Friday, 17/01/2014, 12:00
2221 بینراوە
جەلالی ساماغا:
دوای ئەوەی لە نامەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێ، نیگەرانی لای خەڵک دروست دەبێت، نامەکەی هەڵڵایەکی ڕاگەیاندن دەنێتەوە، دەیان قەڵەم نیگەرانی دەردەبڕن، پاشان لەلایەن سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت پۆستی گەورەتری دەخەنە بەردەست، بەڵام هەموی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت "نامەوێت بمکەنە خۆڵ و بمکەنە چاوی خەڵکەوە" چونکە لام ئەم پۆست مێژوو ئیلتزام و بەرپرسیارێتیە، بۆیە لەم هەلومەرجەدا کە گەندەڵی باڵی کێشاوە، نایەوێت هیچ پۆستێک وەربگرێ و ببێ بە بڕغویەکی ناو کارگەی نەهێشتنی گەندەڵی.
جەلالی ساماغا:
کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دەبێت، مانگانە ملیارەها دینار و ملیۆنەها دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندۆتەوە، ٨٦ کەسی لەسەر گەندەڵی داوە بە دادگا و داواکاری گشتی، جگەلە ئامادەکردنی ٢٧٢٠ ڕاپۆرت لەسەر گەندەڵی لە حکومەتی هەرێم.
جەلالی ساماغا:
موڵکی خۆی ئەبەخشێت و ئەیکات بە موڵکی گشتی، کە خاوەنی دوپارچە زەوی شەخسی خۆیەتی، یەکەمیان کە ٤٥٠ م٢ کردویەتی بە بینایەکی قەشەنگ و بەخشی بە وەزارەتی تەندروستی، زەویەکەی تریش فرۆشراوە و پارەکەی خراوەتە بانکەوە تا قازانجی ساڵانەی بکاتە خەڵاتێک بەناوی "خەڵاتی جەلالی ساماغا" ئەم خەڵاتە ساڵانە دەبەخشرێت بە فەرمانبەرە سەرکەوتوەکانی دیوان و خانمە سەلارەکانی... ئەمەیە داهێنانی ئیداری و هاندانی فەرمانبەران.
جەلالی ساماغا:
لە ماڵی خۆی دانیشتوە هیچ پۆستێکی نیە کەچی پاشایەکی مەعنەویە، میوانی زۆرە، هەواڵ پرسی زۆرە، دەزانن بۆچی؟ چونکە لەنیوان خۆی و خەڵک پردی دروستکردوە نەک دیوار.
جەلالی ساماغا:
دەست و دەم و دڵ و داوێن پاکە، ماڵەکەی شوێنی کۆبونەوەی خەڵکی ڕۆشنبیر و سیاسی بەویژدانە، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ناچارن ڕێزی لێبگرن، زانیاری زۆرە و نهێنی زۆری لایە، کەچی دەگمەن قسە بۆڕاگەیاندنەکان ئەکات.
جەلالی ساماغا:
لە ١٧ ی شوباتدا لە هەندەران بو لەسەرای ئازادی خەڵک هاواری دەکرد بژی جەلالی ساماغا، لەوکاتەدا لە پاریسەوە نامەیەکی نارد بە ناونیشانی "ئەو گوللانەی دەنرێن بە سنگی گەنجانەوە ئەبوایە بنرانایە بە گەندەڵیەوە"
جەلالی ساماغا:
لەسەر کارەکانی و هەڵوێستە باشەکانی و داهێنانەکانی تاکە وەزیرە کە ڕێزلێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆهێنرایە ماڵەکەی، بۆیە هەقە پەیکەری بۆ بکرێت.
© 2019- Kurdistanpost