موراد قەرەیلان وەڵامى كوردستانپۆست دەداتەوە

Saturday, 02.27.2010, 12:00

1303 بینراوە


به‌رێزان خه‌باتکارانی سایتی کۆردستانپۆست

سه‌ره‌تا سڵاو و رێزتان ئاراسته‌ ده‌که‌ین. به‌رێزان ئه‌و بانگه‌وازییه‌ی که‌ له‌ سایته‌که‌تان بۆ ئێمه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، گه‌ییشته‌ ده‌ستمان. سۆپاسی هه‌ستی به‌رپرسیاری ئێوه‌ی به‌رێز ده‌که‌ین. ئێمه‌ ئه‌و هه‌ستیارییه‌ی ئێوه‌ به‌ باشی تێده‌گه‌ین، به‌تایبه‌تیش ئه‌و هه‌ستیارییه‌ی که‌ بۆ پاراستنی ته‌ڤگه‌ری ئێمه‌ نیشانی ده‌ده‌ن به‌ روومه‌ت پێشوازی ده‌که‌ین.

دۆستانی به‌رێز
پرسی کورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا به‌ قۆناخێکی زۆر هه‌ستیادا تێپه‌رده‌بێت. به‌تایبه‌تی گه‌لی کورد به‌ تێکۆشانی ماندونه‌ناسانه‌ی خۆی چاره‌سه‌ری پرسی کوردی له‌ رۆژه‌ڤی جیهان و هه‌رێمه‌که‌دا به‌ جێکردوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌ لایێکی تریشه‌وه‌ ده‌بینین که‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر به‌و پێشکه‌وتنانه‌ی گه‌لی کورد به‌ هه‌موو شێوه‌یێک که‌وتونه‌ته‌ هه‌وڵدانه‌وه‌ و سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی و پشتیوانی له‌ یه‌کتر زیاتر په‌ره‌ پێده‌ده‌ن. پێویسته‌ له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی کورد، کۆتایی به‌و پارچه‌بون و په‌ته‌وازه‌ییه‌ بێنێت، ره‌وشی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک هه‌ر چۆنێک ده‌بێت با ببێت، پێویسته‌ له‌ سه‌ر بنگه‌ی یه‌کیتی نه‌ته‌وه‌یی پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی پێشبخرێت و رێباز و سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتیانه‌ بونیاد بنرێت. ئه‌وه‌ بۆ داهاتوی گه‌لی کورد پێویستیه‌کی زۆر گه‌وره‌یه‌. بۆ بۆنه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ گرینگیه‌کی له‌ راده‌به‌ده‌ر ده‌ده‌ینه‌ سیاسه‌تی دیموکراتی و نه‌ته‌وه‌یی. ئێمه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که‌ ئه‌مرۆکه‌ له‌ رۆژه‌ڤی باشوری کوردستان و ئێراقدایه‌ زۆر گرینگ ده‌بینین و به‌ هه‌ستیاری و هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ چاوی لێده‌که‌ین. ئێمه‌ نامانه‌وێت که‌ به‌ شێوه‌یێکی زۆر جیاواز مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ لیسته‌کان بکه‌ین. به‌راستی ده‌بینرێت که‌ هه‌موشیان وه‌کو یه‌ک نین، کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازییان هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌ هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌یی نزیکی هه‌مویان ده‌بینه‌وه‌. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه، ده‌رک کردنی ئه‌و ره‌وشه‌ هه‌ستیاره‌یه‌ که‌ گشتی سیاسه‌تی کورد تێدا ده‌رباز دبێت. ‌هۆکاری دووه‌مینیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رنامه‌ی سیاسی لیسته‌کاندا له‌ پێناوی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ئه‌و قۆناخه‌ هه‌ستیاره‌ی کوردستان ‌که‌م و کۆری و لاوازی ده‌بینین. له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌، پێویستی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی باشوری کوردستان به‌ سیاسه‌تێک هه‌یه‌ که‌ خاوه‌ن ناوه‌رۆکێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی دیموکراتیانه‌ بێت، هه‌ڵوێست و تێروانینی نه‌ته‌وه‌یی به‌ بنه‌مابگرێت و پاڵ بداته‌ هێزی گه‌وهه‌ری خۆی و ئیراده‌ی گه‌لی کورد. واتا سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتی که‌ پشت به‌ گه‌له‌که‌ی ببه‌ستیت و له‌ گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ ته‌نیا به‌ ئامانجی پێشخستنی دیپلۆماسی له‌ پێوه‌ندیدا بێت. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی به‌مشێوه‌یه‌ په‌یره‌و نه‌کرێت ناتوانێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان وڵامده‌ره‌وه‌ بێت. له‌ چوارچێوه‌ی دینی دا بێت یا خۆد له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و سیاسی، سیاسه‌تێک که‌ پاڵده‌داته‌ هێزه‌ هه‌رێمی یان هه‌ندێ هێزی جیهانی، ناتوانێت چاره‌سه‌رییه‌کی بنگه‌یی بۆ کێشه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ له‌ سیاسه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌کاندا که‌م و کۆری دبینین و بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ بۆچونێک له‌سه‌ر سیاسه‌تی تایبه‌تی لایه‌نه‌کان، پێویستی به‌ چاودێری زیاتر هه‌یه‌ و کات ده‌خوازێت. له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ نزیک بونه‌وه‌یێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌ گونجاوترین هه‌ڵوێست ده‌بینین.
له‌ باشوری کوردستاندا پارتیه‌ک که‌ نزیکی خه‌ت و رێبازی ئێمه‌ بێت پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستانه‌ که‌ به‌ لیستی تایبه‌تی خۆی به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌بوه‌. هۆکاره‌کانی به‌شدار نه‌بونیشیان بۆ رای گشتی راگه‌یاندوه‌. به‌ڵام جه‌ماوه‌رێکیشی هه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ ئاراسته‌ی بکات و ده‌رهه‌قی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ رێنومایی و سیاسه‌تێکی هه‌بێت. به‌ قه‌ناعه‌تی ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ زۆر گرینگه‌ و پێویسته‌ کۆمه‌ڵگای کورد به‌ فراوانی به‌شداری تێدا بکات بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی کورد له‌ ئێراقدا به‌هێزبێت و قورسایی هه‌بێت. سه‌ره‌رای که‌م و کۆرییه‌کانیش ئێمه‌ هه‌ڵوێستێکی به‌و شێوه‌یه گونجاو ده‌بینین‌ و پێویست ده‌بینین که‌ پشتگیری له‌ که‌سایه‌تی شیاو و دیموکرات و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بکرێت. (پ چ د ک)ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ نێو لیسته‌کاندا و له‌ ئاستی که‌سایه‌تیدا، له‌ گه‌ڵ ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌ شیاو و گونجاوی بینیبێت هاوپه‌یمانی کردوه‌ و پشتگیریان لێده‌کات. ئێمه‌ رێزمان بۆ ئه‌و بریاره‌ی (پ چ د ک) هه‌یه‌. راسته‌ کۆما جڤاکێن کوردستان سیستمێکی هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر پارتی و ده‌زگایێک به‌ گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و به‌شه‌ی که‌ تێدا خه‌بات ده‌کات، به‌ شێوه‌یێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانن بریار بگرن و ئه‌وانیش وه‌ها بریاریان داوه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئێمه‌ رێز له‌ بریاری (پ چ د ک) ده‌گرین. ئێوه‌ ده‌ڵێن که‌ بۆچی (پ چ د ک) پشتیوانی له‌ لیسته‌ی هاوپه‌یمانی کوردستان ده‌کات. ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگادارین (پ چ د ک) له‌ نێو لیسته‌ی ناوبراودا له‌ ئاستی که‌سایه‌تیدا له‌ چه‌ند که‌سێک هاوپه‌یمانی کردوه‌ و ده‌نگیان پێده‌دات. که‌ ده‌نگ بداته‌ چه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیسته‌یه‌ هاوکات به‌ شێوه‌یێک واتای پشتیوانی لیسته‌که‌ش ده‌دات. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌ نایێت که‌ هه‌موو پاڵێوراوانی ئه‌و لیسته‌ باش یان خراپ بن. بۆ نمونه‌ له‌ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌ پارێزگای سلێمانیدا دوکتۆر مه‌حمود عوسمان هه‌یه‌ که‌ که‌سایه‌تیه‌کی وڵاتپارێزه‌ و به‌ گرانی خاوه‌ن هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌یی بوه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ (پ چ د ک) ش هاوپه‌یمانی له‌ گه‌ڵ کردوه‌ که‌سێکی باش بێت به‌ڵام ناتوانین به‌و به‌رێزه‌ بڵێن که‌سێکی خراپه‌. له‌و باوه‌ره‌دام که‌ ئێوه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌زانن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌یێکی ره‌ش یان سپی دا نزیکبونه‌وه‌ له‌ جێدا نابینین. ده‌بێت له‌ هه‌ر لیسته‌یێکدا مرۆڤی باش و دیموکرات که‌ گرێدراوی دۆزی گه‌له‌که‌یان بن هه‌نه‌، بۆیه‌ ئێوه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ نزیک ببنه‌وه‌ گونجاوه‌. ئێمه‌ له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌و پرسه‌ ده‌گرینه‌ ده‌ست و به‌ شێوه‌یێکی به‌تاکتیکی به‌ڵکو ستراتیژی نزیک ده‌بینه‌وه‌. ئێمه‌ باش ده‌زانین که‌ رێکخستنه‌ سیاسیه‌کانی باشوری کوردستان هێشتاش به‌ نیسبه‌تی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵوێستی خۆیان روون و یه‌کلایی نه‌کردوه‌ته‌وه‌ و هه‌تا ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ ئیستیخباراتی هه‌ندێ له‌ حیزبه‌کان له‌ سه‌ر ته‌ڤگه‌ری ئێمه‌ زانیاری کۆده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یده‌ن به‌ هێزه‌ بیانیه‌کان، هه‌وڵدانیان هه‌یه‌ که‌ کادیر ئه‌ندامانمان له‌ ئێمه‌ دابرن. ئه‌و سیاسه‌ته‌یان هێشتا رانه‌وه‌ستاوه‌. بۆ نمونه‌ له‌ ساڵی 2004 دا هه‌ندێ که‌سی خه‌ڵکی رۆژئاوای کوردستان که‌ له‌ ئێمه‌ دابرابون، به‌ دانانی بۆسه‌یێک له‌ موسڵ 5 هه‌ڤاڵی ئێمه‌یان شه‌هید کرد که‌ له‌ ناویاندا هه‌ڤاڵ شیلان کۆبانێ هه‌بو که‌ ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌رێوه‌به‌ری که‌جه‌که‌ بو و له‌ ته‌ڤگه‌ره‌که‌ماندا خاوه‌ن رۆڵ بو شه‌هید کرا. له‌و کاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ئێمه‌یا‌ن شه‌هید کرد له‌ یه‌کیتی نیشتیمانی کوردستان، هه‌رچی مانگه‌ 15000 دۆلار وه‌رده‌گرن. یه‌نه‌که‌ ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئێمه‌ دابراون و دژایه‌تی ئێمه‌ ده‌که‌ین ئه‌و پاره‌یه‌یان پێده‌دات. وه‌کوتریش زانیاریمان هه‌یه‌ که‌ یه‌نه‌که‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ ئێمه‌ دابراون و ده‌یانپارێزێ مانگانه‌ 45000 دۆلار سه‌رفده‌کات. ئه‌وانه ئێستا چ فایده‌یێکیان بۆ که‌س نیه‌ و ته‌نیا به‌ دوای ژیانی خۆیان که‌وتون. ئه‌وانه‌ راستین به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ وه‌کو ئه‌وان نزیک نابینه‌وه‌، ئێمه‌ لاوازیه‌کانیان له‌ دژی ئه‌وان به‌کارناهێنین و به‌ هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ین و ده‌مانه‌وێت که‌ به‌رپرسیارانی یه‌نه‌که‌ ش ئه‌راستیانه‌ ببینن و ده‌ست له‌ سیاسه‌تی دژایه‌‌ی به‌رده‌ن. له‌و قۆناخه‌دا پێویسته‌ که‌سێک سیاسه‌تی دژایه‌تی کردنی یه‌کتر په‌یره‌و نه‌کات ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئێمه‌ ده‌خوازین که‌ له‌ سیاسه‌تی کورد دا لاپه‌ره‌یێکی نوێ بکرێته‌وه‌. له‌و لاپه‌ره‌ نوێیه‌دا نه‌ ته‌نیا شه‌ر و ناکۆکی هه‌ڵگیرێت، دیاره‌ ئه‌وه‌ پێویستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره و پێویسته‌ له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ رابێت به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ ته‌نیا به‌س نیه‌. له‌ سیاسه‌تی کورددا تێکۆشانی ئایدۆلۆژی و دیموکراتیانه‌ پێویسته‌ به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا پشتیوانی یه‌کتریش پێویسته‌ ، پلاتفۆرمی هاوبه‌ش پێویسته‌ و هاوکاریش پێویسته‌. چونکه‌ ئه‌گه‌ر له‌و مه‌رحه‌له‌یه‌دا سیاسه‌تی کورد هاوکاری یه‌کتر نه‌که‌ن ئه‌وا نه‌یاران به‌ په‌رته‌وازه‌یی ده‌توانن لاوازی بکه‌ن و پاکتاوی بکه‌ن. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که‌ ئێمه‌ په‌یره‌وی ده‌که‌ین بۆ هیچ که‌سێک نیه‌. بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورده‌ که‌ ئه‌و هه‌موو ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژی و قوربانیه‌ی داوه‌. پێویسته‌ له‌ خه‌می داهاتوی ئه‌و گه‌له‌دا بین. له‌ پێناوی داهاتوی ئه‌و گه‌له‌دا ئێمه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ له‌ رابوردوودا له‌ دژی ئێمه‌ خراپه‌شی کردبێت لێی ببورین‌ و به‌باشی و هه‌ڵوێستی پۆزێتیڤانه‌وه‌ سه‌یری بکه‌ین و به‌ گشتی هه‌ڵوێستی ئه‌رێنی و پۆزێتیڤانه‌ له‌ سیاسه‌تی کورددا پێشبکه‌وێت و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێداگری له‌ ئایدۆلۆژی و رێبازی خۆماندا ده‌که‌ین. به‌گوێره‌ی رێبازی ئایدۆلۆژی و سیاسیمان، له‌ سیاسه‌تی ئه‌مرۆی باشوری کوردستاندا که‌م و کۆری ده‌بینین، به‌ڵکو هه‌ندێ لایه‌ن که‌م و کۆری زیاتر یان که‌متریان هه‌بێت به‌ڵام به‌ گشتی سیاسه‌تێک که‌ ‌ ببێته‌ وڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و قۆناخه‌ و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له‌ ئارادانیه‌. به‌ڵام دیسانیش هه‌وڵده‌ده‌ین که‌ پشتیوانیان بکه‌ین چونکه‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی کورد له‌ ئێراقدا به‌هێزبێت بۆ گشتی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌فایده‌یه‌. هیوادارین که‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئێمه‌ بۆ سیاسه‌تی کورد هه‌م په‌یامێک بێت و هه‌م وه‌کو نمونه‌یێک به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت. رێبازی سیاسه‌تی ئێمه‌ به‌ ئاشکرایی وه‌هایه‌ و به‌ر له‌ هه‌موو که‌س به‌ راستی سیاسه‌تی خۆمان باوه‌ریمان هه‌یه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌خوازین که‌ سیاسه‌تی کورد له‌ باشور له‌ سه‌ر هێڵی راست و به‌هێز پێشبکه‌وێت. بۆ نمونه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمه‌وه‌ وه‌کو که‌رکوک، دیاله‌، موسڵ، نه‌ینه‌وا‌، شه‌نگال و... نوێنه‌رایه‌تی کورد به‌هێزبێت و باشتر وابو که‌ به‌ یه‌ک لیست بکه‌نه‌ هه‌ڵبژارنه‌وه‌. ئێستا که‌ وه‌هانه‌بوه‌ به‌ڵام گه‌لی کورد پێویسته‌ هه‌ڵوێستی دیموکراتی و نه‌ته‌وه‌یی به‌بنه‌ما بگرێت. ده‌کرێت کورد له‌ نێو خۆدا به‌ پره‌نسیپی دیموکراتی رکابه‌ری و تێکۆشان بکه‌ن که‌ به‌راستی ئه‌وه‌ پێویستیه‌کی دیموکراسیه‌تی کورده‌ و پێشکه‌وتنی دیموکراسی کاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌ پێشکه‌وتنی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییش ده‌بێت و هه‌ردوو ته‌واوکه‌ری یه‌کدین. هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتی پێویسته‌ ببێته‌ رێنومایی بنگه‌یی بۆ سیاسه‌تی کورد. له‌و باوه‌ره‌داین که‌ سیاسه‌تی که‌جه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ سیاسه‌تێکی راسته‌ و له‌و قۆناخه‌ مێژوییه‌دا پێشخستنی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتیانه‌ بۆ کورد گرینگ ده‌بینین و هیوادارین که‌ که‌س و لایه‌نی نیشتیمانپه‌روه‌ری وه‌کو ئێوه‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نزیک ببنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی که‌جه‌که‌ له‌ روانگه‌یه‌وه‌ لێکبده‌نه‌وه‌. له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ جارێکیتر سڵاو و رێزتان ئاراسته‌ ده‌که‌م و سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم له‌ خه‌بات و تێکۆشانتاندا.

موراد کاراییڵان
سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌رێوه‌به‌ری کۆما جڤاکێن کوردستان
25-2-2010 ‌ ‌ ‌