چوار ئێکسپایه‌ر حوکمه‌ت ، په‌رله‌مان ده‌ستور و ده‌رمان

Wednesday, 06.24.2009, 12:00

362 بینراوە


په‌رله‌مان و حکومه‌تی ئێکسپایه‌ر وه‌ک ئه‌و ده‌رمانانه‌ وان که‌ ماوه‌یان به‌سه‌ر ده‌چێت، له‌سه‌ره‌تادا کاریگه‌ریان ورده‌ وره‌د که‌م ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌بێته‌ سفر ئنجا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ کار ده‌که‌ن تا ده‌بنه‌ ژه‌هر.

ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی 18 ساڵه‌ ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر به‌نه‌خۆشی بێچاره‌ی کوردستان ده‌فرۆشێت، ده‌یه‌وێت ئێستا ده‌ستورێکی ژه‌هراوی به‌باڵای ساغه‌کانیشدا ببڕێت. ئه‌مانه‌ هه‌رچی ده‌هێنێته‌ ووڵاته‌وه‌ گشتیان کاڵ و کرچ و ئێکسپایه‌رن ته‌نیا بۆیاخی قژی به‌رپرسه‌ دڵته‌ڕه‌کان نه‌بێت ئه‌وه‌ڵ بابه‌و ناچێته‌وه‌.

ئه‌ی خوشک و برایانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئێکسپایه‌ر
پارتی ویه‌کێتی ده‌یانه‌وێ بۆ هه‌تایه‌ ڕووتان به‌ نه‌فره‌تی مێژوو سواغ بده‌ن و له‌ جیاتی گه‌ل کۆده‌نگیتان له‌سه‌ر ده‌ستورێک به‌ده‌س بێنن که‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوکیاندایه‌ به‌ته‌نیا.

ئێوه‌ خۆتان باش ده‌زانن ماوه‌تان ته‌واو بوه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا پێتانی ده‌که‌ن ده‌بوو زۆر له‌مه‌وپێش کارتان له‌سه‌ر پێشخستی بکردایه‌ نه‌ک به‌م ته‌نگه‌تاویه‌ که‌ فریا ناکه‌ون و ناتوانن به‌هیچ جۆرێک لێی بکۆڵنه‌وه‌.

ئه‌وان مسۆگه‌رده‌زانن که‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ نابه‌نه‌وه‌ و موحه‌قه‌ق ده‌دۆڕێن بۆیه‌ هه‌رله‌ ئێستاوه‌ ده‌یانه‌وێت ئامڕازێک بدۆزنه‌وه‌ که‌ دواڕۆژ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ بێنه‌وه‌ ناو ژیانی خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵات وه‌رگرنه‌وه‌.

مه‌که‌ن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ژووری په‌رله‌ماندا دانیشتون و دوا مانگی وه‌زیفیتان به‌سه‌رده‌به‌ن. مه‌بن به‌ په‌رله‌مانی بته‌کان. ئێوه‌ش به‌ شێوه‌ی سه‌رکرده‌کان مه‌نوسێن به‌ کورسیه‌کانتانه‌وه‌، وه‌رنه‌ ده‌رێ. ئیشی ئێوه‌ ته‌واو بووه‌.

مه‌هێڵن یاری به‌ ئابڕووی ئێوه‌ وه‌ بکه‌ن و ده‌ستورێکی ئێکسپایه‌ر به‌سه‌ر ئێوه‌دا ساغ که‌نه‌وه‌. ده‌نگ بۆ ده‌ستورێک مه‌ده‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ مردوێتی له‌ دایک ببێت. ئێوه‌ قاچاخچی ده‌رمان نین، که‌س نه‌زانێت کێن!

ته‌نیا بۆ یه‌ک جار و دواجار له‌باتی هه‌موو ئێمه‌ بڵێن: نه‌خێر بۆ ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر، نه‌خێر بۆ ده‌ستوری کرچ و کاڵ، نه‌خێر بۆ خیانه‌ت له‌ گه‌ل.

به‌ئومێدی هیمه‌تتان.. بتان بینین
*کوردێکی موبته‌لا به‌ ئه‌نفلۆنزای ئه‌سپ








(دەنگدراوە: 0)