دواین قسە لەسەر کاروان ، ئایا کاروان عوسمان بلیمەتێکی بکوژ بوو یان بکوژێکی بلیمەت!

Thursday, 04/10/2012, 12:00

7978 بینراوە


زۆر ووترا لەسەر کاروان ، لەسەر سلێمانی ، ئاخیر وتاریش هی چەند بەڕێزێ بوو لە کوردستان پۆست ، بەڵام هەموویان بە چواردەوری وتاری کەسێکی تردا ئەخولێتەوە بە ناوی (شوان داودی) . وتارێک کە بایی ئەوە نەبوو هەڵوێستی لەسەر بکرێ و بشخوێنرێتەوە. بەڵێ کاروان کەسێکی (کوشت) بە شێوەیەکی زۆر نا عادیلانە ، بەڵێ کاروانیش کوژرایەوە لەژێر سایەی عەدالەت و دادگادا ، بەڵێ کاروان گەنجێکی تازە پێگەشت و بوو تاوانێکی لەدەست قەوما بە یارمەتی و فیتی چەند کەسێکی تر ، بەڵێ ئەوەش دادگا و مافناسەکان و پیاوە تێگەشتوەکانی ئەو دەمەی یاسا بوو کە هەمان تاوانی کاروانیان دووبارە کردەوە ، بەڵێ ئەوە کاروان بوو لە دادگا دانی نا بە تاوانەکەی خۆیدا(هەرچەنە تائێستا یەکلا نەبۆتەوە دادگاییکردنەکەی چۆن بوەو چۆن نەبوە) ، بەڵێ ئەوەش دادگا و پارێزەر و حاکمە موحتەرەمەکانی ئەم نیشتیمانەمانە بوو کە کاروانیان کوشتەوەو دانیش نانێن بە تاوانەکەیاندا و بە بێگەرد ترین عەدالەتیشی دادەنێن . ئەمانەو زۆر شتیتر هەیەو دێت و ئەڕوات، بەس ئەوەی کەس قسەی لەسەر ناکات و پشت گوێیان خستوە جەوهەری کاروان خۆیەتی وەک کارەکتەرێکی سەنتڕاڵ لە نێو ڕووداوەکاندا، لە باتی ئەوە هەنێ کەس بە داخەوە دێن بەدەم باسی کاروانەوە هێرش ئەکەنە سەر سلێمانی و نوخبەکانی ئەم شارەش و هێرش ئەکەنە سەر گەنجان و مێژووی سلێمانی.


کاروان وەک هونەر نزیکەی پێنج ساڵە گوێ بیستیم کەم ڕۆژ هەیە گوێ لە گۆرانیەکانی نەگرم و دەست نەکەم بە پرسیار و بیرکردنەوە لە هەمبەر ئیشەکانی ، کاروانی ٢٣ ساڵ ، تەمەنێکی کورت ، بەڵام کۆمەڵێ بەرهەم کە لە هەلومەرجێکی زۆر ترسناکدا گۆڕانکاری ڕیشەی کردوە لە بواری موزیکدا و ئەنجامی گۆڕانەکانیشی لە دوای خۆی دەرکەوتن کە تاک و ئێستا بەردەوامە ، بەڕێزێ باسی ئەوەی کردوە کە ئەبێ مرۆڤەکان کاری جوان و داهێنان بکەن لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئینجا ئەبێ ڕێزیان لێ بگیرێ بەڵام کاروان بکوژ بوە نابێ ڕێزی لێ بگیرێ! ، من نازانم کاروان چی لەدەست هاتوە بێجگە لە گۆرانی و موزیک تا بیکات بۆ تاکی کورد ، مرۆڤ کە هەستی هونەری تێیدا چەکەرەی کرد لە هەموو ڕویەکەوە لە بوارەکانی تردا فەشەل دەهێنێ بە مەرجێ هونەری ڕاستەقینە بێ ، کاروان پێش ئەوەی کەسێ بکوژێ چەندین ساڵ کاری هونەری کردوە چەندین بەرهەمی ناوازەی تۆمار کردوە ، بە جۆرێ ئەگەر مرۆڤ کێشەی لە بیستندا نەبێ چاک دەزانێ ئەو بەرهەمانەی کاروان تۆماری کردون بەو دەرامەتە کەمەوە باشترین بەرهەمە هونەریەکانی هونەری کوردین ، ئەوەی تۆزێ لە ڕووە هونەریەکەیەوە لە کاروان بڕوانێ تێدەگات ئەم مرۆڤە شاخێ لە هونەر لە دەرونیا بوەو ئەوەی کە پێش کەشی کرد چەند گەزێکی بوو ، ئەو کاتەشی کە کاروان کەسێکی (کوشت) دوای ماوەیەک گیراو خرایە زیندانەوە ، لە زیندانیش کۆڵی نەدا و بە گیتارێکەوە کۆمەڵێ بەرهەمی بێ هاوتای تۆمار کردوە ، کۆمەڵێ گۆرانی کە بەڕونی ئەتوانین باری سایکۆلۆژی ئەو گەنجە سەر شێتەی تێدا ببینین ، کۆمەڵێ ئاواز کۆمەڵێ ووشە کە بە ڕاستی تێدەگەین ئەم کەسە ئەیەوێت بژی ، ئەیەوێت بیبورن ، ئەیەوێت ئەوانیتریش وەک ئەم (تاوانێک) نەکەنەوە ، کاروان چۆن پێش (تاوانەکەی) هونەرمەندێکی دانسقە بوو دوای تاوانەکەشی بە هەست و دەرونێکی پڕ پەشیمانیەوە بە تێگەشتن لەوەی کە کردویەتی وەک بلیمەتێک لە بواری هونەردا هەستایەوە . بەڕێزێک باسی ڤانکوغ و هۆڵندای کردوە ، ڕاستە ڤانکوغ شایستەی ڕێزە ، بەڵام ئایا نازانی کە ڤانکوغ لە سەردەمی خۆیدا هیچ تاکێکی شارۆچکەکەی خۆی نەیوێراوە لێی نزیکبێتەوە؟ ئایا نازانی کە ئەو هەستی توندو تیژیەی لە دەرونی ڤانکوغ دا بوە هەزار قاتی تاوانەکەی کاروان بوە؟ ئەی بۆ کەس باسی کاراڤاجیۆ ناکات کە بە شمشێر جەرگ و دڵی قەشەیەکی هێنایە دەرەوە ، بەڵام ئێستا لەسەر تا سەری زانکۆ هونەریەکانی جیهان تابلۆکانی دراسە ئەکرێ؟ ئەگەر بە دوای مێژووی بلیمەتەکاندا بڕۆین چاک تێدەگەین کە زۆربەیان بەدەست هەستی توند و تیژیەوە ناڵاندویانە ، بەڵام کێ ئەمەی بەلاوە گرنگە؟؟؟ مەگەر هەر ئەو کەسانەی کە ئەیانەوێ وەک ئێستا هێرش بکەنە سەر شار و ناوچەکان و وێنەی بۆنمونە وەک شارێکی سلێمانی ناشرین کەن ، ئەگەر تاقە شتێ کە لە بلیمەتەکاندا گرنگبێ بەرهەمەکانیانە نەک هەست و غەریزەکانیان ، کێ باسی ئەوە دەکات کە لیۆناردۆ دا ڤینشی دایکی خۆی بە ڕوتی بۆ مۆدێل داناوە ، لە کاتێکدا خاوەنی مۆنا لیزا و سانتا ئانایە؟؟ کێ باسی ئێدڤارد مونک دەکات کە لەگەڵ کیژۆڵەی ١٤ ساڵ سەرو کاری هەبوە لە کاتێکدا تابلۆی هاوارو کیژۆڵەی نەخۆشی هەیە؟ ، کێ باسی ڕامبراند ئەکات کە وازی لە مردوەکان نەدەهێناو یەک دەقە دوای مردنیان هەڵیئەدڕین لە کاتێکدا ڕامبراندی مەزن تابلۆی زیندوی هەیە؟؟ کێ باسی ئەوە دەکات تیتزان حەشەرات و بونەوەری بچوکو باڵندەی فلیقاندۆتەوەو ڕەنگی لێ دروست کردوە لە کاتێکدا تیتزان تابلۆی (شۆڕکردنەوەی مارسیاسی) هەیە؟؟؟ ، هەتاکەی مرۆڤی ئێمە فێرنابێت سەیری بەرهەمی بلیمەتانمان بکات لەباتی ئەوەی چیان کردوەو چیان نەکردوە ، خۆ ناکرێ کاروان تاوانێکی کرد ئیدی ئەم هموو شاکارە مەزنەی بخرێتە زبڵدانەوە ، با فێربین سەیری بەرهەماکان بکەین نەک مرۆڤەکان ، با کارە ناوازەکان ببینین نەک دەم و چاوو ڕوخسار و هەڵس و کەوتی خاوەنەکانیان ، با هەمومان پێکەوە بڵێین ئەم پەیکەرە بێ ئاستانە پەیکەر نین ، نەک قسە لەسەر ئەو کەسە بکەین کە دروستی کردوە.

 تابلۆی نارسیسس، کە کاراڤاجیۆی (بکوژ) خوڵقاندویەتی ، کە نرخی ملیۆنان دۆلارەو چەندەها لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و بە یەکێ لە تابلۆ مەزنەکان دادەنرێ. کەسیش ناڵێ مادام کاراڤاجیۆ کەسێکی کوشتوە ئیتر نابێ تابلۆکانی بمێنن ڕێز لە کارەکانی نەگیرێ، بە پێچەوانەوە هەزاران کتێبی لەسەر نوسراوە، نەک لەبەر ئەوەی بکوژ بوە ، بەڵکە لەبەر ئەوەی بلیمەت بوەو بەرهەمەکانی گرنگن.



کۆمەڵگای ئێمە پڕە لە تاوان و کوشت و بڕ پڕە لە جەسارەت و خەم و خەفەت پڕە لە هەنگاونان بەرەوە دواوە ، ئێمە قەومێکین کوشتن و بڕین بە ئاسانی تێماندا نامرێ ، فێری ئەوە نەبوین لەگەڵ بکوژدا لەگەڵ تاوانباردا ، تاوانبار نەبین ، بکوژ نەبین ، ئێمەش وەک ئەوان نەبین ، ئێمە لەسەر عیشق و خۆشەویستی بە ناوی شەرەفەوە یەکتری سەردەبڕین . لەگەڵ ڕێزما ئەگەر قسە بێتە سەر بکوژی ئەوا زیاد لە نیوەی کۆمەڵگای کوردی بکوژێکی کارامەیە ، چونکە زەمەنێ زۆربەمان پێشمەرگە بوین و نیشانەمان لە غودە بەسەرەکانی بەعسی فاشی ئەگرتەوە ، بۆ من بکوژ هەر بکوژە لە ژێر هەر ناو و هۆکارێکدا بێ ئەوەی کە لەیەک ناچن قوربانیەکانن ئەوەی کە ئەکوژرێن هەرگیز ناچنەوە سەر یەکتری.

بۆیە با کاروان وەک بکوژێ وەک خۆی لەیاد بکرێ وەک تاوانبارێکی مێژوو، ئەوەی کە ئێستاش خەڵک یادی دەکاتەوە تاوانبارێ نیە بەڵکە هونەری کەسێکە . وەلێ من دڵنیام ئەو ئیشانەی کە کاروان لەدوای خۆی بەجێی هێشتون هەرگیزاو هەرگیز نامرن و ساڵ لە دوای ساڵ هەواداری زیاتر دەبێ ، نەک هەر لەناو چینی گوێگران و جەماوەردا بەڵکو لەسەر ئاستی هونەرمەندان وەک ئەیبینین دەیان هونەرمەند گۆرانی ئەم مرۆڤەیان دوبارە کردۆتەوە ، هەر لە باکوری کوردستانەوە تاکو ناوچەی بادینان لەوێشەوە بۆ شارەکەی خۆی سلێمانی و دڵنیاشم زیاتر ئەڕوات و لە چوارچێوەی کوردستاندا نامێنێتەوە . وە مەسەلەی پشتگیری کردن لە کاروان عوسمان پەیوەنی بە کلتوری بەعس و نازانم چی و چی نیە وەک هەندێ بەڕێز بۆی دەچن و ئەیڵێن ، بەڵکو تاکە شتێک کە پاڵنەری پشتگیری گەنجان و خەڵکی سلێمانیە بۆ کاروان عوسمان تەنها و تەنها هونەرەکەیەتی ، ئەگەر گۆرانیەکانی نەبونایە کەس وەک بکوژ و کەسێکی ئاسایی نەیدەناسی بێگومان ئێستا وەک هەزارانی تر بێ ناو لە بیرکراو بوو.

کاروان بلیمەتە! چٶن؟ بێگومان لەبەر ئەوەی بە چەند کاسێتێکی شکاو و تەجیلێکی کۆن و گیتارێکەوە گەورەترین کاریگەری لەسەر پرۆسەی نوێکردنەوەی هونەری موزیک هەیەو تاقە نوخبەیەکیشە کە توانیبێتی لە هەشتاکاندا بەو شێوە فراوانە لەسەر ئاستی ئاواز و هەڵبژاردنی هۆنراوەو سۆزی دەنگ بێژی ئیش بکات و زاڵترین گۆرانی بێژی کوردیشە لە ڕویەکەوە کە هیچ کەسێ لەوەو پێش نەیبینیوە و باسی نەکردوە ، ئەویش ئیشکردنە بە تاقی تەنها لە مەجالی گۆرانی و موزیکدا! سەرسامم کە چیرۆکی کاروان ئەبیستم لە ناو زینداندا خۆی موزیک ئەژەنێ ، خۆی گۆرانی ئەڵێ خۆی تۆمار دەکا ، خۆی ئاواز دادەنێ ، خۆی هۆنراوە ئەنوسێ ، خۆی کۆڵنادا ، خۆی دابەشکردن و گشت کارەکانی کارێکی هونەری دەکات!! بە ڕاستی بلیمەتیە ! حەمە ساڵح دیلانی نەمر پێش ئەو لە زینداندا گۆرانی وتبوو ، بەڵام نە توانیبوی ئامێرێ بژەنێ و نە توانیبووی بە تاقی تەنێش گشت کارەکانی بکات وەک کاروان ، بێجگە لەوەی کە کاروان عوسمان کەمترین تەمەنی هەیە لە چاو هونەرمەندانی تردا ، بەڵام کاریگەریەکەی چەند قات لەوان زیاترە ، دە پێم بڵێن ئەمە بلیمەتی نیە چیە؟؟ لە کاتێکدا هونەرمەندانی ئێستا بەس ئەوەیان لەسەرە گۆرانیەکە بڵێن ، ئەگەر نا هیچی هی خۆیان نیە هەر لە تێکست و ئاوازەوە تا موزیک و دابەشکردن ، کەچی پێشیان دەوترێ هونەرمەند ، ئەی ئەگەر بۆ ئەوان ڕەوایە بوترێ هونەرمەند ، بۆچی بۆ کاروان ڕەوا نییە، کە هەموو ئیشەکان خۆی کردویەتی بوترێ بلیمەت؟

جارێکیتر، کاروان بلیمەت بوو! چۆن؟ بێگومان یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە بە هەوڵی خۆی بە هەموو سەرکەوتنەکانی گەشتوە لەسەر ئاستی موزیک و گۆرانی ، بێ ئەوەی خوێندبێتی ، هەر چەند ساڵێ دوای دەست کردن بە کاری موزیک لە پێش بڕکێیەکی ناوازەدا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم بەدەست دێنێ ، ئەو ووردبینیەی کە لە گیتار و عود ژەنیندا هەیەتی و ئێستاش گوێمان لێدەبێ ، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوشدا کەسێک نەبوە وەک ئەو بتوانێ ئاوازیان پێ دابنێت و ئاوازەکانی نەمربن ! ، ئەم هەموو قسەو باسەی کە دوای ٢٢ساڵ لە مردنی لەسەر کاروان ئەکرێ ، ئەی نوسەرە موحتەرەمەکانی کورد پێم ناڵێن بە هۆی چیەوەیە؟؟؟ لەسەر ئەوەیە کەسێکی کوشتوەو باس دەکرێ ؟؟ لەسەر ئەوەیە تاوانێکی کردو ملی خۆشی بۆدانا؟؟؟ نەخێر بەڕێزان ئەوەی کە ئەم هەموو قسەو کۆڕ و کۆبونەوەو شەوە ئاهەنگ و کۆنسێرتە ئەهێنێتە بەرهەم تەنها و تەنها هونەرەکەی کاروان عوسمانە ، کاروان نەک ئێستا ئەوساش هەر نەیار و ناحەزی زۆر بووە بەهۆی ئەو لێهاتووییە گەورەیەی هەیبوە لەسەر ئاستی مۆسیقا و هونەر ، بۆیە ئاسایە ئێستاش هەنێ کەس بێن بە ناوی ئەو تاوانەوە بیانەوێ هونەری ئەو گەنجە بلیمەتە بسڕنەوەو کەس گوێی لێ نەگرێت وەک ئەوەی لەم ماوەیەدا ئەیبینین . خاڵێکی تر کەوا دەکات کاروان عوسمان وەک بلیمەتێ ئەژمار بکرێ زیاتر لە هونەرمەندێ ، ئەوەیە هێڵێکی سوری بۆ موزیکی کلاسیکی کوردی کێشاو ئەو دوو دونیایەی لەیەک جیاکردەوە، بێگومان ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکی هەتا بڵێی مەحاڵە ، بەس بە داخەوە لای ئێمە ئەو مەحاڵە نابینن، لە وڵاتێکی وەک فەڕانسا لە هەشسەکان و سەرەتای هەزار و نۆسەد کە هونەرمەندان دونیای هاوچەرخ و کلاسیکیان لەیەک جیاکردەوە بووە هەوێنی شۆڕشی تەکنەلۆژیاو ماشین ، بەڵام لای ئێمە هەرچەندە هونەرەکەی کاروان گۆڕانێکی ڕیشەیی کردوە بێ ئەوەی کەس باسی بکات ، بەس نە بە شێوەیەکی گشتی گرنگی پێدراوە کاری لەسەر کراوە ، وە وا خەریکە بەهۆی تاوانێکی مێژویەوە هونەرەکەشی ناشرین ئەکەن.


کاروان عوسمان ، بێ دوو دڵی دەڵێم کە (بلیمەتێکی بکوژە) نەک بکوژێکی بلیمەت وەک ئەوەی ئێستا هەنێ هەوڵی بۆ دەدەن ، کاروان تاوانی کردبێ یان نەیکردبێ خاوەنی هونەرێکی تا بڵێی جیاواز و کاریگەرە ، ئەوانەشی کە ناتوانن بەرهەمی بلیمەتەکان لە غەریزەو کاروکردەوەکانی ڕۆژانەیان جیا بکەنەوە دڵنیام زۆریش دڵنیام کە نەخۆشن و کێشەی تێگەشتنیان هەیە لە حەقیقەت ، وەگەر نا کێ هەیە بتوانێ ئاسەواری تاوان بە بەرهەمەکانی کاروانەوە ببینێت ؟ ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە کاروان دوای تاوانەکەش هەر بلیمەت بوە ، هەر ڕوحێکی خەمناکی ناو هونەر بوە ، ئەو پاکی و قوڵی و هێزەی لە کارەکانیدا هایە شاهیدی ئەوەن کە دەرونێک ئەمانەی خوڵقاندوە کە زانیویەتی چۆن کاری هونەری و توانا گەورەکانی خۆی لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوو جیاکاتەوە ، دەرونێک کە گۆرانی وتوە زۆر بە باشی توانای ئەوەی هەبووە ڕێچکەی هونەر تێکەڵ بە ڕێچکەی ئینسان بوونی خۆی نەکات ، ئەو کەسانەی پێیان وایە هونەرمەند هونەرەکەی لە ناخی خۆیەوە وەک مرۆڤێ هەڵدەقوڵێ ڕاست دەکەن وایە ، بەڵام هونەرمەندی بلیمەت ئەوەیە کە بتوانێ هوەنەر تێکەڵ بە ئەلەمێنتەکانی تری ناو ناخی نەکات و بە پاکی ڕایگرێ وەک کاروان ، وەک سەید عەلی . ئەی ئەگەر توانای جیاکاریان نەبێت کەواتە چ فەرقێکی لەگەڵ تاکێکی ئاسایدا هەیە؟ خۆ ئەو تاکەش هەموو هەستەکانی تێدایە بەڵام کێشەکەی ئەوەیە بۆی جیاناکرێتەوە و گشتی لە دەرونیا تێکەڵ بوون.

بە هیوام ئەو کەسانەی بە دەم تاوانێکی مێژوویەوە هێرش دەکەنە سەر سلێمانی و نوخبەکانی ئەو شارە تۆزێ بەخۆیاندا بچنەوەو بوەستن لە ڕیزکردنی خاڵ وژماردنی هەنێ لایەنی سلبی کە بە زۆر ئەیانەوێ زەقی بکەنەوە ، ئەگەر کەسێ ویژدانی هەبێ چاک دەزانێ ئێستاش و ئەوساش سلێمانی لە هەموو بوارەکاندا کاریگەرترین شار بوە لەسەر ئاستی کوردستان ، هەر لە نالیەوە بیگرە تا دەگاتە گۆران تا دەگاتە شێرکۆ بێکەس (وەک شاعیر) تا دەگاتە بەختیار عەلی ، ئەمانە گشتیان ڕێچکەی ئەدەبی کورد و کوردستانیان گۆڕیوە و بەردەوام لە نوێگەریدابون ، لەسەر ئاستی موزیکیش ئەم شارە لەسەر دەستی شەماڵ سایب هەستا بە (بە ئەکادیمی کردنی) گۆرانی و موزیک ، لەسەر دەستی کاروان و دوای ئەویش چەند کەسێکی تر گٶڕانی ڕیشەیی لە موزیکی کوردیدا . لەسەر ئاستی شێوەکاریش لە عەزیز سەلیمەوە کە سەرەتاکانی هونەری شێوەکاری کوردن تا دەگاتە سەروەت سەوز و عەلی لەتیف وعەلی جۆڵا و چەندانی تر ئینجا بۆ شوان کەمال و هونەرمەندانی ئێستا ، ئەمانە هەموویان خاوەنی کۆمەڵێ کاریگەری وەرچەرخێنەرن لە هونەری کوردیدا، بواری شانۆش سلێمانی هێندەی خزمەت هەیە کە تاکو کەس نەتوانێ چاوپۆشی لێبکات . ئەمانەی وتمان بەشێکی ئێجگار کەمی ڕۆڵەکانی ئەم شارەیە کە خزمەتیان بە کورد و کوردستان کردوە ، بۆیە ئەوانەی کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ شارچێتی ئەکەن و هێرش ئەکەنە سەر سلێمانی دڵنیام لە کۆتایدا ئەبێ بە دەستی بەتاڵ بڕۆنەوەو ڕوی خۆیان داپۆشن لە ئاست خزمەتەکانی ئەم شارەدا ، ئەو قەیرانی پەیکەر دروست کردنەش من ماوەیەک پێش ئێستا قسەم لەسەر کرد بە هیوام چەند ساڵێکی تر نەمێنێت و تەنها لە کاتی پێویستدا دروست بکرێ ، ئیتر بە مەسەلەی پەیکەریشەوە پێویست ناکا هندێ نان و پیازی پێوە بخۆن و باسی سلێمانی بکەن ، ئەگەر ئەتانەوێ ڕەخنە لە پەیکەر بگرن ئەوە شتێکە و ئەگەر ئەتانەوێ لە ڕێی پەیکەرەوە هێرش بکەنە سەر سلێمانی ئەوە شتێکی تر.

لە کۆتایدا دەڵێم من وەک شێوەکارێ وەک تاکێ قسەم لەسەر کاروان کردوە نەک وەک هەندێ کە خۆیان لێبۆتە پسپۆر لە بوارەکەدا ، کاروان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێ ، کەس ناتوانێ ڕێگەی لێ بگرێ.

کاروان ، بلیمەتێکی بکوژ!

ئەم گۆرانیەش بۆ ئەوانەی کە لە بلیمەتەکان تێدەگەن!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە