٦٢ ڕۆژ ئاشتیخوازی و مەدەنیەت، ٦٢ڕۆژ شەڕخوازی و بەربەریەت

Monday, 17/02/2014, 12:00

1837 بینراوە


پاشنیوەڕۆی ١٧ ی ٢ تەقەیەکی زۆرم بیست،خۆم گەیاندە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی نەشتەرگەری سلەیمانی، بینیم هەمو بریندارەکانی بەردەم لقی ٤ ی پارتی لە کاتی ڕاکردنا، نەک هەڵمەتبردنا،لەپشتەوە تەقەیان لێکرابو. پەیامنێرێکی کوردوستان TV م بینی لە بەردەم لقی ٤ ی پارتیەوە لە تەلەفیزۆن قسەی دەکرد، بێ ئەوەی شەرم بیگرێت وتی پاسەوانەکانی لقی ٤ تەقەیان بە ئاسمانا کردوە! لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دا لە هەولێر و سۆران مەکۆی سەرەکیی گۆڕان سوتێنران و لە دهۆکیش تاڵانکرا.

لەڕەوتی خۆپیشاندانەکانا چەکدارەکانی ژێر فەرمانی یەکێتیی نیشتمانیش لە سەرای ئازادی و بەردەم مزگەوتی گەورە و بەردەم نەخۆشخانەی ئەهلیی چوارباخ و لەجادەی پیرەمێرد دەستی خۆیان بە خوێنی گەنجانی بێگوناه و بێدیفاعی کورد سورکرد، ئاگریان بەردایە چادرەکانی سەرای ئازادی ، بۆمبای دەنگی و شوشەی تێزابیان فڕێدایە ناو خۆپیشاندەران، (ڕادیۆی دەنگ) یان لە (کەلار) تاڵان و وێرانکراد،(ڕادیۆ و تەلەفیزۆنی نالیا) یان سوتاند. چەند شاد و شاناز و سەربەرزم بە وەی لە ڕۆژی ٢١ ی ٢ وە منیش هاتمە ڕیزی خۆپیشاندەران و دواتر بومە ئەندامی (ئەنجومەنی کاتیی سەرای ئازادی). هەم وەک قسەکەر لە بڵندگۆی سەرای ئازادی یەوە، هەم وەک گوێگرێک لەناو ئاپۆرای خۆپیشاندەرانا، هەم وەک بەشدارێک لە زۆربەی کۆبونەوەکانی ئەو ئەنجومەنە، بۆ مێژو شایەتیی ئاشتیخوازیی زۆربەی هەرەزۆری بەشداربوانی خۆپیشاندانەکان دەدەم، لە هەمان کاتدا شایەتیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوە و ناردنی چەقۆکێش و سیخوڕان لە لایەن دەسەڵاتی کوردیەوە بۆ ناو ئەنجومەن و بۆ ناوئاپۆرای خۆپیشاندەران، دەدەم. لە سەرەتادا کۆبونەوەکانی ئەنجومەن کراوە بون و بە ئاشکرا لە (چایخانەی ڤینۆس) لە (جادەی پیرەمێرد) دەکران. پاشان کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕێی جاسوسەکانی خۆیەوە کەوتە ئاژاوەنانەوە لە ناو ئەنجومەن دا، و گەڤ و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەنجومەن چڕتر و بەرجەستەتر کردەوە، ناچارکراین کۆبونەوەکان بچوکتر و کەمتر بکەینەوە وهەر جارە لە شوێنێک بە نهێنی بیگێڕین. جارێکیان تکام لە سەرۆکی ڕێکخراوێکی ناحوکومەتیی بێلایەن کرد، لە مەکۆی ڕێکخراوەکەی ئەودا یەکێ لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەن سازبدرێ، داوای لێبوردنی لێکردم کە ناتوانێت ئەو میوانداریە بکات لە ترسی سوتاندنی مەکۆکە لە لایەن دەسەڵاتی کوردیەوە! بێگومان لابەلا و بە ئۆپەراسیۆنی نیونهێنی و نیوئاشکراش خزمەتکارەکانی دەسەڵاتی کوردی هەڕەشە یان لە کەسە دیارەکانی ناو خۆپیشاندانەکان دەکرد و هەندێکیشیان لێگرتن، وەک مامۆستای ئاینی (مەلا کامەران) و دەیان کەسی تر. لە ڕۆژی ١٧ ی٤ وە هێزەکانی ژێر فەرمانی یەکێتیی نیشتمانی جارێکی تر کەوتنەوە هێرشی توند بۆ سەر خۆپیشاندەران، ئەوەبو لەم ڕۆژەدا بۆ یەکەم جار گازی ڕوشێنەریشیان بەکارهێنا، لەم ڕۆژەدا ٥٠ خۆپیشاندەر بە گولە و بەرد و گاز بریندارکران، لە ناویاندا دەستی (چنور) ی کچە وێنەگری (ڕۆژنامەی هاوڵاتی) بە گولەیەک بریندار کرا، ئەم کچە دلێرە نەیهێشت کامێراکە لەدەستی بکەوێتە خوارەوە! دوکتۆرێکی پەپولەئاسای هاوڕێی پێشمەرگەی دێرینم وتی چەکدارەکان خڕەبەردی پڕ بە لەپیدەست گەورەیان تێدەگرتین. ڕۆژی ١٨ ی ٤ سەدان کڵاشینکۆف بەدەستم بینی کە لە (پارکی دایک)ەوە بە جادەی پیرەمێرد دا بەرەو سەرای ئازادی هێرشیان دەکرد، چەند کەسێکیشیان بە دەست و بە دارلاستیک بەردیان دەگرتە خۆپیشاندەران ، دیاربو فەرمانی تەقەکردن و سوتاندنی سەرای ئازادیان پێدرابو، تکای زۆرم لێکردن تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەن. دوکاندارێکی جادەی پیرەمێرد بۆی باسکردم چۆن لەم ڕۆژەدا لە دوکانەکەی خۆیەوە گەنجێکی بینیوە بە کارتۆن جامی پێشەوە و دواوەی ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیەکی نەناسی داپۆشیەوە بۆ ئەوەی بەرد نەیشکێنێ! لێرەدا خۆپیشاندانەکانی دەوروبەری (پاریس) لە ٢٠٠٥دا هاتەوەیادم، کە تەنیا لە شەوی ٣ ی ١١ ی ٢٠٠٥ دا ٥٠٠ ئۆتۆمبیل و دەیان خانو تیایاندا سوتێنران! لە ماوەی ٦٢ ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی سلەیمانی و لە ڕۆژانی خۆپیشاندانەکانی کۆیە و قەزاو ناحیەکانی پارێزگای سلەیمانیدا، بە دەسپێشخەری و بە پلان و بە ئارەزوی پێشینی خۆپیشاندەران شوشەی پەنجەرەی یەک دوکان یا یەک دائیرەی حوکومەت نەشکێنرا، دوکانی یەک دوکاندار نەبڕرا، هەزاران گوڵ و وشە و دروشمی جوان پێشکەشی چەکدارەکان کرا. لە ١٧ ی ٢ ی ٢٠١١ وە سەردەمێکی نوێ لە مێژوی کورد دەستیپێکرد، سەردەمی خەباتی مەدەنیانەی ناتوندوتیژی لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی و عەدالەت دا، سەردەمی سەرەتای داڕزانی دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی لە کوردوستانا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە