پارتى وجاشەكان

Wednesday, 25/05/2011, 12:00

1519 بینراوە


جاشەكان وكۆنە بەعسییەكان ئەو مرۆڤە گزگل وبودەلانە بوون ،كە ڕۆژگارێك شانبەشانى بەعس ڕۆلیان بینیوە لە كاولكردنى كوردستان وئەو نەهامەتییانەى كە بەسەر كورد دا هاتوون .بەڵام ئێستا لەجیاتى ئەوەى هیچ نەبێ ڕادەستى دادگا بكرێن بە سزاى ڕەواى گەڵ بگەیەنرێن ،كەچى ئێستا لە لایەن پارتییەوە زیاتر لە ڕۆژگارى بەعس نەك هەر خزمەت دەكرێن .بگرە پۆست وپلەو پایەشیان پێدەبەخشرێت،كە من پێموایە ئەم هەلوێستەى پارتى بەرامبەر بە جاشەكان خیانەتێكە زۆر گەورەترە لەوەى، كە خودى جاشەكان بەرامبەر بە میلەتەكەمان كردوویانە .ئەوا زیاتر لە حەوت سالە كەس نەما داوانەكات ،كە پێویستە جاشەكان بدرێنە دادگا ،بەلام لەبەر ئەوەى لەم ولاتەداگوێیەك نیە بۆ بیستن .بۆیەكەس خۆى بە خاوەنى كەیسێكى ئاوا گرنگ ناكات .هەموومان ئەو حەقیقەتە دەزانین ،كە لە ئێستادا پارتى بۆتە شوێنى تەڕاتێنى كۆنە بەعسى و ڕەفیق حیزبى وجاشەكان و هەموو ئەوانەى ڕۆژگارێك دەیانگووت (سەدام زێڕە!!!)بەلام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا حیزبێك دەتوانێت بانگەشە بۆ كوردایەتى بكات وئەو هەموو گەرایەى بەعسیشى تێدابێت ؟؟بێگومان نەخێر.دیارە پارتى گەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە كەڕوكاسمان بكات بەگوتارو دروشمى نەتەوەیی زل و بێ ناوەڕۆك .هێشتا ناتوانێ قەناعەت بە مندالێكیش تەنانەت گێلێكیش بكات بەوەى ،كە پارتێكیى نەتەوەییە،چونكە گەر گوتارو قسەى زل مەرج بێت بۆ كوردایەتى .وە ئەگەر كوردایەتى تەنها دروشم بوایە .ئەوكات ژیانمان زۆر ئاسان وبێ كێشە دەبوو!! ئەم هەلوێستەى پارتى بەرامبەر جاشەكان كۆى مێژوى ئەم حیزبەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە (هەلبەت لەژێر پرسیاردایە!!) وە ئێمە گەر هیچ شتێكیش لە مێژوى ئەم پارتى نەزانین (كە دەیزانین!!)ئەوا تەنها سەیركردنمان بۆ دۆستایەتى ئەم پارتە لەگەل جاشەكان بەسە بۆ ئەوەى بزانین ،كە چ پارتێكى نا نەتەوەییە ...دیارە ئەم پالپشتیكردنەى پارتى بۆ جاشەكان دوو هۆكارى هەیە.یەكەمیان:پارتى دەیەوێ لە ڕێگاى موجامەلە كردنیانەوە بەكاریان بهێنێ بۆ كاتى پێویست ،واتا بۆ ئەوەى هەمیشە لەكاتى هەلبژاردنەكان دەنگى پێبدەن ،چونكە پارتى دەزانێت ،كە ئەو جاشانە خاوەنى نفوزێكى كۆمەلایەتین ودەتوانن جگە لە دەنگى خۆیان خەلكێكى زۆریش ناچار بكەن بەوەى دەنگ بە پارتى بدەن ،كە ئەمە دیاردەیەكى بێ ئاكارانەو سیاسەتێكى ماكیاڤیلیانەیەى مەترسیدارە كە ئەم پارتە پەیڕەوى دەكات ،چونكە پارتى لە جیاتى ئەوەى كار لە سەر ئازادكردنى مرۆڤى كورد بكات و لە ژێر دەستى خاوەن پێگە كۆمەلایەتییەكان دەریانبهێنێ، كەسەدان سالە خوێنى مرۆڤى كورد دەمژن ،كەچى ناچاریان دەكات بەوەى هەمیشە كۆیلەبن ,بەكورت وكرمانجى لە ئێستادا هیچ حیزبێكیتر شك نابەین بە قەد پارتى تاودەرەوەى گیانى خێلایەتى بێت .من پێموایە پارتى ناتوانێت هیچ ئیجرائاتێك لەگەل جاشەكان بكات ،چونكە ئەو كات بەڕاستى دەبێ بە پێناسەى جاشایەتیدا بچینەوە .ئەرێ بەڕاست جاشەكان كێن؟كێیە ئەوكەسەى جاش وباش بۆ لە یەكترى جیا دەكاتەوە؟دیارە جاشەكان تەنها ئەو كۆنە بەعسى وسەرۆك هۆز و ڕەفیق حیزبییانە نین ،كە ڕۆژگارێك لەگەل بەعسدا كاریان كردووە،وەك ئەوەى حیزبەكان دەیانەوێ وا وێناى بكەن (واش نییە!)،چونكە ئەوكات خەلك وتەنانەت جاشەكانیش حەقیانە بپرسن و(دەشپرسن!) ئەرێ بۆچى گەر سەرۆك خێلێك پەیوەندى بە بەعسەوە هەبوبێت جاشە!بەلام گەر سەرۆك حیزبێك یان سیاسییەك هەمان پەیوەندى هەبوبێت باشە !بۆچى پەیوەندى حیزبەكان بەڕژێمى بەعسەوە (كەخیانەتێكى گەورەیە)بە دبلۆماسییەت حیساب بكرێت و هى سەرۆك هۆزەكانیش بە تاوان ؟بەڕاستى ئەمە هیچ عەدالەتێكى تیا نییە..چونكە چ ئەوەى سیاسیەكان وچ ئەوەى سەرۆك خێلەكان لە پەیوەندى بە بەعسەوە كردوویانە، هیچ فەرق ناكات هەردووكیان جاشایەتین .تەنها جیاوازییەكە لەوەدایە ئەوەى سیاسیەكان كر دوویانە،ئابڕوبەرانەتر بووە.لە كۆتایدا دەپرسین ئایا حیزبەكان ،كە بەر لە هەر كەس جاشایەتیان كردبێ ،دەتوانن لێپێچینەوە لەگەل كەسدا بكەن ؟ یان هەر ئەسلەن هەقى ئەوەیان هەیە بەكەس بلێن جاش؟؟وەلامى مرۆڤى ژیر بۆ ئەم پرسیارانە(نەخیر)ە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە