كۆنگرە چارەنووسی یەكێتی بەكوێ دەگەیەنێت؟

Friday, 28/05/2010, 12:00

1466 بینراوە



*ئەم كۆنگرەیە لە رووی هەلومەرجی كاتەوە زۆر درەنگە تا بتوانێت چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەكانی ناو یەكێتی بدۆزێتەوە
*تاڵەبانی دەیەوێت لەرێی كۆنگرەی سێیەمەوە زەمانەتی دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەكەی بكات
*باڵی كۆسرەت رەسوڵ دەیانەوێت بەسەختی و بەوپەڕی شێلگیرییەوە بەرەورووی باڵی گشتیی ببنەوە
*بەرهەم ساڵح دەزانێت ناتوانێت ببێتە سكرتێری یەكێتی، بەڵام هەوڵدەدات هیچ نەبێت پۆستە حزبییەكەی ئێستای لەدەست نەدات
*چاكترین كارێك لەگەڵ ئەم سەركردایەتییەی ئێستای یەكێتیدا بكرێت خانەنشیكردنیانە

مانگی ئایار بۆ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان مانگێكی چارەنووسساز بوو، چوونكە دوای دوو شكستی هەڵبژاردن و جیابوونەوەی نزیكی نیوەی سەركردایەتی پێشووی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی دووەمەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستیپێكرد بەمەبەستی پاڵاوتنی نوێنەران بۆ كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی كە وا بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ببەسترێت. ئەگەرچی لەوەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەیە بەردەوام كۆكتێلێك بووە لە مەیل و باڵ و گرایشە جۆراوجۆرە سیاسییەكان، بەڵام پێدەچێت ئەم كۆنگرەیە بەرواڵەت بیەوێت كۆتایی بەم نەریتەی ناو یەكێتی بهێنێت چوونكە هۆكاری سەرەكیی قەیرانەكانییەتی و لە ئاكامیشدا گەورەترین ئینشقاقی لێكەوتەوە كە نەوشیروان مستەفا سەركردایەتی دەكرد.
كۆنگرەی سێیەم بۆ یەكێتی كۆنگرەی مان و نەمانە، چوونكە ئێستا و داهاتووی یەكێتی بەندە بەو بڕیار و هەنگاوانەی ئەم كۆنگرەیە دەیانگرێتە بەر، بەندە بەدەرئەنجامەكانی ئەم كۆنگرەیەوە، ئەگەر كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بێت، ئەوە دەتوانێت وزەیەكی نوێ بەژیانی یەكێتی ببەخشێت و خوێنی تازە بخاتە دەمارەكانییەوە بەپێچەوانەشەوە هەرچی زیاتر شكستی یەكێتی چەند قات دەكاتەوە و رەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بیخاتە بەردەم شكستێكی یەكجارییەوە، بۆیە دەتوانین ئەوە بڵێین كۆنگرە بۆ یەكێتی كە لە نەخۆشێك دەچێت لە گیانەڵادا بێت وەكوو نەشتەرگەرییەكی سەخت و ئاڵۆز خۆی دەنوێنێت، ئیدی ئەم نەشتەرگەرییە یان سەركەوتنێكی گەورەی بەدواوەیە یان ئەوەتا گیانی نەخۆشەكە دەبێتە باجی شكستەكەی.
دەربارەی كاتی كۆنگرەی سێی یەكێتی
بەلانیكەمەوە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەبووایە پێنج ساڵ بەر لەئێستا ببەسترایە، چوونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پێویستە ئەو حزبە هەر چوار ساڵێك كۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێ و بەم پێیە بووایە دەبوو ئێستا یەكێتی هەشت كۆنگرەی ببەستایە و سەرقاڵی ئامادەكاریی بووایە بۆ كۆنگرەی نۆیەم، بەڵام هەمیشە بەهۆی گرژیی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتییەوە نەتوانراوە كۆنگرەكان لە كاتی ئاسایی و یاسایی خۆیاندا ببەسترێن. بۆیە هەمیشە وادەی پلینۆم و كۆنگرەكان لە كاتی ئاسایی خۆیان دواخراون بۆ ئایندە، ئەمەش بۆ ئەوە بووە كێشە ناوخۆییەكان لەناو كۆنگرەكاندا نەتەقنەوە، ئەمە ئەگەر لەلایەكەوە توانیبێتی كێشە هەڵپەسێردراوە ناوخۆییەكان دوابخات و رێگە لە تەقینەوەی بگرێت، لە سەرێكی ترەوە زیانێكی گەورەی لە جەستەی یەكێتی داوە و رێگە و كەناڵ و رایەڵی تری دۆزیوەتەوە بۆ تەقینەوە.
بەبڕوای من هاتنە دەرەوەی سەركردەكانی باڵی ریفۆرم و هەواداران و لایەنگرانیان لە یەكێتی بەشێكە لەو پرۆسەیەی كە یەكێتییە ناڕازییەكان لە رێگەی كەناڵ و دەرچەی ترەوە كێشەكانی خۆیان لەگەڵ سەركردایەتی ئێستای یەكێتی یەكلایی كردەوە، ئەگەر یەكێتی لە یەك دوو ساڵی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق "2003" كۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستایە، بەلانیكەمەوە هاتنە دەرەوەی ئەو ژمارە بێشوومارەی سەركردەكاتی یەكێتی تا دەگاتە ئەندامی خواری خوارەوە بەم قەبارە و قورساییەی ئێستا نەدەبوو، من بێگوومانم لەوەی ئەگەر كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی لە كاتی ئاسایی خۆی كۆنگرەی ببەستایە و لەسەر بنەمای یەكتر قبوڵكردن و پاراستنی ریزەكانی یەكێتی و بە شەفافانە ئەو كۆنگرەیە بەڕێوە چووبایە، ئەوە هیچ ئیمكانی نەبوو باڵی ریفۆرم هەروا بەو خێراییە ریزەكانی حزبەكەیان جێبهێَڵن، ئاخر ئەگەر ئەوەش روویدابایە، ئەوە بێ هیچ سێ و دوویەك بەم قورسایی و كاریگەرییەی ئەمێستاوە نەدەبوو.
كۆنگرەی سێی یەكێتی لەرووی هەڵبژاردنی كاتەوە، كەوتۆتە كاتێكی زۆر درەنگەوە، درەنگە، چوون كێشەكانی ئەو حزبە بەتەواوەتی تەقیوونەتەوە و ئەوەی لەژێر بەڕە بوو ئێستا هاتۆتە سەر بەڕە. بەمانایەكی تر بایەخ و گرنگیی ئەم كۆنگرەیە لە رووی هەلومەرجی كاتەوە زۆر لەوە درەنگترە تا بتوانێت چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەكانی ناو یەكێتی بدۆزێتەوە، بەڵكوو بەپێچەوانەوە زۆرینەی بیروڕاكان لەسەر ئەوە كۆكن ئەو كێشە مێژوویی و قووڵانە زۆر لەوە سەخت و قووڵترن كۆنگرەیەكی ئاوها درەنگوەخت بتوانێت لە ریشەوە چارەی بكات، كاتەكە هیچی لە بەرژەوەندیی یەكێتی ناچێتە پێشەوە، لە چەند ساڵی رابردووشدا بەفیڕۆدانی هەر رۆژێك و دواخستنی هەر كاتژمێرێكی كۆنگرە لێدانێك بووە لە چارەنووسی رووناكی ئەو حزبە، تاكوو بارەكە بەوە گەیشتووە هەموو هیواكان بە كۆنگرە كز و لاواز بوون تا ئەو كۆنگرەیە بتوانێت ماڵی یەكێتی یەكبخاتەوە و یەكێتی بكاتەوە بەو هێزەی جاران لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا حیسابی لەسەر دەكرا.
كێشەی بنەماڵەی تاڵەبانی
رەنگە لەم بۆچوونەدا تەنیا دەرنەكەوم، چوونكە لەسەر ئەو رایەم، یەكێتی درێژكراوەی باڵی چەپی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە ساڵی 1964 لەژێر ناوی باڵی مەكتەبی سیاسیی لە باڵی مەلا مستەفا بارزانی خۆی جودا كردەوە، لەناو هەناوی باڵی مەكتەبی سیاسیی- پارتی كۆمەڵێك رۆشنبیر و كادر و سەركردەی سیاسیی دەركەوتن، كە زیاتر سەرسامبوون بە بیرۆكەی ماركسیزم- لێنینیزم، هاوبیرانی ئەم رەوتە نارەسمییە زیاتر لە دەوروبەری گۆڤاری "رزگاری" كۆبوونەوە كە "نەوشیروان مستەفا" بەرپرس و خاوەن ئیمیتازی بوو.
یانزەی ئازاری 1970 وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی نوێی باشووری كوردستاندا، چوونكە ئەوە بۆ یەكەمجار بوو كورد لەچوارچێوەی عێراقدا و لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە مافی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەریی پێبدرێت، هەر لەم ساتەوەختانەدا بەهۆی سەركەوتنەكانی باڵی بارزانی- پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، باڵی مەكتەبی سیاسیی رووبەڕووی شكست و هەڵوەشاندەوە رۆیشت. ئەم دوو فاكتەرە واتە فاكتەری ئازادیی دوای یانزەی ئازار و فاكتەری هەرەسی باڵی مەكتەبی سیاسیی، هێندەی تر دەستە چەپەكەی ناو باڵی مەكتەبی سیاسیی لەدەوری بیرۆكەیەك كۆكردەوە بۆ دامەزراندنی رێكخراوێكی نهێنی چەپ بەناوی "كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان" كە دواتر ناوەكەی بۆ "كۆمەڵەی رەنجدەران" گۆڕا و لەپاش هەرەسی 1975یش بووە هەوێنی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و دروستكردنی حزبێكی بەرەیی لە چەشنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.
ئەگەر دیقەت بدەین سەركردە و هەڵسوڕاوە چالاكەكانی یەكێتی و كۆمەڵە، جیا لەوەی گەنج بوون، لەهەمان كاتدا بەشی زۆرینەیان خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و رۆشنبیرانی شاری بوون، بۆیەكا خەسڵەتی سەرەكیی ئەم حزبە نوێیەدا لەوەدا چڕ دەبووەوە دژی هەموو كۆت و بەند و كولتوورە خێڵەكیی و هۆزگەراییەكانی ئەوسای كوردستان بوو، ئەم گەنجانە بۆ خۆ جیاكردنەوە لە پارتی و دروستكردنی شۆڕشی نوێی كورد، پەنایان بۆ ماركسیزم برد، ئەمەش بووە هۆی هێنانە پێشەوەی لاوانی ماڵباتە هەژار و چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵ، لەگەڵ دەستەیەك رۆشنبیری شاری وردە بۆرجوازیی كە هەموویان سەرسامبوون بە بیرۆكەی سۆسیالیستی.
یەكێتی وەك ئەم هێزە چەپە رادیكاڵە نەیدەتوانی لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵەییدا هەڵبكات، بەدرێژایی بیست ساڵی یەكەم 1970-1991 مام جەلال وەك سیاسییەكی شاری و چەپ و تەنیا لە بنەماڵە و هۆز و خزم و كەسوكار دەردەكەوێت، بەرواڵەت وای نیشاندەدا وەك بنەماڵەی بارزانی نایەوێت دەست بەسەر حزبدا بگرێت و مۆنۆپۆڵی بكات بۆ بنەماڵەكەی خۆی، كەچی لە رۆژانی دوای راپەڕین و بەتایبەت دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی چوار ساڵەی نێوان پارتی و یەكێتی، بەپێچەوانەی ئەو مێژووە پڕ لەهەڵبەز و دابەزەی یەكێتی بۆ ئەوەی وەك حزبێكی ئەنتی كۆنسەرڤاتیڤ دەربكەوێت، تاڵەبانی هەوڵەكانی خۆی چڕ دەكاتەوە بەمەبەستی هێنانە پێشەوەی بنەماڵەكەی لە ئاستی سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی ئۆرگانە حزبییەكانی یەكێتی بەتایبەت لەبواری دارایی و ئاسایشدا، ئەمەش ناڕەزایی گەورەی بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتی و كادرە ناوەندییەكانی ئەو حزبەی لێكەوتەوە، تا دەبینین ئەم فاكتەرە رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە جیابوونەوە و بەهێزبوونی باڵی ریفۆرم لەژێر ناوی بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئەمە ئەگەر نەڵێین ئەوە هەموو فاكتەرەكەیە.
تاڵەبانی دەیەوێت دوای چوونە دەرەوەی باڵی ریفۆرم و زاڵبوونی تەواوەتی خەتی گشتیی بەسەر بڕیار و داهات و ئاسایشی یەكێتیدا، لەرێی كۆنگرەی سێیەمەوە زەمانەتی دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەكەی بكات، تەنانەت دەیەوێت ئەم كۆنگرەیە بكاتە كۆنگرەی رێگاخۆشكردن بۆ ئەندامانی نزیكی بنەماڵەی تاڵەبانی لە هاوسەر و كوڕەكانی بۆ ئەوەی لە ئایندەدا پۆستی سكرتێری ئەو حزبەیان بكەوێتە دەست و میراتی و مێژووی ئەو حزبە بۆ هەمیشە لەدەستی بنەماڵەكەیدا بمێنێتەوە، بەلایەنی كەمەوە تاڵەبانی خوازیارە هەمان ئەو مامەڵەیە بكات كە بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ پارتی دەیكەن، ئەمە بێ لەبەرچاوگرتنی شێوە و فۆرمی پەروەردە و شێوازی بیركردنەوە و روانینی پارتی لەگەڵ یەكێتی، چوونكە ئەگەر ئەو دوو حزبە چەند روویەكی لەیەكتر نزیكیان هەبێ ئەوە لەرووی دەسەڵاتی بنەماڵییەوە هێشتا جیاوازن و بنكەی یەكێتی رەنگە بەوشێوەیەی بنكە و سەركردایەتی پارتی بەرگەی دەسەڵاتێكی مۆنۆپۆڵكراو بۆ بنەماڵەیەك نەگرێت.
بە كورتییەكەی هەوڵە چڕەكانی تاڵەبانی لەپێناوی هەرچی زیاتر هێنانە پێشەوەی بنەماڵەكەی و گرەنتی ئەوەی داهاتووی ئەو حزبەش بەدەستی خزم و كوڕ و هاوسەرەكەیەوە بمێنێتەوە، یەكێك دەبێت لە كێشە و تەوەرە هەرە گرنگەكانی ناكۆكی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامانی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی سێ، بەلانیكەمەوە خەتی كۆسرەت رەسوڵ بەرەنگاری ئەم سیاسەتەی تاڵەبانی دەبنەوە و ئەوەی بۆیان بكرێت و لەدەستیان بێت بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی بنەماڵە دەیكەن و دەیگرنە بەر. لەبەرئەمە شەڕێكی گەرم پێشبینی دەكرێت كە دەتواتم بڵێم شەڕی هەوڵەكانی سەرخستنی مۆدیلی حزبی بنەماڵەیی و پێچەوانەكەیەتی، زۆرینەی بۆچوونەكانیش لەو باوەڕەدان سەرئەنجام بنەماڵەی تاڵەبانی گەمەكە بەقازانجی خۆیان كۆتایی پێدێنن.
شەڕی باڵەكان
یەكێك لە كێشە بنچینەیی و مێژووییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان شەڕی دەستەگەریی ناوخۆ بووە، هەر لە ناوەڕاستی هەفتاكانەوە تا بەئێستا دەگات بەردەوام یەكێتی یەكدەست و یەك حزبی یەكگرتوو نەبووە، بەڵكوو هەروەك چۆن لەسەرەتاوە حزبێكی بەرەیی بووە، تا بەئێستاش دەگات فرەباڵیی ناو یەكێتی بەپێی قۆناغ و هەلومەرجەكان بوون و درێژەی هەیە، ناكۆكیی بەردەوامی ئەم باڵ و دەستانەش ئەگەر لەسەرێكەوە كەشێكی ئازادی حزبی و ناوخۆیی رەخساندبێت و پانتاییەكانی گوزارشتی بەرینتر كردبێتەوە، ئەوە لەپاڵ ئەمەدا وای لێكردووە كە یەكێتی لەهیچ بڕیار و هەنگاوێكدا یەك بڕیار و خاوەن یەك هەڵوێستی یەكگرتوو نەبێت، لەوە خراپتریش لەهەندێك لە ماوەكاندا دەستە و باڵە ركابەرەكان بەتوندیی و تا ئاستی بەیەكدا هەڵپرژان ململانێ و ركابەریی یەكتریان كردووە، مەگەر تەنیا ئەوكاتانە كێشە و ململانێی باڵەكان خاو بووبێتەوە كە یەكێتی لەگەڵ نەیارێكی دەرەكی شەڕ و ململانێی سەختی هەبووبێت.
وا بڕوا دەكرێت و ئەگەری ئەوە هەیە، لە كۆنگرەی سێدا دیسان باڵەكانی ناو یەكێتی ململانێی سەختی یەكتر بكەن، بەتایبەت باڵی كۆسرەت رەسوڵ دەیانەوێت بەسەختی و بەوپەڕی شێلگیرییەوە بەرەورووی باڵی گشتیی ببنەوە، ئەمەش لەبەر دوو هۆكاری سەرەكیی: یەكەمیان، چوونكە هەوڵێكی چڕ و پڕ و هەمەلایەنە هەیە لەلایەن خەتی گشتییەوە بەمەبەستی تەسفیەی باڵی كۆسرەت تا ئەو ئەندازەیەی بەشێك لە سەركردەكانی خەتی گشتیی خەون بەدەڕپەڕاندنی یەكجارەكیانەوە دەبینن لە ریزەكانی یەكێتی. دووەمیان، باڵی كۆسرەت رەسوڵ هەموو قورسایی خۆیان دەخەنە گەڕ تا هیچ نەبێت بەرەنگاری بەشێك لە پلانەكانی تاڵەبانی ببنەوە، بۆئەوەی یەكێتی نەبێتە حزبێكی بنەماڵەیی و لەو نێوەندەشدا بنەماڵەی تاڵەبانی دەستی بەسەردا نەگرن، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەرووی ململانێ و شەڕی باڵەكانەوە ئەم كۆنگرەیەی یەكێتی یەكێك بێت لە كۆنگرە گەرمەكان و پانتاییەكی زۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستەكان لەگەڵ یەكتر بڕەخسێنێت.
بێجگە لەوەی خەتی گشتیی خۆی باڵێكی سەرەكییە، ئەوەش دەبینرێت لەناو خودی ئەم باڵەشدا ناكۆكی هەیە و كەسانی زۆر لەنێو ئەم باڵەدا پەیدابوون دەیانەوێت هەرچی زیاتر دەسەڵاتی خۆیان لەم گرژیی و ئاڵۆزییانەدا پتر بكەن، ئەوە روونە ئێستا "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"ی هاوسەری تاڵەبانی سەركردایەتی سەرەكیی خەتی گشتیی دەكات، بەڵام لەناو ئەم خەتەدا كەسایەتییەكی بەدەسەڵاتی وەكوو "مەلا بەختیار" هەیە كە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ وەك خۆی و دەستەیەكی تایبەت بەخۆی مامەڵە بكات و خەونەكانی لە بەدەستهێنانی پایەی زیاتری حزبیدا بهێنێتە دی، ئەمە لەكاتێكدایە باس لەوە دەكرێت بەردەوام نێوانی مەلا بەختیار و هێرۆخان ناخۆشە، بۆیەكا ئەگەری ئەوە بەهێزە جەمسەرە بەهێزەكانی ناو خەتی گشتیی بەجیا لە كاركردن بۆ خەتەكەیان، بیر لەخودی خۆیان بكەنەوە و ئەگەر پێویست بكات دەستە و گروپی تایبەت بەخۆیشیان دروستبكەن.
جیا لەمانەش ئێستا باس و خواسێكی گەرم هەیە، كە "د.بەرهەم ساڵح" جێگری سكرتێری یەكێتی دەیەوێت وەك جەمسەرێكی بەهێز و بە دەستەیەكی تایبەتی خۆیەوە بەشداریی كۆنگرە بكات، ئەگەرچی بەرهەم ساڵح دەزانێت ناتوانێت ببێتە سكرتێری گشتیی یەكێتی، بەڵام هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ هەر هیچ نەبێت پۆستە حزبییەكەی ئێستای لەدەست نەدات، كە زۆرجار باس لەوە دەكرێت مەلا بەختیار بە شوێنی خۆی دەزانێت و خەونی پێوە دەبینێت. پێدەچێت "د.بەرهەم" كە لەسەر هیچكام لە باڵەكانی ناو یەكێتی ماڵ نییە، ئەمجارە و لەكۆنگرەدا زیاتر لە هەر شتێك تەركیز بكاتە سەر خودی خۆی و هێشتنەوەی پۆستەكەی تا كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە لەوانەیە دە ساڵی تری پێ بچێت هەروەك چۆن ماوەی نێوان كۆنگرەی دوو و سێ دە ساڵی رەبەقە.
بە كورتییەكەی ئەو دەستەگەرییەی بڕیاربوو پەیمانی ئاكار و پلینۆمی پێََشوو كۆتایی پێبێنێت، نەك كۆتایی نەهاتووە، بەڵكوو لەم كۆنگرەیەی یەكێتیدا زۆر لە جاران زەقتر و سەختتر خۆی دەنوێنێت، تا ئەو ئاستەی ئەگەری ئەوە هەیە خودی كۆنگرە نەتوانێت ببێتە پردێكی پەیوەندیی نێوان دەستەكان، بەپێچەوانەوە دەشێ ببێتە سەرەتایەكی ترسناك لە راستای زیاتر دووركەوتنەوەیان لە یەكتری، چوونكە دیمەنەكە و ئەو پرۆسەیەی هەتا ئێستا بەڕێوە چووە بێگوومان هیچ ئاماژەیەكی دڵخۆشكەری تێدا نییە، هێندەی ئەوەی تێدا دەبینرێت كۆنگرە تەنیا كۆنگرەی تەسفیە و شەرعیەتدانەوەیە بە تاڵەبانی و دەوروبەرەكەی.
سەركردایەتی نوێ
سەركردایەتی ئێستای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان سەركردایەتییەكە كە بەرپرسیارە بەرامبەر بەو هەموو قەیران و ئیشكالییاتانەی یەكێتی تێكەوتووە، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا هەر دەستەیەكی دیاریكراو لە هەڕەمی سەرەوەی یەكێتیدا بوون و هەتا بەئێستاش دەگات هەمان ئەو كارەكتەرانە سەركردە و بڕیاردەر و بەڕێوبەری یەكێتین، هەر ئەوان بەرپرسیارێتی ئەو بارە سەختەی ئەمڕۆی یەكێتیان لە ئەستۆیە، هەڵەكانی ئەوان بوو یەكێتی بە رۆژێك گەیاندووە كردوویەتی بە هێزی سێیەم و پاشكۆی سیاسەتەكانی پارتی. بەپێچەوانەوە بنكەی جەماوەریی یەكێتی و كادر و لایەنگرانی و ئەندامانی خوارەوە، چالاكترین و دڵسۆزترین بەشی ئەو حزبەیان پێكهێناوە، زۆرینەی سەروەریی و سەركەوتنەكانی یەكێتی لە سی و پێنج ساڵی رابردوودا قەرزداری هەوڵ و خەبات و كاركردنی بێوچانی ئەوانە، هەروەك چۆن هەموو شكستەكانی یەكێتی تەنیا لە ئەستۆی سەركردایەتی و ئەندامانی هەڕەمی دەسەڵاتی ئەو حزبەیە.
هەموو لە نزیكەوە دەرك بەو راستییە حاشا هەڵنەگرە دەكەین، سەركردەكانی یەكێتی پیربوون، دیارە مەبەست لە پیربوون هەڵشكانی تەمەن و سەر و ردێن سپیبوون نییە، بەڵكوو لە رووی عەقڵییەت و مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی نوێی كوردستان و سیاسەتی نوێی جیهانیدا پیرن و ناتوانن بەپێی سەردەم و بارودۆخی نوێی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی بیر بكەنەوە، تەنانەت ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێویستییەكانی قۆناغی تازەی كوردستانیش بن، سەركردایەتی ئێستای یەكێتی سەركردایەتییەكە كە بەهەمان عەقڵییەتی سەردەمی جیهانی دوو ئۆردوگایی و دەیەی هەفتا و شەستەكانی سەدەی رابردووەوە رووبەڕووی تەحەدییەكانی ئێستا دەبێتەوە، سەركردایەتی یەكێتی تەنیا سەركردایەتییەكە نە نوێ بووەتەوە و نە توانای نوێبوونەوەی هەیە، چاكترین كارێك لەگەڵ ئەم سەركردایەتییەدا بكرێت خانەنشیكردنیانە، لەپێناوی هێنانە پێشەوەی دەموچاو و عەقڵی سیاسیی نوێ و گەنج كە بتوانێت بارودۆخی یەكێتی لە قەیرانە خنكێنەرەكانی ئێستای رزگار بكات.
رەنگبێ لەهەموو دنیادا حزبێكی سۆسیال دیموكرات نەبێت، یەك تاكە ژن لە ئاستی سەركردایەتییەكەدا نەبینرێت جگە لە یەكێتی، لەهەموو دنیادا حزبێكی سۆسیال دیموكرات بوونی نییە، گەنج و خاوەن دیدە نوێیەكانی لە پەڕاوێزدا دانابێت و سەركردایەتی لێ قەدەغە كردبن، بڕوام بەوە نییە لە جیهانی عەرەبیی و ئیسلامی دەوروبەریشدا حزبێك هەبێت، بەئەندازەی یەكێتی پیر و خاوەنی عەقڵی كلاسیكی دەیەی پەنجا و شەستەكانی سەدەی رابردووی بە سەركردەی سیاسیی خۆی قبوڵ كردبێت، هەموو ئەم بەڵگە و فاكتە زۆر سادانە پێماندەڵێن كاتی ئەوە هاتووە و بگرە زۆر درەنگیشە یەكێتی خۆی نوێ بكاتە و یەكەم هەنگاوی ئەو خۆ نوێكردنەوەیەش لە هێنانە پێشەوەی خوێنی نوێ بۆ ئاستی سەركردایەتی دەستپێدەكات، بەهێنانی ژنانی چالاك و سیاسیی و خاوەن ئەزموون دەستپێدەكات. تەنانەت هەندێك بۆچوون "لەنێویاندا من بۆ خۆشم وا بیر دەكەمەوە" پێیانوایە یەكێك لە بەڵگەكانی سەركەوتنی ئەم كۆنگرەیەی یەكێتی بەوەدا دەناسینەوە كە دوای تەواوبوونی كۆنگرە ببینین دەستەیەك گەنجی بە ئەزموون وەك سەركردە و ئەندامانی سەركردایەتی و بیرۆی سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردراون و بە ئاڕاستەیەكی دیكە سیاسەت دەكەن.
ئەگەرچی تاڵەبانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سەركردایەتی نوێی یەكێتی لە سێ رەگەزی سەرەكیی پێكدێت: "سەركردەكانی پێشوو، گەنجەكان، ژنان"، بەڵام مانەوەی ئەم هەنگاوە تەنیا لە چوارچێوەی قسەی رووت و بەڵێنی بریقەدار، نەك هیچ خزمەتێك بە پاشەڕۆژی سیاسیی یەكێتی ناگەیەنێت، بەڵكوو بەپێچەوانەوە ئەو سەركردایەتییە كلاسیكی و كۆنەی پێشوو و ئێستا، هێندەی تر برین و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی خەستتر دەكەنەوە و دوور نییە تا كۆنگرەی داهاتوو یەكێتی بەرەو لاوازییەكەی وەها نەبەن كە توانای ئەوەی نەمێنێت لە گۆڕەپانەكەدا وەك هێزێكی سەرەكیی خۆی پێناسە بكات. خولاسە واقیع و هەلومەرج و پێگەی یەكێتی وا دەخوازێت وەك یەكێك لە هەنگاوە چارەنووسسازەكانی كۆنگرە، دەست ببات بۆ خانەنشینكردنی نەوەی كۆن و لەجێگەیدا نەوەی نوێ و كەوادری ناوەندیی و گەنج پشتگیریی بكرێن بۆ ئەوەی بێنە سەرەوە، بەبێ ئەم كارە نە یەكێتی دەتوانێت بۆ تەحەدییەكانی ئایندە ساز و ئامادە بێت، نە كۆنگرە كەڵكێكی ئەوتۆی دەبێت بۆ بەهێزكردنەوە و یەكخستنەوەی ماڵی یەكێتی.
چارەنووسی یەكێتی دوای كۆنگرە
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە درێژایی ساڵانێكی زۆر، لە رێگەی خوڵقاندنی كێشە لەگەڵ هێزەكانی دەرەوەی خۆی و بەردەوام داتاشینی دوژمن و نەیاری وەهمییەوە، خۆی لە پرۆسەی چاكسازیی و پاكسازیی ناوخۆیی دزیوەتەوە، ئەم سیاسەتە ئەگەر لە یەكێك لە رەهەندەكانیدا و لە مەودای نزیكدا بۆ یەكێتی بە قازانج گەڕابێتەوە، بێگوومان لە مەودای دوور و رەهەندێكی تریدا بەزیانێكی گەورە شكاوەتەوە، چوونكە ئەو كێشانە بەزیاتر كەڵەكەبوونیان قڵشتی نێوان ریزەكانی یەكێتی لەلایەك و سەركردایەتی یەكێتی و خوارەوەی یەكێتی لەلاكەی تر زیاتر و بەرینتر كردۆتەوە، جیابوونەوەی باڵی ریفۆرم و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان كە هەڕەشەیەكی جیددییە لەسەر یەكێتی، بەهەموو پێودانگ و لێكدانەوەیەك زادەی ئەو كێشە كەڵەكەبوو و چارەسەرنەكراوانەی ناو یەكێتی بوو كە تەمەنیان گەیشتبووە زۆرتر لە سێ دەیە.
ئەم كۆنگرەیە بۆ یەكێتی بەها و بایەخێكی زۆری هەیە، چوونكە هەم پانتاییەكە بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی رابردوو، هەم سەرەتایەكی نوێش دەبێت بۆ بەهێزكردنەوەی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، من لەوە زیاتریش دەڕۆم و پێموایە ئەم كۆنگرەیە یەكێتی دەخاتە بەردەم دوو شاڕێ، رێگەیەی یەكەمیان بریتییە لە چارەسەری كێشەكانی ناوخۆ و كۆكردنەوەی یەكێتییەكان بەهەموو باڵەكانەوە لەژێر سایەی رابەرایەتییەكی یەكگرتوو، كە ئەو حزبە دەخاتە سەر سكەی شەمەندەفەرێكی تیژڕەوی سەركەوتن، بەپێچەوانەشەوە مامەڵەی نا لێپرسراوانە و بەردەوامی ئەو قەیرانانەی ئێستا، یەكێتی دەخاتە سەر شاڕێی مەرگێكی تاهەتایی. چارەنووسی یەكێتی بەشی زۆری بەم كۆنگرەیەوە بەستراوە، بۆیەكا ئێمە لە سەرەتاوە وتمان ئەم كۆنگرەیە سەبارەت ئەو حزبە مانای مەرگ و ژیانی لە خۆگرتووە.
یەكێتی دەبێت ئەو راستییە بەباشی بزانێت، شاردنەوەی قەیرانەكانی خۆی لە بارودۆخێكی پڕ گرژیی نێوان پارتی و گۆڕان سوودێكی ئەوتۆی پێناگەیەنێت، راستە ئەوە بۆ یەكێتی گرنگبوو پارتی سەرئەنجام كەوتە ململانێ و جەنگێكی میدیایی سەختەوە لەگەڵ گۆڕان، بەڵام ئەمە هیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت یەكێتی حزبێكە سەرلەبەری ژیان و جەستەی قەیرانە، چارەسەركردنی ئەو قەیرانانەش ئەركێكی بەپەلە و سەرەكییە بۆ ئەمێستای یەكێتی، تاڵەبانی بە ناردنی نامەی دەستخۆشی و تەلەفۆنی دڵخۆشیی لەهەمبەر ئەو بەیاننامەیەی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە دژی گۆڕان دەریكرد، ناتوانێت یەكێتی بكاتەوە بەو هێزە سەرەكییەی جاران، هەروەك چۆن ناتوانێ هیچ لە هێز و كاریگەریی و جەماوەری گۆڕان كەم بكاتەوە، ئەوەی بۆ یەكێتی گرنگە لەم بارودۆخەدا، لەكاتێكدا گۆڕان و پارتی شەڕێكی سارد لەنێوانیاندایە، سەرخستنی كۆنگرەی سێیەمە، چوونكە ئەوەی لەهەموو شت زیاتر لەم كەش و هەلومەرجەدا بۆی گرنگە سەركەوتنی كۆنگرەیە، چوونكە بەپێی هەموو پێوانەیەك چارەنووس و داهاتووی یەكێتی ئەم كۆنگرەیە دیاری دەكات ئاخۆ چییە و چی نییە!؟.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە