رونكردنەوەیەك لە ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان (جەعفەر عەلى، زانا رەئوف، شاهۆ سەعید)ەوە

Monday, 20/06/2011, 12:00

1623 بینراوە


ماوەى چەند رۆژێكە هەندێك پروپاگەندەو هەواڵى هەڵبەستراو بڵاودەكرێنەوە سەبارەت بەوەى گوایا ئێمە دەستمان لە ئەندامێتى پەرلەمان كێشاوەتەوەو چاوەڕوانین ماوەى دوو ساڵ بەسەر خزمەتى كارى پەرلەمانیماندا تێبپەڕێت بۆ ئەوەى بە رێژەى لە 80%ى موچەى پەرلەمانتارى خانەنشین بكرێین.
لە ڕێى ئەم رونكردنەوەیەوە بۆ رایگشتى كوردستانى رادەگەیەنین، كە سەرلەبەرى ئەو هەواڵ و پروپاگەندانە ناڕاست و هەڵبەستراون، ئێمە تا ئەم چركەساتەش ئەندامى پەرلەمانى كوردستانین، بەڵام درێژەمان بە هەمان هەڵوێستى پێشوى ئۆپۆزسیۆن داوە بە بایكۆتكردنى دانیشتن و چالاكیەكانى پەرلەمان تا ئەو كاتەى پرسى چاكسازى ریشەیى و دەستگیركردنى بكوژانى خۆپیشاندەران دەخرێتە نێو كارنامەى پەرلەمان و، پەرلەمان لێپرسینەوەى جیدى و یاسایى لەمبارەیەوە لە بەرامبەر دەزگاى جێبەجێكردن و تۆمەتباران ئەنجامدەدات.
ئێمە لەمساڵدا دوو جار بڕیارى دەست لەكاركێشانەوەمان لە كارى پەرلەمانیداوە، جارێكیان لە گەرمەى خۆپیشاندانەكان و پەلامار بۆ سەر كەرامەتى مرۆڤى ئەم نیشتمانە، جارى دووەمیش، لەسەرو بەندى سەركوتكردنى خۆپیشاندەران لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانى هەر دوو حیزبى دەسەڵاتدارەوە، كە پەرلەمان لە ئاستیدا بێهەڵوێست بوو، بەڵام براى گەورەمان (نەوشیروان مستەفا) و چەند هاوڕێیەكى دیكەمان لە بزوتنەوەى گۆڕان و فراكسیۆنى گۆڕان داوایان لێكردین ئەم بڕیارە دوا بخەین تا دەرفەتێك بدەینە گفتوگۆكانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، كە یەكێك لە تەوەرەكانى بریتییە لە چاكسازى لە سیستمى پەرلەمانى و هەمواركردنى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان.
لێرەوە ئێمە خەڵكى كوردستان بە گشتى و، دەنگدەران و ئەوانەى متمانەیان پێبەخشیوین بە تایبەتى، دڵنیا دەكەینەوە كە ئەگەر ئاسۆیەكى چاكسازى لە كوردستاندا بەدى بكەین و پەرلەمان وەك دەزگایەكى تەشریعى و رەقابى كارا بكرێ، ئەو كات بە شانازیەوە دەگەڕێینەوە بۆ نێو هۆڵى پەرلەمان و درێژە بە كارو چالاكیەكانى پەرلەمان دەدەین، بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچ ئاسۆیەكى چاكسازى بەدى نەكەین و پەرلەمانیش هەمان ئەم رۆڵە لاوازەى ئێستا بگێڕێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە هەڵوێستى ترمان دەبێت، كە لە كاتى خۆیدا وردەكاریەكانى بۆ رایگشتى دەخەینە روو.

د.جەعفەر عەلى د.زانا رەئوف د.شاهۆ سەعید
20/6/2011



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە