سەرهەلدان ژیانە

Monday, 12.03.2012, 12:00

2134 بینراوە





هەلکەوتی جۆگرافی ناوچەی کوردستان و گرنگی نەوت وگاز لەو ناوچەیە دەتوانێت خود بەخوت ببێتە تەقینەوەی پرسگرێکی کورد لە میدیای جیهاندا. کوردستان لە جەرگەی قەیرانەکانی رۆژهەلااتی ناوەڕاستە.
سەرەرای ئەوەی کوردستان خاکەکەی بە کانزای نەوت و گاز لە جیهان ئەژمیردرێت شوێنەکەشی خالی گواستنەوەی بۆڕی گازی جیهانە کە بە نابوکۆ دەناسرێت دەتوانێت پێداویستی ووزەی جیهانی ئەورۆپا دەستەبەر بکات. نابوکۆ بەشێک لە گازی ئیراق و ئیران و ئازەربایجان بەیەکەوە گریدەدات ئەو بەشەش بەناو خاکی کوردستان تێپەردەبێت وپێشبینی دەکرێت پرۆژەی بۆری گازی نابوکۆ تا سالی ٢٠١٧ تەواو بێت بۆ گواستنەوەی گاز تادەگاتە وولاتی ئوتریش (نەمسا). شایانی باسە ئوروپا ئەمڕۆ وابەستەیە بە ڕووسیا لە ڕووی ووزەی گازی سروشت. بۆڕی گازی نابوکۆ دەتوانێت ئوروپای یەکان کەمتر وابەستە بکات بە رووسەکان. سەرەڕای ئەوەش بۆری نەوتی ئیراق هەیە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە قەراخ دەریای سپی میدترانە کە ئەویش بەناو خاکی کوردستان تێپەر دەبێت. ئەو دوانە دەبنە شارەگی ووزە بۆ ئەورۆپا. هەر مەترسێ یەک بۆ سەر بۆرێ نابوکو دەمودەست کاردانەوەی ئابووری توندی دەبێت لە سەر ژیانی ئەورۆپایەکان و دەبێتە مایەی شلەژانی ئابووری وولاتانی ئورۆپی بە تێکڕایی. چالەکانی گازی ئیراق بەشێکی زۆری لە کەرکوکە. کومپانیای وەبەرهێنانی تورکیا- ئینگلیس بەم زووانە چەنگیان چڕ کردووە لە گازی سروشتی کوردستان.
نەگۆرنۆ قەرەباخ ناوچەێکە لە نیوان ئەرمنستان و ئازەربایجان و هەر وەها جورجیای قاوقاز لە سەر ڕیگای تێپەڕینی لوولە گازی نابوکۆ هەلکەوتوون، لەکاتی روخانی سۆڤیەتی ئەو دوو ناوچەیە بەخەستی کەوتنە ناو رۆژەڤی میدیاکانی جیهانەوە. ئەودەم نزیک بوو ئەمریکایەکان سوپا بەرەو جورجیا رەوانە بکەن.

ئەمرۆ دەبینین ئورۆپا و ئەمریکا لە ڕوبەرووی قەیرانێکی ئابووری دان کە هەروا دێت قوولتر دەبێت.لەدوای رووخانی بلۆکی کۆمۆنیزم ئەمریکا و رۆژئاوا نیازیان بە شەرێکی ئایدیولوژی هەیە بۆ چەواشەکردنی خەلک تا لە سایەی بەرپاکردنی توندو تیژیێکی ئەوتۆدا رۆژئاوا بتوانێت باشترین سوود و بازرگانی وەدەست بێن و خەلک لە قەیرانەکانی ئابووری ناوخۆیی پی دەمکوت بکەن. ئامانجی رۆژئاوا لەوەیە ئیسلام بکات بە بەهانە و بە مۆرکی تیروریزم و مرۆڤ کوشتن ئیسلام بکەن بە پیسکە و هەڕەشەی ئاینی بە سەر کۆمەلگای رۆژئاوا. پیلانی ئەو رەهەندە لەسەرەتا نانەوەی ئاژاوە لە نیوان خودی ئیسلامەکان و ناوزراندی ئیسلامە کە دەتوانێت گەورەترین ئاژاوە لە جیهان بەرپا بکات. بەهاری عەرەبی وهێنانی دیموکراسی بۆ ئیراق ولیبیا و سوریا و ئەفخانستان لە ترەکەلەکی ئەو پیلانە نوێیە یە. وە بۆ ئەم مەبەستەش سێ وولاتی تورکیا و قەتەر و سعودی بەشدارن و هاوکاری ئەمریکا دەدەن بە پارە. سێ کەسایەتی ناوداری وەک یوسف قەرەزاوی و فەتحوللا گۆلەن و عەلی قەرەداخی کە ڕاوێژکەرو فتوادەرو بیرمەندی ئەو ئیسلامەن لە ڕیگای کانالی ئەلجەزیرە کەوتۆنەتە ڕاوە رێوی بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکە چەپەلە. تورکیا کاری جاسوسی وسیاسەتی دووفاقی و رێکخستنی چەتەکان بەرێوە دەبات و ناتۆ بە کاری لوجیستی پشتیوانی دەکات. لە رەوشێکی ئابووری ئەوتۆ رۆژئاوا ناچارە ریسکی لەم جۆرە بکات کە لەوانەیە کاردانەوەی پێچەوانەی لێی بوەشێتەوە و لە دژی بەرژەوەندی ئەورۆپا و ئەمریکا تەواو بێت. مەرج نیە ئەمریکا لەو سیاسەتە سەرکەوتو بەدەست بهێنێت. لەوانەیە سەرەنجام بە قازانجی وولاتانی چین و هند و روسیا تەواو بێت.

هێژای گۆتنە کە ئورۆپا و ئەمریکا ئەمرۆ بۆ سێ مەبەستی سەرەکی گوێ لە داخوازەکانی تورکیا دەگرن :.
١. چاودێری کردنی بۆڕی گواستنەوەی گازی نابوکۆ تا دەگاتە ناو خاکی ئەورۆپا .
٢. وەک ئەندام لە ناتۆ، تورکیا دەسەلاتەکەی ڕێگا دەدات بنکەی قەلخانی موشەکی لەسەر خاکی بێتە دانان وەک چەپەر دژی سنووری باشووری رووسیا و ئێران و ووردە ووردە سنوورر سوریا بەکار بهێنرێن. تورکیا بەوە رۆلی ژاندارمی سنوور بۆ ئەورۆپایەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
٣. تورکیا ئیسلامێکی ساختە بەڕێوە دەبات بۆ خزمەت کردن بە خاچپەرەستانی ئیڤانجیلیکا. مەبەست لەوە بۆ تەفروتونای جیهانی موسولمانە. لەو ڕێگایەوە هەولی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە لە نێوان ئیسلامەکان دەدات بۆ قڕکردنی یەکتر. سەرەنجام نەفرەت گیری و بێزاری خەلک لە ئایینی ئیسلام بە قازانجی ئەورۆپا سەرهەلدەدات و دەستەبەرکردنی دەرفەت بۆ هێنانە دی دەسەلاتداری (سەفەربەلک) عوسمانی ئەتاتورکی نوێ لە ڕۆژهەلاتی ناوەرەست دێتە دی. ئەوە خەونێکە دەسەلاتی پارتی ئەردوغان پێوە دەبینێت. سەیر نیە ئەوەندە چەتەی موسولمان و ئەلقاعیدە و ئیخوان موسلمین لە تورکیا پەنگیان داوەتەوە. جێگای ئاماژەیە ئەو ئیسلامە ساختەیەی حکومەتی ئەردوغان بانگەشەی بۆ دەکات بیرمەندەکەی فەتحوللا گولەنە کە دانیشتووی پانسیلوانیایە لە ئەمریکا بە یارمەتی " سی ئای ئەی و ئیلومیناتی و کەلیسای ئیڤانجیلیکا " پەیامی سیاسی ئەوان جێبەجێ دەکات. قوتابخانەکانی سەر بە فەتحوللا گولەن گەیشتونەتە کەرتی غەزە و سومال تەنانەت باشووری کوردستان. لە ژێر ناوی یارمەتی هەژارەکان خەلکی ساوێلکە بەرەو خۆیان ڕادەکیشن و مەرامی خۆیان دەپێکن. یەکێک لە ڕووداوە بەسەمەرەکەی ئەو چەمکە کردوویەتی پالپشتی مامۆستای ئاینی عەلی قەرەداخی بوو لە ئیستانبول کە کردیان بە سەرۆکی زانایانی ئیسلامی جیهان. تێکۆشەرێکی تری ئەو تاقمە موسلمانە بەرێز یوسف قەرەزاوی یە کە ناوە ناوە فتوای ئەلەق وبەلەق دەدات لە کەنالی ئەلجەزیرە. ئەو تێکۆشەرە ئیسلامە هەروەک فەتحەللا گولەن هەردووکیان کورد بەکافر دەزانن و خەباتی کورد دژی چەوسانەوە و دڕندەیی تورکیا بەناڕەوا لە قەلەم دەدەن.



دووڕیانێکی نوێ و ستراتیژی سەرهەلدان :

ململانێی یەکێتی و پارتی بۆ کەلەگایی و نفوزی شەخسی بەسەر هەرێمی باشووری کوردستان وایکرد سیاسەت و ئابووری کوردستانی تەسلیم بە تورکیای ببێت سەرکردەکانیشی کرد بە داردەستە. هەر لە سەرەتاوە دەسەلاتی هەرێم وەک مشەخۆر لەسەر جەستەی تاکی کورد و خوێنی ئەنفالکراوەکان کاردەکات بۆ بەهرەمەند کردنی دوژمنانی کورد.. ئەمریکایەکان لەسەرەتاوە لە سەرکردە سیاسی یە کوردەکان گەیشتوون کە هەسپی دۆڕاوون ملکەج و داردەستەی ئیران و تورکن بۆیە نایانەوێ گرەو لەسەر ئەو هەسپە دۆڕاو بکەن.

دوژمنیکی وەکو تورکیا بە کۆی هیزو توانایەوە هەول دەدات دەنگی کورد لە ئەورۆپا و جیهان کپ بکات، تورکە فاشیستەکانی ئەردوغان و ئیسلامی یەکانی فەتحوللا گولەن گورج لە دژی هەر دەستکەوتێکی کوردن. تەنانەت هەڕەشەی ئابووری لە وولاتانی ئەورۆپایی دەکات گەر پرسی کورد وەڕۆژێنن. مخابن سەرکردەکانی کەمژەی باشووری کوردستان لەبەر چاوی خەلکی کوردستان کە رۆژانە بەدەست ئەو دوژمنە بێ بەزەیە قەتلوعام دەکرێت لێدوانی پشتیوانی لە تورکەکان دەکەن و هیزیان پێ دەبەخشن و کردە ناشرینەکانیان جوان نمایش دەدەن. بۆ وەبیر هینانەوە تورکیا لە کاتی ڕووخانی ئیراق نەیهێشت پایگای ئینجرلیک بەکار بهێندرێت لەدژی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی ئیراق، مەبادا کورد دەسکەوتن بەدەست بێنێت، وەلی ئێستا بووەتە گیانفیدا و ئوردوگای مەشق و ڕاهێنانی کردۆتەوە بۆ مچەخۆرەکانی گروپی ئەلقاعیدە وچەتەکانی ئیخوان موسلمین وچەتەکانی بەناو سەلاحەددین ودارودەستەی سەلاح بەدرەددینی سەر بە مەسعود بارزانی. تورکیا توانای جەنگی نیە بکات. لەشکرەکەی لەناو خاکی خۆی شەپرزە بووە وەلی دەتوانێت بۆ ئەم کارە دەسەلاتی هەرێمی باشوور ڕاسپێرێت بۆ مەرامە چەپەلەکانی بۆ تێکدانی دەستکەوتەکانی کوردانی رۆژاوای کوردستان.

کارەساتە ئەگەر خوانەخواستە ڕۆژێک کوردەکانی روژاوا ئەو فریوە بخۆن ڕێگا بە لایەنێکی دەسەلاتی هەریم بدەن بۆڕاوێژ وەرگرتن ودەستی یارمەتی. دەسەلاتی هەرێم ئەگەر بۆی بلوێ وەک مار دەیانگەزێ لە هەولی ئەوەدان هەمان کار بەسەر کوردەکانی رۆژهەلاتی کوردستانیان هێنا بەسەر رۆژئاوای کوردستانیش بێنن.
هەلمەتی سەرهەلدانی کوردی باکوور و خۆرئاوای کوردستان ئەمڕۆ لە جۆشە. وولاتە زلهێزەکان سەیری ئەو کیشمەکێشە دەکەن . لە یەکچوونێکی زۆر هەیە لە نیوان سەرهلدانی باکوور و رۆژئاوا. ئەوەش ترس و دلەڕاوکێی زۆری بۆ تورکیا دروست کردووە. ئەوەی پێویستە بەدی بکرێ وەلی بەدی نەکراوە تا ئیستا ڕاپەرینی باشووری کوردستانە. واتە ئەو سێ بەشەی لە دوای جەنگی چالدیران و رێکەوتننامەی قەسری شیرین لە وولاتی ئیران جیا کرانەوە و کەوتنە ژێر دەسەلاتی تورکی عوسمانلی پیویستە پالپشتی یەکتربن. وولاتانی جیهان ئەگەر بزانن لایەنی کوردی لە خۆڕاگری خۆیان بەردەوام دەبن و خواستێکی بەرچاو وێنا دەکەن، بێشەک سیاسەتی خۆیان دەگۆڕن بەرامبەر بە تورکیا. کورد لەم دۆخەی تورکیا تیای کەوتووە دەتوانێت ببێت بە یاریگەرێکی توند و تۆلی ناوچەیی و جیهانی.
لە پرۆسەی گۆرانکاری دەسەلاتداری سوریا جیگای شانازی یە دەبینین کورد لە کوردستانی رۆژئاوا هەنگاوی ئاقلانەیان هەلیناوە کە رێگای سێ یەمیان هەلبژاردووە ، نەبوون بە داردەستی دوژمن و توانیویانە ناوچەکانی خۆیان بپارێزن لەو شەڕە نگریسە و پالپشتی خەلک وەدەست بێنن. هاوکات دامەزراندی ئەنجومەنی خۆبەریوەبردن دیموکراتیک (خۆسەری دیمکراتیک) جێگای نرخاندنە بۆ فێرکردنی خەلک و چۆنیەتی خۆ بەرێوە بردن و ئەزموون وەرکرتن لە نوشستەکانی کوردی باشووری کوردستان. هەلبەت لەم سات و وەختەدا هەر جۆرە چەکداری یەک جودا لە هیزی پەیەدە بە ناوی پاراستنی خەلک بکەوێتە ناو هەرێمەکە رەوشەکە ئالۆز دەکات.
دەسەلاتی باشووری کوردستان لە پارەی دزراوی خەلک دەزگایەکی زەبەلاحی میدیای درۆزنی لەبەردەستە کە شەوو رۆژ خەلکەکەی پێ چەواشە دەکات. ئەوەی ئەو دەسەلاتەش بەڕێوە دەبات لە ڕاستیدا دوژمنێکی دلڕەقە بە مەرامی خۆی ئەو دەسەلاتە ئاراستە دەکات. و هەر کاتێک هەست بە لاواز بوونی ئەو دەسەلاتە بێتە کردن شانۆیەک دادەڕێژن بۆ گەراندنەوەی لارسەنگی وگەڕاندنەوەی ئەو دەسەلاتە بۆ دۆخی پێشوو.
هەرچی دواکەوتنی ئاستی هوشیاری باشووری کوردستانە کەوتۆتە نیوان بەرداشی پەیمانی ستراتیژی فیفتی فیفتی. ئوپوزسیۆنێکی نەزۆکی وەک گۆڕان کە بەهەمان ئەقل و بۆچوونی دەسەلات کار دەکات ناتونێت پێشەنگی خەلک بکات. میدیای ئەهلی کە دەبوایە بۆ ڕۆشەنگەری خەلک و پاراستنیان لە چەواشەگەری میدیای دەسەلات کار بکات، بووە بە پاشکۆیەکی دەسەلات. بۆیە دەبینین شەقام بێدەنگە لە هەلوێستی نامەردانەی سەرکردە کوردەکانی باشوور لە دژی ڕووداوانەی باکوور و ڕۆژئاوا. دەبوایە ئەو ڕەوشە جەماوەری باشووری کوردستانی بهینابە ڕاپەرین و ڕامالینی دەسەلات. بێدەنگی و بێچارەیی خەلکی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی ئوپۆزیسیۆنی هەلپەرەست و میدیایەکی کەمتەرخەمە.
خیالپلاوە گەر ئوپۆزیسیۆن چاوەروانی چاکسازی بکەن لەو دەسەلاتە. گەمژەیی یە گەر وابزانین ئەو دەسەلاتە لە خەمی پرسەکانی کورد و ناوچە دابڕاوەکانە. داواکردن لەم دەسەلاتە کارێکی سەقەتە. داوا کردن لەو دەسەلاتە وەکو ئەوە وایە کە نەخۆشێکی دل بڕواتە بەر دەرگای قەسابخانەیەک داوا لە قەسابێکی ساختەچی بکات نەشتەرگەری دلی بۆ بکات ئاخو دەبێ چارەنووسی ئەو داماوە بە کوێ بگات؟.
سەرکەوتنی کورد لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان ئاسۆیەکی پڕشەنگیان لە پێشە بۆ گۆڕینی هاوکیشەکانی ناوچە و دۆزی کورد بەتێکڕایی. دوژمن لە بێچارەییتی دەسەلاتی هەرێمی باشوور داوەتە پێش خۆی و شەری بەغدای پێدەکات و دەکاتە گەنگەشە. دەسەلاتی بەغدا بەهیج جۆر مەترسی نیە بەسەر کورد، ئەوەی مەترسی یە بەسەر کورد گەندی دەسەلاتی هەرێم خۆیەتی. دەبێ لێی گەڕین تا بەرپرسەکان خۆیان بچنە ژیرباری ئەو شەڕە. هیوادارم میدیای سەربەخۆ نەبێتە بەپاشکۆی میدیای دەسەلاتی هەرێم بۆ چەواشەگەری و نەبن بە تووتی دەزگای هەوالگری دوژمن لە گەیاندنی هەوالەکان.