شه‌هیدی سه‌ركرده‌ د. فوئاد مه‌عسوم

Monday, 08.17.2009, 12:00

2313 بینراوە


له ‌سه‌رو گه‌ڕه‌كی توی مه‌لیك، کاتی خۆی یه‌کێتی نیشتیمانی چه‌ند دۆنمه‌ زه‌وییه‌کی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی داگیرکر و گه‌ڕه‌كێكی نوێی لێدروست کرد به‌ ناوی گه‌ڕه‌كی شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌كان‌.
ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ خانوی نایاب و زۆر سه‌رده‌میی تێدا دروست كراوه ، ته‌نها دراوه‌ به‌ شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌كان وه‌كو شه‌هید ئارام، شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و به‌ ناو چه‌ندین شه‌هیدی سه‌ركرده‌ی تر. شایه‌نی باسه‌ ناوی شه‌هیده‌كانیش له‌سه‌ر مـاڵه‌كان به‌ فۆنتێكی گه‌وره‌ نووسراوه‌، ئه‌گه‌ر بته‌وێت سه‌ردانی هه‌ر ماڵه‌ شه‌هیدێك بكه‌یت پێویست ناكات بپرسیت، چونکه‌ یه‌کسه‌ر ده‌یدۆزیته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ چوویته‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه‌ سه‌یری پێشی ماڵه‌كان ده‌كه‌یت و ناوه‌کان ده‌خوێنیته‌وه‌‌. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت سه‌ردانی ماڵی شه‌هید شه‌هاب بكه‌یت ئه‌وا به‌ ئاسانی ده‌دۆزرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای سه‌رسورمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌پاڵ ماڵی شه‌هید مامۆستا عه‌زیز خانویه‌ك دروست ده‌كرێت، جارێ ئاشكرا نییه‌ كه‌ ئه‌و خانوه‌ بۆ چ شه‌هیدێك دروست ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی  ئێمه‌ ده‌یزانین و له‌ لای ئێمه‌ ئاشكرایه‌، ئه‌وه‌یه‌ زه‌وییه‌ به‌ناوی كه‌سێكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ ناوی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ (د.فوئاد مه‌عسوم)ه‌، ئیستاش وا خه‌ریکن ده‌یکه‌ن به‌ خانوو.
‌شه‌هیدی سه‌ركرده‌ د.فوئاد مه‌عسوم، که‌س نازانێت که‌ی و له‌ کوێ شه‌هید کراوه‌، یان که‌ی ڕژێمی به‌عس له‌ سێداره‌ی داوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانین ئه‌م شه‌هیده‌ ئه‌مڕۆ زیندووه‌ وه‌کو من و تۆ دێت و ده‌چێت، هه‌ناسه‌ ئه‌دات ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌.
د. فوئاد مه‌عسومی شه‌هیدی سه‌رکرده‌‌، ئه‌و زه‌وییه‌ی به‌ 25 ده‌فته‌ر دۆلار به‌ ده‌زگای خانوبه‌ره‌ی شه‌هیدان فرۆشتۆته‌وه، ئێستا ئه‌و‌ خانوه‌ی لێدروست ده‌كرێت وه‌ک له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌یبینن.


شه‌هیدی سه‌رکرده‌ د. فوئاد مه‌عسوم، که زه‌وییه‌که‌ی‌ به‌ 25 ده‌فته‌ر دۆلار فرۆشتوویه‌تی

ماڵی شه‌هید مامۆستا عه‌زیز

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر