ئەگەر شكات لە جەلال تاڵەبانى بكەم، كێ دەبێت بە پارێزەرم؟

Wednesday, 15/04/2009, 12:00

2156 بینراوە


تێكۆشانى گەلى كورد پریەتى لە شكست و سەركەوتن، قارەمانێتى و قوربانیدان و سەركەوتن لە لایەن توێژە نیشتمانپەروەرەكانى گەلەوە بە دۆزى رەواى گەلى كورد پێشكەشكراوە،ناحەقى و زوڵم و زۆر و شكستیش لە لایەن توێژە دەسەڵاتدارەكانى كوردەوە بە سەر دۆزى رەواى گەلى كورد وبەسەر خەڵكە قارەمان و قورابنیدەرەكەیدا سەپێنراوە.لەبەر رەوشى نالەبارى كێشەى كورد وهیواى خەڵك بۆ ئەوەى دەسەڵاتداران بە خۆیاندا بچنەوە و داواى لێبوردن لە خەڵك بكەن و خۆیان چاك بكەن،تا ئێستە زۆرێك لە خەڵكە زوڵملێكراوەكە دانى بە خۆیدا گرتووە و هێواى گۆرانكارى لە دەسەڵاتداران كردووە،بەڵام دەسەڵاتدارانى كورد بە گشتى و دەسەڵاتدارنى یەكێتى نیشتمانى كوردستان بە تایبەتى باكیان لە ئێش و ئازارى خەڵكى زوڵملێكراو نیە و لە سەر سیاسەتى ژێرپێخستنى بەهاو كەرامەتی خەڵك بەردەوامن و سوكایەتى هەمە جۆر بەرامبەر بە خەڵكى هەڵبجە و چین و توێژەكانى ترى كوردستان دەكەن.
من وەك كەسێك كە خێزانەكەمان لە شۆرشى ئەیلول و شۆرشى گوڵان و شۆرشى نوێى باشورى كوردستاندابەشدارى تێكۆشانى پێشمەرگایەتى و تێكۆشانى سیاسى كردووە و بە هەڵەى سیاسى حزبەكان زیانى گەورەى بەركەوتووە،هەردەم چاوەڕوانى ئەوبوم كە رۆژێك لە رۆژان یەك لەو حزبانە داواى لێبوردونمان لێبكەن،كەچى دەسەڵاتدارانى باشور وەك كۆیلە سەیرمان دەكەن و رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر مافەكانمان پێشێل دەكەن و بەهاكانمان ژێرپێدەخەن.ئازادكردنى ئەو فرۆكەوانەى كە بەشدارى لە بوردومانى كیمیاوى هەڵبجەدا كردبوو لە لایەن سەرۆك كۆمارى عراق و سكرتێرى (ی ن ك) ئەوەى سەلماند كە دەسەڵاتدارانى كورد لە سەر سیاسەتى بە سووك سەیركردنى خەڵكى كورد بە گشتى و خەڵكى هەلەَبجە و دەوروبەرى بە تایبەتى بەردەوامن،لە ساڵیادى بیست و یەكەمى كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجەدا لە گۆڤارى لڤیندا راپۆرتێك لە سەر دزیەكانى شارى هەڵەبجەى 1988 بلاوكرایەوە،لەو راپۆرتەدا چاوپێكەوتن لەگەڵ چەندان بنەماڵەى قوربانیانى كارەساتى هەڵبجەدا كراوە و هەموویان باس لە دزى بەرپرسەكانى پێشمەرگە دەكەن و باس لەوە دەكەن كە چۆن هەوڵیانداوە پێش كیمیاویەكە بچنە دەرەوەى هەڵەبجە بەلام پێشمەرگە رێگەى چوونەدەرەوەى لێگرتوون و گەراونەتەوە و لە ەئەنجامدا بە زۆر لە ناو شاردا ماونەتوە تا كاتى كیمیاباران و زۆربەى بنەماڵەكانیان شەهید بوون.یەك لەو كەسانە كە لە لایەن گۆڤارى لڤینەوە گفتوگۆى لەگەڵ كراوە من بووم،منیش لە سەر قسەى هەندێك بەرپرسى ترى ى ن ك و خەڵكى هەڵەبجە ناوى چەند كەسێكم هێناوە كە بە دزینى سامانى خەڵكى هەڵەبجە تاوانبار كراون،لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەى مندا (ی ن ك) لە رێگەى بنەماڵەى كەسە تاوانبارەكانەوە شكاتیان لەگۆڤارى لڤین و لە من كردووە،ئەم شكات كردنەى ئەوان ورەى ئێمە دانابەزێنێ،بەڵام ئەوان دەرگایەكى باشیان كردەوە بۆ ئەوەى ئێمەش فێربین شكات لەوان بكەین،من لە كارەساتى هەلەَبجەدا دایكم و برایەكم و برازایەكم و براژنەكەم شەهید بوون و ماڵەكەمان تاڵانكرا،بانفەكەى هەڵبجە تالان كرا ماڵى هەموو شەهیدەكان تاڵانكرا،ئەى ئەو هەموو دزیە كێ كردى؟؟بەرپرسى یەكەمى تاوانەكانى شارى هەلەَبجە رژێمى سەدام بوو،بەرپرسى دووەكى تاوانەكان بە تایبەتى تاڵانكردنى سامانى خەڵك هێزەكانى ى ن ك بوو، بۆیە لە شوێنى خۆیدایە منیش شكاتى خۆم لە بەرپرسى یەكەمى ئەو كاتەى (ى ن ك) جەلال تاڵەبانى لە دادگا لە سەر ئەم تاوانانە لە رێگەى پارێزەرێكەوە تۆمار بكەم:
1.ساڵى 1981 لە شەرى براكوژیدا لە گوندى رەزڵەى ناوچەى شارباژێر پێشمەرگەكانى یەكێتى برایەكى منیان دەستگیركردووە وبە دیلى كوشتوویانە.بەرپرسى یەكەمى ى ن ك لەو كاتەدا جەلال تاڵەبانى بووە.
2. ساڵى 1988 لە كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجەدا پێشمەرگەكانى یەكێتى رێگەیان نەداوە خەڵكى هەڵەبجە بۆ خۆپاراستن لە چەكى كمیاوى بچنە دەرەوەى شار،لە ئەنجامدا پێنج هەزار كەس شەهیدبون و دایك وبراو برازاى منیشى تێدابووە،من شكات دەكەم ئەگەر ئەو پێشمەرگانە رێگەیان بدایە كەس و كارم بچنە دەرەوەى هەڵبجە وەك كەس و كارەكەى خۆیان شەهید نەدەبوون.بەرپرسى پێشمەرگەكانى ى ن ك لەو كاتەدا جەلال تاڵەبانى بووە.
3. لە كارەساتى كیمیابارانى هەڵەبجەدا مالەكەمان تالانكرابوو،شكات ئەكەم بۆ ئەوەى سامانە تاڵانكراوەكەم بۆ بگێرنەوە.بەرپرسى یەكەمى هێزەكانى ناو شارى هەڵبجە جەلال تاڵەبانى بووە.
4. وەك بنەماڵەى شەهیدانى هەلەَبجە شكات لە جەلال تاڵەبانى دەكەم كە بریارى ئازادكردنى یەكێك لە تاوانبارە گەورەكانى كارەساتى كیمیابارانى هەڵبجەى لە زیندانى ئاسایشى سلێمانى دەركردووە.كە فرۆكەوانێك بوو بە ناوى تارق رەمەزان
ئتر من چاوەروانى پارێزەرێكى بە توانا و دادگایەكى دادپەروەر دەكەم.
  14-4-2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە