پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


دیموكراسیەت لە نێوان براگەورە Big Brother وسایبەرسپێسداCyberspace

Sunday, 08.07.2011, 12:00

1664 بینراوە


جۆرج ئۆرویل (1903 -1950) رۆمان نوس ورۆژنامەنوسى بەناوبانگى ئینگلیز كە هەردەم لە بەرەى هەژاران وژێردەستەكان بوە، وژیان ونوسینى تەرخان كردبوو لە پێناوى ئازادی تاك وگشتیەكان، ئازادى خەڵك هەردەم خەم ونیگەرانى ئۆرویل بوو تا ڕادەى فۆبیاو ترسی جۆرج ئۆرویل لە زەوت كردنى ئازادییەكان دەگاتە چڵەپۆپەى بە دەركردنى ڕۆمانە بە ناوبانگەكەى بە ناوى (1984) كە لە بنەڕەتدا ناوى (دوا پیاو لە ئەوروپا) The Last Man in Europe دا بوو،. لەم ڕۆمانە جۆرج ئۆرویل باسی چارەنووسى خەڵك دەكات لە ژێر سایەى حكومەت وحزبە شمولى وتۆتالیتاریەكان كە لەلایەن دیكتاتۆرێكى ئولیگارشییەوە حوكم دەكرێت وخەڵك بە شێوەیەكى گشتى دەخرێنە ژێر چاودێریەكى توند وتیژی 24 سەعاتى بە هۆی كامێرا وشاشەى گەورە بە ناوى (تیلیسكرین) Telescreen ئەو كۆمەڵگایە ترسناكە ناونابوو بە كۆمەڵگاى (برا گەورە) Big Brother. كۆمەڵگاى (برا گەورە) جۆرج ئۆرویل لەوەدا هاتوە كاتێ شاشە وتێلیسكرینە گەورەكان بەبەردەوامى چاوەدێری ژیانى تایبەتى وگشتى خەڵكى دەكرد ولەكاتى ڕودانى بچوكترین شت بە دڵى براگەورە نەبێت شاشەكان بە دەنگ دێن ودەڵێن: براگەورە ئاگادارتە ودەتبینێ: BIG BROTHER IS WATCHING YOU ، بێگومان تاڕادەیەك ئەو پێشبینیانەى جۆرج ئۆرویل هاتۆتە دی كاتێ حكومەت وحزبە دەسەڵاتدارە تۆتالیتاریەكان تەكنۆلۆژیا بەكار دەهێنن بۆ زیاتر چاوەدێری كردنى كۆمەڵگا وداپلۆساندنیان، هەتا جیهانى ئازاد ودیموكراسیش لەو دەردە بە دوور نین ئەمڕۆ شار وشارۆچكەكانى ئەوروپا ملیۆنەها كامێرا چاودێری جوڵەى خەڵك دەكەن وهەزار فەرمانبەر كاریان تەنها چاودێری كردنى شاشەى ئەو كامێرانەیە، تەنها جیاوازیەك لە نێوان وڵاتانى دیموكراسی وتۆتالیتارەكان ئەوەیە كە وڵاتانى دیموكراسی لەبەر هۆی ئاسایش ئەو چاودێرییە وكامێرانە بەكار دەهێنن لە چوارچێوەى یاسادا ولەبەر متمانەى خەڵك بەو سیستمە سیاسیانە خەڵكى دەستبەردارى كەمێك لە ئازادى خۆیان بوون لە پێناو ئاسایشی گشتى. بەڵام لە وڵاتە تۆتالیتاریەكان بەبێ ڕەچاوكردنى هیچ یاسایەك خەڵك دەخرێتە ژێر چاودێری وهەموو ژیانى دەخرێتە مەترسیەوە تا ڕادەى ئەوەى دەگاتە بڕیارى ڕەشەكوژیشی... ئەو ڕوانگەیەى ئۆرویل ئەگەرچى سەرتاسەریش نەهاتەدى بەلام هیچ لە بلیمەتى ئەو كەمناكاتەوە چونكە ئەو جۆرە كۆمەڵگایە بە شێوەیەك لە شێوەكانى پیادەكرا لە وڵاتانى تۆتالیتارى پێشوو وەك یەكێتى سۆڤیەت ودیكتاتۆرەكانى رۆژهەڵات وچین وبۆرما وڤێتنام وتا دوایی، بێگومان ئەوەى كە ئۆرویل بیری لێنەكردبۆوە ئەوە بوو وەك والتەر ریستن سەرۆكى گروپی سیتیگروپ لە ساڵی 1997 وە نوسیویەتى :"لەجیاتى پیادەبوونى تێڕوانینى جۆرج ئۆرویل لەبارەى چاوەدێری كردنى براگەورە بۆ هاوڵاتیان، زانست و تەكنۆلۆژیا هاوڵاتی دەكاتە چاودێر بەسەر براگەورەدا" ئەمڕۆ هاوڵاتى دەتوانن وەك براگەورەى پێشو بڵێن: هاوڵاتى ئاگادارتە ودەتبینێ: CITIZEN IS WATCHING YOU
ئەمڕۆ شۆڕشی سایبەرسپەیس Cyberspace(واتە فەزاى ئەلیكترۆنی) لە هۆكانى پەیوەندى و ڕاگەیاندن وئینتەرنێت و فەیس بوك وتویتەر توانیان تا ڕادەیەكى زۆر گرەو لە براگەورە وەرگرنەوە لە چاوەدیری كردن وژماردنى هەناسەكانى خەڵك وخورپەى دڵەكانیان، كاریگەرى ئەو تەكنۆلۆژیا نوێیە یەكەم جار لە فیلیپین دەستى پێكرد لە ساڵی 2001 كە لە ڕێگاى تێكستى مێسەجەوە توانیان خۆپیشاندانێكى ملیۆنى رێك خەن وسەرۆكى وڵات جۆزین ئیسترادا لە شوێنەكەى لادەن، ئینجا لە لوبنان هەر بە هۆی تێكستى مێسەجەوە لە 2005 توانیان سوریا ناچار بكەن بە كشانەوەى داگیركارى خۆی لە لوبنان نمونوە تر زۆرن لە ماینمار وزیمبابۆی وكۆلۆمبیا وڕوداوەكانى ئێران كە خەڵك بە مۆبایل وئینتەرنێت توانیان قەبارەى ناڕەزاییەكانیان نیشانى جیهانى دەرەوە بدەن، تا گەیشتە شۆڕشەكانى فەیسبوك وتویتەر لە تونس ومیسر ویەمەن ولیبیا وسوریا كە پێدەچێت تیۆری براگەورە بەتەواوى بەرەو نەمان بەرێت،. ئەو حزب ودەسەڵاتانەى كە جاروبار لە ژێر پەردەى دیموكراسیەتیشدا دەیانەوێت حەز وویستە براگەورەییەكانیان بسەپێنن بەسەر خەڵك لە ڕێگاى قۆرخكردنى دەسەڵات بۆ حزبێك یان بنەماڵەیەك یان لەڕێگاى بەدبەكارهێنانى تەكنۆلۆژیا لە چاوەدێریكردنى خەڵك دەبێت چاك بزانن ئەمڕۆ شۆڕشی سایبەرسپەیس چەكێكى زۆر قورسترى لەوەى براگەورەى بەخشیوەتەوە دەستى جەماوەر وهاوڵاتیان، بۆیە پێویستە براگەورە لە عەقڵیەتى خۆی بگۆڕێت وتەوازوع بنوێنێت بەرلەوەى بكەوێتە ژێر ڕەوڕەوەى شۆڕشی سایبەرسپەیس Cyberspace.

لەندەن