به‌یاننامه‌ به‌ بۆنه‌ی هیرشه‌ نا اخلاقیه‌که‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی بۆ سه‌ر باره‌گای یاکگرتوو کۆمه‌ل و گۆران

Monday, 07.27.2009, 12:00

1013 بینراوە


به‌یاننامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ده‌رباره‌ى هه‌وڵى هێرشكردنه‌سه‌ر باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى و مه‌ڵبه‌ندى دهۆكى یه‌كگرتوو

به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان

جه‌ماوه‌رى چاوكراوه‌ى كوردستان

هێزو لایه‌نه‌سیاسیه‌كان

دواى ڕاگه‌یاندنى به‌ره‌نجامه‌به‌رایى یه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌په‌رله‌مانى و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێم، شه‌وى (26- 27 / 7/2009) سه‌دان كه‌س له‌لایه‌نگرانى لیستى كوردستانى ده‌سه‌ڵاتدار له‌به‌رده‌م باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان كۆبوونه‌وه‌و ده‌ستیان كرد به‌ته‌قه‌كردن و هوتاف كێشان ویستیان هیرش بكه‌نه‌سه‌ر باره‌گاكه‌و (اقتحام)ى بكه‌ن. به‌مه‌ش كاره‌ساتى (6/12/2005)ى بادینان دووباره‌بكه‌نه‌وه‌، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتو بۆ ئیحتوا كردنى بارودۆخێكى چاوه‌ڕوان نه‌كراوى له‌و جۆره‌ده‌ست و برد ده‌زگا به‌رپرسه‌حكومى یه‌كانى شاره‌كه‌ى ئاگادار كرده‌وه‌وخستنیه‌به‌رده‌م لێپرسراوێتى یاسایى خۆیانه‌وه‌و به‌هاوكارى ئه‌وان و هه‌موو لایه‌ك توانرا دۆخه‌كه‌كۆنتڕۆڵ بكرێت و بڵاوه‌به‌خه‌ڵكه‌گێره‌شێوێنه‌كه‌بكرێت .

شایانى وتنه‌كه‌له‌هه‌مان كاتدا له‌ده‌وروبه‌رى باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى دهۆكیش خه‌ڵكانێكى هاوشێوه‌كۆبوونه‌وه‌و به‌هه‌ندێ شێوازى نه‌شیاو (ئیستیفزاز)ى باره‌گاكه‌و ئه‌و كادیرو ئه‌ندامانه‌یان كردووه‌كه‌له‌ناویدا بوون، كه‌به‌حیكمه‌تى به‌رپرسانى یه‌كگرتوو وكۆششى به‌رپرسانى حكومى رێگه‌یان گرتووه‌له‌ته‌شه‌نه‌كردنى ..

هاوڵاتیانى كوردستان

هێزو لایه‌نه‌سیاسى یه‌كان

ڕێكخراوه‌كانى پاراستنى مافى مرۆڤ و لایه‌نگرانى ئازادى و دیموكراسى .

ئێمه‌له‌یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستاندا وێراى ئیدانه‌كردنى توندى ئه‌م ڕه‌فتاره‌دزیوو ناشیرنه‌و ئه‌و هه‌وڵه‌بۆ ده‌ستدرێژى كردنه‌سه‌ر باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیمان له‌هه‌ولێر وباره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى دهۆك ، بیرى هه‌موو لایه‌كى دێنینه‌وه‌كه‌ئه‌مه‌یه‌كه‌م جار نییه‌باره‌گاو ئه‌ندامانى ئێمه‌له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌خرێنه‌به‌ر په‌لامارو فشارو سوكایه‌تى پێ كردن، هه‌ر بۆیه‌داوا له‌هه‌موو هێزو لایه‌ن و ڕێكخراوو ڕۆشنبیرانى ئازادیخواز ده‌كه‌ین له‌پێناو ڕێگرتن له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ى فه‌رهه‌نگى توندوتیژى و نالێبورده‌یى ، وه‌ قبوڵكردنى مونافه‌سه‌ى مه‌ده‌نى و ڕه‌خنه‌گرتن له‌پێشلكارى یاسایى و ڕزگاركردنى ئه‌زموونى دیموكراسى هه‌رێم له‌پاشه‌كشه‌كردن، ئیدانه‌ى ئه‌م كرده‌وه‌دژى یاسایى یه‌بكه‌ن ئێمه‌له‌یه‌كگرتوودا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌هه‌وڵى ده‌ستدرێژى دووباره‌بۆ سه‌ر باره‌گاى سه‌ره‌كى پارتێكى مه‌ده‌نى كه‌به‌درێژایى مێژووى خۆى دژى توندوتیژى وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، به‌ده‌ستدرێژى بۆ سه‌رئازادى و سنوره‌كانى دیموكراسى و مافه‌كانى ئازادى ڕاده‌ربڕین و چالاكى كارى حیزبى ده‌زانین و، یه‌كجار نیگه‌رانیشین كه‌جارێكى تر به‌م كاره‌له‌به‌رچاوى ڕاى گشتى جیهانى و وڵاته‌بریار به‌ده‌سه‌ته‌كان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرسیار خرایه‌وه‌سه‌ر ئه‌زموونى دیموكراسى هه‌رێمى كوردستان و زه‌برێكى تر له‌ئامانجه‌نه‌ته‌وه‌یى یه‌كانمان وه‌شێنرا .

لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ده‌زگا به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ین بۆ سه‌لماندنى تواناو میسداقیه‌تى پیشه‌یى خۆیان به‌دواداچوون بۆ ئه‌م كاره‌بكه‌ن و ئه‌و گێره‌شێوێنانه‌ى له‌پشت ئه‌م كاره‌ناشیرینه‌وه‌بوون، كه‌تاوانێك بوو دژ به‌دهۆك وهه‌ولێرى پایته‌خت و كوردستان، ده‌ستگیر بكه‌ن و ڕووبه‌ڕووى سزاى یاسایى خۆیان بكه‌نه‌وه‌. هه‌موولاش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌كه‌هێزێكى ئیسلاحخوازو مه‌ده‌نى وه‌ك یه‌كگرتوو به‌م جۆره‌شێوازانه‌كپ ناكرێت و ئاینده‌ش هه‌ر بۆ چاكسازى و دیموكراسى ڕاسته‌قینه‌و لێبورده‌یى یه‌..

له‌كۆتایشدا سووپاسى سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و به‌رپرسانه‌ و تێكڕاى خوشك و برایانى یه‌كگرتوو ده‌كه‌ین كه‌به‌ته‌له‌فۆن و سه‌ردان وكۆبونه‌وه‌له‌باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى هاوسۆزیى خۆیان ده‌ربڕى و بێزارى خۆیان له‌و هه‌وڵه‌نیشاندا ..

نه‌فره‌ت له‌توندوتیژى و ده‌مارگیرى و نا لێبورده‌یى

بژى چاكسازى و دیموكراسى و ئازادى و لێبورده‌یى



مه‌كته‌بى سیاسى

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان

27/7/2009





به‌یاننامه‌ی ناره‌زایی ناوچه‌ی یۆتۆبۆری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر هیرش و ئابلوقه‌دانی باره‌گای قه‌واره‌ سیاسی یه‌كانی كوردستان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

ئیمه‌ی خوشكان و برایان و ئه‌ندامان و لایه‌نگران له‌ ناوچه‌ی یۆتۆبۆری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ سوید ، به‌ تووندی نارَه‌زایی و نیگه‌رانی خۆمان ده‌رده‌برین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كارو ره‌فتاره‌ ناشارستانی و نا دیموكراسی و نابه‌جێیانه‌ ی كه‌ دوێنێ شه‌و له‌ لایه‌ن كه‌سانێكی گێره‌شێوێنی دژ به‌ كوردستان خوازی و كوردخوازی ئه‌نجامیان دا له‌ به‌رامبه‌ر باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و گۆڕان و كۆمه‌لی ئیسلامی دا .

ئه‌وه‌ی كه‌ جێی گومان نی یه‌و ئاشكرایه‌ كه‌ دواڕۆژو ئاینده‌ی كوردستان و جه‌ماوه‌ر هه‌ر له‌ سایه‌ی دیموكراسی ئازادی و قه‌بوول كردنی به‌رامبه‌ر رۆشن ده‌بێت ، هه‌موو هه‌وڵیكی له‌باربدنی ئه‌م چه‌مكه‌ به‌ نرخانه‌ ڕیسوابوون و دۆڕاندنی به‌ دواوه‌یه‌.

دووباره‌ ئومێده‌وارین كه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ نا به‌ جێیانه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌و جه‌ماوه‌ری هۆشیارو دڵسۆزی كوردستان به‌ تووندی دژ به‌م رِِّه‌فتارانه‌ بوه‌ستن و ئیدانه‌و مه‌حكومی بكه‌ن .

هه‌ر سه‌رفراز بێت جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌ پێناو به‌دی هێنانی ئازادی و دیموكراسییه‌كی راسته‌قینه‌.



ناوچه‌ی یۆتۆبۆری

یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان _ سوید

‏27‏/07‏/2009