ئەم دەقەشانۆیە چى دەكات لە مەڵبەندى 25 ى یەكێـتى ؟ نــان لەتاریكدا چنگ ناكەوێ ئەگەر مۆمێكت بۆهەڵ نەكەن

Wednesday, 12/08/2009, 12:00

2147 بینراوە


دەقى شانۆى (تۆكوڕى كامیانى جەلاد یان قوربانى) كە لەكۆتاى ساڵى 2008 دا بەبەرهەم تاو لەگەڵ هاوڕێ شانۆكارەكانماد بڕیارماندا لەڕۆژى شانۆیى جیهاندا نمایشى بكەین و بۆ ئەو مەبەستە داواى (هۆڵى ڕۆشنبیری) ماكرد لە بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان , بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان داواكاریەكەمان ڕەفزكرایەوە , بەبیانوى ئەوەى هۆڵ بۆ پرۆژەكردن نییەو تەنها دەتوانن بۆنمایشكردن بەكرێ بمان دەنەێ , لەكاتێكدا تەنها یەك هۆڵ لەو شارەداهەیەو ئەگەر ئەو هۆڵە نەدرێتە شانۆكاران بۆپرۆژەكردن ئەوا دەبێت لەماڵ یان لەشوێنێكى هاوشێوەى ماڵێك خۆت ئامادەبەكەى , بەڵام دواى چەندین جار دوبارەكردنەوەى داواكاریەكەمان یەكێك لە فەرمانبەرانى ڕۆشنبیرى دەربەندیخان بەناوى كاك (حەسەن محمد) گیانى هاوكارى كردنى تێدابو بەڵام سەرلەنوێ لەلایەن بەڕێوەبەرەوە داواكاریەكەمان شكتى هێنا , تائێرە مەسەلەكە ئاساییە بەڵام دواى ئەوەى یەكێك لەشانۆكارەكانى شارى دەربەندیخان هاوڕێم (سیروان ڕەفعەت) لەگەڵ (م . محمد ڕەوف) سەرقاڵى دەرهێنان و كاركرن دەبن لەشانۆى (گوێبگرە پیاوى بچوك) ى (ولیام ڕایش) دا بەرلە هەڵبژاردنەكانى تەموزى راِبردو , لەلایەن ڕۆشنبرى دەربەندیخانەوە هۆڵەكەیان پێدەدرێت بۆ پرۆژەكردن و دواى دوو ڕۆژ لەپرۆڤەكردن كلیلى هۆڵەكەیان لێوەردەگیرێتەوە و پێان دەڵێن كە كلیلەى هۆڵەكە لە بارەگاى مەڵبەندەى 25 ى یەكێتى نیشتیمانی یە ؟! ئەو انیش بۆوەرگرتنەوەى كیلەكە دەڕۆنە بارەگاى مەڵبەند و بەرپرسى مەڵبەندپێان دەڵێت كە كلیلەكە لاى كارگیڕى مەڵبەندە بەناوى (نەریمان مەجید) كە خۆى یەكێكە لەشانۆكارە دێرینەكانى ئەو شارە , دواى داواكردنى كلیلى هۆڵەكەو هۆكارى بونى ئەو كلیلە لاى مەڵبەند (نەریمان مەجید) پێیان دەڵێت كە نمایشكردنى ئەو شانۆگەرییە ى لەئێستادا شتێكى باشنیە و بەزەرەرى لیستى كوردستانى دەشكێتەوە و دەقەكە قسەلەسەر شەڕى ناوخۆ و مێژى پارتى و یەكێـى دەكات ؟! بەڵام كاتێك ئاگادار دەكرێتەوە كە ئەو دەقەى (پێشڕەو حەمید) نییە كە كارى تێدا دەكرێت و دەقەكەى (ولیلم راِیش) ە , خێرا تەلەفون دەكات و ئەو كەسە ئاگادار دەكاتەوە كە دەقەكەى (پێشڕەو حەمید) ى لە هۆڵەكەوە بردووەو تەسلیمى مەڵبەندى یەكێـتى كردوە و ئاگادارى دەكات كە زانیاریەكانت هەڵەیە ؟! هەروەها ناوچەى پارتى دیموكرات لەدەربەندیخان داوەدەكەن لە هەردو دەرهێنەرەكە كەیەكێكیان پارتییە لەكاتى پرۆڤەكردنەكاندا ئامادەبن ؟ چونكە هێشتا بڕوابەوەناكەن كە كام دەقیان نمایش دەكرێت لەڕۆژى دیارى كراودا ؟
پاش تەواى ئەم ڕوداوانە شانۆگەرى (گوێ بگرە پیاوى بچوك) ى ولیام ڕایش لە ڕیكەوتى (13/7/2009) بۆماوەى یەك ڕۆژ نمایش دەكرێ .
بۆزانیارى خوێنەران دەقەكەى (من) لاى كاك سیروان دەبێت و لەهۆڵى ڕۆشنبیرى بەجێ دەهێڵێت ؟ چونكە پێشتر دەقەكەمان كۆپى كردبو بۆچەندانەیەك و دام بەچەند ئەكتەرێك بۆئەوەى خۆیانى بۆئامادەبەكەن , بەلاچم كاتێك كەهۆڵەكەیان پێنەداین نەمان توانى نمایشى بكەین و ئەو دەقە لاى سیراون مایەوەو لەكاتى پرۆڤكردنى دەقەكەى خۆیدا دەقەكە منى لابو لە هۆڵەكە بەجێشى هێشتبو .
ئەوەى لێرەدا مەبەستە بیڵێم ئەوەیە ئاخۆ ئەو دەقەى من لە مەڵبەندى 25 ى دەربەندیخانى یەكێتى چى دەكات ؟ كێن ئەوانەى جاسوسى بەسەر فیكرەوە دەكەن ؟ لەكام جیگاى دونیادا هەبوە كە بەرلەنمایشكردن جاسوسى بەسەر دەقى ئامادەكراوەوە بكرێت بەرلەنمایشكردنى ؟ ئەو دەقەى من جگەلەوەى كۆمەلچێك هەقیەتى مێژوى لەخۆدەگرێت و توڕەبونى ناخى چەند بونەوەرێكى هەستیارى ئەم كۆمەلچگەى لەخۆیدا كۆكردو وەتەوەو دەیەوێت لەڕیگەى نمایشەوە بەرجەستەى بكات , ئاخۆ چیى ترى تێدا بو ؟ لیستى كوردستانى و مەڵبەندى یەكێـتى و ناوچەى پارتى بۆچى زەندەقیان لەتێكستى دەقەشانۆیەكە چى بو ؟ ئەو جاسوسەى دەقەكەى بردو تەسلیمى مەڵبەندى یەكێتى كرد چەندى وەرگرت لەوهەمو پارەیەى كە لەكاتى پرۆسەى بانگەشەكاندا بەخشرانەوە ؟ .
لەساڵى 2003 لە شانۆى (بازنەكانى دەسەڵات) دا كەلەشارى دەربەندیخان نمایشمكرد كە ڕێگەى یەكێك لە كارەكتەرەكانمەوە وتم (تف لەو سەركردەیەى ئەم دۆزەخەى بۆدروستكردین) ئێستاش لەدواى شەش ساڵ لە ئاراستەكردنى ئەو حیوارە دەڵێم (نەفرەت لەو سەركردانەى كە نەیان توانى تۆزێك لەو دۆزەخەمان لەكۆڵ بكەنەوە) .
خوێنەرانى بەڕێز لەخوارەوە تەواوى دەقى شانۆیەكە دەخوێننەوە :

تــۆ كوڕى كامیانـى , جەلـلاد یان قوربانى
(ئەوە فەساد بونى ئەقڵە , ژیانى كردو وەتە گۆڕستان)
پێشـڕەو حـەمـید

كەسى یەكەم : كەسێكى سەیرى , زمانت وا دەڵێت , بالێت بپرسم (تۆ) لەكام شوێنى خەونەكانى خۆت دایت ؟
تۆ كوڕى كامیانى ؟ بەرلەوەى وەڵامێكت هەبێت , ڕێگەم بدە بونت بخوێنمەوە (تۆ) دەمێكە گومان لە خەونەكانى دەرەوەى خەونەكانى خۆت دەكەى .. ڕێگەم بدە بالەوە زیاتر ڕێگەت نەدەم لەسەر ئیهانەكردنم بەردەوام بیت ؟!
( كەسى دوهەم دەیەوەێت قسەكانى پێببڕێت و كەسى یەكەم بەردەوام دەبێت لەسەر قسەكردن)
بهێڵە با (تۆ) وەك ئەو (تۆ) یەكى خاوەن شوناسى خۆت بتخوێنمەوە .... ئەوەى تۆ دەیكەى بانگەشە مەرگە بۆ هەردوكمان .
كەسى دوهەم : كام بانگەشەى مەرگ ؟ ئەوە (تۆ) چى بونەوەرێكى خەسیویت لە نێو مێشكى خۆتدا ؟
دیارە لەو كاتەوە خەسیویت كە ئیرادەى خۆتت دایە دەست مانایەكى هیچەوە , ئەم خۆ سڕینەوەت لە كێوە سەرچاوە دەگرێ ؟ تۆ ...
(كەسیى یەكەم قسەكانى پێدەبڕێت)
كەسى یەكەم : تۆ كابرا , لەژێر سێبەرى باڵاى كام (مژدە ) دا وون بویت ؟ بۆ دەتەوەێ بەناوى قوربانییەوە لە خۆێنى من دەست نوێژێك هەڵبگرى ؟ لەوەزیاتر وون مەبە و بەناوى (غەزاى) عەقڵەوە لە كۆڵانە تاریكەكانى ناختدا مەحشەرێك مەخولقێنە و من مەخەرە بەرەى ئەهلى كوفرەوە .
كەسى دوهەم : گێلى ...زۆریش گێلى
كەسى یەكەم : داڕوخاوترین مەخلوقى سەردەمەكەى خۆتى
كەسى دوهەم : لەنێو حیكمەتى هێماكاندا وەرەدەرەوە , چاوەڕوان مەبە لێت بپرسن چى دەكەى ؟ هەمیشە بەخۆت بڵێ , لەگەڵ كێدابم باشترە !
بەدمەستێكى وەك تۆ نەبێ هەموكەس دەزانێت (نــان) لەتاریكدا چنگ ناكەوىًَ ئەگەر مۆمێكت بۆهەڵ نەكەن .
كەسیى یەكەم : نــان... ؟ تاریكى...؟ تاریكى ئەمڕۆ بە هەڵكردنى هەمو مۆمى دونیا كۆتای نایەت ...ئەم تارییكەیەى لە تاریكى ئەقڵەكانى ئێوەدا بەرهەم هاتوە , بەگڕى دۆزەخیش ڕوناك نابێتەوە , هەمو شتێك تامێكى خۆى لەدەست ئەدات ئەگەر سەر بۆشۆڕكردنەوەى تـێدابێت .
كەسى دوهەم : هەڵدە لەو هەمو جەنجاڵییەى نێو سەرت كەقسەى قۆڕ بۆى دروستكردویت ... ئەم قسانەت تواناى دروستكردنى دنكە شقارتەیەكیان نیە تا لە تاریكى نێو ئەعقڵت ڕزگارت بكەن , بەكەڵكى چی دێت قسەى سواو ؟ بزانە لەم بێدەنگیەدا چى دەكەى ؟ ئێرە خۆشترە یان ماڵى شەهوەت ؟
كەسى یەكەم : تۆهێشتا نازنى بڵێیت : (بۆچى تۆ لەمن ناچیت) بەڵكو وافێركراویت بڵێیت : (نابێت لەمن نەچیت , نابێت نەبى بە من) .
بۆدەبێ من خۆم نەبم ؟ بۆدەبێت ئێمە خۆمان نەبیت ؟ بۆزمانى غەزەب بەسەرماندا ئەبارێنن و پێمان دەڵێن : ( نابێت وەك ئێمە نەبن ؟) .
مردنى كەسێك , ئیهانەكردن و سوككردنى كۆمەڵگایەك ئەعقڵى ڕزیووت ڕاناچەڵەكێنێت ..ئیدى چ بكەم لەچێژى ئەو ماڵەى پڕبێت لەشەهوەت ؟ ئەوە بێ ویژدانیە وێنە كاڵەكانى ژیان بەڕەنگى ئەو (مۆم) انە تۆخ بكرێتەوە كە بەگـڕى شەهوەت پێكرابن , تەنها ووشە شك ئەبەم , ئەگەر ئەوم نەبێت , وەك تۆ دەبمە چەرمێكى ئاوساو لەخەونى پیس .
كەسى دەوهەم : ئەوەندەڕقت لەخۆت نەبێت باشترە , بۆ واهەست دەكەى هەمیشە كەسێك هەیە بەدواتەوە هاوارت لێدەكات ؟ ئەوە هـاژە هـاژى ناخى ڕقاویتە ئارامى لێبڕیوت ... ئارامى تەنها لاى منە (بەگاڵتەپێكردنەوە) منیش لە باوەشى ئەواندا پێى ئاشنابوم , تەنها لە باوەشى گەورەیى ئەواندا دەتوانى ناشرینى ئەو بچوكییەت بشاریتەوە , دوو دڵ مەبە تەنها هەنگاوێك بەسە بۆ خۆ گەورەكردنت , ئیدى بەم هاش و هۆشەى ناخت بێ دەنگیى ئێرە مەشێوێنە !.
كەسى یەكەم : بەزمانێكى لێوان لێو لە درۆ و گۆمڕاى ئێرە پڕمەكە لەبێَدەنگى , دەبێ هەمیشە مەمنونى ئەوسیحرەبیت هەڵى لوشیت بۆ باوەشى جەنڕاڵە شەهوانیەكانت , دەبێ مەمنون بى لەو هەمو خەونە گەورانەتەوە پڕیانكردیت لە بچوكى,
ئاى ئەوە چ هەستێكە نیگات لەئاست ڕاستیدا پڕدەكات لە خوێ ؟
(كەسى دوهەم دەیەوەێت قسەبكات كەسى یەكەم ڕێگەى نادات)
هەردەم دەكەیتەوە بۆنى گوشتێكى سوتاو دەكەم , بیابانێك لەخوێ كرمەكانى ناخت نـاڕزێنێت ... ئەوەچى ئامێزێكى گەرمە ناهێلێت جەستەت ڕەق بێتەوە لەشەرمەزاریدا ؟
كەسى دوهەم : تۆ ...
(كەسى یەكەم قسەكانى پێدەبڕێت)
كەسى یەكەم : هەركە بانگم دەكەى جێ ژوانى ماچەكانم بێهێنەمە نێو هەناسەى شەهوانیتانەوە , چاقەكانم گۆج دەبن , زمانم دەسوتێ , گوێكانم كوێردەبنەوە ... ئیدى بەسە دەم مەكەرەوە با لە وەزیاتر نەسوتێم ..ئیدى ..
(كەسى دوهەم قسەكانى پێدەبڕێت)
كەسى دوهەم : پەرداخێك ئـاو ناخۆیتەوە , ئاوى ســارد ؟
بێدەنگى
كەسى یەكەم :هیچ گەلە گورگێك لە دەرەوە كەڵپەى بۆمل شكاندنت ئا مادەنەكردوە , بۆچى لەتەنیشت گەورە شوانەكەتدا , شەڕ بەسەوزایى سروشت دەفرۆشى ؟خۆزگە بەوەت دەزانى چى گورگێكى ناشرینى .
كەسى دوهەم : (پێدەكەنێت) لەدەلاقەى كام خۆزگەتەوە بێمە ژورەوە , تاپێت بڵێم ئەو ئارامییەى واهەست دەكەى لەسەرى پڕلە هیچەتداكۆتكردو وەتەوە , پڕە لە هەناسەى سارد ؟ لەكام لاوە , بەر بە هەناسەى ژەهراویت بگرم تائەم بێدەنگیە نەشێوێنى كە نەوە بە نەوەى (شۆڕش) لە تـابوتى مەرگدا , زیندویانكردو وەتەوە ؟
چیتە .. پێشەنگى ئەوەندە چێژ بەخشە واجاڕاى شۆڕش كردن بۆ ئەدەى ؟ ئەگەر تینوتە با پەرداخێك ئاوت بۆبێنم .. ئاوى حــەیــات ؟! .
كەسى یەكەم : بە بچوكى خۆت گەورەیم لەكەدار مەكە , ئەو ئاوەى دەتەوەى دەرخواردى منى بدەى خۆت نۆشیبكە , تا پاروى سەرشۆرى نەیخنكاندویت .
من نامەوێ وەك تۆ لەنێو پێچى پشتوێنى یپاوە گرگنەكانى دیوەخانەكەتاندا وون بم ...گونهاى من نییە بچوك نابمەوە ... ئەوە بچوكى تۆیە خواردنەوەى پەرداخێك ئاوى مل شۆِرى بەشۆڕشكردن دەزانى .
كەسى دوهەم : ( بەتوڕەبونەوە ) بەسە بۆڵە بۆڵ , بەسە خۆگێل كردن !
كەسى یەكەم : ( بەتوڕەبونەوە ) بەس نیە خۆ فرۆشتن ؟ بەس نیە خۆڵ لە چاوكردن ؟
(بێدەنگیەكى كورت)
كەسى دوهەم : لە خوا بپاڕێرەوە با لاڵت نەكات , شۆڕش پڕە لە حیكمەت , پڕ لە ئیمان ...
قوربانى ئازادى بم وافیرى كردویت هەمو جۆرەكانى ڕشانەوە تاقى بكەیتەوە ... هەى گرگن ... ئەقڵ پوچ ... شۆڕش هەرچى هەناسەى دزراو بوو گەڕاندییەوە , هەرچى چەقۆى لەبرین بەجێماودابوو كردیى بە گوللەو ناچەوانى دوژمونەكەتى پێ داخ كرد , ئێستا بۆشۆڕش بە دۆزەخ , گەرم كردن دەزانى ؟
كەسى یەكەم : كام شۆڕش ؟
كەسى دوهەم : ئەوەى تۆ بەهى خۆتى نازانى !!
كەسى یەكەم : وتم كام شۆڕش ؟
كەسى دوهەم : ئەوەى فێرى كردى پرسیارو گومان كردن چیە ... ئەوەى فێرى ..
(كەسى یەكەم قسەكانى پێێ دەبرێت)
كەسى یەكەم : ئەو شۆڕشەى فێرى درۆى كردى , , یان ئەوەى كردیتى بە كەسێكى قورمیشكراو ؟ ها ؟ دەى زیاتر بڵێ لەبارەى شۆڕشەوە , دەى بابزانم تاچەند لەبارەى شۆڕشەوە دەزانى ؟
كەسى دوهەم : زۆرلە وەزیاتر دەزانم كە تۆهەستى پێناكەى , بەڵام واهەست دەكەم تۆكەسێكى لەو كەسانەى كەهیچ كەسێكتان قوربانى بۆشۆڕش نەداوە , هەربۆیە هەمیشە بەوشێوەیە قسەى .....
(كەسى یەكەم ڕێگەى نادات تەواى بكات)
وایە ...وایە ...شۆڕش ... شۆڕشى شۆڕەسواران ... (بەتوڕەبونەوە) ئەوە تۆدەڵیى چى ؟ ها ؟ كەس هەیە قوربانى نەدابێت ؟ شۆڕش ... باسى كام شۆڕش دەكەى ؟ بەس پێم بڵێ كام شۆڕشیان ؟ ئەوشۆڕشەى فێرى لەزەتى تەور وەشاندنى كردین ؟ یان ئەو شۆڕەى فێرى سەرپان كردنەوەى كردین ؟ یان ئەوشۆڕشەى ....
كەسى دوهەم : ئەو شۆڕشەى هەرچى گوڵى نیشتمان بو لە پێناویدا ژاكاو ئێستا درك و داڵى وەك تۆ شەق لەبەرهەمەكەى هەڵئەدات , ئەى گێل ... مل هوڕانە ژەهرى نـائـاگـاى بـڵاو مەكەرەوە , زۆرلە وەسوكترى بتوانى بێ مـانــایى بە مانا باڵاكانى شۆڕش بدەى , واهەست نەكەى هەرچى ئەفسانەكانى شۆڕشە درۆینەیە , هەرچى جەنگاوەرەكانەیەتى جەلــلادە.
(بێدەنگیەكى كورت و كەسى یەكەم بێدەنگە و كەسى دوهەم توڕە دەردەكەوێت)
كەسى یەكەم : بڕواناكەم شۆڕش ئەفسانەى هەبێت !
نوكتەیەكى خۆشە (بەتوڕەبونەوە) وابزانى هەمو جەنگاوەرەكانى شۆڕش فریشتەن !! تۆ كە بڕوات بە راِستیەكانى شۆڕش نیە , بۆلێ ناگەڕێیت قوربانیەكانى شۆڕش بە دواى خۆیاندا بگەڕێن ؟
كەسى دوهەم : هێشتا لە ڕەهەندەكانى شۆڕش بێ ئاگاى , ئەگەرنا ...
(كەسى یەكەم قسەكانى پێدەبڕێت و توڕەدەبێت)
كەسى یەكەم : شۆڕش بەدواى شۆڕشدا هەڵدەگیراسا و سەرى دەپەڕاند ... سەرى جەلــلاد .. سەرى دوژمن ...سەرى منداڵ ... سەرى قوربانى ... سەرى ... (تەواى ناكات و بارى دەروەنى تێك دەچێت) هێشتا بۆنى خوێن دێت , هێشتا ئەم خاكە بۆنى باروتى لێنەبڕاوە (بۆكەسى دوهەم قسەدەكات) شۆڕش لە دژى شۆڕش لە تەپۆڵكە وشكەكاندا تەڕ تەڕدەكرانەوە , ئـــاخر شۆڕش نابێت جەنگاوەرى لێببڕێت ؟! ئەوە حیكمەتێكە تەنها شۆِرشگیڕەكان دەیزانن , هەموو شۆڕشێك هەروایە , تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێنێت, ئیدى دیارە ئەوە حیكمەتى شۆڕشەو من نازانم بۆچى دەبێت وەهابێت .
بەڵام ئەوەى هەرگیز لەیادم ناچێت , جەنگاوەرەكان ... فریشتەكانى شۆڕش !! كۆڵە پشتەكانیان پڕكردبو لە ڕق و مردن و بەرەو جەنگ ملیان دەنا , ئاى چیى دیمەنێك بو هەرچى كۆڵانەكانى شاربو جمەى دەهات لە كاسبكارو قوتابیى و فەرمانبەرو مامۆستاو هونەرمەند .... هەر وەك سواڵكەر لە دەرگاى ماڵەكانیان ئەداو داواى نانیان دەكرد بۆ جەنگاوەرە برسیى و ماندوەكانى شۆڕش ؟! تەنها چەند هەفتەیك بو دواشۆڕشى تەپۆڵكە وشكەكان دەستى پێكردبو , هەرچەند هەفتەیك بوو ,
منداڵە بۆیاخچیەكانى شار چونە بەردەم بارەگاى شۆڕشگێرەكان وبەدەم نزاو هاواركردنەوە دەیان وت " شەڕەكانتان , پێڵاوى لاستـیكـى كردە پێى هەموومان , ئیدى ئێمە چـى بۆیاخ بكەین " ؟
ئــــاخ , ئەگەر قەوانە فیشەك بۆیاخ دەكرا بەڕۆژێك هەمویان دەبونە (فیرعـەون) .
كەسى دوهەم : كابراى پاقلە فرۆشیش دەیووت " شەڕهاتووەتە سەر عەرەبانەكەى منیش , ئەوەتا هەر ئەمڕۆ چوار پێنج موشتەرى چەورى قەڵەوەى لێدزیم " ... هەمو جدلـلادەكانى دونیا لەپێش هەمویانەوە (جەللادى كورد) بەخۆیان و خەونو حیكمەتەكانیانەوە بۆ دوزەخ .
بێدەنگى
كەسى یەكەم : درەنگ بویتەوە بەخۆت ... گومانهم هەیە هێشتا بزانى حەقیقەت لەچیدایە ؟!
كەسى دوهەم : بۆ پێت وایە حەقیقەت تەنها لاى تۆیە ؟ هێشتا بەئاوازەكۆنەكە مەست دەبیت , بە موسیقایەكى ناساز دەكەویتە سەماكردن .... سەمایەك بۆخۆ لادانت لە ڕوو بە ڕووبونەوە , سەمایەكیش بۆ گێلێتى خۆت !!
برادەر حەقیقەتى جوانى هەیە ئەشێوێنرێ .. حەقیقەتى فیكر هەیە ئەسوتێنرێ .. حەقیقەتێك بە ناوى ئینسان هەیە ئەى كەى بە پەند ؟! ( لەسەرخۆ بەرەو توڕەبون دەچێت) ئیدى بەناوى خەونى كرچوكاڵتەوە خەون لە كەس حەرام مەكە.
ئاخر تۆچیت , تا هەمو كوڕەكانى شۆڕش بە جەلــلاد بزانى ؟ هەرچى بڵێت یان نــا , ناتوانى بڕوام پێبهێنى كە (تۆ) ,
(من) نیت ! تــۆ هەر بە مـــن دەچیت , تەنها ئەو كاتانە نەبێت كە بە ناوى حەقیقەتەوە درۆ كۆدەكەیتەوە .
[كەسى سێهەم و چوارم و پێنجەم دێنەسەر شانۆ , كۆمەڵێك كەرەستەیان پێیە كە وەك (موفرەدە) بەكارى دەهێن لە شانۆكەدا و سەرقاڵى ڕێكخستن و ئامادەكردنى سەرتەختەى شانۆ كە دەبن بۆنمایشێكى شانۆى , كەسى سێهەم دەرهێنەرى نمایشى ناو نمایشى شانۆكەیە ]
كەسى سێهەم : (بۆ كارەكتەرى یەكەم و دوهەم) واى ئێوە چەند گوناهن !!
واى ئێمە چەند گوناهین , ئەهلى مەملەكەتێكین , نەجەلــلادمان جەلـلادە ... نە قوربانیمان قوربانیە ... ئەرێ بەڕاست لەنێو ماڵە گوناهەكانماندا , كێمان جەللادە و كێمان قوربانى ؟ من ئەڵێم نـازانم , ئێوەش كەیفى خۆتانە .
كەسى دوهەم : قسەى هیچ .
كەسى سێهەم : وتت چیى .
كەسى دوهەم : هیچ , وابزانم زۆرمان نەماوە وانییە ؟ كات چەندە ؟
كەسى سێهەم : (بۆكەسى چوارم و پێنجەم) كەرەستەكان بەپێى نەخشەى نمایشكەكە دابنێن و هیچ پە لە مەكەن ... با , بە ناوى جوانییەوە , نـاشرینى خەونى دۆزەخیمان پێوەنەبینێت !
كەسى یەكەم : هەرگیز ئەم هۆڵـە پڕنابێت لەبینەر , ماندوبونمان تەنها سەرئێشەیەكەو هیچى تر .
كەسى سێهەم : لەنێو هەر فەتوایەكى سوردا كەسێكى موبارەك هەیە , كەسێك بەگۆشت و خوێنەوە , لەبرى كتێبە ئاسمانییەكان , مرۆڤ بەسەر دۆزەخ و بەهەشت , نەفرەت و ڕەحمەتدا دابەش ئەكات , لەجیاتى (خـوا) لیستى حەرامەكان دائەبەزێنێ , ئەو بڕیار ئەدا كێ ئەهلى فیردەوسە و كێش ڕاپێچى دۆزەخ ئەكا (بۆكەسى یەكەم) توش لەخۆتەوە هیچ لیستێك دروست مەكە و بڕیارى پێش وەخت مەدە, هەركە شانۆكەمان تەواو بو چاوبگێرە هەركەسێك نەهاتبو غائیبى دە .
كەسى دوهەم : دەشێ بەر لە ئێستا سیماى ئەو خەڵكەم هەموى نەدیبێ كە بۆنمایشەكەدێن , وەلێ هەرپێیام دەڵێم , مرۆڤ هەیە بەناوى ڕاستیەوە زمانى درۆ ئەگرێ ؟!
كەسى سێهەم : تەنها بیر لەسەركەوتنى نمایشەكە بكەنەوە و بەس .
كەسى یەكەم : ئەوە گرفتەكەیە , گرفتێكى خراپیش (كەسى سێهەم دەیەوێت قسەبكات و ڕێگەى پێنادات) هەرواشە ... لەنێو مانشێتى ڕۆژنامەكاندا كەسێكى پیرۆز دەبینم , بەناوى هەمومانەوە و لەجیاتى نیشتیمان , بەسەر بەرى شۆڕش و خیانەتكردندا دابەشمان دەكا , هەرئەو زاتە گەورەیە بڕیار ئەدا ئـاو و هـەوا بۆ كێ حەڵالەَو بۆكیش نییە توخنى كەوێت , ئەى ئینسانێك لەكارەسات ... ئەى .. (كەسى سێهەم قسەكانى پێدەبڕێت)
كەسى سێهەم : ئەمە خزمەتكردنە بە بەشەریەت , یاخود بەشەریەت پیسكردنە ؟ ئەوەڕەفتارێكى ئەخلاقییە , یان ئەو پەڕى بەد ڕەوشتى ؟ ئەم وڕینانەچین ؟ (كەسى یەكەم بەخێًراى دێتەقسەكردن و قسەكانى بۆ وروژاندنى كەسى دوهەمە)
كەسى یەكەم : جەستەیەكى سورى ئینسانت لە بەردەستایە بە تۆخى لەسەرى بنوسە بژى مــرۆڤ , چەقۆیەكى سور سور , بەدەستەوە بگرە و لە نێو خەونى مرۆڤدا بنوسە بژى حەقیقەت . (كەسى دوهەم خیرا وەڵامى ئەداتەوە)
كەسى دوهەم : تۆیش پارچەیەكیت لە ( تەور) دەتەوێت خەونە جوانەكانت بنویستەوە بە دەست و خەتى جەلــلاد .
كەسى سێهەم : ئــاى لە (چەقۆ و تەور و جەلــلاد) دەست و خەتیان چەند ناخۆشە , ئاى مەملەكەتى حەقیقەت بە چ ناشرینییەك , شەریعەتى جوانى دەنوسرێتەوە ؟! دەى چاوەڕوانى چین (بۆ كەسیى یەكەم و دوهەم ) چەقۆكانتان هەڵبگرن و یەكترى پارچەپارچەبكەن , تابزانین پارچەى كامتان بەشى كلكە تەورێكى سورى تێدادەبێت ؟!
كەسى چوارەم : (لەنیوان كەسیى یەكەم و دوهەمدایە) كامتان چەقۆتان پێیە , تا ئەو شەیتانەى پێبكوژم كە پێكەنینى بەم گەمە شێتانەتان دێت ؟ چیى بكەم لەمۆمەكان (بۆكەسى سێهەم) ئێستا دایگیرسێنم , یان .. (قسەكانى پێدەبڕدرێت)
كەسی سێهەم : نەخێًر ئێستا نا , جارێ پارچە قوماشەكان هەڵبواسن , ئەوە ئێوەخەریكى چین ؟ توزێ بجوڵێن , گوێبگرە
(بۆكەسى چوارەم) لەجیگاى قوماشە ڕەنك (سورەكان) ئا ... هیچ , هەرلایبەن هەڵى مەواسن .
(كەسیى یەكەم و دوهەم بێدەنگن , كەسى چوارەم و پێنجەم سەرقاڵى ئامادەكردنى سەرشانۆكەن , كەسى سێهەم بە بێدەنگى و بیزارۆییەوە لە كەسى یەكەم و دوهەم دەڕوانێت)
كەسی سێهەم : كەس هەیە بە پەیژەى بە دڕەوشتیدا بگاتە باڵە خانەى ڕەوشت ؟ بۆچى مانایەكى جوان ئەبەخشە ئەو چەقۆیە كە بەناوى كڕینەوەى شەرەفەوە سەرى ئینسان دەپەڕێنێ ؟
بۆ بەچاوى حورمەتەوە دەڕواننە ئەو بێشەرەفیەى كە لە خوێنى ئینسانەكاندا بەدواى شەرفدا دەگەڕێ ؟
باتێبگەم , تێم گەیەنن ...ئێوە نازانن چى ئارامییەك دەبەخشنە دەروونم گەر عەناعەتم پێبكەن كە ئەم شەڕەتان مانایەكى هەیە و بەدڕەوشتى نییە ؟! خۆزگە تێدەگەیشتم كە بۆچى واهەست دەكەن ئێوە خۆتانن و قورمیش نەكراون ؟
ڕێگەمەدەن خوێنى پیس بگاتە شادەمارەكانى ناختان ... بۆ دەمتان پڕە لە خوێن ؟ بەرلە هەر ئازارێك بونەوەرێكى گوناه لەناختاندایە و ئازارى ئەدەن ... بەرلەهەر دەنگێك , نوزەیەك لەبەرائەت لەناختاندایە و ئەیخنكێنن , ئاخر بۆ ؟ بونەوەرێكى نامۆ لە ئێوە ناچێ و لەناختاندایە بیكوژن تــاببنەوە بەخۆتان , ئاخر چۆن دەكرێ بەدەنگێكى ناساز گۆرانییەكى خۆش بوو ترێ ؟!
(كەسى شەشەم و حەوتەم دێنەسەرشانۆ یەكى (دەف) ێكیان بەدەستەوەیە و دەیژەنن , كەسى شەشەم لە كۆتاى دواقسەى كەسى سێهەمدا گۆرانییەكى شادى دەچڕێت , لەگەڵ گۆرانییەكەدا كەسایەتیەكان بەشێوەیەكى هونەرى یەكسان لەسەر شانۆكە بڵاو دەبنەوە , دەكرێ ماوەى گۆرانییەكە دیارى بكرێت و دوو خولەك تێنەپەڕێنێ )
كەسى پێنجەم : (لەدواى تەواو بونى گۆرانیەكە) دەم خۆش , دەم خۆش , پەنجەكانتان سەلامەتبێ ...بەرلەوەى ئێوەبێن , خەریك بو لە نێو ئەم كەشە توڕەیەدا , شوێنێك بۆ هێمنى بەكرێ بـــگرم !؟
كەسى چوارەم : واز لەم هەمو ڕقـــە بهێنن , با هەمیشە وێل نەبین و ساتێك بۆ خۆشەویستن قەرزبكەین !!
كەسى یەكەم : تەنها دەمەوێت بزانم كوڕى كامیانە , جەلــلاد یان قوربانى ؟
كەسى دوهەم : هێشتا خۆت نیت , كەسێكى شێوێنراویت و هەستى پێناكەى , چونكە بێ هەستى .
كەسى یەكەم : دەمەوێت هەست بە بونت بكەم , بەڵام یۆ نایە ڵیت , چونكە خراپ قورمیشكراوی .
كەسى سێهەم : (تورەدەبێت ) ... بابەس بێت , ئیدى بەسە خول خواردنەوە لەبازنەى بێ هەستیدا , دەبێ بڕوا بهێنن كە نیشتمان لەنێو زەبرو زەنگدا نــابێتە بــەهەشت ...هەست بەوەبكەن كات بە فیڕۆدەڕوات و هێشتا ئێوە دەبەنگانە بێئاگان , ئێمە نمایشێكمان لەپێشە ناكرێ بەم بارە خراپەى دەرونمانەوە چاوەڕوانى پێشكەشكردنێكى باشبین .
(بێدەنگیى یەكى كورت و كەسى سێهەم بە ئاماژە كەسى چوارم و پێنجەم ئاگادار دەكاتەوە كە لەسەر كاركردن بەردەوام بن , كەسى شەشە م و حەوتەم بە دەست خشاندنیان لە كامەى دەفەكان و یاریكردن بە زنجیرەبازنەیەكانى دەفەكان جۆرێك لەمۆسیقا دروست ئەكەن بۆ ئەو دیمەن كورتە , كەسى یەكەم لە سوچێكى شانۆكەدا دانیشتوە وڕوناكى دەكەوێتەسەرى)
كەسى یەكەم : هەرچى دەرگاى بەختەوەریە داخراوە و كلیلەكانى لە گیرفانى (حەزرەتى فــەساد) دایە ... هەمو كون و قوژبنەكانى ئەم مەملەكەتە هەروەك ئەندامەكانى لەشم شارەزام , بەڵام هێشتا نازانم بۆهەرچى خەونمان هەیە دەكرێتە كەلاوە ؟
بۆچى سەرخوان هەیە پڕە لەنان و پێكەنین ... سەرخوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى ؟ ئێرە مەملەكەتێكە پرە لەو كەسانەى هێشتا نازانن كوڕى كامیانن , جەلــلاد یان قوربانى ... ئێرەمەملەكەتى (تەورە , تەور ) تەورەكانیان دەخەنە سەرملمان و پێمان دەڵێن : بەهەشتى ئێمە هەڵدەبژێرى یان دۆزەخى خۆت ؟!
ئەگەردۆزەخى خۆم هەڵببژێرم , تەور بە دەستەكان بەشێت بە مناڵانى شار دەم ناسێنن و لەبەردەم دەرگاى مزگەوتەكانیشدا وێنەكەم بڵاو دەكەنەوە لەژێرەوە بەخەتێكى تۆخ دەنوسن (هێشتا نازانى كێ باوكێتى) !!
ئەمە گەیشتنە بەدڵنیایى , ئیدى كەى ئەوە دەبەنگیى و كاڵ فامییە ؟
ئەوە حەقیقەتى ئەو زاتە گەورانەیە كەنازانم لەكام ماڵى سورى شۆِرشەوە هاتون ؟! (كەسى سێهەم لیى نزیك دەبێتەوە) ئەوە فەساد كردنى ئەقڵە , ژیانى هەمومانى كردو وەتە گۆڕستان , ئەوە ... (كەسیى سیهَەم قسەكانى پێدەبڕێت)
كەسی سێهەم : نەخۆشنیت وا ڕەنگت بڕسكاوە ؟
كەسى یەكەم : لە هیچ ڕەنگێك ناچم تانەخۆشى تێدا بدۆزمەوە !
كەسى چوارەم : پێم نەوتن ... مرۆڤگەلێكى ئێجگار خەیاڵ پڵاوین ... هیچ شتێك نەما لەشوێنى خویدانەبێت , تەنها پێویستمان بەكەمێك پشوو هەیە .
كەسى سێهەم : ( بۆ جێبەجێكەرى ڕوناكى شانۆیەكە) ڕوناكییەكان بكوژێنەرەوە با نەسوتێن (كەسى دوهەم دەیەوێت مۆمێك دابگیرسێنێت) ڕوناكى مۆمێك تاریكى لە دونیادا ناهێلێت (مۆمەكەى لێوەردەگرێت) بەڵام ئەم مۆمەى تۆ سەرشانۆكە ڕوناك ناكاتەوە !؟
كەسى دوهەم : ئاخر ئەگەر ڕوناكییەكان بكوژێنرێتەوە چاومان هیچ نابینێت .
كەسى سێهەم : ئەگەر خۆمان بمانەوێت چاومان هەموشتێك دەبینێت ئەگەر لە تاریكیشدا بێت !!
(بۆجێبەجێگەرى ڕوناكى شانۆیەكە) گڵۆپەكان بكوژێنەرەوە , ئەمەیان ... ئەوەش ... ئەو سەرى شانۆش ... بەردەمى من ... گڵۆپە سورەكانیش , ئۆكەى (ok) زۆرباشە , بڕۆنە ژورى خۆگوڕین كات درنگە .
(تەواى كارەكتەرەكان سەرشانۆكە بە جێ دەهێلن و ڕووناكى بەشێوەى (ڤۆلۆ) دەكەوێتەسەر كارەكتەرى یەكەم و وردەوەردە ڕوناكییەكە كاریگەرتر دەبێت )
كەسى یەكەم : (بۆ بینەران)
ئەى ئێوە ... نەوەى كامیانن , جەلــلاد , یانى قوربانى ؟
تێبینى : بۆ نوسینى ئەم دەقە شانۆیە سود لە توێژینەوەیەكى (ئاراس عەبدولكریم) وەرگیراوە.

كۆتایى زستانى 2009
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە