کاوە گەرمیانی ئەو مرۆڤەی بەدوای ڕاستییدا گەڕا، کە دۆزییەوە لە پێناویدا گیانی بەخشی

Wednesday, 03/12/2014, 12:00

1909 بینراوە


کاوە گەرمیانی و بێدەنگی رۆشنبیرانی کورد
بوێری و ئازایەتی جۆرێکە لە پەیوەندیکردن و هەڵسووکەوت، کە مرۆڤ لەناخی خۆیدا دەیکاتە پراکتیک و لەیەکدانەوەی بۆ دەکات و فێردەبێ لە باروودۆخێکی تایبەتیدا بیروبۆچوون و هەستی خۆیی بەکردەوە دەسەلمێنێ.
ئەگەر ئازایەتی و بوێری نەبوایە، لەسەرەتای مێژووەوە، مرۆڤەکان نەیاندەتوانی خەباتبکەن لەپێناو ژین و ژیاندا و لەبەر ئاژەڵە دەڕەندەکان لە ئەشکەوتەکانەوە بێنەدەرەوە و لەترسی مردن، دەمردن.
ئێستاش بەهەمان شێوەی جاران ئەگەر ئازایەتی کەسەکان نەبێت ئەوا مرۆڤ لە دەست دیلی و جەوروستەمی دیکتاتۆر و دەسەڵاتداران ڕزگاریان نابێت و چاوبەروژێر دەژین و بە داماویی سەردەنێنەوە.
جا لەبەر ئەم هۆکارانەیە زۆربەی زۆری خەڵک دەیانەوێ وەکوو کەسانی جووامێر و ئازا قوربانیبدەن، بەڵام لە ڕاستییدا ئەگەر وردتر بیربکەینەوە، دەبینین کە زۆرنیین ئەو مرۆڤانەی بەکردەوە دەیسەلمێنن و نەیانهێشتووە مافی مرۆڤەکانی تر بە زۆرەملی لەلایەن کەسانی هەلپەرەست و زۆردارەوە زەوتبکرێت.
جا لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە ئەوانەی ئەم ناو و نیشانە دەکەنە ئامانج، کەسانی هەڵکەوتووی ناو کۆمەڵگان و بە هەڵسووکەوتی مەردانەیان دەبنەهۆی ستایشکردن و شانازی نەتەوەکەیان و دەبن بەو کەسە قارەمانەی، کە هەر لە سەرەتای جووانییانەوە و تا مردن بە هەڵوێستی جەوانمەردانەیان ڕووبەڕووی هەر نادادپەروەرییەک کە بەرانبەر بە مرۆڤ بکرێت، ئەوان لێی دێنەدەنگ، خۆیان بەخاوەنی کێشەکانیان دەزانن و بەشێوەیکی ڕاستەوخۆ لەتەک ئازارەکانی خەڵکی هەژار و مافخوراودا دەژین و بۆێرانە بەرەنگاری زۆرداران دەبنەوە..!

شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانیش نموونەی ئەو مرۆڤە ئازا و جووامێرانە بوو، کە وەکوو پێشمەرگەیەکی خۆبەخش خەمەکانی خەڵکی ستەمدیدەی دەڤەرەی گەرمیان و گشت کوردستانی لەکۆڵ گرتبوو و بە دوای ڕاستییەکاندا وێڵبوو و لەڕێگای گۆڤاری (ڕایەڵ)وە کە خۆیی و هاوڕێکانی بە داراییەکی کەمەوە بەچاپیان دەگەیاند و کۆمەڵگایان ئاگاداردەکردەوە و بەرگرییان لە مافەکانی خەڵکی بەشخووراو و ژەمبوردە دەکرد و لەسەر ئەو گەنەخۆرییەی، کە بەرپرسانی ئەمڕۆ ئەنجامیاندەدا و سەروەت و سامانی خەڵکیان داگیردەکردوو و دەدزی و منداڵی خەڵکیان دەڕفاند و دواجار بە دەفتەرە دۆلار بەرەڵایان دەکرد.
کاوە گەرمیانی لەلایەن کەسانی ناسراوی ناوچەی گەرمیانەوە زۆر ترسنۆکانە شەهیدکرا و پاشانیش لەلایەن هەردوو بنەماڵەی دیوەخانسالاری دەباشان و سەریڕەشەوە پەردەپۆشی ئەو تاوانە قێزەونە کراو هەردوولایان ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی چاوبپۆشن لە کوشتنی ئەوانەی پەردە لەسەر دزی و تاوانەکانی هەردوولایان هەڵدەدەنەوە. هەرچۆن یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی بێدەنگن بەڕامبەر کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان، ئەوا لەوبەریش پارتی و سەرکردایەتییەکەی بەهەمان شێوە بەرانبەر بە تیرۆری کاوە گەرمیانی بێدەنگییان هەڵبژاردووە و ئەگەر هەندێکجار پەیوەندی هەردوو بنەماڵە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەتی کوردستان تێکچووبێ، ئەوا وەکوو تانە و تەشەر ئەم تاوانانە دەدەنەوە بە چاوی یەکتریدا و دیسان جارێکیتر لە هەڵبژاردنەکاندا یاری بەهەستی خەڵک دەکەنەوە و لە پێناوی بەرژەوەندی بنەماڵە و دەسەڵاتەکانیانا هەستی خەڵکی دەورووژێنن و دواجاریش کە ڕێکەوتنەوە ئیتر هەرهەموو شتێکیان بیردەچێتەوە و وەکوو بەرزەکی بانان نە بایان دیبێت و نە باران، بێجگە لەوانیش پارتە ئیسلامییە سیاسییەکان و گۆڕانیش بێدەنگیان پێوە دیارە و وەکوو دۆسییەکی جددی کاریان لەسەر نەکردووە.
ئەگەرچی زۆربەیان بەشدارن لە دەسەڵاتدا و بۆ ئەوەی نەکەونە بەرگازندەی خەڵک، جار جارە شەرمنانە لە میدیاکانیانەوە باسی ئەو تیرۆرە دەکەن، میدیای ئازدیش بوون بەو کەرەستەیەی هیچیتریان لێ سەوزنابێ بەرامبەر دەسەڵاتی بنەماڵەکان و مایەپووچ دەرچوون و زۆربەیان دەستەمۆ کراون..!
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ئەوەی ئەم دەسەڵاتدارانە دەیکەن دەچێتە قاڵبی سەپاندنی دەسەڵاتەوە و بەوشێوەیە یاریی بە کۆمەڵگا دەکەن و هێزی بنەماڵەی دیواخانسالاری خۆیان بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن و لە ڕێگای ترس و تۆقاندن و تیرۆرەوە، تۆڵەی ئەو بێ ئابڕوویی و نادادپەروەرییەی خۆیان لە نەیارانیان دەکەنەوە..!

بێگوومان کاوە گەرمیانی یەکەم شەهید و دوایین شەهیدی پێنووس و ئازادی نییە و بەڵکوو بەدەیان هاوڕێی کاوە بەشیوازی جۆراوجۆر درێژە بە خەباتی دەدەن و داکۆکیکاری سەرسەختی خەڵکی ستەمدیدە و بەشخوراون و ڕێبازی ئەم قارەمانە مرۆڤدۆستە وونناکەن.
هاوڕێیانی پێنووسەکەی کاوە بەردەوام بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەژار و ئازادیەکانیان دەکەن و بەگژیاندا دەچنەوە و ڕسوایان دەکەن، هەرچەنە ئەو کەسانە بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتداران و کۆیلەکانیانەوە تووشی شاڵاوی سووکایەتیپێکردن و هەڕەشە دەبنەوە و هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان، کە ئازاریان پێبگەێنن و تیرۆریان بکەن.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە مەردایەتی و لەخۆبردوویی کاوە گەرمیانی بۆ گەلەکەی، هەرگیز لەبیرناکرێ و لەلایەن خەڵکی بەئەمەک و ئازادیخوازەوە ئەستێرەیەکی گەشاوەی قارەمانێتی و جووامێرییە و یادی لە دڵی هەموو کەسێکی بەویجدداندا هەیە و تاهەتایە بەزیندووی دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ دادگاکان بوون بەداردەستی بەرپرسان ودەسەڵاتداران، وا سبەینێ بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دادێت و پیلانگێڕانی پشتی پەردەی ئەو تیرۆرە لە دادگای گەلدا دادگایی دەکرێن و بەسزای گەڵ دەگەێندرێن..!

مەنسور جەلال
e9fcژمارەی ناسنامە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە