مانیفێستی چاکسازی و، کاردانەوەی شەمشەمەکوێرەکانی ئەهریمەن

Monday, 07/02/2011, 12:00

1311 بینراوە






بەیاننامەکەی گۆڕان سەرەتای قۆناغی یەکەم نیە بۆ دیالۆگ لە گەڵ دەسەڵات و هەوڵدان بۆ چاکسازی، قۆناغی یەکەم رۆژەکانی پێش ٢٥/٧ و هەڵبژاردن دەستی پێکرد. کە دەڵێم قۆناغی یەکەم مەبەستم لەو قۆناغەیە کە بەشێکی کاریگەر لە دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن خۆیان ڕێکخست. پێش ئەم خۆ رێکخستنە زەمینەیەکی زۆر گونجاو بۆ ئاژاوەو ڕاپەڕین لە ئارادا بوو. هەمومان بە دەسەڵاتیشەوە ئەوە دەزانین. دەسەڵات زۆر حەزی دەکرد ئەو دەنگانە هەر بە پەرتەوازەیی بمێننەوە. بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی درێژە پێبدات و هەرکاتێک بەشێک لە ڕاجیاوازەکان کەوتنە چالاکی کاریگەر، هەر بە پەرتەوازەیی خامۆشیان بکات. ئەم دەسەڵاتە لە خەونی عەزەمەت و جەبەروتی خۆیدا دەژیا. لە ناوەوەی خودی خۆیدا گەر دەنگێک بۆ بە ئاراستەبردنی گونجاودا هەبوایە هەر زوو دەمیاندەگرت و خەفەیان دەکرد. نمونەی زیندومان ریفۆرمەکەی ناو یەکێتیە.
لە بەشەکەی تریش کە پارتی باڵادەستە رۆشنبیران بوون کە شاربەدەردەکران، تێهەڵدەدران و خەفە دەکران. یان هەندێ لایەن کە مقەڕەکانیان دەسوتێنرا.
ئەم بەشەی دەسەڵاتیش هێشتا هەر لە خەونی جوانی بە ڕەونەقی خۆیدا بوو بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ بە مەلیکایەتی کردنی کوردستان. شانشینیەک کە مەسعود و کورەکانی و برازاکانی و دواجار کورەزاکانی تەختەکەی داگیربکەن. ئیتر بێ گوێدانە ئەوەی ئەستەمە خەڵکی کوردستان ڕێگە بدەن شانشینیەکی لەو جۆرە بە کۆنە خەونی سەدە تاریکەکان بنیات بنرێت. خەونێکی دەرەبەگایەتی. جەماوەری کوردیی هەرچەندە خوازیاری پێکهێنانی کیانی خۆشی بێت. ئەمرۆ ئەو خەڵکە ناڵێت هەرچیەک بێت با کوردی بێت، بەڵکو نان و ئازادی پێکەوە دەوێت. ئەو شانشینیەش کە بنەماڵە خەونی پێوە دەبینێت پێچەوانەی خواستەکانی خەڵکە بۆ ئازادی و نان. بۆیە ئەو خەونەی بنەماڵە هەزارپیاویەکەی بارزانی مەلۆتکەیەکە هەر پێش لەدایکبون مردووە. هەزار پیاو کە هیچ بەرهەمیان دیار نییە بێجگە لەوەی بە باڵای یەکتردا هەڵبدەن.
بە پشتبەستن بە مێنتاڵیتێتی خەڵکی کوردستان و تێگەیشتن و خواستیان بۆ ئازادی دەتوانم بڵێم ئەو خەڵکە وڵاتێکیان دەوێت پەرلەمانی بێت بە سەرۆکێکەوە کە لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. سەرۆکایەتیەک کە لەسەر بنچینەی خزمایەتی و نەسەب و زەنگینی و خوێن شینی بنیات نەنرێت. تیایدا حیزب تەنیا ئەکتەرێکی نیشتمانی سیاسی دیموکراتخواز بێت نەک نیشتمان بۆ حیزب بێت و حیزبیش بٶ بنەماڵە.
قۆناغی دووەمیش نیە چونکە دەسەڵات خۆی ئەو قۆناغەشی تەمەن کورت کرد. ئەمەیان قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ٢٥/٧ بوو. قۆناغی چونە ناو پەرلەمان لە لایەن گۆڕان. دەسەڵات ئەم قۆناغەی کوشت.
لەم قۆناغەدا دەسەڵات دوو ڕێگەی لە بەردەمدا بوو، یەکەم خۆ جوانکردنەوە و دورکەوتنەوەی لە ڕابردوە پڕ دابڕانەکەی لە میللەت. دووەم بە دیموکراتیزەکردنی خۆی و هەوڵدان بۆ چاککردنی وڵات و دابینکردی دادوەری کۆمەڵایەتی و پێشوازیکردن لە داواکانی ئۆپۆزسیۆن. کەچی ئەمەشی نەکرد.
کەواتە چی کرد؟
وەکو بینیمان هات و بە هەمان شێوەی جاران و، بەهەمان عەقڵیەتی کۆنی پاوانخواز کاری کرد، بۆ دەمکوتکردن و لەباربردنی هەوڵەکانی ئۆپزسیۆن بۆ دیموکراتی، ئەویش لە بوارەجیاجیاکاندا.
لە پەرلەمان و، لە ناو دامەزراوە عەسکەری و مەدەنیەکانی دەوڵەت و، لە بەردەوام بون بە تێڕوانینیان بە برا بچوک لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە بە دوژمن دانان و دواجاریش ڕێگە لێ گرتنیان لە سەر ئاستی عێراق و لە حکومەتی عیراقدا.
ئەمە هەمووی بە خەیاڵی دەسەڵات بۆ لە باربردنی گۆڕان و گەیاندنی پەیامێک بە دەنگە ناڕازییەکان کە هیچیان پێناکرێت.
سەدامیش لەم جۆرە کردەوانەی زۆر بەکاردەهێنا.
بەڵام ئەوەی سەدام و دەسەڵاتی کوردی لەبیریان چوەوەو دەچێتەوە ئەوەیە کە بەتەنیا فاکتەرە ناوخۆییەکان و فڕوفێڵەکانیان فریایان ناکەوێت و بەس نیە. فاکتەری دەرەکی و کارا هەیە کە لە ساتێ لە ساتە وەختەکاندا هەر چۆن هاریکاری هاتنە سەر دەسەڵاتی خۆیانی کردووە ئاواش لە دەسەڵات لایان دەبات.
بۆ سەدام حسین ئەم فاکتەرە دەرەکیانە دەرهاتەکانی جەنگی سارد بوو، کە سەرەتا سۆڤیەت و بلۆکی خۆرهەڵاتی بۆ سەرکوتکردنی شۆرشی کورد بەکارهێنا، دوایش بە بیانوی دژایەتی ئێرانی خومەینی خٶرئاوای بەکار هێنا. دواتر ئەم فاکتەرە دەرەکیانە لەبارچون و سەدام کەوت.
ئەوەی دەسەڵاتی کوردی لەم کاتەدا چاوەڕێی دەکرد، سەرمەست بە سەرکەوتنەکانی لە بواری تا ڕادەیکی باش لە پەل خستنی ئۆپۆزسیۆندا، ئەوەبوو ئیتر بێ کێشە درێژە بدات بە دروستکردنی ئیمارەتەکەی لە هەولێر و سەری ڕەش و کوڕەکەی مەسرور بکات بە وەلی عەهد.
لەم سەرکەوتنە کاتیەی دەسەڵاتدا گۆڕانیش هۆکار بوو. بٶ؟
گۆڕان حەوزێکی پاک و بێگەرد نەبوو، ئەویش بەشی خۆی ماسی مردوی تیابوو. دەسەڵات ئەمەی تا ڕادەی دەمەوەری قواستۆتەوەو بەکارهێناوە.
گۆڕان چاوی پۆشی لە ساختەکارییەکانی دەسەڵات لە هەڵبژاردندا. ئەو کاتە لە ترسی ئەوەی ئەزمونی خۆپیشاندانەکانی ئێران دوبارە نەبێتەوە، کە بەڕاستی گونجاوترین زەمەنی ڕاپەڕین بوو لە کوردستان، سەری ڕمەکەش بەدەست گۆڕانەوە بوو. بەم ڕازی بونەی گۆڕان بە ئەنجامەکان خزمەتێکی زۆری بە دەسەڵات کرد. هەڵەی دوەمی گۆڕان راستەوخۆ لە دوای دەرچونی ئەنجامی هەڵبژارندەکانی پەرلەمانی عێراق بوو. ئەمجارەیان لیستی کوردستانی بە مەسعودیشەوە تەواو شڵەژابون و خەریکی مفاوەزاتی تاکڕەوانە بوون لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان، ژمارەی کورسیەکانیان کەم ببۆوە. گۆڕان هەستاو لە ژێر فشارێکی دەرونی وا کە بە نیشتمانی سەیر بکرێت پێشنیاری کرد هەموو لایەنە کوردستانیەکان بە لیستی کوردستانیشەوە یەک بەرەی هاوبەش بۆ چونە بەغداد پێک بێنن. مەسعودبارزانیشیان بەکار دەهێنا وەکو گورکەکە و پیشانی یەکێتیان دەدا. مەسعوودیش بۆ چەسپاندنی سەرۆکایەتیەکەی خۆی و بۆ ساغکردنەوەی ئەوەی کە سەرۆکی کوردە ئەم حاڵەتەی باش قۆستەوە. لە بەر ئەوەی لە بواری موئامەرە و پاشقولگرتنیشدا کارایە، ئەوەی چاوەڕی دەکرا لە لایەن خەڵکەوەو ئەوەی چاوەری نەدەکرا لەلایەن گۆڕانەوە کردی.لە خۆبایی بونی گۆڕانیش بەشی هەبوو لەو بە شودانەیاندا. لە پەرلەمانی عێراقیش کتوپڕ دەنگیان بٶ سەرۆکایەتیەکەی تاڵەبانیدا. هۆکاری ناوخۆیی گۆڕانیش لەو کورتهێنانەیاندا لە بەغداد تەنیا لێهاتویەکەی لیستی کوردستانی و، بێ ئابڕویەکەی نەبو لە پەرتکردنی لایەنی کوردی لە بەغداد، بەڵکو لێنەهاتوویی وەفدی مفاوەزاتکاری گۆڕانیش هۆکارێکی زۆر کاریگەر بوو.
شاهۆ سەعید دەیگووت زۆر بە ڕاشکاویی لە گەل دکتۆر مالکی قسەیان کردووە. ئایا ڕاشکاوی تەواو شتێکی ئەقڵانییە لە کاتی مفاوەزات، ئەم پرسیارە بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئایندە هەڵدەگرین.
تا ئەم کاتە گۆڕان وردە وردە خەڵکی لێ دەتەکییەوە. چاوەڕێی هەلێکی دەکرد بیقۆزێتەوە. ئەمەش شتێکی ئاساییە.
گەروانەکات دەمرێت و هیچیش ناکرێت.
ئا لەم کاتەدا شۆڕشی تونس و میسر دەستی پێکرد. ئەمە ئەو فاکتەرە دەرەکییە بوو کە دەسەڵات حسابی بۆ نەدەکرد. بەڵام ئێستە کارێکی زۆری کردۆتە سەر ناوخۆی کوردستان و بارێکی نالەبار بۆ دەسەڵات و لە بار بۆ ڕاپەڕین هاتۆتە کایەوە. گۆڕان هاتوو مانیفێستێکی چاکسازی دەرکرد. ئەو داوایانەش ئاستی کەمی داخوازیەکانی خەڵکە، کەچی دەسەڵات کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری. گۆڕان نەدەبو مانیفێست دەربکات و دەسەڵات بێدارکاتەوە، دەبوو ڕاپەڕین سازکات.
زۆر جار لە مێژودا فاکتەرە دەرەکیەکان بونەتە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕش و داماڵینی دێسپۆتیزم و دەسەڵاتی پاوانخوازی دیکتاتۆری چەوسێنەر.
بەڕای من دەسەڵات خۆی دەزانێت هەلی ئەوەی لەدەستداوە باوەڕی پێبکرێت یان لە توانایدا بێت خۆی بگۆڕێت و چاکسازی بکات. بۆیە دەخوازێت ئەهریمەنانە دۆزەخێک بسازێنێت و شەمشەمەکوێرەکانی بەرەڵا بکات تاکو وەکو ڤامپیر، یان دراکولا، بکەونە خوێن مژینی گیانی ئەو ڕاپەڕینەی کە بەڕێوەیە، تاکو بێهێزی بکەن و گەر بۆیان کرا لەباری ببەن.
چۆن؟ لەلایەک بەوەی ئارەزوی ڕاپەڕین بچوک بکەنەوە و بڵێن ئەمە تەنیا گۆڕانە وادەکات و خەریکی ئاژاوە گێڕییەو، خەڵکی لە گەڵ ڕاپەڕین نین. لە لایەکی تریشەوە وەکو چۆن ئیدریس وتبووی شۆڕشیان پێنەکریت تێکی دەدەن، سەدامیش وتبوی ئەوان عێراق بە وێرانی بەجێدێڵن، دەسەڵاتی ئەهریمەن لە ڕێی شەمشەکوێرەکانیەوە دەیەوێت پێمان بڵێت گەر ئەو لە دەسەڵات لابرێت یان هەوڵی لابردنی بدرێت وڵات وێران دەبێت، ئەوەی دروستیان کردوە تێک دەدرێت، معاش نادرێت و دەوەستێت، خەڵک برسی دەبێت و خۆشگوزەرانی دەشێوێت.
بەڵام دەسەڵات تێناگات کە ئەمە قۆناغێکی نوێیە بۆ ئۆپزسیۆنی کوردستان، بۆ ڕای ناڕازی ساحەی کوردی. ناڕەزایەتیەکەی بە شۆڕشەکانی تونس و میسر گیانی کراوەتەوە بەبەردا. ئەمە قۆناغی سێیەمە. فاکتەرە دەرەکیەکەیە کە دەسەڵات حسابی بۆ نەکردبوو.
ئەم جارە هەر سێ لایەنەکە دەبێت خۆیان بگۆڕن:
دەسەڵات زوتر لە وادەی دیاری کراوی گۆڕان ئەو چاکسازیانە بکات کە هەنگاوێک زیاتر بڕوات لە وەی گۆڕان داوای دەکات و واز لە شەڕە قسە بێنێت.
گۆڕان دەبێت ماڵی خۆی ساز کات. ماسیە مردوەکان وەلا نێت، چونکە ئەوانیش هەمان دەردی دەسەڵاتی مێشک چەقبەستویان هەیە، دەبێت لە دروشمەکان تێپەڕێت و زۆر بە زیرەکانە لە گەڵ هەل و مەرجە نوێکە هەڵسوکەوت بکات. نابێت لە راپەڕین بترسێت. بە پەیمان وهەڕەشەی ئەهریمەن نە خەڵەتێت. باوەڕی بە دەسەڵات نەبێت.
ئەگینا گەنجان و، کاسپکاران و، معاشخۆران و هەمو دەنگە ناڕازییەکانی تر دوهەنگاو زیاتر بڕۆن. ڕاپەڕن و، وەکو میسریەکان هێزی گەل پێکبێنن، پەلامار بدەن، دەسەڵات لابەرن و ڕاماڵن، ئەوانە موبارەکی کوردستانن، بەربەستی یەکەمن. دوایی یان لە کاتی چالاکیەکاندا وردە وردە هەل و مەرجەکە خۆی ڕیکخەر یان سەرکردە و نمایندە دێنێتە بەرهەم.

مەترسن دەسەڵات پێتان دەڵێت ئاژاوە چی. ئەی دەسەڵاتێک کە نەیەوێت بە ئاشتی چاکسازی بکات و پێشوازی لە داواکاریەکانتان بکات، بە ڕاپەڕین نەبێت چۆن لا دەچێت.
گەر نایانەوێت وەکو ئیدریس و سەدام وتویان تێکی دەدەن با داواکاریەکان بێ پێچ و پەنا جێبەجێکەن.
کە ئەوە ناکەن، ئەوا، هەروەک سەدام، دەیانەوێت بڵێن ئەوەی بنیاتنراوە گەر خۆیان نەمێنن یان بەربەست بۆ خەونە نەزۆکەکانیان دروست بکرێت دەیروخێنن.
کەواتە کێ گێرەشێوین و ئاژاوەچیە؟ ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات؟
ماوەتەوە بپرسین ئایا مانیفێستەکەی گۆڕان ئینقلاب و ئاژاوەیە یان گومڕایی ئەوان؟
وەڵامی ئەمە بۆ ڕوداوەکان جێ دێڵین کە بەڕێوەن.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە