من پزیشکم ئەزانم خوێنی مرۆڤ سوورە بەڵام من خوێنم سەوزە!

Monday, 06.22.2009, 12:00

2383 بینراوە


گه‌ر ویستت: ماڵئاوایی له‌ پێشکه‌وتن و زانست بکه‌یت، نه‌خوێنده‌وار بکه‌یت به‌ فه‌یله‌سوف، جه‌للاد بکه‌یت به‌ یاساناس، مرۆڤ کوژ بکه‌یته‌ مرۆڤ دۆست، کۆمه‌ڵێک ئیفلیج بکه‌یت، ژیان بوه‌ستێنیت، هزر و بیرکردنه‌وه‌ قفڵ ده‌یت، ئه‌وا ئاسانترین و نزیکترین و کورتترین ڕێگه‌ بگره‌ به‌ر ئه‌ویش زانکۆیه‌، تا ده‌توانیت ده‌ست بخه‌ره‌ قووڕقوڕاگه‌ی و نه‌یه‌ڵیت هه‌ناسه‌ بدات و نوزه‌ی لێببڕه‌ و بیخنکێنه‌، ئه‌وکات ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت زۆر ئاسانه‌‌ ده‌سه‌ڵات! چیت ده‌وێت بیکه‌ ده‌سه‌ڵات! به‌حیزباندنی زانکۆ یان کوردانه‌تر بڵێین خنکاندنی زانکۆ، ته‌نها هه‌نگاوی زیره‌کانه‌ و بیرلێکراوه‌ی ئه‌م دوو مافیایه‌ له‌ مێژووی پڕ له‌ نوشستیاندا که‌ ده‌بێت بۆیان تۆمار بکرێت ئه‌ویش مراندنی زانکۆکانه‌ ، ئه‌وانه‌ که‌ خۆیان جێ مابوون له‌ کاروانی پێشکه‌وتن و مه‌عریفه‌ و زانست چاویان هه‌ڵنه‌ده‌هات که‌ که‌سانی تر بێته‌ به‌ردیدیان له‌وان دانا تر و گونجاوتر بن و نه‌خوازه‌ له‌ داهاتویه‌کی نزیکیشدا چه‌نده‌ها ڕۆڵه‌ی زیره‌ک و بلیمه‌تی تر په‌روه‌رده‌ بکه‌ن ، چۆن ڕێگه‌ به‌ کارێکی واده‌ده‌ن، چۆن ده‌یانتوانی ئه‌وه‌ هه‌زم بکه‌ن که‌ خه‌ڵکی له‌ خۆیان کراوه‌تر هه‌بن و ئه‌وان فڕێبدرێنه‌ زبڵدانی مێژووه‌ وه‌ گه‌ر جێ مابێت بۆیان، بۆیه‌ که‌وتنه‌ کار، تا بۆیانکرا زانکۆیان له‌ مه‌نگه‌نه ‌دا، هاتن به‌ هه‌ڕه‌مه‌کی ژماره‌ی کۆلیج و زانکۆکانیان زیادکرد بێئه‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌به‌ری سه‌ره‌تایترین پێداویستیه‌کانیان بۆ مسۆگه‌ر بکه‌ن، هه‌رچی کوڕی حیزب بوو کردیاننه‌ سه‌رۆک زانکۆ و ڕاگر و سه‌رۆک به‌ش ، ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ویشیدا نه‌یده‌بینی ببێته‌ ستافی وانه‌بێژی ئێستا مامۆستای زانکۆیه‌، ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ڕۆژێکیش چیه‌ ڕه‌نجی له‌گه‌ڵ زانکۆ نه‌دابێت کراوه‌ته‌ به‌رپرس و شاره‌زا و پسپۆڕی پلاندانانی خوێندنی باڵا، گه‌وجێکی وه‌ک نه‌جده‌تی حه‌للاق که‌ خۆی ناوناوه‌ نه‌جده‌ت ئاکره‌یی پێرێ شه‌و هه‌شت زانکۆی حکومی ناوهێنا له‌ نێویاندا زانکۆی سلێمانی پزیشکی که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بوونی نیه‌، باشه‌ ئه‌مه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بێت له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندن، واوه‌یلا به‌حاڵی ئه‌وانی تر، ئێستا ئاستی خوێندن له‌ زانکۆکاندا به‌جۆرێک دابه‌زیوه‌ شه‌رمه‌ وه‌ک دامه‌زراوی زانستی ئه‌ژمار بکرێن، به‌ڵێ هه‌ردوو مافیا جاهیله‌که‌ کارێکیان کردوه‌ به‌ زانکۆ به‌ ده‌یه‌یه‌کی تر ڕاست ناکرێته‌وه‌، کۆمه‌ڵێکیان تێکداوه‌ به‌ هه‌زاران پیاوی زانا نایه‌ته‌وه‌ سه‌ر سکه‌، تۆوێکیان چاندووه‌ وا به‌رهه‌مه‌که‌ ده‌بینین له‌ هاوشێوه‌ی ڕاگری کۆلیجی پزیشکی سلێمانی، ببینن و سه‌یر بکه‌ن و ئیجازه‌ بده‌ن به‌ عه‌قڵتان بۆ ساتێک، به‌ چ پێوه‌رێک پیاوێکی وا نه‌زان ده‌کرێته‌ ڕاگری کۆلیجێکی گرنگی پزیشکی که‌ بێشه‌رمانه‌ و ساکارانه‌ و نه‌فامانه‌ بڵێت:
من پزیشکم ئەزانم خوێنی مرۆڤ سوورە بەڵام من خوێنم سەوزە! ئه‌مه‌ سه‌وزبونی ئه‌و تۆوه‌یه‌ که‌ حیزب چاندویه‌تی وا چه‌که‌ره‌ی کردوه‌ و سه‌ری ده‌رهێناوه‌، له‌وه‌ش گێلانه‌تر بڵێیت:
من ئەندامى یەكێتى نیم بەڵام لەسەر بێشكە ئەندامى یەكێتى بووم، گه‌ر ئا ئه‌مه ده‌ربڕینی ڕاگری کۆلیجێک بێت به‌رامبه‌ر به‌رهه‌می سه‌رچۆپی گێڕی ئاهه‌نگه‌کانی له‌دایک بوونی سه‌دام له‌ له‌نده‌ن ، ده‌بێت ئه‌م زانا نه‌فامه‌ له‌ بۆنه‌ی تردا و له‌ حزوری جاهیله‌کانی تری حیزبدا چیتر بڵێت، له‌خۆڕا نیه‌ عه‌زیز سه‌رسپی ده‌زگای زانیاری که‌ بڕوانامه‌یه‌کی نه‌بووه‌، ئیستا‌ ببێته‌ خوێنکاری کۆلیچ و زانای کوڕی خه‌سره‌و دڕک به‌ شه‌هاده‌ی ته‌زویره‌وه‌ بێته‌ زانکۆ و نازناز محه‌مه‌د و چنار سه‌عد و دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان ببنه‌ خاوه‌ن دکتۆرا به‌بێ هیچ ئیستیحقاقێک و بێ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وامیشیان کردبێت.
داخه‌که‌م له‌و هه‌موو ئه‌کادیمیه‌ پایه‌ به‌رز و زانا و خاوه‌ن بڕوانامه‌ و لێهاتوانه‌ی کورد له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان پیاوی وا له‌رزیو و زه‌لیل بێن و ببنه‌ پێشه‌نگی زانست، که‌ فڕیان به‌سه‌ریه‌وه‌‌ نیه،‌ بۆیه‌ وا له‌ هه‌ڵبژاردن نزیکین گه‌ر ده‌تانه‌وێت ده‌ستی حیزب له‌ بنا ببڕن تا نه‌یه‌ته‌وه‌ زانکۆ، گه‌ر ده‌تانه‌وێت دکتۆری ساخته‌ دروست نه‌بێ، گه‌ر ده‌تانه‌وێت جه‌للاده‌کانی پاراستن و زانیاری له‌ نه‌فام و نه‌زانه‌وه‌ نه‌بنه‌ پیاوی دواڕۆژ ، گه‌ر ده‌تانه‌وێت خه‌رمانی بیر و هزری کورد تاڵانفرۆش نه‌کرێت، ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی ئه‌م ڕۆژی دواکه‌وتن و پاشکه‌وتنه‌یان له‌ زانکۆکاندا دروستکردوه‌، ده‌نگ بده‌ن به‌وانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ و خواستیانه‌ بۆ یه‌کجاری ده‌ستی ڕه‌شی حیزب له‌ زانکۆکاندا له‌ بنا بقرتێنن.

سه‌رنجی کوردستانپۆست:
بۆ زانیاریی زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌م دکتۆره‌ خوێن سه‌وزه و‌ کۆنه‌ به‌عسییه، تکایه‌‌ کلیکی ئه‌و لینکانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌، که‌ له‌ چه‌ند بابه‌تێکی تردا باسی لێوه‌ کراوه‌:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=6f6a93f0

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=04b50ea0