نەوشیروان دەڵێت ئێمە سورین لەسەر پەیمانەکانمان! منیش دەڵێم نەخێر ئێوە زەردن

Saturday, 08.16.2014, 12:00

3891 بینراوە


تێبینی: لەسەر پێشنیاری چەند دۆست و خوێنەرانی ئەم وتارە، دەستکاری ئەم نووسینەم کردەوە، بەشی دووەمیشم لێدەرهێنا، تا لەسەر هەمان بابەت ئەو بەشەیان ئامادەی بکەم بۆ نووسینی داهاتوو.
*************************************
بەشێک لە تاوانی هاتنی داعش و ئەنفالی کوردە یەزیدییەکان لە سێی ئابدا دەکەوێتە ئەستۆی نەوشیروان مستەفاش.

کاتێک نەوشیروان مستەفا وازی لە یەکێتیی هێنا، بەو بیانووەی گوایە ئیتر لە سیاسەت دووردەکەوێتەوە، خۆی بە نووسین و کاری راگەیاندنەوە خەریک دەکات، دوای ئەمە بە سپۆنسەری تالەبانی گردێکی داگیرکرد، دەزگای وشەی دانا، کە بریتیی بوو لە کردنەوەی سایتێکی ئەلەکترۆنی، رۆژنامە و گۆڤارێک. دواییش کەناڵێکی تەلەفیزیۆن و رادیۆیەک).
نەوشیروان بەمە نەوەستا، پاش ماوەیەک لە بەریتانیا چوار کەس لە پیاوەکانی خۆی، بە ناوی رەگەوە (رەوتی گۆڕینی دیموكراسی)یان دامەزراند، ئەو چوار پیاوە وەک ناڕازی لە دەسەڵات و گۆڕانکاری لەو دیموکراتەی کە پارتی و یەکێتیی دەسەڵاتەکەیان بەڕیوەدەبەن، ئەمان بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە بەم رەوتە دەسەڵاتی کوردی بەرەو دیموکراتییتر دەبەن. ئیتر کەوتنە هاتوچۆ و جموجۆڵ، ئەرکی رەگەکەی کاک نەوشیروان لە ئەوروپا ئەوەبوو، دەنگی ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆن لە ئەوروپا کۆبکاتەوە، ئەو مەترسییەی هەیانە بە تۆڕی رەگ بیانگرێت، لەملاشەوە لە کوردستان لە بری رەوتی گۆڕینی دیموکراسی، بە ناوی (گۆڕان) بانگەشەی بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کرد. کاتێکیش ئاشکرابوو، کە جەلال تالەبانی پارەی داوەتێ، ئەمە بووە جێگای گومان کە دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان، جۆرێک لە ئاگایی و لە چاودێریی جەلال تالەبانیی تێدابووە، هەڵبەت بۆ ئەوانەی نەوشیروان مستەفایان باش نەدەناسی، بەتایبەتی گەنجان، هەروەها مێژووی سیاسییان نەخوێندبوویەوە بەو هیواوە تێیان دەڕوانی و وایان دەزانی نەوشیروان گۆڕانکارییەک بە سەر سیاسەت و بیرکردنەوەدا دەهێنێت، ئەو دەسەڵاتەی پارتیی و یەکێتیی، کە کۆمەڵگای کوردییان داوەشاندووە لە رەگەوە هەڵدەتەکێنێت و گۆڕانکارییەک لە سیستەمی دەسەڵاتدا دەکات، هەرچەندە مێژووەکە کۆن نییە، پەیوەندیی تالەبانی و نەوشیروان ئەوە ناڵێت کەسیان خیانەتییان لە یەکتری کردبێت، ئیستاشی لەسەر بێت ئەگەر نەوشیروان مستەفا کەسێکی دڵسۆز و راستگۆ بوایە بەرامبەر بە کورد و نیشتیمانەکەی، دەبوو ئەو ئەرشیفە گەورەیەی تالەبانی هەڵبداوەتەوە، کە پڕێتی لە لاپەرەی رەش، تەنها ئەوە نەبێت کاتێک گەمەکە لە نێوانیاندا دەستی پێکرد، ئەم باسی لە دوو سێ هەڵەبجەکەی تالەبانی کرد.
بەهۆی بانگەشەی بزووتنەوەکەیەوە، نەوشیروان مستەفا توانی هەرچی دەنگ و رەنگی ناڕازیی هەیە دژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کۆبکاتەوە، دەستەمۆیان بکات و نوزەیان لێببڕێت. یەکێتیی لەو رێکخراوە جەماوەریی و خەباتگێڕییەی شاخەوە بوو بە کۆمپانیایەکی بازرگانی و وەک گەلای دار خەڵکی لێهەڵدەوەری، نەوشیروان کۆیکردنەوە و بزووتنەوەکەی خۆی پێگەرمکردەوە، گومان و بەڵگەی دیکە زۆر هەن، کە چۆن لە ژێرەوە لەگەڵ تالەبانییدا لە دەرەوەی یەکێتی، ئەم بزووتنەوەیان دروست کردبێت، هەروەک چۆن کاتی خۆشی جڵەوی کۆمەلەی رەنجەدەرانی گرتە دەست و دوایی هەڵیوەشاندەوە کردی بە جەلالی، نمونەیەکی تریش کاتێک ئاش دروست بوو، خەتێکی خۆیان خستە ناوەوە، هەر بەو پیاوانەی خۆیان چەکیان کردن. دووبارە بەهۆی گۆڕانەوە دەنگی ناڕازیی لە دەرەوەی یەکێتییشی وا لێکرد، بەڵام جۆری کاردنەکە وای خواست ئەمڕۆ بەو شێوەیە نەگونجێ، تا گۆڕانیش بەدەردی کۆمەڵەی رەنجدەران و ئاش بەرێت.

نەوشیروان وەک کەسایەتیی، هەروەها وەک سیاسییش تەواوکەریی تالەبانییە. مێژووی ژیانی سیاسیی نەوشیروان مێژووییەکی ئاشکرایە و رابردوویەکی نییە تێیدا خۆی ئازاد و سەربەست بووبێت، ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە رابردوودا لەگەڵ تالەبانییدا کردوویەتی سنوری خیانەتیشی تێپەڕاندووە،  ئەگەر نەوشیروان مستەفا راستگۆ بوایە بەرامەبەر بە جەماوەر و خەڵکی کوردستان دەبوو پێش راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لێبوردنی لە خەڵک و لە خاکیش بکردایە! دانانی دەستوری عێراق، وازهێنان لە بەشێکی زۆری باشوری کوردستان، بەناوی ناوچەجێناکۆکەکان، دەستی نەوشیروانی پێوە دیارە، نەوشیروان بەڕیوەبەری رەشنووس و نووسینەوەی دەستوری عێراقە، بۆ خۆی ددان بەوەدا دەنێت و دەڵێت: بۆ دروستکردنەوەی عێراق، کورد وازی لەو ناوچانە هێنا و  بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم رازی بوو. (کورد: مەبەستی لە دەسەڵات و سەرانی کوردە، خۆشی یەکێک بووە لەو سەرە دەسەڵاتدارانە).

لێرەدا نەوشیروان مستەفا ئەوە دەسەلمێنێت، کە نەک خۆشی دڵسۆز نەبووە بەرامبەر بە کورد، بەڵکو وەکو ئەوان ناپاکیشی بەرامبەر بە خاک و نیشتیمانەکەی کردووە، جیاوازیی نەوشیروان لەگەڵ سەرانی تردا، تەنها ئەوەیە، ئەو ئەرکەی بەم پێسپیرداوە دەبێت بەم شیوەیە بێت، هەر ئاواش نەوشیروان بزووتنەوەی گۆڕانی دروست کرد، تا متمانە لای خەڵکی دروست بکات.

نەوشیروان مستەفا لە رێگای بزووتنەوەی گۆڕانەوە، کۆمەڵێک دەستکەوتی بازرگانی بەدەست هێناوە، بۆتە خاوەنی گرد و زەویی، بازاڕ و مۆڵ و کارگەی چیمەنتۆی هەیە، خۆی لە بنەماڵەی بارزانی نزیک کردۆتەوە، بەو هۆیەوە کۆمەڵێک ئیمتیازات و پارەی نەوت وەردەگرێت، ئەم نزیکبوونەوەیە پەیوەندیی بە پشکی گۆڕانیشەوە هەیە لە کابینە نوێکەی نێچیرەڤان بارزانی، جگە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، وەزیری پێشمەرگە، دارایی، ئەوقاف و ... هتد هەموو ئەمانەی بە دڵی خۆی داناوە، هەروەک کوڕی بەرپرسەکانی تر، دەرگای بازرگانی کردۆتەوە بۆ هەردوو کوڕەکەی، لەگەڵ گەورەترین بازرگانەکاندا خەریکی چالاکیی بازرگانییە! یەکێک لەوانە (رزگار حاجی کایل)ە. کاک نەوشیروان پەیوەندیی لەگەڵ مەسعود بارزانییدا تۆخکردۆتەوە، لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەدا نەیشاردۆتەوە، شانازیی دەکات، کە کاک مەسعود دەست بە ئاوادا ناکات، ئەگەر لە پێشدا تەلەفونێک بۆ ئەم نەکات. لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە نۆ جار بە ئاشکرا و بەدزیی سەردانی پیرمامی کردووە، پێش راگەیاندنی دەوڵەتە ساختەکەی مەسعود، بە دوایدا هاتنی داعش و گرتنی موسڵ، نەوشیروان مستەفا لای مەسعود بووە، کۆبوونەوە و هاتووچۆکانی مەسعود بۆ تورکیا و ئەردەن پرسی بە نەوشیروان کردووە و ئاگاداریی کردۆتەوە. سێی ئاب، کە دەخرێتە سەر خەرمانەی خیانەتەکانی دیکەی بارزانی و بنەماڵەکەی، خیانەتێکی هاوتای ٣١ی ئاب و ئەنفالی یەزیدییەکانی بەدوادا هات، بەشێک لەم خیانەتە لە تەوێڵی نەوشیروانیشدایە، ئەمیش بە بەڵگەی ئەوەی:

یەکەم:
ئەمڕۆ گۆڕان لەناو دەسەڵاتدایە، تا ئیستا وەک رێکخروێک لەسەر کوشتاری یەزیدییەکان بەیانێک، یان راگەیاندنێکی دەرنەکردووە، هەڵوێستی روون و ئاشکرای دەرنەبڕیوە.

دووەم:
هەرچەندە تووڕەیی خەڵک بەرامبەر بە خیانەتی مەسعود بارزانی روو لە زیادبوونە و لەناو جەماوەری کوردستاندا وەک کویسلینگی نەرویژی و هەر ناپاکێک لەم سەرکردەیە دەڕوانرێت، نەوشیروان بەپێچەوانەوە دوای ئەو رووداوە سەردانی پیرمامی کردووە و چاوی بە مەسعود کەوتووە، ئەمە نە سیاسەتە، نەک رەفتاری دیبلۆماسیی، پەیوەندییەکی دوو قۆڵییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی، نەک بۆ خاتر بەرژەوەندی نیشتیمانیی.

سێیەم:
کاتێک راگەیاندنەکانی گۆڕان باس لە جموجۆڵی گەریلا و یەپەکە دەکات، کە چۆن بەرەو رووی چەتەکانی داعش دەبنەوە، راگەیاندنەکانی گۆڕان ناوی چەکدارەکانی پارتی وەک بەرەورووبوونەوەی یەپەکە و پەکەکە تێکەڵ بە چالاکیی ئەوانیش دەکەن، هونەر و نهێنی کاری راگەیاندنی دەزگاکانی گۆڕان، لەوەدایە، کە هەوڵ دەدەن پارتی بخەنەوە نێو سەردێڕی هەواڵەکان و سۆزی جەماوەریان لێنەتۆرێنن. هەروەک چۆن سایتی لڤین بەردەوام ریکلامی گەرم و چەور بۆ یەکێتیی دەکات و لەلایەن قوباد تالەبانیی و خەتی هێرۆوە دەستگرۆیی دەکرێت، گۆڕانیش ئاوا ریکلام بۆ پارتی دەکات.

چوارەم:
بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر گرتنی موسڵ و هاتنی داعش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیی، هەروەها قەتڵ و عامی کوردە یەزیدییەکان، هۆکارێکی دیکەش هەیە، ئەویش تەیارێکی فیکری ئیسلامی چۆتە ناو گۆڕانەوە، پۆست و بەرپرسیارێتییان هەیە، نەوشیروان بۆ راگرتنی دڵی ئەوان و کۆکردنەوەی ژمارە بۆ بزووتنەوەکەی دڵی ئەوانی بەم هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانییە رازی کردووە.




(دەنگدراوە: 1)