Monday, 05/03/2012, 12:00
4576 بینراوە
---------------- بیرەوەریەکانم ----------------------
سەرەتاى ڕێ ڕۆیشتنە دوورو درێژەكەمان بەرەو سۆڤیەت
لە دواى تێكچونى كۆمارى مهاباد لە ڕۆژهەڵاتى كوردستاندا لە شكرى بارزانیەكان خۆیان نەدایە دەستى سوپاى هێرش هێنەر بۆ سەر كوردستان، ووتووێژى نێوان حكومەتى ئێرانو شێخەكانى بارزانى سەرى نەگرت، نزیكەى دوومانگ شەڕ بوو لەگەڵ ئێران لە ئەنجامدا بارزانیەكان گەڕانەوە عێراق، بەشێكى زۆرى چەكدارەكان لەگەڵ (مەلامستەفا) مانەوەو چەكیان دانەنا ڕویان كردە كێوەكان، بۆ ماوەیەك گەڕانەوە كوردستانى عێراق، نزیكەى مانگ و نیوێك لە گوندەكانى(مزورى) ماینەوە، بەرەبەیانى(21/4/1947) لە سێ كوچكەى سنورە دەستكردەكانى نێوان هەرسێ داگیركەرى كوردستان (توركیا و ئێران ، عێراق) ئەوانەى زۆر لە مێژە دەسەڵاتدارن بەسەر كوردستاندا، هەر كاتێك بزاڤو شۆڕشێك سەرى هەڵدابێت لە هەر پارچەیەك هەرسێكیان یەك دەگرن بۆ دامركاندنەوەى.
مـانـەوەى لـەشـكر لـە دەڤـەرا مـزورى
وەك لە سەرەوە دیارى كراوە ئێوارەى ڕۆژى(26/4/1947) لەشكر دابەشى سەر گوندەكانى دەڤەرى مزورى كراو ئێمە ڕۆیشتینە گوندى(ئەرگۆش)، گوندى ناوبراو گوندێكى گەورە بوو دەكەوێتە بنارى كێوى (گۆڤەند) لەوێ دابەشى سەر ماڵەكانى گوند كراین بە گوێرەى لێوەشانەوەى ماڵەكان(منو حمدامینو رەحمان) لە ماڵێك داندراین خاوەنى ماڵەكە ناوى(ئیسماعیل) بوو ماڵى ناوبراو لەو پەڕى پەرێشانى دابوون لە ڕوى ئابورىو ژیاندا لە نانى (ئاردەخۆژەو بەڕوو كرۆسك) زیاتر هیچیان نەبوو، پێخۆریش دۆیان هەبوو ئەویش دراوسێكانیان پێیان دەدان، دەتوانم بڵێم ئەوەى لەپێش ئێمەدا، داندرا خواردن نەبوو زۆر بە شەرمەوە دەمان خوارد بۆمان نە دەگونجا ئەگینا نەمان دەخوارد، ڕۆژێ سێ ئەستوركى بچوك لە ئاردى (كرۆسكو بەوڕوو خۆژە) یان پێ دەداین لەوە زیاتریان نەبوو لەگەڵ ئەوەشدا زۆر دڵ فراوانو خزمەت گوزار بوون.
دەركەوتنمان لە باشورى كوردستان بۆ ناو باكوورى كوردستان
دواى ئەوەى بە دیاركەوت كە سوپاى عێراقى خەریكى خۆ ئامادەكردنە بۆ هێڕش هێنانە سەر ئەو شوێنانەى ئێمەى لێ بووین، پێش ئەوەى دوژمن دەست بە هێرش بكات لە شكرى ئێمە شوێنەكانى جێ هێشت، ئەوە بوو ڕۆژى (23/5/1947) لەشكر بە تێكڕایى لە گوندى(ستونى) نزیك سنورى باكوورى كوردستان كۆبوەوەو ئامادە بوو، ئەو ڕۆژە تا ئێوارە لە بن دارگوێزە گەورەكان ڕۆژمان بە سەر برد، ڕۆژئاوایەكى درەنگ(مامەند) لە گوند دەركەوتو لە سنور ئاودیوو بوو لە دواى ئەو(حمدامین میرخان) ڕۆیشت، پێش ئەوەى تاریك دابێت گشتمان لە گەروەكە بەسەر كەوتین لەوێ دابەزینە خوار بەرەو گوندى (بێداو) گوندى ناوبراو كەوتۆتە دۆڵێكى زۆر قوڵ لە باكوورى كوردستان، ڕوبار گوندەكەى كردۆتە دوو بەش بەشێكى سەر بە توركیایەو بەشەكەى ترى سەر بە عێراقە، شەو لەوگوندە ماینەوە، ئێوارەى ڕۆژى (24/5)گەیشتینە بێداو كاتێ تاریك داكەوتن بەرە بەیانى ڕۆژى(25/5/1947) لەگەڵ تاریكو ڕۆنى بەیانى مامند دەركەوت تەورو بێڵیان لەگەڵ خۆبردن، لەگەڵ شارەزا زۆر لەگوند بەدوور نەكەوتن دەستیان كرد بە دروست كردنى پێپیلكە لە سەر بەفر تاسەر لوتكەى كێوە بەرزەكەى بێداو، ئەو هەموو لەشكرە بەو پێپیلكە دروست كراوانەدا سەركەوتن لەقەد پاڵى بەرزایى كێوى بێداو دوو بریندارەكانمان گێڕایەوە بۆ بێداو(ساڵح حوسێن گووزىو حمۆ هۆزانى) بوون، ئەو دوو بریندارە هى ئەوە نەبوون بەشان لەو چیایە سەر بخرێن لەبەر ئەوە لە بێداو بەجێمان هێشتن. هەر لە بەرەبەیانى(25/5/1947) ئەو لەشكرە لە ڕێ ڕۆیشتن دابوو بەو پێپیلكە دروست كراوانەدا سەر دەكەوتن تا نزیك ڕۆژ ئاوا، لەگەڵ داكەوتنى تاریكى گەیشتینە گوندى(باى) لە دیوەكەى ترى كێوى بێداو ئەگەرچى (باى) گوندێكى بچوك بوو لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازیەكى زۆر باشیان لێ كردینو نانى ڕۆژى دواییشیان بۆ ئامادەكردین، چونكە دەیان زانى ڕۆژى دوایى ناگەینە ئاوایى بۆیە نانى ڕۆژى دواییشیان بۆ ئامادە كردین. پێش ئەوەى ببێت بە ڕووناك لەگوند دەركەوتینو شارەزا بە پێشمان كەوت، هەركە بوو بە ڕوناك لەشوێنێك ناو دارو تەڕاشى زۆر چڕ خۆمان بووارد، بە درێژایى ڕۆژى (26/5) لە ناو ئەو دارو تەراشانە زۆر بە نهێنى خۆمان حەشاردا لە بەر ئەوەى بیستبومان سوپاى تورك بەڕێ كراوە بۆ ئەوشوێنانەى شكیان لێ دەكرد كە ئێمەى پێدا تێپەردەبین، لەبەر ئەوە دەبوایە بە وەستایىو ووریایى بڕۆین بۆ ئەوەى لەگەڵیان توشى شەڕ نەبین، ئێوارەى ئەو ڕۆژە پێش ئەوەى تاریك دابێت خۆمان پێچایەوەو ئامادە بووین بۆ ڕۆیشتن(مستۆ مێرۆزى)لەگەڵ كۆمەڵێك چەكدار دەستە دەستە كەوتنە ڕێ ئینجا هەموو لەشكر كەوتە ڕێ ئەو شوێنەى پێیدا دەڕۆیشتین ئەوەندە خۆشو دڵگیر دەهاتە بەرچاو هەر ئارەزوت دەكرد پێیدا تێپەڕ ببیت، شەو مانگە شەوێكى زۆر خۆش بوو لە شوێنێك لەشكر زۆر لەسەر خۆو بێ دەنگ دەرۆیشت ئەوانەى كەوتبونە دۆڵى پێچاوپێچ چەكدارەكان بەدواى یەكتردا دەڕۆیشتن وێنەیەكى ئەوەندە جوان بوو دڵى مرۆڤى شاد دەكرد، وێنەكە وات دەزانى خۆراكى خواستى دڵمەو لێى تێر نەدەبووم، هەر ئەوەشە كە قەت لە یادم ناچێتو بەبەردەوامى ئاخى بۆ دەكێشمو هەموو كاتێك یادى دەكەمەوە.
لە 28/5/1947 جارێكى تر پێمان نایەوە ڕۆژهەڵاتى كوردستان
بەڵێ پێش نوێژى نیوەڕۆى ڕۆژى(28/5) هەمومان لەگوندى جیرمێ لە سەر سنوور بەیەك گەیشتینەوە، گوندى ناوبراو دەكەوێتە سەرسنوور، ئەوەى بەدیاركەوت ئەو نۆبەتدارانەى لە بەرزاییەكانى گوند داندرابوون نەیان دەهێشت نەكەس بێت نە كەسیش بڕوات. دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ لەسەر داواى (میرحاج) كۆبونەوەیەكى بەرپرسەكان بەسترا لەو ماڵەى(مەلامستەفا)ى لێ میوان بوو بەشداربووەكان بریتى بوون لە(شێخ سلێمان، میرحاج، سلێمان بەگ، على محمدێدیق، محمدنجیب، عبدالرحمان مفتى، ئەسعەدخۆشەوى، مامەندمەسیح، مستۆمێرۆزى، سەعید وەلى بەگ، حمدامین میرخان)، لە كۆبونەوەكەدا (مەلامستەفا) گوتبوى: (دەڕۆینە سەر سنورى سۆڤیەت لەوێ لەناو هۆزى جەلالى دەمێنینەوە و پەیوەندى بە سۆڤیاتەكانەوە دەكەین، ئەگەر یارمەتیمان بدەن لەوێ دەمێنینو لەگەڵ ئێران شەڕ دەكەین). دیارە میرحاج بەووردى باسى ڕێگاى كردبوو كە چۆن دەتوانن لەو رێ ڕۆیشتنە سەركەوتووبن، ڕێگاكە دوورەو سەختیشە بێگومان كۆسپو تەگەرەى نالەبارو جەنگ دەبینن لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیم بەتینە كە بەسەركەوتویى دەگەینە سنوورى سۆڤیەت بەو مەرجەى فەرماندەكانى لەشكر لەگەڵ یەكتر پەیوەندی دار بن و وشیار بن، زۆر شتى تریشى گوتبوو، لەو كۆبونەوەیەدا میرحاج كرابووە فەرماندەى ڕێ ڕۆیشتن وەك ڕێ نیشاندەر.
شەڕە دژوارەكەى شازدە كاتژمێرى لە دۆڵى ماكۆ
شەوى(13 لەسەر 14/6/1947) هەست بەئاڵۆزیەك دەكرا نیوەى شەو دوو سوار گیران نەیان دەزانى ئێمە لە گوندەكانین لەو دوو گیراوە زاندرا كەوا لەشكرێكى زۆر لە هۆزەكانى كوردو ئازربیجانى چەكدار كراونو ئەوان هاتوون بۆ لێدانى ئێمە، بەڵام پێش ئەوە ئەوان دەست بوەشێنن بەرەبەیانى رۆژى (14/6/1947) لەگەڵ ئاسۆى بەیانى لە هەر چوار دەورى ئەو گوندانەى ئێمەى لێ بووین چـــــوار دەورمان گیرابوو بە هۆزى چەكدار كراوى كوردو ئازربیجانى، كاتێك هێرشیان بۆ هێناین بەو نیازە بوون بەدەست بمانگرن، بەڵام قارەمانانى ڕێ ڕۆیشتن ڕوبەڕویان بوونەوەو هەر زوو ڕاویان نان بە ماوەیەكى زۆر كورت پەرت و بڵاو بوون بەشكاوى هەر هەندێك بۆ لایەك هەڵاتن، لەگەڵ ڕووناكى ڕۆژ دوو فرۆكەى جەنگى گەیشتنە سەر شوێنى شەڕ بە بۆمباو شێستیر تەقەیان دەكرد لەو شوێنانەى دەیانزانى ئێمەى لێین، ئێمەش بە دوایانەوە بووین ڕاومان دەنان، لە گەرمەى ڕاونانى جاشەكان لەوكاتەدا ڕاسپێردراوى (مستۆو مامەند) بەڕێ كرابووە لاى مەلامستەفا بۆ ئەوەى بەپەلە بڕۆین بگەینە گەروەكە لەبەر ئەوەى هێزێكى زۆرى سوپاى دوژمن بەڕێوەیە بەرەو گەروەكە دەڕۆن خەریكن بەسەر دەكەون وا ئێمە دەڕۆینە پێشیان.
پەڕینەوەمان بەم شێوەیە بوو
لە شوێنێكى نزیك ڕوبار دەراوێك دۆزرایەوە، لەو دەراوە دەست كرا بەپەڕینەوە لەسەر ڕاسپاردەى مەلامستەفا بە هەموو مەلەوانەكان ڕاگەیەندرا بەشێوەیەكى تایبەتى شانەدەریەكان ئامادەبن لەسەر لێوارى ڕوبار بوەستن بۆ ئەوەى ئەگەر هاتوو یەكێك بكەوێتە ئاو، بیگرنەوە، دەبێ ئەوەش بڵێین كەوا بەشى زۆرى هێزەكەمان لەوپەڕى هیلاكى دابوون لە برسان، ئەگەر چاودێرى نەكرابان توانایان زۆر كەم بوو بپەڕنەوە. لەوكاتەى خەریكى پەڕینەوە بووین دوو فڕۆكەى ئێرانى گەیشتنە سەر ئەو شوێنەى ئێمە لێى دەپەڕینەوە تەقەیان لەوانەى ناو ئاو دەكرد، بەڵام دیار بوو سۆڤیەتیەكان زوو ڕاویان نانو ڕۆیشتن لەو كاتەشدا (حمدامین میرخان) ڕاسپاردەى ناردبوو بۆ لاى پردى (زولفا)و سوپایەكى زۆر بەرەوە لاى ئێمەدێت، شكى تێدا نیە بۆ لێدانى ئێمەیە، میرحاج گوتى: (ئەوەى لەخۆى ڕادەبینێو زۆر هیلاك نیە بڕۆن بۆ یاریدەى (حمدامین میرخان)، لەسەرداواى (میرحاج) كۆمەڵێكى زۆر لە چالاكەكان كەوتنە ڕێ بەرەو شوێنەكە ڕۆیشتن، زۆریان بەوهیوایە ڕۆیشتن بەڵكو لە جانتاى سەربازەكان نانیان بەدەست دەكەوێت، بەڵێ بەڕاستى بوو بەلێكدان، كاتێ تانكەكان هاتن خۆمان لێیان لادان، تا لێمان تێپەڕبوون، ئەوكاتە زۆر بەوەستایىو ڕێكى دەست لە سوپا وەشێندراو بە شكاوى بەرەو دواوە گەڕاوە، باش بوو خواردنى سەربازەكانمان دەست كەوت بە بەر ئەوانیش كەوت، ئەوانەى هێشتا نەپەڕیبونەوە لە ڕوبار.
دەربارەى ڕوبارى ئاراس
ڕوبارى ناوبراو گەورەیە، بەڵام زۆر مەندو لەسەرخۆیە واهەست دەكرێت ناڕوات، لەو شوێنەى ئێمە لێى پەڕینەوە زۆر بەرین بوو بە پێیان لە دەراو دەربازى بەرى لاى سۆڤیەت بووین، ئێمە لە نزیك كێوە بەرزەكەى(ئارارات) كە دەكەوێتە سێ كوچكەى سنورەكانى ئێران وتوركیاو سۆڤیەت پەڕینەوە لە ئاراس، هۆزى (جەلالى) دەكەوێتە سەر لێوارى ڕوبارى ئاراسو لە كێوى ئارارات تا نزیك پردى(زولفا)لە ناوەوەش تا ماكۆ دەڕوات، بەڵام شوێنێكى ئەوەندەى بڵێى سەختە، هەمووى كێلە بەردو كەندو كۆڵانى ناهەموارە، كۆمەڵێك گۆماوى گەورە لە نزیك ڕووبارى ئاراس هەن، زەوى كشتوكاڵى ئەوەندە نیە زۆركەمە، بەشى زۆرى خەڵك خەریكى بە خێوكردنى ئاژەڵن شوێنەكەیان بەڕاستى شوێنى بەخێوكردنى ئاژەڵەو شوێنێكى فراوانە.
© 2019- Kurdistanpost