مەلا کرێکاریش وەک ئەبو قەتادە بۆته یاری ده‌ستی وڵاتان

Friday, 13/02/2015, 12:00

2362 بینراوە


بەراوردێک لە نێوان کێشەی مەلاکرێکار لە نەرویج و ئەبو قەتادە لە بەریتانیا
ساڵانێک بو لە بەریتانیا میدیای ناوخۆ هەر لە بی بی سی و ڕۆژنامەکانەوە تاوەکو زۆربەی دانيشتنەکانی پەرلەمان باس باسی ئەبو قەتادە بو، لە کاتێکدا هەمو ئەو دەزگایانە لەسەر ئەوە کۆک بون کە ئەبو قەتادە مەترسیەکە وێنەی نییە و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگەی بەریتانی بە خەڵک و حکومەتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بە دەیان خەڵک و ڕێکخراو بەرگریان دەکرد لە ئەبو قەتادە و دەیانگوت ئەم کەسە دوورە لەو تاوانانەی بۆی هەڵبەستراوە.
ساڵانێکی زۆر ئەم کەیسە لە بەریتانیا دەستاو دەستی پێکرا لە وەزيرێکی ناوخۆوە بۆ وەزيرێکی ناوخۆی تر، لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەتێکی تر و لە پرلەمانێکەوە بۆ پەرلەمانێکی تر ، هەتا لەیبەر (واتە پارتی کرێکاران) حکومەتی بەدەستەوە بو ئەبو قەتادە شەق شەقێنی پێ دەکرا لە زیندانەوە بۆ ماڵەوە و لە ماڵەوە بۆ زیندان، پاشان کۆنزێرڤەتیڤ (واتە پارتی پارێزگاران) هاتنە سەر حوکم و ئەمانیش کەمتریان پێ نەکرد.
بەڵام ئیتر ووردە ووردە پاش ئەوەی خەڵک و خوا و دۆست و دوژمن تاقەتیان چو لە فلیمی ئەبو قەتادە و پاش ئەوەی کە بەهاری عەرەبی گوڵ و گوڵزاری هێنایە سەرچۆکان لە خەیاڵدانی ئەوروپیەکاندا ، ئیتر پرسیارەکە کەوتە ناو حکومەت و پارت و دەسەڵات دارانی دوێنێ و ئەمڕۆی بەریتانیا و هەمویان پێکەوە دەیان پرسی :
باشە تاوانی ئەبو قەتادە چییە؟! یاخود ئەرێ بەڕاست ئەم کابرایە تاوانبارە؟
ئەگەر تاوانبارە ئەم هەمو بێنە و بەرەیەی بۆچییە ؟ ئەوەتا بە کاڵی و بە کوڵاوی لەبەردەست خۆمانە و تا ڕۆژێک بە کەفیلی بەری دەدەین بیست ڕۆژ لە زیندان بەسەردەبات، باشە بۆ بۆ یەکەم جار و دواجار دادگاییەکی ئاشکرای نەکەین و ئیتر ئەم کەیسە کۆتایی پێ نەهێنین؟
ڕاستیەکەشی ئەگەر بە ئەرشیفی ڕووداوەکانی کەیسی ئەبو قەتادەدا بچیتەوە ئەوە فشاری خەڵک و حکومەتەکانی دەرەوەی بەریتانیا بو کە وایان لە بەریتانیا کرد کۆتایی بەو یاری مشک و پشیلەیە بهینێت و بڕیار لە کەیسی ناوبراودا دەربکات، چونکە دەیانزانی لە کاتی گەرمەی بەهاری عەرەبیدا بەرژەوەندی زیاتری بەریتانیا لەوەدایە کە کەسێکی وا بنێردرێتەوە بۆ ناوجەرگەی ئاشوبەکە و لەوە زیاتر بەریتانیا لە ژێر ناونیشانی ئەبو قەتادەدا ئیسلام نەکات بە فلیم.
ئەوەبو لە سەردەمی (وەزیری ناوخۆ - تێرێزا مەی) دا لە پاش هاتوچۆیەکی زۆری ناوبراو بۆ ئەردەن بڕیاری ئازادکردنی ئەبو قەتادە درا بە مەرجێک کە ڕاستەوخۆ ڕادەستی حکومەتی ئەردەن بکرێتەوە و لەوێ دادگاییەکە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵام ئەردەنیش بە هەمان شێوەی بەریتانیا لەبەر نەبونی بەڵگەی تەواو ئەبو قەتادەیان ئازاد کرد.
ئەوەی کە سەیر و سەمەرە و جێی تێڕامانە لە کەیسی ئەبو قەتادە دا ئەو ڕاستیەیە کە بە درێژایی ماوەی دەست بەسەریەکەی لە بەریتانیا لە یەک کاتدا حکومەتی بەریتانیا ئەم کەسەی بە تاوانبار و بێ تاوانیش نمایش دەکرد، چۆن؟
کە لە میدیاکاندا پرسیار دەکرا بۆجی ئەبو قەتادە دەست بەسەرە وە یان لە ژێر چاودێری پۆلیسدایە ، لایەنە بەرپرسەکانی ئەو کەیسە دەیانگوت: ئاخر تۆمەت بارە و دەبێت دادگایی بکرێت؟
کەچی کاتێک دەیانوت ئەی باشە تۆمەتەکە چییە؟ یان ئەگەر تاوانبارە بۆ بڕیار (حوکم) ی بەسەردا ناسەپێنن؟ لە وەڵامدا دەیانگوت: ئاخر بەڵگەی تەواومان نییە.
هەرکەسێکیش پرسیاری بکردایە کە ئایا ئەگەر ئەم کەسە هێندە خەتەرە بۆجی تەسلیمی ئەردەنی ناکەنەوە؟ لە وەڵامدا دەیانگوت ئاخر گوناحە لە ئەردەن لە سێدارەی دەدەن!!!!!!
بە ڕاستی مرۆڤ توشی سەرسوڕمان دەبێت لەم جۆرە کەیسانە! ئێ باشە کە لە بەریتانیا بە کەسێکی توندڕەو و مەترسیدار دادەنرێت بۆچی جێگەی بەزەییە لاتان ؟ بینێرنەوە و با لە ئەردەن دادگایی بکرێت و سزای خۆی وەرگرێت؟!!!
هەمو ئەم یاریە چەندین ساڵی خایاند بە هەزارەها پاوەنی بەریتانی لەم کەیسەدا بە فيڕۆ چوو (بە پێی ڕۆژنامەی گاردیان بێت نزیکەی ١.٧ ملیۆن پاوەن مەسرەفی ئەو کەیسەیە)سەرچاوە:
http://www.theguardian.com/world/2014/sep/24/abu-qatada-cleared-terror-charges-jordan-court
http://www.theguardian.com/world/2014/sep/24/abu-qatada-surprise-acquittal-no-right-return-uk

پاشانیش حکومەتی بەریتانیا ناچاربو ئازادی بکات و لە پاشاندا ئەردەنيش بۆی دەرکەوت کە ناتوانێ هەمان یاری بەریتانیا بکات و ساڵانێک لە ژێر ناوی ئەبو قەتادەدا فلیم دەربهێنێت، بۆیە ئەوانیش بە ناچاری ئازادیان کرد.

لە پاش گێڕانەوەی کورتەی ئەم چیرۆکە درێژەی ئەبو قەتادەی فەلەستینی حەزناکەم کاتی خوێنەرانی بەڕێز بە فيڕۆبچێت و سەر لەنوێ ئەوەی دەربارەی مەلا کرێکار لە نەرویچ ڕووی دا لێرەدا بنوسمەوە، بۆیە بەم چەند پرسیارەی خوارەوە کۆتایی بەم نوسینە دەهێنم و خوازیارم خەڵکی بە ویژدان و دادپەروەر و بێ لایەن خۆیان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێن و بزانن ڕاستی و دادپەروەری و ویژدان داوای چ هەڵوێستێکمان لێ دەکات لە کەیسی مەلا کرێکاردا؟!
- ئایا مەلا کرێکارە تاوانبارە؟ ئەگەر تاوانبارە تاوانەکانی چییە؟ بۆچی نەرویج و کوردستان و چەندین لایەنی تر دەستیان خستۆتە ئەم کەیسەوە و کەسیش ئامادە نییە یەکلایی کاتەوە؟
- ئایا هێشتنەوەی کەیسی مەلا کرێکار هاوشێوەی فلیمەکەی ئەبو قەتادە بۆ ئیستهلاکی مەحەلی (واتە بەکارهێنانی ناوخۆی) نەرویج و کوردستانە یان شتی تری لە پشتەوەیە ؟
- ئەگەر لە دوای ئەو هەمو بێنە و بەرەیەی کە لە نەرویج بە مەلا کرێکار دەکرێت هێشتا دادگاکانی نەرویج بەڵگەی ئەوتۆیان لە دەستدا نییە سزا و حوکمی یەکجاری لە کەیسەکەیدا بدەن بۆچی هاوشێوەی بەریتانیا نەرویج مەلا کرێکار ئازاد ناکات وە یان بە زۆر ناینێرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە خۆیان مەبەستیانە جا ئایا عێراقە یان کوردستانە یان هەرکوێیەکی تر چونکە جار جارە ناوی ئەردەن و ئەڵمانیاش دەبیستین؟
- ئایا کاتی ئەوە نییە کە کوردەکانی نەرویج ئەوانەیان کە نرخی ئینسان دەزانن و گوێ بە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیا نادەن هاوشێوەی ئەو ڕێکخراوە چەپانەی بەریتانیا کە بەرگریان لە مافی ئازادکردنی ئەبو قەتادەیەکی توندڕەو دەکرد فشار بخەنە سەر حکومەتی نەرویج و پێیان بڵێن بەسە ئیتر یاری کردن بە کەیسی مەلا کرێکار بەسە؟!
ئەگەر لە نێو دەسەڵاتی نەرویج و کوردستاندا کەسانێک هەن چێژ و خۆشی لە سەیرکردنی فلیمی مەلا کرێکار وەردەگرن ئەوا دڵنیابن لە دەرەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە خەڵکانێکی زۆر هەن کە دەستەکەیان لا کەشفە و ئیتر چی دی بەم جۆرە فلیمانە هەڵناخەڵەتین؟

پرسیاری هەرە گرنگ و کۆتاییش لەم کێشەیەدا ئەوەیە کە ئاخۆ ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕاستگۆن لە قسەکانیاندا دەتوانن هێندەی خەزرەجی و سامەڕایی و هاشمی و تاریق ڕەمەزان نرخ بۆ مەلا کرێکار دابنێن و بەڵێن بدەن بە نەرویج کە ئەگەر مەلا کرێکار هاتەوە بۆ کوردستان هاوشێوەی ئەو کۆنە بەعسی و ئەنفال چییانە لانی کەم لە ژێر چاودێری ئاسایش و زێڕەڤانی و پاراستن و زانیاریدا دەبێت؟
داخەکەم مام جەلال نەخۆش کەوت و فریا نەکەوت وەک چۆن ئیمزای بۆ لە سێدارەدانی سەدام نەکرد ئاوا ئیمزای بۆ لە سێدارە نەدانی مەلا کرێکاریش بکردایە.

بۆ ئەم نوسینە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
http://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A3%D8%A8%D9%88_%D9%82%D8%AA%D8%A7%D8%AF%D8%A9_%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A


http://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7_%DA%A9%D8%B1%DB%8E%DA%A9%D8%A7%D8%B1

تێ بینی:
ئەم نوسینە جەخت کردن و هۆشیارکردنەوەیەوە دەربارەی ئەو یاریە فێڵاوی و خۆڵ لە چاوکردنەی کە دادگاکانی بەریتانیا و نەرویج دەیکەن کاتێک بێگانەیەکیان دەکەوێتە بەردەست، لەم نوسینەدا هیچ زانیاریەک دەربارەی کەسێتی مەلا کرێکار و ئەگەری تاوانباری وە یان بێ تاوانی ئەو باس نەکراوە چونکە لە ڕاستیدا من هیچ لەوبارەیەوە نازانم ، بۆیە ئەم نوسینە بە هیج شێوەیەک پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی مەلا کرێکارەوە نییە و باشترە ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کەیسی مەلا کرێکارە لەو بارەیەوە قسە بکات.
من بە باشتری دەزانم ئەگەر مەلا کرێکار بڕیارە سزا بدرێت با لە کوردستان سزا بدرێت نەک لەسەر دەستی ئەوانەی کە دەیانەوێت لە پەنا ئەم جۆرە کەیسانەوە چەندین چۆلەکەی تر ڕاوبکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە