دەسەڵاتی میلیشیایی هۆکاری نائارامی‌و پەرەسەندنی تیرۆری سیاسیە لەکوردستان!

Friday, 06/12/2013, 12:00

1826 بینراوە




شەوی رابردوو ٥/١٢/٢٠١٣ چەند چەکدارێک، ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، لە بەردەم ماڵەکەیدا تیرۆردەکەن. تیرۆری کاوە دوای ئەوە دێت کە ماوەیەك لەمەوبەر لەسەر رەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکومەت‌و حیزبی دەسەڵاتدار لە ناوچەی گەرمیان، لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتیەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێدەکرێت.



ئێمە لە کاتێکدا ئەم کردەوە تیرۆریستانەیە بەتوندی سەرکۆنەو شەرمەزاردەکەین، لە هەمان کاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبەرپرس دەزانین لە ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و تەسلیم کردنیان بە داداگا، لەبەرئەوەی کە ئەو ناوچەیەی تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوە، بێجگەلەوەی کە یەکێك لە بەرپرسەکانی ئەو حیزبە بە بەڵگەوە هەڕەشەی لە ناوبراو کردوە.



تیرۆری کاوە گەرمیانی ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی تیرۆرو کوشتن و هەڕەشەکردن کە بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە لە دژی هەڵسوڕاوانی سیاسی‌، کۆمۆنیست‌، ئازادیخواز‌و یەکسانیخوازی کۆمەڵگا بەرێوەبراوە. لیستی تیرۆری ژێردەسەڵاتی دوو حیزبی بزوتنەوەی کوردایەتی‌ ئاماژە بۆئەوە دەکات کە یەکێك لە کۆڵەکەکانی راگرتنی ئەم دەسەڵاتە نایەکسان‌و گەندەڵەی بۆرژوازی کورد تیرۆرو کوشتنی نهێنی‌ نەیارانی سیاسی‌و نارازیانی دەسەڵاتەکەیان‌و بێدەنگکردنی هەر دەنگێکە کە رەخنە لە دەسەڵات‌و کارنامەی رەشیان بگرێت. هەربۆیە کەیسی کاوە گەرمیانی کەیسی هەموو خەڵکی نارازی‌و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستانە دژ بە دەسەلاتی میلیشیایی سەرکوتگەرانەی حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.



پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە مل بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی یاسایی‌‌و خاوەن سەڵاحیەت بدات بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی کاوە گەرمیانی بەبەشداری نوێنەری بنەماڵەی کاوە گەرمیانی‌و نوێنەرانێك لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەو پرسانە، تاکو تاوانبارانی ئەم کەیسە بدۆزرێنەوە و دادگایی عادلانە بکرێن.



تاوانی تیرۆری کاوە گەرمیانی ئەو راستیە چەندبارە دەسەلمێنێتەوە کە لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازیدا ئاسایش‌و ئازادی‌و ئارامی‌و مافەکان‌و ژیانی خەڵك هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەو لەناوچووندایە. هەربۆیە نارەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی ئازادو دامەزراو لەسەر بەشداری و ئیرادەی راستەوخۆو هوشیارانەی خەڵك زامنی بەدیهاتنی ئازادی‌و ئارامی‌و ژیانێکێ یەکسان‌و خۆشگوزەران‌و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی خەڵکە.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە