بکوژەکانی خەڵک دەسگیر بکەن نەک ئیبراهیمی کاکە ئەحە

Tuesday, 25/10/2011, 12:00

1527 بینراوە


کەمپین
)ئیبراهیم کاکە ئەحە(یەکێک لە هەڵسوڕاونی خۆپیشاندانەکانی دوای ١٧ شوبات لە هەڵەبجە٢٤ڕۆژ زیاترە لە پۆلیسی سلێمانی دەسگیرکراوە، ناوبراو یەکێکە لەو قوربانیانەی کە بەهۆی بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجەدا بریندار کراوەو بەشێوەیەکی زۆر توند و ترسناک ڕوبەڕوی لێدان بۆتەوە، بەجۆرێک کە لەلێواری مەرگ گەڕاوەتەوە، هێزە چەکدارەکانی دەسەڵات بەڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەم کارەیان ئەنجامداوە.
دەسەڵاتدارانی کوردستان ڕۆژانە لەژێر ناوی چاکسازیدا خەریکن خەڵکی کوردستان فریو دەدەن، لەژێر ناوی یاسا و دادگادا بەردەوام پیلانی جۆراو جۆر جێبەجێ دەکەن دژی خەڵک و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانی دوای ١٧ شوبات.
ئیبراهیمی کاکە ئەحە لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسەوە تاکو ئەو ڕۆژەی دەسگیر کراوە هەمیشە لەناو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بووە، هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ چەوەشەکاری و سیناریۆ داتاشین بۆ بەلاڕێدا بردنی دۆسیەکەی لە دۆسیەیەکی سیاسیەوە بۆ دۆسیەیەکی شەخسی، هیچ نیە بێجگە بەکەم سەیر کردنی مافەکانی خەڵک و ئیرادەی هاوڵاتیان بۆ بەدست هێنانی داواکارییەکانیان.
ئێمە ئەو حیزب و ڕێکخراو لایەنانەی لە خوارەوە ناومان هاتوە، بەتوندی ئیدانەی دەسگیر کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە دەکەین، هەمانکات پشتیوانی لە کەمپینی ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە و سەرجەم ئەو هەوڵانە دەکەین کە بۆ ئەم مەبەستە کار دەکەن، ئێمە لێرەدا ڕایدەگەیەنین.
یەکەم: دەبێت دەسبەجێ و بەبێ هیچ قەیدوبەندیک ئیبراهیمی کاکە ئەحە ئازاد بکرێت و قەرەبوو بکرێتەوە.
دووەم: سەرجەم تاوانباران و بکوژەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوایی دەسگیر و دادگای بکرێن.
سێیەم: دەسەڵاتدارانی کوردستان ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان بگرن و وازبهێنن لە سزادان و زیندانی کردنی هەر کەسێک کە بەپێی ویست و ئارەزوەکانی ئەوان ناجوڵێتەوە.
ئێمە سەرجەم هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە و مسۆگەر کردنی فەزایەکی ئازاد بۆ خەڵکی کوردستان، هەر لە سەرەتای کارەکانماندا (حکومەت و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ)مان لە دانیمارک ئاگادار کردۆتەوە لەم پێشێلکاریانە.
ئیمزاکان
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک
ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دانیمارک
کۆمەڵەی کلتوری کوردی_دانیمارکی لە ئیسهۆی
سەنتەری دژی لەسیدارەدان_ نوێنەرایەتی دانیمارک
کوردستان پۆست_کۆمیتەی دانیمارک
حیزبی کۆمونییستی کرێکاری عێراق_دانیمارک
ڕێکخراوی ئازادی ژن_دانیمارک
ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری دانیمارك
کۆمەڵەی کوردی_دانیمارکی لە غوزاوە
ناوەندی هەڵەبجە دژ بە ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد_دانیمارک
٢٠١١/١٠/٢٥



 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە