(دانا ئەحمەد مەجید)ەكەى گۆڕان كفری خستە ژێر پێیەوە

Monday, 03/08/2009, 12:00

2058 بینراوە


بە چ پێوەرێك رەوایە سلێمانی لەساڵی 2008دا 200 ملیار دینار بوودجەكەى بووە، شاری كفریش 2 ملیار، یاخود بۆ پردێكی نێو شاری سلێمانی 8ملیارو 600 ملیۆن دینار سەرفكراوە كەچی كفری 2 ملیار، واتا كفری حسابی پایەیەكی ئەو پردەى بۆ نەكراوە، ئەمەش لەسایەى دەسەڵات و ئیرادەى (دانا ئەحمەد مەجید)ی پارێزگاى سلێمانى، كە خۆیشی ناونابوو گۆڕان.

لەكاتێكدا كفری شارێكی دێرینی كوردستانەو مێژووەكەى بەقەد مێژووى سلێمانییەو لەكۆندا بە شاری وەزیران ناسراو بووە، هەرچەندە رەنگە جەنابی پارێزگا بڵێت بودجە بە پێی ژمارەى دانیشتوان تەرخانكراوە، بەڵام خۆ دەكرا وەك چۆن زۆر لەبەرپرسان و رۆژنامەنووسان و خەڵكی شارەكە داوایان لێ كردی كە لەگەڵ ژمارەى دانیشتواندا رێژەى كاولكاریش لەبەرچاو بگرن، بۆ نەتانكرد و لەپێناو چی؟، ئەم شارە لە1991ەوە تاوەكوو ساڵی 2003 لەژێر رەحمەتی تۆپبارانی بەعسدا بووەو وێرانكراوە، سلێمانیش لەو ماوەیەدا فیشەكێكی بەرنەكەوتووە. خۆ ئێمەش هەر كوردین و نەوەى خۆتانین، بۆچی بە گوێتان نەكردین و داواكارى كاولكارییمانتان شەق تێهەڵدا؟!، بۆیە پشتگوێ خستن و كاولكردنی ئەو شارە لەئەستۆی دانا ئەحمەد مەجیدەو ئەو لێی بەرپرسە، چش لەو گۆڕانخوازە گەندەڵ و نایەكسانە.

ئێمە وەك گرووپی گەنجان لەكفری ساڵی پار 2008 16 خاڵ داواكاری شارەكەمان خستە بەردەمی، حسابی جگەرەكەى دەستی بۆ نەكردو یەك خاڵیشی جێبەجێنەكرد، بۆچی نەتانكرد، خۆ كورسییەكانی ئەمڕۆی گۆڕان بەرهەمى ئەو گەنجانەن و هەر ئەو گەنجانەش قبوڵیان نییە نموونەى وەكوو ئەو كابرایە بخرێتە سەر كورسی دەسەڵات، ئیدی پێویست ناكات بە خۆتان بڵێن گۆڕانخواز..

بۆیە دەبێت بزووتنەوەى گۆڕان ئەگەر بەڕاستی پشت و پەناى میللەتن و دژی گەندەڵدۆستەكانن، ئەو جۆرە كەسانە لەبوارى ئیدارە دوو بخەنەوە، واتا چیتر نەیانخاتەوە سەر كورسی و دەسەڵاتیان پێ ببەخشرێت، بەڵام رێز لەخەبات و ماندووبونیان بگیرێت، چونكە ئەگەر گۆڕان ئەو جۆرە كەسانە بخاتەوە سەر كورسی ئەوا ئاییندەی لەیەكێتی و پارتی باشتر نابێت.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە