ئەو پرسیارانەى پێویستە ئاسایشی بازگەكان خۆی لێ بەدوور بگرن !

Sunday, 20/10/2013, 12:00

1504 بینراوە





ئاسایش ئەو دەزگا هەستیار و كاریگەرەیە كە بەچاوى (ئەمنى قەومى) ناوزەد دەكرێ و ڕۆڵی كارا و كاریگەریەكانى لەهەر كۆمەڵگایەكدا بەبێ جیاوازى ئاین و ئاینزا و دەنگ و ڕەنگ و ڕەگەز، زامنى دەستكەوتە مرۆییەكانە بۆ سەرتۆپی چین و توێژەكان، كە ئەوان شەونخونى دەكێشن و ماندوونەناسانە شەو دەنێنە سەر ڕۆژ لەدەستخستنى زانیاری و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو مەترسیانەى زەنگى هەڕەشە لەسەر ژیانى هاوڵاتیان دروست دەكەن..ئاسایش ئەو تاقە دامەزراوەییە لەسایەیدا هەمووان بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ و نیگەرانى لەماڵەوە لێی دەخەوین و ئەوانیش لەتەك كارەكتەری پۆلیسدا باری ئارامى گشت لایەكمان لەكونج و كەلەبەری ئەو وڵات و هەرێمە دەستەبەر بكەن.

هاوكاری هاوڵاتیان بۆ هەر دیاردەیەكى نەشاز و نامۆ لە زوو ئاگاداركردنەوەى دەزگاكانى ئاسایش ئەركێكى نەتەوەیی و نیشتمانیە، دەبێ هەموو تاكێك خۆی بە تاكێكى نێو ریزەكانى ئاسایش و پۆلیس بزانێ و ببێتە ڕەقیب بەسەر ئەو دەستە چەپەڵ و نەگریسانەى نەخوازەڵا بیانەوێ لەبچووكترین بۆشایی و دەرفەتدا ڕەوشی ئارامى ئەم هەرێمە بشێوێنن و پشێوى بنێنەوە.

رۆحی خاكویستى و خۆشەویستى خاك دەستە جەمعی گەرەكە و دڵسۆزى هەموو لایەكى دەوێ خۆیان بەخەمخۆری ئەو خاكە بزانن و بەكردەوە بوونى خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستە بسەلمێنن.

ئاسایشی هەرێمى كوردستان بەبەراورد لەگەڵ ئاسایشی عێراق جیاوازى ئاسمان و ڕێسمانە و تەقینەوەكانى ڕۆژانەى شارەكانى ناوەڕاست و خواری عێراق ئەوە دەردەخەن كە دەزگاكانى ئاسایشی ناوەند لەئاست ئەو ئەركانەدا نین كە دەكەوێتە سەر شانیان و هاوڵاتیانیش خۆیان بە بەشێك لەو كێشەیە نازانن و لەو پێناوەدا ئامادەنین بە بچوكترین زانیاری ببنە هەماهەنگ و هاوكاری و لەم ڕووەوە پەیوەندى بە دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بكەن. هەڵبەتە زیاتر ئەو حاڵەتەی دابڕان و پچڕانى پردی پەیوەندییەكان زیاتر بۆ دژایەتى كوتلە سیاسیەكان و بەرژەوەندی باڵای مەزهەبێك بەسەر ئەویتر دەگەڕێتەوە كە بەو هۆیەى ململانێی لایەنە سیاسیەكان جەنگێكى ساردى گەرماو گەرمى گۆڕەپانەكە و هەمیشە لەپەرەسەندن دایە، لەخۆنەبوردن و یەكتر قەبوڵكردن زەمینەى بۆ تەقینەوەكان خۆش كردوە و بۆیە دەبینین تەقینەوەكان درێژەیان هەیە، وەلێ مایەى خۆشبەختیە ئەو بارودۆخە لەهەرێمى كوردستان بەدى ناكرێ و زۆر دەگمەنە و لەهەموو دونیایش بەوڵاتە پێشكەوتوەكانى ئەمریكا و وڵاتانى ئەوروپا سەرەڕای دەوڵەمەندیان لەبواری تەكنەلۆژیا و چەكى سەردەم و زانیاری هەواڵگری، ئەوجا ناتوانن سەد دەر سەد بەر بە تیرۆر و تۆقاندن و خۆ تەقینەوە بگرن، ئەوەش نابێتە پاساو بۆ ئەوەى بڵێین: دەى مادام هاوكێشەكە بەم شێوەیە، دەى چ قەیدی دەكا ئەگەر لەهەولێر و شارەكانى دیكە هەمان شت ڕوو بدەن، لەوەشدا مەبەست ئەوەیە دەبێ بۆ هەر ڕووداوێ قسەی خۆمان هەبێ و پەند لە كەم و كوڕییەكان وەربگرین و كار لەسەر هۆكارەكانى سەرهەڵدان بكەین و ئەوڕێو شوێنە ئەمنیایە بگرینە بەر بۆ ئەوەى هەمان شت دووبارە نەبێتەوە.

كورد قسەیەكى جوانى هەیە دەڵێ: دار كرمى لەخۆی نەبێ هەزار ساڵ دەژێ..دەبێ هەر هەوڵێك بۆ بونیادى پشێوى، لەلایەن هەر دەستە و تاقم و گروپ و حزب و لایەنێ درا، هەموو ئەو دەستانە ببڕدرێ كە دەبنە چاوساغ و ڕێبەری تیرۆریستان و هەموو ئەوانەى چاویان بەو ئاسایشە هەڵنایێ، ئەوەش بەڕێگرتن دەكرێ لەدزەكردنى نەیاران تا نەتوانن بچووكترین دەرفەت بقۆزنەوە و كارە نەگریسەكانیان لە هەرێمەكەمان تاقی بكەنەوە، بەتایبەت دزەكردنیان لەڕێی چوونە ناوەوە لەڕێی بازگەكانى دەروازە سەرەكیەكان كە لەو ڕوانگەوە هەندێ سەرنج و تێبینم لەلادا گەڵاڵە بووە و بۆ بەرژەوەندی گشتى حەز دەكەم تیشكى بخەمە سەر:

یەكەم: ڕاستە لەهەڕەمى كاركردن لە لوتكەدا ئاسایشی هەولێر و سلێمانى یەكیان گرتۆتەوە، بەڵام خەڵك تێبینى هەیە و زۆرێ دەپرسن: بۆچی لۆگۆی ئاسایشی بازگەكانى سەر بە پارێزگای سلێمانى جۆرێكە و لۆگۆی بازگەكانى ئاسایشی هەولێر و دهۆكیش جۆرێكى ترە؟ لێرەوە لەپەرۆشی خۆم و ڕەواندنەوەى تەم و مژی ئەو قسە و قسەلۆكانەى خەڵك دەیكەن گوایە هێشتا شوێنەواری دوو ئیدارەیی ماوە و هێشتان دوو ئاسایشمان هەیە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندارەكان پەلە بكەن لەسەر دانانى لۆگۆیەكى یەكگرتووى هاوبەش كە گوزارشت لەهەموو ئاسایشی هەرێمى كوردستان بكات نەوەكو بچێتە سنووری سلێمانى و لەدوورەوە چاوى بەو لۆگۆیە بكەوێ ئەوەى بەمێشك دابێ ئاخۆ بۆچی تا ئێستا دەزگاكانی ئاسایش یەكیان نەگرتۆتەوە، ئەوەش كارێكى ئەوەندە قورس و زەحمەت نیە نەتوانرێ و بوێری و خەمخۆری بۆ خاك و نیشتمان ئەو بابەتە یەكلایی دەكاتەوە.

دووەم: گەلێ جار خەڵكانێ گلەیی لەو ئاسایشانە دەكەن كە ئەركى بازگەكانیان پێ دەسپێردرێ بەوەى خوو و خدەیان بەهەندێ پرسیاری تەقلیدى گرتووە و بەردەوام وەكو قەوانى سواو لێی دەدەنەوە كە ئەوەش پێویستە لایەنى بەرپرس لەسەری بووەستێ و كار بۆ ئەكتیڤكردن و ئەلتەرناتیفی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە: بەدەیەها جار لەبازگەكان تەنها یەك پرسیارى عەنتیكە دەكەن كە زۆر بەئاسانى دەتوانى خۆتى لێ ببووری و بەوەڵامێكى نادروست دەسخەڕۆی بكەی، وەكو ئەوەى كە لێت دەپرسێ: ئەرێ سندوق چی تێدایە؟ ڕەنگە ئەگەر پڕی لەماددەى تەقینەوە و تێنتى بێت تۆ بەوەندە لەدەستى بابای ئاسایش ڕزگارت دەبێ كە بڵێی: نەوەلڵا هیچی تێدا نیە و ئەویش پێت دەڵێ: فەرموو بڕۆ.

ئەو لێكۆڵینەوە سەتحیە و پرسیاركردنێكى وا سادە شتێكى لۆژیك نییە، یان دەبێ سندوقی پشتەوەى پێ بكاتەوە و سەیری شتەكانى ناوەوەى بكات، یان ئەو پرسیارە زیادە، واتە پرسیار نەكردنى لەكردنى باشترە.

پرسیارێكی تر كە ئەویش بۆتە وێردى سەر زوبان: كاكە لە كوێوە دێی؟ بەرای من ئەو پرسیارە بۆ ناوەوەى شارەكانى هەرێم زیادە، چونكە ئەوەى نیەتى پیس و گڵاوبێ قەت ناوی ئەو شوێنەی بۆ بەیان ناكات كە لێیەوە دێ.

پرسیارێكی دیكەیش ئەوەیە: تۆ كوردی یان عەرەبی و كارەساتی گەورە لەوەدایە ئەوەى لەو بازگانە دادەندرێ نەخوێندەواربن، كە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، پێشنیار دەكەم دەزگای ئاسایش كار لەسەر ئەوە بكات لەڕێی خول و ۆرك شۆپەوە ئەو كارمەندانە گۆش بكات چۆن ڕەفتار و مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان دەكەن؟ بە چ زمانێك دەدوێن نەخاسمە ئەوانەى لەدەرەوەى هەرێم دێنە ناوەوە بەشێوەیەكى تایبەت و ئەوانى تریش بەشێوەیەكى گشتى ، ئەوەش بۆ دوو بەش پۆلین دەكرێن:

1- ئەوانەى لەبەرچاون و ناسراون و ڕۆژانە بە بازگەكان گوزەر دەكەن.

2-ئەوانەى غەوارە و نامۆن.

زۆر گرینگە كەسی پرۆڤیشناڵ لەو بازگانە بوونیان هەبێ بەتایبەت ئەوانەى دەرچووى كۆلێژی ئاداب و پەروەردەن لە بەشەكانی دەروونناسی و كۆمەڵایەتى بەتایبەت ڕەهەندى كۆمەڵناسی هۆكارێكە تا لەڕێی تێڕامان و تیلە نیگا و تەماشاكردنێكەوە ئەو خەڵكە بەگومانانە بناسیەوە و بتوانى سام و هەیبەتى ئەو دەزگایە لەو شوێنە بپارێزى، لەوەشدا مەشقپێكردن و ڕاهێنان و ناردنە دەرەوەى كارمەندان بۆ سوود وەرگرتن لە تەقەنیاتى وڵاتان و ڕێگاكانى پیادەكردنى ئەو ئەركە، دەبێ یەك لە ئەجێندا هەرە لەپێشینەكانی دەزگای ئاسایشبێ بۆ ئەوەى زیاتر باری هێمنى و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان دابین بكات.

سێ یەم: جاران(لەسەردەمى گۆڕ بەگۆڕی سەدام) كە باس لە دەزگای ئەمن و ئیستیخبارات دەكرا، مرۆ لەجێوە دەتۆقی و ترس و سامى وەك سێبەرێ لەناخى هەموو تاكێكى كورد دروست كردبوو كە چ دەزگایەكى تۆقێنەر و داپڵۆسێنەرە، بەڵام لەسایەی ئازادی و ئەو ڕەوشە ئارامەى لەهەرێمى كوردستان هاتۆتە ئاراوە، هەمدیس بۆ ڕەوینەوەى تەم و مژی ئەو بیرۆكەى جاران كە خەڵك لێی دەسڵەمیەوە و حەزى بەناو هێنانى نەدەكرد، پێویستە دەزگای ئاسایش بە خەڵك ئاشنابكرێ و هەمووان بە دەزگای خۆیان بزانن ئەوەیش دەكرێ هەڵمەتى نیشتمانى لەپێناودا ئەنجام بدرێ دەرهەق بەهەموو ئەوانەى تا بەئەمڕۆ ڕادەگات دەزگای ئاسایش بەنامۆ دەزانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە