کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌رۆکی مێژوونووسه‌کانی کورد بگرین! (به‌شی دووهەم)

Tuesday, 08.09.2011, 12:00

1837 بینراوە


رووسه‌کان ویستیان یارمه‌تی کورده‌کان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی کوردی رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا رێگری کرد

سەرکردایەتی سۆڤیەت، یان چاکتر بڵێین ئەنجومەنی باڵای سۆڤیەتی حیزبی کۆمەنیست و ئەنجومەنی وەزیرانی سۆڤیەت بڕیاریان دا بە دانانی ئەجومەنێک بۆ کوردە پەناهەندەکان، لە شێوەی حکومەتێکی کاتی لە دەرەوەی کوردستان، ئەمە دوای چەند مانگێک دوای گەیشتنی هێزە کوردییه‌کە بەسەرکردایەتی مەلا مستەفا، بەڵام هەر خودی مەلامستەفا و ئەو دوو بەرەکییەی لە نێوان مەلامستەفا و برازاکەی شێخ ساڵحدا هەبووه‌، ڕێگر بووه‌ لەوەی ئەم ئەنجومەنە و ئەم خەونە بۆ کورد بێته‌ دی،  ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ ئه‌و نهێنییه‌ بخرێته‌ نووسەر لێرەدا، دەڵێ: کاتی دروستبوونی ئەم ئەنجومەنە یان ئەم حوکمەتە کاتییە (مەلامستەفا وەک سەرۆک، شێخ سڵێمانی بارزان وەک یاریدەدەر و میرحاج، محەمەد نەجیب بەرواری، عەلی گەلاوێژ، عەلی محەمەد سدیق) شوێنیان بۆ دیاری کرا (حەسەنۆڤ) بەناوی سەرۆک وەزیرانی ئازربایجان و سەرۆکی سۆڤیەتیش پیرۆزبایی خۆی گەیاندە مەلامستەفا، بەڵام ئاژاوە و ڕێک نەکەوتنی هێزەکە سۆڤیەتییه‌کانی توڕەکرد و نووسەر نایشارێتەوە کە دوای ئەوەی حەسەنۆڤ دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ مەلامستەفادا و دەڵێ ئەو لیستی ناوە و ناوەڕۆکەکەی وانەبوو، کە پێشتر قسەی لەسەر کرابوو، هەر لەوێ میرحاج دەست لەکارکێشانەوەی خۆی وەک جوامێرێک رادەگەیەنێت و خەونی کورد دەبێتە بڵقی سەر ئاو. نووسەر دەڵێ: هێزەکە یەک بە دوای یەکدا دەستیان بە پاشە کشێ کرد و دەنووسێ (ئەو دەسکەوتەی بەدەست کورد کەوتبوو سەرکەوتنێکی زۆر مەزن بوو، بەڵام بە پەرۆشەوە نەتوانرا سودی لێبینین و زۆر بەئاسانی لە دەستدرا و زیانێکی زۆر گەورە بە خەبات و تێکۆشانی کورد کەوت) لاپەڕەی 196 .

میر حاج  (1911 تا 19 -11 -1988)

نووسەر دەڵێ: هەموو ئەو فاکتانە، کە نووسراوە بۆ دروست بوونی حکومەتێکی کاتی بۆ کورد لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە، هەمووی ئەرشیف کراوە و لای ڕەحیمی قازی هەیە کەچی  70 ساڵ بەسەر ئەو شانسەی کورددا ڕۆیشتووه‌ کورد ئەو دۆکۆمێنتارانەی نەبینی و تاوانباری ئەو خیانەتەش نەدراوەتە دادگای مێژوو، لە کاتێکدا سەدان بگرە هەزاران کورد لە باشوور و کوردستانی گەورە دکتۆرای ڕەنگا و ڕەنگیان لە یەکێتی سۆڤیەت وەرگرتووه ‌و کەسیان باس لەم ڕووداوە چارەنووسساز و مێژووە ناکەن.



کاتێک رووسه‌کان گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە ئەمانە ئەوە نین یارمه‌تییان بدرێت و ده‌وله‌تیان بۆ دروست بکرێت، بەڵکو خودی مەلامستەفا هێندەی بیری لە به‌رژه‌وه‌ندی خێڵه‌که‌ی خۆی کردۆتەوە قەت بیری لە کورد و نەتەوەکەی نەکردۆتەوە. لەناو ئەو کتێبەدا دەیان ڕووداوی سەیر و سەمەرە دەخوێنیتەوە، کە ئیتر کەسایەتی مەلامستەفا بۆ هەتاهەتایە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، که‌سایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا، که‌سایه‌تییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆز نه‌بووه‌، ئەو هێندەی بیری لە تۆڵەکردن کردۆتەوە، هێندە لەخەمی شتگەلیی تردا نەبووه‌. وه‌ک له‌ کتێبه‌که‌دا هاتووه‌: لە ڕووداوێکدا یەکێک لە بارزانییه‌کان دەکوژرێت، نەک هەر کوشتن بەڵکو سەری دەبڕن و سەری لە سەر سنگی دادەنێن .  کەی بی جی (KBG) دڵنیا ده‌بێت، کە ئەمە پیشەی بارزانییه‌کان خۆیانه‌، ئه‌مه‌ش له‌و کاته‌دا ده‌بێت هەر لە دوای شکستی حکومەتە کاتییه‌کەی کورد، ئیتر هێزەکە بە ئاسیای بچوکدا بڵاودەکاتەوە، چوار چوار و پێنج پێنج ڕەوانەی ئه‌و شوێنانه‌یان ده‌که‌ن و په‌رتو بڵاوه‌یان پێده‌که‌ن، دەیان خاتە بەر کارکردن.

نووسەر باس لە دوو بارزانی دەکات، کە پێشتر وەک بۆیان لواوە بەتەمەڵی دابنیشن و کار نه‌که‌ن، که‌ پێیان ده‌ڵێن بچن کار بکه‌ن، ئه‌وان بڕیار دەدەن ئیش نەکەن، پاشان برسێتی تەنگیان پێ هەڵدەچنێ و لە ناچاریدا دەست بەکارکردن دەکەن، چیرۆکەکانی ئەم پەنابەرانە شت گەلێکن دەکرێ دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ. (بۆ نموونە نووسەر لە ڕووداوێکی تردا، کە دیسان کۆدەبنەوە باس لە ئافرەتێکی کوردی خەڵکی سلێمانی دەکات، ئەویش چارەنووس بۆ ئەو ووڵاتە زەبەلاحەی سۆڤیه‌تی هێناوە لە دوای ڕووخاندنی حوکمەتەکەی شێخ مەحموودا، ئافرەتەکە لە یەکێک لە ویزگەی شەمەندەفەرەکاندا ئەم کوردانە دەبینێ شایلۆغانیانە، بە چاوی پڕ له‌ فرمێسکەوە بۆلایان دەچێ و باسی خۆی بۆ مامۆستا زرار دەکات، کە کوردە و لە باشورەوە هاتووه‌ و چوار کوڕی هەیە، بچکۆلەکەیان ئەفسەرە لە سوپای سووری سۆڤیەت. کوانێ ئەو هەموو دکتۆرا وەرگرە بۆ نەیان توانیوە ڕووداوێکی ئاوامان بۆ بخه‌نه‌ سەر کاغەز؟




ته‌مبه‌ڵ و بێکار

کاتێک ئەم هێزە بۆ ئاسیای ناوەڕاست بڵاودەکەنەوە، مەلامستەفاش پاش ماوەیەک دەبەنە مۆسکۆ هەر یەکە لەم 517 کەسە دەبنە خاوەنی چیرۆکێکی تایبەت بەخۆیان، بەڵام لەناو ئەم کتێبەدا هەست دەکەی کەسێکی وایان لە هەوڵی ئەوەدا نەبوون، کە درێژە بەخۆپەروەردەکردن بدەن، لە ناو دێرەکاندا دەیخوێنیتەوە فێری زمانیش نەبوون، نەک بتوانن بخوێنن و خۆیان بۆ داهاتوو پەروەردەبکەن، ببنە هیواییەک بۆ پاشەڕۆژ، دەبێ ئەو ڕاستییەش باس بکەین، کە ئەمانە کەسانی تەمەن جیاواز بوون و هەڵگری باوەڕی جیاوازیش بوون، زۆریان هێندە لەخەمی عەشرەتەکەیاندا بوون هێندە ئاگاییان لە کورد بوون و نەتەوە نەبووه‌، کەچی مامۆستا زرار لە هەوڵی جدیدا بووە و توانیویه‌تی زانکۆ تەواو بکات، سەمەرە لەوەدایە دوای ڕووداوی ئەو کوشتنە، دوای ماوەیەک نووسەری کتێبەکە لە یەکێک لە زانکۆکانی مۆسکۆ وەردەگیرێ، تا لەسە نەوت بخوێنێ، کەچی مەلا مستەفا کاربەدەستانی سۆڤیەت ئاگادار دەکات و نایەڵێ ئەو زانکۆیە وەریگرێت (ئەمە ئەو پرسیارە، کە دەکرێ لە مێژوو بکرێت) داخۆ مەلا مستەفا بۆ نەیهێشتووه‌ مامۆستا زرار لەوێ وەربگیرێ، دیاره‌ له‌ پێش هه‌موو شتێکدا لەبەر ئەوەی بارزانی خۆی توانای نەبووه‌، یان وویستوێتی تۆڵەی لێبکاتەوە.


 نەوشیروان مستەفا دەڵێ: مەلامستەفا لە ماوەی ئەو دوانزە ساڵەدا خەریکی قەسابیکردن بووە، کارکردن مایەی شانازییە، بەڵام نەوشیروان نازانم ئەو زانیارییەی چۆن وەرگرتووه‌؟ کەچی ئەم بیرەوەرییە شتی ترمان بۆ دەگێڕێتەوە. ڕاستە نووسەری ئەم بیرەوەرییە ڕووی داوە بە چەند ساڵ جگە لەوەی ئاگای لە مەلا مستەفا نەبووه‌، بەڵکو نەشی دیوە، بەڵام لەسەرەتاوە پێمان دەڵێ ئەوانەی کەسی دیار و تەمەنیان هەبووه‌ سۆڤیەتییه‌کان بۆ کارکردن لێیان بووراون.
 ئێمە ئەوەمان بیستووه‌، کە گوایه‌ مەلامستەفا ژنێکی رووسی هێناوە، لێ مەلامستەفا زۆر دژی ئەو کوردانە بووه‌، کە ژنی سۆڤیەتییان هێناوە. (لاپەڕەی 218) ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ک باسده‌که‌ن، که‌ مه‌لا مسته‌فا له‌ ژنه‌ روسه‌که‌ی  کچی هه‌یه‌، به‌ڵام زرار به‌گ باس له‌وه‌ ناکات، ره‌نگه‌ وه‌کو زۆربه‌ی خه‌ڵکی تر له‌گه‌ڵ ژنه‌ روسێکدا بووبێت و منداڵیشی لێی بووبێت! ئه‌مانه‌ هه‌مووی پرسیارن و که‌س نازانێت کامه‌یه‌ن راسته‌؟ زرار به‌گ له‌ هه‌موویان زیاتر له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربووه‌، ئه‌و ددان به‌ ژنهێنایی بارزانی ناهێنێت، که‌وابوو مه‌لا مسته‌فا ژنی روسی به‌ ره‌سمی نه‌بووه‌.

مام و برازا دەرک بە لاوازی دەکەن و دەیانەوێت ئاژاوەگێڕیی و دوو بەرەکی و ناکۆکی وەلاوە نێت و شۆڕش لە عێراق سەرکەوتووه‌.
مەلامستەفا دەڵێ: (ئەو نێوان ناخۆشییە بۆتە گەورەترین کۆسپ لە ڕێگەی بەرەو پێشچوونی ئێمە بیر لەوە ناکرێتەوه‌، کە ئێمە نوێنەری نەتەوەی کوردین و دەنگی گەلی کوردمان پێی بدەین بە سۆڤیەت).ئیتر برازاکەی شێخ سڵێمان ڕوودەمی تێدەکات و دەڵێ: (دەربارەی ئەو ناکۆکیانەی باست کردوو دەفەرمووی بۆتە کۆسپ خۆت لە هەموومان باشتر دەزانی باری ئەو ناکۆکییە دەکەوێتە ملی کێ و لەکوێ سەری هەڵداوە)!

سێخ سلێمان دەڵێ: با لافی نوێنەرایەتی کورد لێ نەدەین، ئێمە لەترسی حوکمەتی عێراق هەڵهاتووین جێگەمان نەبووه‌، قەتیش نوێنەری کورد نەبووین و نیین ئەگەر نەتەوەی کورد بەو کردارانەی ئێمە بزانێ و بزانن چیمان کردووه‌ خۆیانمان لێبێ بەری دەکەن. دەربارەی ئەوانەی ژنیشیان هێناوە لەسۆڤیەت، ئەوە چەندین جارە دووبارەی دەکەیتەوە لۆمەیان دەکەیت، ئەوانیش بەڵگەیان هەیە، کە بۆچی ژنیان هێناوە .
 مه‌لا مستەفا لە قسەکانی شێخ سلێمانی برازای نیگەران دەبێت و بە تورەیی کۆڕەکە جێ دەهێڵێ و دەڕوات.
نووسەر دەڵێ ئەو ناکۆکیەی نێوان مام و برازا بەردەوام بوو تاگەیشتنەوە بە ووڵات ساڵی 1959.
کاتێک لە پاپۆڕێکی گەورەدا دەبن بۆ عێراق بگەڕێنەوە ڕۆژێک زرار به‌گ لە شێخ سلێمان دەپرسێ: چۆن ڕوومان بێت و بەخه‌ڵک بڵێین ئەم هەموو ساڵە چیمان کردووە چیمان بۆ هێناونەتەوە، شێخ لەوەڵامدا دەڵێ: با ئێمە بە تاوانبار و نەزان و پرسیار لە مەلا مستەفا بکەن بۆچی ئاوا بێ بەرهەم بووین؟

ئەزموونی ناو ئەم بیرەوەرییانە ئەوەمان پێ دەڵێ، کە سۆڤیەتییه‌کان بە پەرۆشەوە لەگەڵ ئەم هێزەدا خەریک بوون و نێتیان بووه‌ لەشکرێکی تۆکمە و زانستییان لێدروست بکەن، دەیان خولکه‌ی سەربازیان بۆ کردوونەتەوە لە باکۆ لە باشترین سەربازخانە دایان ناون و باشترین مامۆستا و ئەفسەر وانەی پێوتونەتەوە، بەڵام هێزەکە هێزێکی تەمەڵ و ته‌وه‌زل و  هیچ له‌بارا نه‌بوون، پاشخانێکی زانستی و مەعریفی و نیشتمانی لەپشتیانه‌وه‌ نەبووه‌ و سەرکردەکەشیان هێندە لە خەمی خێڵی بارزاندا بووه‌ هێندە، لەخەمی کورددا نەبووه‌ و کاتێکیش شۆڕشی لە عێراق دەکرێ ئه‌وساکه‌ بیری دەکەوێتەوە که‌ کوردە.

ئەوە مێژووە و ڕووی داوە و ئێمە ناتوانین هیچ بکەین، بەڵام خۆشبەختانە ئەم بیرەوەرییە نهێنییەکی ترمان دەدات بەگوێدا، کە جاران بیستبوومان جەنەراڵ بارزانی لە شه‌ڕی کۆریادا دەوری سەرکردەی دیوە بەخۆی هێزەکەیەوە، نووسەر بەدەرزییەک ئەو باڵۆنی درۆیەش دەتەقێنێ.
 خوێنەر دەتوانێ لە خوێندنەوەی ئەم شاکارە بەرزە زۆر نهێنی دروست کراو ئەفسانە پوچەڵ بکاتەوە.

لە بەشی سێهەمیدا باسی کەسایەتیی فاخیر مێرگەسوری دەکەین لەگەڵ هەڵوێستی ترسنۆکی عەزیز محەمەد وەرگری خه‌ڵاتی لێنین و شەڕە زلکراوەکەی هەندرێن، کە لە ئێمەیان کردووه‌ بەشەڕی واترلۆ و 40 یان 50 ساڵە دەیدەن بەگوێماندا.

به‌شی یه‌که‌م
به‌شی سێیه‌م (چاوه‌ڕێ بکه‌ن)