کۆنگرەی نەتەوەیی: ئەو منداڵەی بە مردوویی لەدایک دەبێت..!

Monday, 12/08/2013, 12:00

1617 بینراوە



هەروەک ڕاگەیەنراوە، بڕیارە ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەڕێوەوبچێت. و ئەم هەواڵەش هەر لە گەڵ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکارییدا، هیواو گەشبینییەکی لەڕادەبەدەری لای خەڵکی کوردستان درووست کردووە.
گەشبینییەکەش لەمەوە سەرچاوەی گرتووە کە بۆیەکەمینجار لەدیرۆکی خەڵکی کوردستاندا نزیک بەتەواوی پارتەسیاسییەکانی گشت بەشەکانی کوردستان لە بنمیچی یەک تەلارداو پێکەوە کۆدەبنەوە. و دیسانیش بۆیەکەمینجار کۆبوونەوەیەکی لەم ئاستەدا دەبەسترێت و وڵاتانی دەوروبەریش جاڕز ناکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەئەمە بۆخۆی پێشکەوتنێکی گەورەیە، ئایا ئامانجی کۆنگرە هەرئەمەیەو بەس. یان چاوەڕوانییەکانی خەڵک شتێکی ترن..؟ و کوردستان پێویستی بە شتێکی ترە..؟
بەرلەهەرشت دەبێ ئەمە بسەلمێنین کە گردبوونەوەیەکی لەمجۆرە، تەنیا لەبەرئەوەی جاری یەکەمەو بەواتای لابردنی کۆسپێکە بەگرنگییەوە هەڵدەسەنگێنرێت. دەنا ئەگەر ئەم گردبوونەوانە بۆچەندجار بەردەوام بن و هەنگاوی بەهەندی تریان بەدوادا نەیەت، لەبری هیوا، ڕەشبینی دەخوڵقێنن. و لەکارێکی گەورەی دیرۆکییەوە دەبن بەڕۆتینێک کەسەرنجی کەس بۆلای خۆی ڕاناکێشیت و شتێکی وای لێ درووست دەبێت کەوەک کۆمکاری عەرەبی لێبێت. کەکۆبوونەوە لەپێناوی کۆبوونەوەدا ببەسترێت و تەواوی بڕیارو ڕێنوێنییەکان لە چوارچێوەی دەستەواژەو ڕستەدا قەتیس بمێنن و دیواری تەلاری کۆبوونەوەکان دەربازی دەرەوە نەکات.
بەداخێکی زۆرەوە، هەر لە ئێستاشەوە سیمای داهاتووی ئەم کۆنگرەیە لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ڕەش خۆی دەنوێنێت و هەرکەس بەووردی بەدیرۆکی دوورو نزیکی ئەم پارتەدا بچێتەوە بەئاسانی بۆی دەردەکەوێت، کە ئەو کۆنگرەیەی خەڵکی کوردستان بەگشتی چاوەڕوانی دەکەن، لەژێر دەسەڵات و کاریگەریی پارتیدا کەهێزێکی خاوەن توانایە، بەدینایەت و ئەوەی ئەم پارتە لەکۆنگرەی نەتەوەیی دەخوازێت تەواو شتێکی ترو پێچەوانەی بانگاشەو درووشمەکانە.
هەموو نیشانەکان ئەمەدەردەخەن کە پارتیی دەخوازێت کۆنگرەی نەتەوەیی بکاتە ئەو ئامرازەی لەمیانییەوە باڵادەستیی خۆی و بچوککردنەوەی تەواوی لایەنەکانی تر بەسپێنێت. گەرچی ئەگەر ئەم ڕەفتارە سیاسییە لەچوارچێوەیەکی ئەخلاقیدا بێت تائاستێکی زۆر ڕەوایە، کە ڕەنگە هەر پارتێکی سیاسیی تریش هەوڵی بۆبدات بەڵام ئەوەی پارتیی، هەموو سنوورە سوورەکان و بنەمائەخلاقیەکانی دەربازکردووە.
لەمڕەووە، ڕەنگە کێشەی ڕۆژئاوای کوردستان، باشترین نموونە بێت.
هەموو دەزانین کە ئەم بەشەی کوردستان، بەتایبەتی لەم چەند هەفتانەی دوواییدا ڕووبەڕووی چ هێرش و پەلامارێکی چەتە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆتەوە. و چۆن خەڵکی سڤیلی کورد ڕەشەکوژدەکرێت. کەچی بابەتێکی ئاواگەورە، جارێکی تر دەبێتەوە بابەتی بازاڕی و کێشمەکێشی پارتایەتی. و دەبینین لەبەرئەوەی لەم بەشەوی کوردستاندا (پەیەدە)، سەردەست و زاڵەو ئەم پارتەش نزیک بەپارتی کرێکارانی کوردستان و خۆی لەژێر ڕێبەرایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا دەبینێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرگای سنووری نێوان باشوورو ڕۆژئاوا دادەخات. و یانیش بەجۆرێک و لەشوێنێکدا دەیکاتەوە کە یارمەتییەکان بە لایەنگرانی خۆی و بەتایبەتیش (ئەلپارتی)، کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نزیکەو خۆی لەژێر ڕێبەرایەتی  مەسعود بارزانیدا دەبینێتەوە بگات. و تەنانەت مامەڵەیەکی وا لەگەڵ ئەم هەموو قوربانیانەدا دەکات کە خەڵکی ڕۆژئاوا ڕۆژانە پێشکەشی دەکات. کە گوایا ئەمانە هەموو درووستکراون و لەبناغەوە جێگای گومانن.
هەربۆیەش ڕۆژی ١٠/ ی حوزەیران، مەسعود بارزانی بەخەمساری و شەرمەوە زۆری لەخۆی دەکات و بەدەنگدێت. بەڵام چ بەدەنگهاتنێک..؟ دوای ئەوەی دامودەزگاکانی جیهان و نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرانبەر دڕەندەیی ئەو هێرش و پالامارانەدا بەدەنگهاتن و دیمەنەکان لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ئێنتەرنێتەوە پەخش کرانەوە، ئەمجار بەڕێزیان هێشتا بەگومانەو دەخوازن لێکۆڵینەوە بکرێت داخوا شتێکی لەمجۆرە ڕوویانداوە یان نا.. و ئەمەش لەواتایەک بەملاوە شتێکی تری نییە. کە بریتییە لە خۆدەربازکردن لەبەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و هەڵمژینی ناڕەزایی پرس و گومانەکانی ڕای گشتی.
پارتیی، کە بەلێدوانی هەڵخەڵەتێنەرانە، دەخوازێت وای نیشان بدات کە دەرگای سنووری نێوان باشوورو ڕۆژئاوا هیچکات دانەخراوە، ئاگایان لە لێدوانی بەرپرسانی (ئەلپارتی) نییە کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی ڕووداوو زاگرۆسی خۆیانەوە، دەستخۆشی لەپارتیی و سەرۆکایەتی هەرێم لەداخستنی ئەو دەروازەیە دەکەن. چونکە گوایە ئەمە کارێکی ڕەوایەو ڕێگا لە بازرگانیکردنی (پەیەدە) دەگرێت. لێدوانێکی وەهاش لەهەر کەسایەتییەکی سەربەپارتی و پەروەردەی ئەو قوتابخانەیە ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. چونکە سیاسەت لای خۆیان بەواتای هەڵڵوشینی تەواوی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان و پێیانوایە کەپارتەکانی تریش هەردەبێ وابن..!
پارتیی بەهیچ جۆرێک ناتوانێت ماهیەتی خۆی لەوەی سەرکردایەتیەکەی پتر لەگرۆپێکی مافیایی دەچێت تا دەزگایەکی سیاسیی بشارێتەوە. و ئەمە ڕاستییەکە گەرچی بەرژەوەندییە سیاسیی و ماڵیەکان، ڕیگا نادەن هەمووان بەڕاشکاویەوە بیڵێن، بەڵام ڕاستییەکە لای لایەنگرانی خودی ئەم پارتەش شاراوە نییە.
سیاسەتی ڕکێفکردنی تەواوی لایەنەکان و قۆرغکردنی گۆڕەپانی سیاسیی تا ئەو جێگایە ڕۆیشتووە، کە لایەنێکی گەورەی وەک یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، لەپاشکۆیەکی بێدەسەڵات بەولاوە هیچی تری لێ نەماوەتەوەو ئەگەر هەرچی زووە فریای خۆی نەکەوێت، ئەوەندەشی لێ نامێنێتەوە.
پارتیی، تەواوی ئەو ڕەفتارە ناشایستانەی خۆی بەناو یەکیەتیشەوە دەکات کە هاوبەشی دەسەلاتەو لە ڕووی سیاسیشەوە هەر وایە. چونکە یەکیەتی یان دەبێ بەکردەوە نیوەی ئەو دەسەڵاتەی لەدەستدا بێت و لانیکەم ئەگەر پێویست بوو بتوانێ بڵت: نا. یانیش گەلێک شەرافەتمەندانەترە کەلەو دەسەڵاتە بێتە دەرەوەو هێزو توانای هەرچەندێک بێت لە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزدا ، کە چەندان جار کاریگەرتر دەبێت، بخاتە گەڕ.
پارتی دیوکراتی کوردستان سیستەمێکی پارتایەتی وای لەباشووری کوردستاندا ئاوا کردووە، کە تەنیا لە میرنشینەکانی کەنداودا هاوشێوەی هەیەو دەشخوازێت ئەم مۆدێلە فاشل و کۆنەپەرستانەیە بە تۆبزی ئاودیوی سنوور بکات و بەشەکانی تری کوردستانیش تووشی ڤیرۆسی دەسەڵاتی مافیاو شەڕی ناوخۆ بکات.

 کۆنگرەی نەتەوەیی لەژێر چەتری ڕێبەرایەتی پارتی دیموکراتی کودستان و کەسایەتی  مەسعودا، هیچکات بەوجۆرەی پێویستە بەدینایەت. و ڕاشکاوانەو بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە دەڵێم کە نەبوونی باشترە. و هێندە نابات کە دیبینیتن چۆن هیواکانی خەڵک لەمڕووەوە دەبنە بڵقی سەرئاو.


دارا مەحمود
[email protected]

١٢-٨-٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە