خۆیان لەسەر خوێنی مامۆستا ئەمین و ڕەنج و خەباتی دەیان کەس بوونە ئەندام پەرلەمان کە فڕیان بە بزوتنەوەی جوتیاران و خەباتی چینایەتی جوتیارانەوە نه‌بووە. تەنانەت لە کۆبونەوەیەکی جوتیارانیش بەشدار نەبوون. دوای ئەم گروپە بەناوی جوتیارانەوە خۆیان بە پارتی ناساند هەر لە نێوان خۆیاندا کەوتنە کێشە و تا ئاشکرا بوونی فایلی بەعسی بوونیان، ئێستاش جگە لە کۆیلەیەکی بنەماڵی بارزانی هیچی تر نین.
بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی ٢٧/٠٨/٢٠١٠ کاتژمێر 3 و نیو بەکاتی ناوەندی ئەوروپا، واته‌ 4 و نیو بەکاتی کوردستان بەرنامەیەکی تایبەت بە بزوتنەوەی جوتیاران ڕاستەخۆ لە نەورۆز تیڤی پێشکەش دەکرێت . تکایە بۆ بینینی ڕاستەوخۆ کلیکی ئەم لینکە خوارە بکە:

http://newroz.tv/kurdi/index.php/lives

مستەفای حەسەنە گەورە
ئەندامی پێشووی بزوتنەوەی جوتیارانی کوردستان

تکایه‌ سه‌یری ئه‌و نامه‌یه‌ی ئاسایش بکه‌:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە