بە بڕیارى مەكتەبى سیاسى، ئەندامانى پارتى دەنگیان بە بزووتنەوەى ئیسلامى داوە

Thursday, 30/07/2009, 12:00

1668 بینراوە



تایبەت:
لە پێناو دژایەتى هەردوو حزبە ئیسلامییە گەورەكەى كوردستان (یەكگرتووى ئیسلامىو كۆمەڵى ئیسلامى) لە هەڵبژاردنى ئەمجارەدا پارتى جگە لەوەى بە چەندین شێوە هاوكارى بزووتنەوەى ئیسلامى كردووە، ڕۆژى هەڵبژاردنیش چەندین ئەندامى خۆى ڕاسپاردووە كە دەنگ بە لیستى بزووتنەوەى ئیسلامى ژمارە 58 بدەن.
بە كیتابێكى فەرمى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان ژمارە (90083/596) ى بەروارى (23/7/2009) كە لە ژێر ناونیشانى (نهێنىو تایبەت)و بە واژۆى (فازیل میرانى) ئاڕاستەى هەردوو لقى (12ى هەڵەبجەى شەهیدو 2ى ناوشارى هەولێر)كراوە، ڕاسپێردراون كە چەند لیژنە ناوچەیەكى خۆیان ڕاسپێرن بۆ ئەوەى دەنگ بە لیستى بزووتنەوەى ئیسلامى ژمارە 58 بدەن، هەر لە كیتابەكەدا ئەو ڕوون كراوەتەوە كە نابێت دەنگەكان لە 15000 هەزار كەمتر بێت، چونكە پێناچێت خۆیان بتوانن چەند هەزار دەنگێك بە دەستبهێنن. بە گوێرەى زانیارییەكانیش ئەگەرچى پێناچێ هەردوو لقى هەڵەبجەى شەهیدو هەولێر توانیبێتیان بەم بڕیارەوە پابەند بن بەڵام زۆر ڕوونە كە توانیویانە زیاتر لە 17000 هەزار دەنگ بۆ لیستى بزووتنەوەى ئیسلامى تەزویر بكەن.
هەر لەو بارەیەوە ئەندامێكى سەركردایەتى بزووتنەوەى ئیسلامى كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت وتى " دوو ڕۆژ پاش هەڵبژاردن ئێمە لەو كیتابەى مەكتەبى سیاسى پارتى ئاگادار كراین ئەویش لە ڕێگەى لقى 12 ەوە، چونكە لە ڕاستیدا تەوقعمان نەبوو ئەوەندە دەنگ بهێنین، ئەمەش بە ڕاستى سەیر بوو لامان".
شیاوى باسە كە بزووتنەوەى ئیسلامى بە ژمارە 58 لە هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەمجارەدا بەشدارییان كردو بە گوێرەى ئەنجامە بەراییەكان ڕێژەى 1,45% ى دەنگەكانى بەدەست هێناوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە