ڕونكردنەوەیەك لە عبدالرقیب یوسفەوە لە بارەى خانەنشینەكەى

Wednesday, 10/09/2014, 12:00

3230 بینراوە


ڕۆژى 392014 لە سایتى (لڤین پرێس) دا لیستێك بڵاو كراوەتەوە بە ناونیشانى (لڤین پرێس ناو و موچەى 143ڕاوێژكار بڵاو دەكاتەوە هەندێكیان پلەكانیان نەبینیوە) كە یەكێتى نیشتیمانى بە پلەى ڕاوێژكار خانەنشینیكردون و لە كۆتایەكەیدا ناوى من هاتوە و نوسراوە من خانەنشینم بە بڕى (9,789,600) نۆ ملیۆن و حەوت سەد و هەشتا و نۆ هەزار و شەش سەد دینارە بەژمارە و بەنوسین موچەكەیان نوسیوم لە كاتێكدا كە نە لە كوردستان و نە لە عێراقیش خانەنشینى ڕاوێژكارێك وە یان وەزیرێك ئەوەندەنیە ئەم لیستەبە شێوەیەكى رەسمى و یاسایی لە دائیرەى خانەنشینى سلێمانى یەوە وەرنەگیراوە چونكە مۆرى دائیرەو ناو و ئیمزاى بەڕێوەبەر و مێژووشى لە سەر نیە بەڵكو كارمەندێك بە دزییەوە ناوەكانى داوەتە محەمەد هەورامى كارمەندى سایتەكە كە ناوى ئەوى لەسەرەو خۆى ناوەكانى تایپ كردووە و كتابی رەسمى دائیرەكەش نییە دروشمى یەكێتى نیشتمانى كوردستانى لەسەر دراوە و ئەوەش كارێكى ساختەیە و دروشمى یەكێتى لەسەر ئەم لیستە لە دائیرەى خانەنشین دا نیە. بێگومان ئەو لیستەى ئەم لیستەى ڕاوێژكاران لە بانقى رەشید و وەزارەتى دارایی و ئەنجومەنى وەزیرانیش هەیەئایا ئەمە بەگژداچونى گەندەڵیە یان خودى ئەم كارەى سایتەكە گەندەڵیە و بوختان بە دەیان كەس لە وانەى بە شێوەیەكى یاسایی بونەتە ڕاوێژكار و بەشێوەى یاسایی خانەنشین كراون وەك من سایتى لڤین خۆى وەك ئەمە لێ كردوە (شەلم كوێرم ناپارێزم، تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێنم)
جا چۆن دەبێ سایتێك ئەم كارە نایاساییە بكات و بە بێ بەڵگە و بەبێ پشكنینى دۆسیەى تایبەتى هەر ڕاوێژكارێك بڕیارى ساختەكارى كردن لەسەر ئەو هەمو خەڵكە بسەپێنێ و بوختانیان پێوە بكە كە من یەكێكم لەوانە.وە موچەشم بە ئەنقەست وانوسراوە تا لەكەدارم بكەن تەلەفۆنم بۆ محمد هەورامى كرد دەبێ بەیانى بچى بۆ بانكى ڕەشید و بزانى موچەكەم چەندە بەڵام نەچون دیسان لەلاى خۆیەوە موچەیەكى بۆمن داناوە كە (3,130,400) دینارە ئەوەش هەڵەیە جا سایتەكەیان كرد بە كارێكى منداڵانە و چۆن حەز بكەن واى دەنوسن واتان لە خۆتان كرد كە ئیتر خەڵك باوەڕتان پێ نەكات.
دامەزراندنم بە ڕاوێژكار و خانەنشینیم دەستى یەكێتى نیشتیمانى تێدا نەبوە كە ناوم لە لیستەى ڕاوێژكاراندا لە دائیرەى خانەنشینى ماناى ئەوە نیە ئەو لیستە هى یەكێتى یە و ئەو هەمو خەڵكە بە ساختەكارى بوەتە ڕاوێژكار چونكە ناوى هەمو خانەنشینەكانى پارێزگاى سلێمانى لە وەزیرەوە بگرە تا كەناسەكان لەو دائیرەیە دایە و ئەگەر هەر لایەنێك و هەر سایت و ڕۆژنامەیەك بیەوێ ئەو كەسانەى كە بە نایاسایی دامەزراون و خانەنشین كراون دەبێ یەك بە یەك دۆسیەى ئەو كەسانە ببینێ و بیانپشكنێ هەتا ئەوا نەیان بدۆزێ و جیایان بكا لەو كەسانەى كە بە مافى خۆیان دامەزراون و بە مافى خۆیان خانەنشین كراون. نابێ بوترێ هەرچى ناو هەیە لە دائیرەى خانەنشینی سلێمانى سەر بە یەكێتیە لەبەر ئەوەى یەكێتى لە سلێمانى باڵا دەستە و ئەوەى لە هەولێر خانەنشین كراوە سەر بە پارتی یە چونكە پارتى باڵا دەستە و نابێ هەمویان تۆمەتبار بكەن وەك منتان تۆمەتبار كرد. ناوم كە لە و لیستەى ڕاوێژكاراندا هەیە لە دائیرەى خانەنشینى سلێمانى لە بەر ئەوەیە كە خۆم داواى نەقلأ كردنى معامەلەى خانەنشینی و موچەى خۆم كردوە لە هەولێرەوە بۆ سلێمانى. ئەو بوختانەى سایتى لڤین خستویەتە ملم بەم شێوەیەی خوارەوە ئیسپاتى دەكەم كە ڕاست نیە.
1- پاش ئەوەى سەرۆكى حكومەت لە هەولێر _ ئیدارەى پارتى نێچیرڤان بارزانى دوو سالأ داواى لە من كرد ببم بە ڕاوێژكار بۆ (كارو بارى شوێنەوار و كەلەپورى شارستانى كورد) و هەمو جارێ بە منى دەوت (سەیدا هەرچى بێژى من تەنفیز دكەم دبارا شوێنەواراندا) ڕازیبوم ببمە ڕاوێژكار و بە مێژوى (1-8-2001) فەرمانى دامەزراندنم بە ئیمزاى ئەو دەرچو كە ژمارەى (641)ە.ئەو كاتە ئەگەرچى یەكێتى و پارتى دژى یەكتر بون بەڵام یەكێتى پێى خۆش بوو من ببم بە ڕاوێژكار لە ئیدارەى پارتیدا بۆ نمونە نەوشیروان مستەفا بە منى ووت (ئیشى باشت كرد بوى بە ڕاوێژكار چونكە دەبێ لە سەرانسەرى كوردستان واتە لە هەردوو ناوچەى یەكێتى و پارتى كارى شوێنەوارى بكەى).
یەكێتى دەیزانى من كارى سیاسى بۆ پارتى ناكەم وەك چۆن بۆ یەكێتى ناكەم و دەیزانى تەنیا ئامانجم پاراستنى كەلەپورى شارستانى كوردستانە و تا لە كاتى شەڕەكانى نێوان هەردولادا من لە تەوێڵەوە هەتا زاخۆ كارى شوێنەواریم دەكرد , ساڵى (1998) چل و هەشت ڕۆژ لە شاخەكانى ئاكرێ گەڕام و هەردوو حزب ڕێزیان لە كارم دەگرت. بەمە ئاشكرا دەبێ كە یەكێتى منى دانەمەزراندوە لە هەولێر.
2- بە نوسراوى رەسمى ئەنجومەنى وەزیران لە هەولێر بە ژمارە(1645) و بە مێژووى (3-6-2010) خانەنشین كرام بەپێى تەمەن و داواشیان لە من كرد دوو ساڵى دیكە بەردەوامبم بەڵام رازى نەبوم هەرچەندە لە مانگى ئابى (2009) داواى خانەنشینیم كرد وەك لە ڕۆژنامەى میدیا ژمارە (418) ڕۆژى (5/1/2010) دا بڵاو بوە و لە ژمارە (421) ڕۆژنامەنوس نزار محمد ناڕەزایی خۆى دەربڕی و لە ژمارە (423) ناڕەزایی بڕێك لە ڕۆشنبیرانى ڕانیە بڵاو بو كە ناڕەزاى خۆیان دا بو بە سەرۆكى حكومەت چونكە پێیان ناخۆش بوو خانەنشین ببم. ناوى چوار كەسى دیكە لەگەلأ من ناویان لەو نوسراوەدایە كە یەكێیان ڕزگار نورى شاوێسە كە ئەندامى پارتییە واتە ئەو لیستە هى حكومەتى هەرێمە نەك هى یەكێتى و موچەشم لە بانقى ڕەشیدە لە سلێمانى (3,263,200) دینارە كە هى ڕاوێژكارێكى ئاساییە و ئەوەى سایتەكە نوسیوە موچەم (9,789,600) دینارە ڕاست نیەو بوختانە. دانەى ئەو هەردوو نوسراوە رەسمى یە لە بارەى دامەزراندن و خانەنشینكردنم لەگەلأ ئەم ڕونكردنەوەدایە.
3- پاش بڵاو كردنەوەى ناوم لە سایتەكەدا هەندێ كەس لە فەیسبوكدا نوسیویانە بۆچى عبدالرقیب ئەو هەموو پارەیە وەردەگرێ ئایا چى بۆكورد كردوە؟!
لەبەر ئەمە ناچار بووم سێ چوار شت لە كارەكانم بۆ كورد لێرە دا بنوسم لە كۆى سەدان كارى دیكە : لە ساڵى (1990) ڕژێمى بەعس قەڵاى هەولێرى وێران دەكرد بەڵام توانیم بەگژ ڕژێمدا بچم و بە پشگیرى كەسانى دڵسۆز قەڵا ڕزگار بكەم و من و هەینى قادر لەم بارەیەوە كتێبێكمان چاپكردوە بە ناونیشانى (بەرگرى كردنمان لە قەڵاى هەولێر) و ئەگەر من قەڵاتم ڕزگار نەكردبایە ئێستا یونسكۆ تۆمارى نەدەكرد لە لیستەى شوێنەوارەكانى جیهاندا و نەدەبوە شانازییەك بۆ كورد. هەر لەو ساڵەدا ێدام هاتە سەر قەڵاى كەركوك و بڕیارى وێران كردنى دا و من دژى ئەو بڕیارە وەستام و بروسكەیەكى سێ لاپەڕەیم بۆ نارد و تەئسیرى لێ كرد و لە بڕیارەكەى پاشگەز بویەوە و كارى بەڵێندەرى وەستاند كە پتر لە (100) خانوشى بە شۆفلأ ڕوخاندبوو. سەبارەت بەمەش كتێبێكم داناوە و وەزارەتى ڕۆشنبیرى چاپى كردووە لە ساڵى (2010)دا.
پاش شەش سالأ ئەوجا ێدام قەڵاى وێران كرد.
كێ هەبو بتوانێ بە گژ بڕیارى ێدام بوەستێ یان دەسەڵاتى ڕژێم لە هەولێركێ دەیوێرا؟
ساڵانى پێشو هەندێ لە كاربەدەستانى یەكێتى نیشتیمانى نیازیان بوو سەراى سلێمانى بڕوخێنێ و من بۆیانم نوسى ئەگەر سەرا بڕوخێنن من لەبەردەركى سەرا خۆم دەسوتێنم و سەرام ڕزگار كرد بە پشگیرى كەسانى دڵسۆز وەك دوێنێ هێمن باقر سەرنوسەرى لڤین ئەمەى بەبیرى من هێنایەوە.
من بەگژ پڕۆژەى (علی حسن المجید)دا چوم كە هەڵەبجەى تازەبوو كە سێ گردى شوێنەواریان وێران دەكرد من بەگژ سوپاى عێراقدا چوم كاتێ بەنیازبوو ئەشكەوتەكانى كوردستان بتەقێنێ و بەڵگەى نوسراوم لە دوو بابەتەشەوە بڵاو كردەوە لە كتێبەكەمدا (حدود كردستان الجنوبیە تاریخیاًو جغرافیاً خلال خمسە ێلاف عام) (ل 473-477). كێ هەبوو لەو ڕۆژە سەختانەدا كە كوردى تێدا بوو ئەم كارانە بكات و ژیانى خۆى بخاتە مەترسییەوە. ئایا ئەمانە دەزانن چەندین جار كەوتومەتە ناو كێڵگەى مین ڕێژكراو لە پێناوى دۆزینى شوێنەوارەكان وە ئەوانەى لەگەڵم بوون وەك ێدیق ێاڵح ئەحمەد و ئازاد عبدالواحد پێم ووتون ئێوە لە دورەوە بوەستن با هیچتان لێ نەیەت.
دەیان شوێنەوارم لە وێران كردن ڕزگار كردووە و دەورى (70) هەزار وێنەم گرتووە لە شوێنەوار و كەلتورى كوردستاندا و دەیان سەعاتیش بە ڤیدیۆ , توانیم بە تاقى تەنیا
(16) ملیۆن لە ئەوراق و سجللى دائیرەكان ڕزگار بكەم و بیپارێزم بۆ كورد دەنا دەیان سوتاندن. ئەگەر چى بەڵگەنامەى سیاسى و دائیرەى ئەمن نیە بەڵام هەر مێژووى كوردە.
ئێستاش كە خانەنشینم هەر بە هەمان چالاكى لە كارەكانى خۆم بەردەوامم و زۆر كەس بە من دەڵێن تۆ خانەنشین بوى بۆ ئیسراحەت ناكەیت و بەم شێوەیە خۆت ماندوو دەكەى كە زیاتر لە نیو سەدەیە كاردەكەى منیش پێیان دەڵێم خانەنشینى من تا مردنە و خۆم بە خانەنشین نازانم و هەر بەردەوام دەبم لە خزمەتى كوردستان و بەو پەڕی لە خۆبوردوییەوە بەرگرى لە مێژوو شوێنەوار و كەلتورى كوردستان دەكەم و بەگژ حكومەتى هەرێم و بەرپرسە كەمتەرخەمەكان دەچمەوە كە كە ئیمانیان بە پاراستنى شوێنەوارە كەلتورى شارستانى كورد نیە , بەو كەسانەى كە بە هۆى سایتى لڤینەوە گومانیان بەرامبەرم پەیدا كردووە دەڵێم چۆن سەخاوەت بە موچەكەمەوە دەكەم زۆر لەوە زیاتر سەخاوەت بە عیلم و زانستى خۆمەوە دەكەم و یارمەتى زۆر كەسم داوە و لەم ڕۆژانەشدا بە هەموو سەخاوەتێكمەوە دەریایەك لەو زانیاریانەى كۆمكردوەتەوە لە ماوەى (54) ساڵى كاركردنما دەیانخەمە بەر دەستى ڕۆشنبیران و مێژوو نوسان لە سایتەكەمدا كە تەنیا لە بەشى یەكەمدا (105) هەزار لاپەڕە هەیە واتە بە قەبارەى (250) بەرگى كتێبى (500) لاپەڕەیی لەگەلأ سەدان سەعات دەنگ و وێنە گرتن بە ڤیدیۆ , لاپەڕەكانى بەشى دووەمم نەژماردوە ئەوە باخەڵك لە سایتەكەدا بیژمێرن. هەردوو بەش (278) گێگابایتە و پاش پرسیاركردنێكى زۆر بەمن ووترا سایتى كەسایەتى لە (10-12) گێگابایت زیاتر نیە كەواتە سایتەكەم دەبێتە گەورەترین سایت لە جیهاندا زۆر بابەتى دیكەش دواى ئەم دوو قۆناغە دەخرێتە ناو سایتەكە لە نوسین و سەدان سەعات دەنگ لە كۆى پتر لە (1100) سەعات بە دەنگ و بە ڤیدیۆ بابەتەكانى سایتەكە لەكەمەوە (95%)ى هەموى مەوادى نوێیە و نوسخەى یەكەمە جگە لەمن لەلاى كەسی دیكە نیە.ئەوەى بۆ سایتیش نیە لە ئەرشیفەكەم توانیم هەمووى بخەمە سەر هارد كە ئیتر هیچ مەترسیەك لەسەر ئەرشیفم نەماوە وە ئەو بەشە زۆرەش هەر بۆ كوردە لە تەئلیفاتە دەستنوسەكانم و هەزاران لاپەڕە لە بارەى شوێنەوارەكانەوە كە لەترسی دز و جەردەى شوێنەوارەكانەوە ناوێرم بڵاویان بكەمەوە لە سایت دا و هەروەها شتى دیكەش.
بۆ ئەو كەسانە ووتویانە عبدالرقیب چ خزمەتێكى بە كورد كردووە دەڵێم ئایا ئەم دەریا زانیاریە خزمەتى كورد نییە ئایا لە كوردستان بیست یەكى ئەم دەریایە لە مەوادى نوێ لە مێژوو شوێنەوارو كەلە پورى شارستانى كوردستان لە لاى كێ هەیە؟!
ئەگەر لەبەر قسەى ئەو خەڵكە نەبوایە و بۆ بەرگرى كردن لە سومعەو خەباتم نەبوایە ئەم شتانەم لێرەدا نەدەنوسى و عاشقى ئەوە نیم كە مەدحى خۆم بكەم بەڵام ئەو سایتى لڤین گومانى خستە سەر نەزاهەتى خۆى و گومانیشى خستە سەر ئەو خەباتە شۆڕشگێڕانەیەم و زوڵمى لە من كرد.
پێویستە ئەوەش بڵێم دوو ئیدارەیی كوردستان خەڵكانێكى پاكیشى توشى غەڵەت كرد و هەندێ لە بڕینەوەى موچە لەلایەن هەردوو ئیدارە یان هەردوو حزبەوە بە نیاز پاكى و لە ڕوى ئینسانی و ڕێز لێنانەوە بوە بۆ نمونە مامۆستا (بهاوالدین نورى) كە یەكێتى كردویەتى بە ڕاوێژكار لەبەر تەمەن و ڕێزگرتن بوە بە هەموو تەمەنى سیاسەتى كردوە و مرۆڤێكى باش بوە محەمەدى حاجى گاهیر لە منداڵیەوە خەباتى كوردایەتى كردوە و ئێستا پیربوە هەروەها شاعر دڵزار كە تەمەنى 96 ساڵە ئایا دەبێ ئەم جۆرە كەسانە لە برسان لە ژێر لێفەدا بمرن.
لەبەر ئەمە پێویستە پەڕلەمان و حكومەتى هەرێم بیرێ لەم جۆرە كەسانە بكاتەوە بە بڕیارێكى یاسایی موچەیان بۆ ببڕێتەوە یان موچەى ئێستایان لە سەر بودجەى حكومەت بە بڕیارى تایبەت نە بڕێ. زۆر كەس لەم جیلەى ئێستا بە باشى ئاگایان لە ڕابردوو لە خەباتى ئەو جیلە نیە.
داوا لە لە سایتەكە دەكەم ئەم رونكردنەوەیەم بڵاو بكات بەبێ لابردنى هیچ بڕگەیەك تا ئەو كەسانەى گومانیان لە بارەى منەوە پەیدا كردووە بیبینن و ناویشم لە لیستەكەدا ڕەش بكات و لە كەمەوە پاش بڵاو كردنەوەى روونكردنەوەكە تا ماوەى (10) ڕۆژ لە لاپەڕەى سەرەكیدا بمێنێتەوە.

عبدالرقیب یوسف
7/9/2014
 بۆ بینینی بەڵگە فەرمییەکان کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
www.kurdistanpost.nu/biz/nuseran/Abdulreqib_yusif/abdulreqib.pdf

تێبینى:
ئەم رونكردنەوەیەم نارد بۆ سایتى لڤین پرێس كە هەواڵە نا ڕاستەى بڵاو كردۆتەوە بەپێ ئەخلاقى ڕۆژنامەنوسی دەبوو ئەم روونكردنەوەیەى بڵاو بكردبایە بەڵام بڵاویان نەكرد لەبەر ئەوە تكایە ئێوە بڵاوى بكەن لە پێناوى ڕاستیدا لەگەڵ ڕێزم... 9/9/2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە