بەختیار عەلی و گەنجی خوێڕی

Sunday, 28/07/2013, 12:00

2297 بینراوە







پێنج شەش مانگ لەمەوبەر لە نوسینێکدا ووتم" بەختیار عەلی و جەماعەتەکەی گەنجی خوێڕی و ترسنۆک بەرهەم دێنن. هەست دەکەم لەوەتەی نایان خوێنمەوە غیرەتم زیادی کردوە و ئازاتر بووم" ئەوەبوو دڵی هەندێ موسەقەفی هەست ناسکم لێڕەنجا و توڕەبوون و بە جنێوفرۆشیان ناو هێنام.

بەڵێ تا ئێستاش بەختیار عەلی ناخوێنمەوە، ئەوە دوو ساڵ زیاتر دەبێت. بەو مانایەی بەتایبەت ناچمە پەیجەکەی یان گۆشەکانی لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکاندابگرە شیعر و کتێبەکانیشی.. هەندێ جار لەبەر ڕۆشنایی ئەو نوسینانەی لەسەر نوسینەکانی دەنوسرێن ، یان کۆپی وپەیستی نوسینەکانی لە واڵی ئەوانی تردا بۆچونەکانی دەبینم.

ئێستاش لەسەر قەولەکەی خۆم ماوم. ئەو بەختیار عەلییە پیاوی خوێڕی دروست دەکات. نوسینەکەی لە دژی ئەوانەی کتێبەکانیان سوتاند ئەم ڕاستیە زۆر بەڕوونی پیشان دەدات. ئیتر گەنجی کورد یان خوێنەری کورد لەگەڵ بەختیار عەلیدا دەکەوێتە نێوان دوو بژاردەوە. یان بەڕێز و بێدەنگ و خوێڕی و پاک و تەمیز و دەم پاکیان وەک " ئەوانەی بەختیار بە سەرچاوەی مەعریفەی خۆیان دەزانن" یان خاوەن شەهامەت و ئازا و بەغیرەت و دەنگ بەرز وەک ئەوانەی بە چاوی نوسەرێکی بەرژەوەندخواز لێی دەڕوانن و نایخوێننەوە.

ئەمەش تەنها ڕای خۆمە و سەنەد نیە. هەروەها ئەم ڕایەم هەتاهەتایی نیە، لەوانەیە دوو ڕۆژی تر عاقڵ ئاقڵ پەشیمان بێتەوە و داوای لێبوردن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و جارێکیتر پێیان نەڵێت " فاشی". لەهەمان کاتدا ئەو پەنجەرە شکاوە بەجێ بهێڵێ کە لە گۆشەیەکی گۆڤاری " باس" دا بە حسابی کەڵەشێر دانراوە بۆ خوێندن بە دڵی نەوەکانی سەرۆک. دەشبینین ئەگەر بەختیار عەلی تا دوو ساڵی تر ئاوا بنوسێت و بخوات، وەک هەندێکی تر قیمەتی سەلکێ توری کەلاریان نامێنێت لای خەڵکانی ئازادیخواز و نارازی و بەویژدان و خاوەن ماف.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە