KURDISTANPOST
ئەندازیاران
وهڵام: سهبارهت به تونێلهکهی ئهزمر، دهڵێم گشت زانیارییهکان راستن، بهڵام..
Thursday, 28/02/2013, 12:00
1712
بینراوە
وەلامێك بۆ بابەتى تایبەت بە پرۆژەى رووناكى و هەواگۆڕكێی تونێلی ئەزمەر
سەرەتا سوپاسی خۆم وەكو هاووڵاتییەك و خەمخۆرێكى ئەم میللەتە ئاراستەى ئەو كەسانە دەكەم كە بە دلسۆزییەوە رەخنەى دروستكەر دەگرن و مەبەستیان چاكتر كردنى بارودۆخەكانە ، بەندە وەكو شایەتحاڵێك كە كەم و زۆر ئاگادارى هەندی لە ووردەكارییەكانى پرۆژەكەم ، بە پێویستم زانى هەندێ روونكردنەوە لە سەر بابەتەكە بدەم :
سەرەتا زانیارییەكان بە شێوەیەكى گشتى راست و دروستن و ئەكرێت بووترێت كە هەڵەى بنەرەتى و دەستێوەردان هەبووە لە هەڵبژاردنى بەڵێندەرەكەدا ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت كە ئەو پرۆژەیە تەنها و تەنها لە ئەستۆى یەك لایەنە و پێویستە تۆمەتبار بكرێت ، گلەیی و گازندەى سەرەكى لە دواكەوتن و نەزانى بەڵێندەرەكەیە كە تەنانەت كەمترین زانیارى لە سەر ئەو پرۆژەیە نییە و بە ناچارى پەنا بۆ هەموو كەسێك دەبات كە كەمێك لە خۆى شارەزا تر بێت و لەم نێوەندەشدا هەم زیانى ماددى كردووە و هەم كاتیشی بە فیرۆ داوە ، ئەوەى ئێستا لە پرۆژەكەدا بە دی دەكرێت بێزاری و بى ئەمەلییە و تا رادەیەك مرۆڤ بەزەیی بە حالى نەزانى ئەو بەڵێندەرەدا دێتەوە كە بە گوریسی خەلكێك چۆتە چالەوە كە بەڵێنى بریقەداریان پێ دابوو بەڵام جگە لە سەرابێك هیچیتر نەبوو ، باشتر وایە ناوى بە بەڵێندەر نەهێنرێت چونكە ئەم پرۆژەیە تووشی شۆكى كردووە و بەڵێندەرایەتیشی لە بەرچاوى خۆى و ئێمە و خەڵكیش خستووە و بۆتە مەتەلێك كە ئاخۆ بۆچی ئەم تونێلە تا ئیستاش تەواو نەبووە ؟
بەڕێزان كورد وەتەنى قسەیەكیش بۆ دز بكەین ، ئەم پرۆژەیە یەكەم جارە لە ئاستى عێراقدا ئەنجام دەدرێت و كۆمەڵێك سیستمى تێدایە كە تاوەكو ئێستا بە كار نەهێنراوە و رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشكەوتن ئەچێت و پێویستە بە شێوەیەكى سەردەمیانە بكرێت ، ئەمە جگە لەوەى كە پرۆژەكە بە پێچەوانەى پرۆژە بەڵێندەرایەتییەكانى تر زیاتر لە 80% ى دابین كردنى كەلوپەلە لە دەرەوەى ووڵات و پێویستە هەمووى بە پارەى نەقدى بكردرێت و بگەیێنرێتە پرۆژەكە ، واتە ئەگەر بە لایەنى كەمەوە نیوەى پارەى ئەم پرۆژەیەت پێنەبێت نابێت خۆتى لێبدەیت چونكە نە قازانجەكەى و نە بەرپرسیارێتییەكەى لە ئاستى ئەو برەپارەیەدا نییەكە تۆ لەو كارەكادا بە كاریدەهێنیت ، ئەكرێت هۆكارى سەرەكى شكستى بەڵێندەر بە نەبوونى پارەى نەقدى بۆ كرینى كەلوپەلەكان دابنیین ، چونكە هەروەكو ووتمان بە پێچەوانەى پرۆژەكانى ترەوە تەنها پارەى نەقدى رۆڵی سەرەكى دەگێرێت لەم پرۆژەكانى دابین كردندا ، لێرەدا جێی خۆیەتى هەڵوێستەیەك بكەین كە بۆچى خودى ئەو كەسەى ئێستا پرۆژەكە بەرێوە ئەبات داواى لیژنەیەكى پسپۆر لە خاوەن كار ناكات تاوەكو بە شێوەى (لیژنەى تەسریع) كارەكان راپرەندرێت و خۆى و ئێمەش و هەموو خەڵكى ناوچەكەش نەجات بدات؟
تكایە با هەموو لایەك هاوكار بین لە پێناو خزمەت گەیاندن بە جوانى كوردستانەكەمان نەک تاوانبار كردنى كەسانى تر.
ئەندازیارێک
© 2019- Kurdistanpost