پێویستە رێکخراوی سیاسیی نوێ دروست ببن

Sunday, 10/08/2014, 12:00

2359 بینراوە


دەستەڵاتی هەرێم توانای بەرگریکردنی لە خاک و خەڵک نییە. لە بنەڕەتدا دەستەڵاتێکی سیاسی نییە تا توانای بەرگریکردن و بەڕێوەبردنی تیا دروست ببێت. ئەوان کە کۆمپانیا و دەستەڵاتیان تێکەڵاو کرد، هەموو کۆمەڵگایان توشی نەخۆشیی کرد، جگە لەمەش ئەوان زیاد لە نیوەی خاکی کوردستانیان لە پێناوی پارە و پۆستدا واز لێ هێنا، ئیتر لە کوێ خاکیان لا جێگای گرنگییە.(ناسر حەفید)

کوردستانپۆست: ئەوەی سەرەوە بەشێکە لە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار کە ئاڕاستەی (ناسر حەفید)مان کردووە، ئایا چارەسەر چییە و خەڵک چی بکات؟ دەتوانن لەم بارەیەوە راوبۆچوونی خۆتان بنووسن.
-----------------------------------------------------

- قەبەیی داعش لە لاوازیی ئێمەوەیە
- ئەوەی دەنگی داوە لە سەرۆکی هەرێم کەمتر بەرپرسیار نییە
- دزعش لە داعش خەتەرترە
- پیسخۆریی پێش داعش دەستی خۆی وەشاندووە
- مرۆڤ نابێت لە خۆی قبوڵ بکات داماو بێت
- پیسخۆریی ئەوان هەڕەشەیە بۆ ژیان و مانی تۆ
- ئەرکی سەرشانی هەر یەکێکە بجوڵێت



--------------------------- پرسیار و وەڵامەکان----------------------

کوردستانپۆست: راتان چییە دەربارەی دەرکەوتنی داعیش و توانای بەرگریی دەستەڵاتی هەرێم لە خەڵکی کوردستان؟
- دەرکەوتنی داعیش زەنگی مەترسییەکی گەورەیە بۆ کورد. پیشانی دا کە مرۆڤی کورد لە پێناوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵیدا ئەبێت لە ئێستای وشیارتر بێت. کورد پێشتر توشی کارەساتی وەکو هەڵەبجە، ئەنفال و شەڕی ناوخۆ بووە بەڵام ئەمانە لە خەویان هەڵنەستاندووە. تا ئێستا بەرپرسیاریی ژیان و وڵاتی نەخستۆتە ئەستۆی خۆی، بەجێی هێشتووە بۆ دەستەڵاتێک کە بە درێژایی مێژوو نەک کوردی نەپاراستووە و نەیبردووە بەڕێووە بەڵکو خۆی بەشێک بووە لە مەترسیییەکان.

دەستەڵاتی هەرێم توانای بەرگریکردنی لە خاک و خەڵک نییە، چونکە لە بنەڕەتدا دەستەڵاتێکی سیاسی نییە تا توانای بەرگریکردن و بەڕێوەبردنی تیا دروست ببێت. ئەوان کە کۆمپانیاو دەستەڵاتیان تێکەڵاو کرد و بە پیسخۆرییان هەموو کۆمەڵگایان توشی نەخۆشیی کرد ئیتر چۆن بەرگریکردن لە خەڵک لایان ستراتیج بووە؟ جگە لەمەش ئەوان زیاد لە نیوەی خاکی کوردستانیان لە پێناوی پارە و پۆستدا واز لێ هێنا ئیتر لە کوێ خاکیان لا جێگای گرنگییە. بەرگریکردن لە خاک و خەڵک پرەنسیپی سیاسیی خۆی دەوێت کە ئەوان نیانە و لەسەر هەوایەکی ترن. دەستەڵاتدارانی کورد پێش داعیش بە پیسخۆریی گورزیان لە توانای کورد بۆ بەرگریی وەشاندووە. پیسخۆریی لە داعیش خەتەرترە. داعش رەنگە لە شەڕدا ژمارەیەک بکوژێت بەڵام پیسخۆریی سیستێمی خۆڕیکخستنی لەناو بردووە، ئەو سیستێمەی کە بەهۆیەوە بەرگریی دەکرێت. دەستەڵات بە هۆی ملکەچیی جەماوەرێکی زۆرەوە توانیویەتی دەزگاکان و کێشەی میللەت بکات بە یاری منداڵان و جێگای سوکایەتیی. هەر دەستەڵاتدارە و بە گوێرەی پشکی خۆی منداڵەکانیشی کردووە بە بڕیاردەر و خاوەن پۆست. بەمەش کۆمەڵگا بێ بەش دەبێت لە توانای ئەندامەکانی. بەپێچەوانەوە، کەسانی نەزان و خراپ بە دەستەڵاتیان زیان دەبەخشن بە کۆمەڵ. پۆست و دەستەڵات بە گوێرەی لێوەشاوەیی نادرێت بە کەسەکان. هەر دەستەڵاتدارێک خزم یان کلکێکی خۆی دەهێنێت و وەکو ئیمتیاز پۆستێکی دەداتێ. جەماوەریش لە ئاستی ئەم دژواریانەدا بێ هەڵوێستە.
چۆن گەڵایەک بە دارێکەوەیە یان پەنجەیەک هێز لە لەشێکەوە وەردەگرێت ئاواش جەنگاوەرێک ئازایەتیی و هێزی خۆڕاگریی لە رێکخستنی گشتیی کۆمەڵەکەیەوە وەردەگرێت. پیسخۆریی لە کاتێکدا کە بانکەکانی لە پارە چۆڕانۆتەوە و جێگای سیستێمێکی ئابوریی گرتۆتەوە لە هەمان کاتیشدا نوشست بە جەنگاوەرێکیش دەهێنێت لە سەنگەردا. کاتێک کە کۆشک و هۆتیل بە پارەی دزیی دەچن بە ئاسماندا، دەستەڵات و کۆمپانیا تێکەڵاو دەبن، جەماوەر تەنها بێ موچە نابن، مەترسیی خوێندن، تەندروستیی و داگیرکاریی بابەتی داعشیشیان دەکەوێتە سەر. بۆیە خەڵکی کورد ئەبێت لەوە تێ بگات کە دروستبوونی ژمارەیەک پارەدار بە هۆی دەستەڵاتەوە لەوە زیاتر دەکەوێت کە پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان بردووە، ئەم پیسخۆرییە پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە بە مان و نەمانی میللەتەوە وەکو ئێستا بە چاوی خۆتان دەیبینن. بە رستەیەکی تر، پەخشان و تەخشانی پیسخۆران لەسەر حسابی ژیان و مان و نەمانی هەر یەکێکە. جەماوەری خەوتووی کورد بە وێرانبوونی قوتابخانە، خەستەخانە، سیستێمی ئابوریی، ژینگە و ئیدارە خەبەری نەبووەوە هەتا بۆ هەڕەشەی مان و نەمان بەخەبەر بێت.

کوردستانپۆست: بە رای تۆ بەرامبەر بەم کارەساتەی ئێستا بەرپرسیاریی یەکەم دەکەوێتە سەر کێ؟
- بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەموو ئەو پارتانەی کە لەناو پەڕلەماندان و پێکڕا ئەم سیستێمی دەستەڵاتەی هەرێمیان دروست کردووە وەکو یەک بەرپرسیارن. بەڵام ئێمە فێرین کە خەتا دەخەیەنە سەر یەک کەس. ساڵی ١٩٧٥ یش کە ئاشبەتاڵ بوو وتیان خەتای مەلا مستەفا بوو. راستە ئەو بڕیاری بڵاوەپێکردنی جوڵانەوەکەی دا. بەڵام ئەمە چ گەلێکە کە هەموو مافەکانی خستۆتە دەستی یەک تاکە کەسەوە و خۆی هیچی پێ نییە لەسەری بەردەوام بێت؟ لە بنەڕەتدا توانای شکست پێهێنان لەلایەن دەستەڵاتدارەوە لەم بێ تواناییەی گەلەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێمە پێویستە ئەو ئەقڵە بگۆڕین کە چارەنوسی گەلێک بدەینە دەست کەسێک یان تاقمێک. بەلای منەوە هەر یەکێک لەو کەسانەی کە چون بۆ دەنگدان لە سەرۆکی هەرێم کەمتر بەرپرسیار نین لەم رەوشە. چونکە بە درێژایی مێژوو سەرکردەی پارتەکان چییان بەسەر گەلدا هێنابێت هیچ نەکەوتووە لەسەریان، هەموو جارێک جەماوەر بە هەڵپەڕکێ ملکەچیی بۆ تازە کردونەتەوە. پەنجە مۆرەکانی دەنگدەران قەیرانەکانیان دروست کردووە. جان جاک رۆسۆ دەڵێت: "گەلێک بێ مەرج خۆی بخاتە دەستی هەر دەستەڵاتێکەوە هیچ نرخێک وەرناگرێت لە باتی."

کوردستانپۆست: ئەو ترس و راکردنانەی کە ئێستا لە هەندێک شوێن باس دەکرێت چۆن لێکدەدەیتەوە؟
- کورد لە باشوردا وەکو شانازیی کوردستان چۆڵکردنەکەی ساڵی (١٩٩١)ی باس دەکردو بە رەوە مەزنەکە ناوی دەبەن. بەڵام لە راستییدا من شەرم دایگرتم کە چۆن گەلێکی راپەڕیوو لە پڕ هەڵکەنراو بە ملیۆن شارەکانی چۆڵ کردو رووی کردە کەژ و کێو؟ ئەمە بە بەراورد بە گەلی روس کە لە ستالینگراد و لینینگراد لەناو شاردا بەرگرییان کرد تا دوژمنیان بەزاند. لە ناهەموارییدا گۆشتی سەگ، پشیلە و ئینسانیان دەخوارد لە سەرمایەکی ژێر سفردا. رەوە مەزنەکە کارەساتێکی گەورە بوو لەو روەوە کە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم تاقیکردنەوەیە شوێنەوار بەجێ نەهێڵێت و روو نەداتەوە؟ چۆن ئەو توانایە لە خەڵکدا دروست بکرێت کە وا بە ئاسانیی بەرپرسیاریی ژیان و بوونی خۆی نەداتە دەست وڵاتان و نەبێت بە سواڵکەر لە وڵاتی خۆیدا؟ ئەمە بەرنامەو کاری زۆری دەویست بەڵام نەبوونی رێکخراوی سیاسیی لە باشوری کوردستاندا وای کردووە کە ئەم کێشەیەو هەموو کێشەیەکی تر لە حسابی سیاسییدا نەبن. بۆیە ئێستا زۆر ئاسان ئەو رۆحە لە ناو کورددا بە روداوێکی بچکۆلە گەورە دەبێت. بە تایبەتی بەگشتیی جەماوەر بڕوای بە ئەقڵی ئیداریی دەستەڵاتی هەرێم نییەو جێگای بڕوا نین. کاتێک کە کۆمەڵگا لە هەڵوەشاندا بێت و خۆی رێکنەخستبێت بەرامبەر بە هەڕەشەیەکی لەم جۆرە ، مرۆڤی تاک هەموو هۆیەکی هەیە بۆ ترسان و روخان. وەکو لە پێشەوە وتم هێزی پەنجەیەک سەرچاوە لە لەشێکەوە دەگرێت. کوردانی خۆرئاوا کە توانای بەرگرییان هەیە لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان وەکو کەس ئازاترن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەوان خۆیان بە جۆرێک رێکخستووە کە بۆ بەرگریین لە خاکی خۆیان. پێچەوانەکەشی ئەوەتا بە باشوری کوردستانەوە دیارە.

کوردستانپۆست: ئێمە دەزانین کە سەرهەڵدانی داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو کورد. پارتەکانی باشور با بڵێین بوونەتە هۆ بۆ ئەوەی کورد لە باشوردا توانای بەرگرییەکی پێویستی نەبێت، کە لە خۆی بکات. بەڵام وەکو دەزانین هەر کارەساتێک بێت زیاتر بەسەر خەڵکدا دێت، ئێستا لە شەنگار و ناوچەکانی تر راکردن و کوشتاری خەڵک دەبینین. جگە لە پارتەکان من و تۆ، ئەم و ئەو دەتوانن چی بکەین؟ ئایا هەروا لە شوێنی خۆماندا رابووەستین؟
- کارەساتەکان زیاتر بەسەر خەڵکییدا دێن. بۆیە لە پێش هەموو کەسێکەوە پێوێستە خەڵک بیر لە رێگاچارە بکاتەوە. دەستەڵاتی پارتەکان سروشتی سیاسییان تیا نەماوە، نە ئەتوانن بەرگریی لە خەڵک و خاک بکەن نە توانیوویانە کۆمەڵگا بەرنبەڕێووە. قەیرانی سەربازیی ئێستا یەکێکە لە قەیرانەکان کە یەخەی مرۆڤی کوردی گرتووە. کورد نابێت چاوی هەر لە دەستی ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا بێت. من و تۆش وەکو ئەو کەسانەی کە چاومان لە دەستیانە مرۆڤین و ئەتوانین هەر شتێک بمانەوێت هەوڵی بۆ بدەین و پێی بگەین. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چۆن؟ گرفتەکەی ئێمە کێشەیەکی سیاسییە، بۆیە ئیشی سیاسیی دەوێت. بۆ کاری سیاسیش پێویستە ئامرازی سیاسیی هەبێت کە بریتییە لە ئایدۆلۆجیا و رێکخراوی سیاسیی. سەرکەوتن و ژێرکەوتن، بەهێزیی و بێ هێزیی بەستراوە بە جۆری خۆڕێکخستنی کۆمەڵگاوە. روداوەکان دەریان خست کە ئەم پارت و دەستەڵاتدارانە ناتوانن بە گوێرەی پێویست بن. کۆمەڵگای کوردیی پێویستە رێکخراویی سیاسیی تازە بەرهەم بهێنێت، سەربەست لەم پارتانە بەرنامەی هەبێت بۆ بەرگریکردنی میللی و بە هاناچونی لێقەوماوانەوە. ئێمە نابێت پشتی لێ بکەینەوەو چاوەڕێ بین شارەوانی بێت خۆڵی بەردەمی ماڵەکەمان ببات هەتا لە زبڵدا دەخنکێین، با هەر یەکە بە گوێرەی خۆی و لە لای خۆیەوە کار بکات و پشتی کارە باشەکانی یەکتر بگرین. بێ هەڵوێستیی و داماویی گەورەترین خراپەیە کە مرۆڤ دەرهەق بە خۆی دەیانکات. مرۆڤ نابێت لە خۆی قبوڵ بکات داماو بێت. مرۆڤ لە خۆرێکخستندا دەتوانێت توانایەکی گەورە دروست بکات. سەرەتا بەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ ئامادەی بەرەوڕوبوونەوە بێت و خۆی لە ماف و بەرپرسیاریی دانەبڕێت. من بڕوایەکی تەواوم هەیە کە ئەو کەلێنەی دەستەڵات لە دوای خۆیەوە بەجێی دەهێڵێت بەو کەسانە پڕ دەکرێنەوە کە لە دەرەوەی دەستەڵاتان. ئەوەی خراپی کردووە هەرگیز ناتوانێت چاکی بکات.

کوردستانپۆست: بە ڕای ئێوە چ دەوڵەتێک یان چ مەبەستێک لە پشت ئەم هێرشانەی داعشەوەیە و ئەنجامەکان دەگەنە کوێ؟
- خەڵکیی بە مەزەنەی ئەقڵ قسە دەکەن بەڵام لە رووی زانستییەوە پشت بە مەزەنەی ئەقڵ نابەسترێت. بەڵام دەرکەوتنی داعش و گرتنی موسڵ لە کاتێکدا رووی دا کە کێشەی ناردنی نەوت لە رێگای تورکیاوە، لە نێوانی هەرێم و بەغداددا دەبوو بە لایەکدا بکەوێت. دوای گرتنی موسڵ سەرۆکی هەرێم بە هەڕەشەکردن لە بەغداد چووە ناو کێشەکەوە وەکو ئەوەی کە داعش بۆ کوردستان مەترسیی نەبێت. داعش لە کوردستانی عێراقەوە رەنگە بتوانێت زیاتر زیان بە کوردستانی خۆرئاوا بگەیەنێت. پێشترحکومەتی هەرێم خەندەقی لە نێوانی کوردستانی خۆرئاواو باشوردا لێ دابوو، شتێک کە کوردانی خۆرئاوای نیگەران کرد. ئەگەر داعش لە شەڕو گرتنی شوێنە نەوتییەکاندا بەردەوام بێت ئیتر رێی تێدەچێت بۆ ئەوێ بڕوات ئەنجامەکان بخاتە قۆناغی دووەمەوە. قۆناغی دووەمیش ئەوەیە کە هۆکارێک دروست ببێت بۆ ئەوەی سوپای تورکیی بێتە ناو کوردستانی باشورەوە بە بیانوی پاراستنی سەرچاوەی نەوت و خەڵکەوە کە توشی کوشتاری داعش بوون. واتە لە قۆناغی یەکەمدا دەوڵەتی کوردیی و لە دووەمدا پاراستنی خەڵک و بیرە نەوتەکان. بەڵام هەڵوێستی ئەمەریکا و ئەوروپا ئەوە پیشان ئەدات کە ئەگەر نیازێکی لەم جۆرە هەبووبێت نەچێتە سەر.

کوردستانپۆست: تا چ رادەیەک مەترسیی داعش لای تۆ گەورەیە؟ ئایا ئەمە راستە کە دەڵین هەندێک لە خەڵکی شارەکان خۆیان ئامادە کردووە بۆ راکردن؟
- داعش لە کاتێکدا دەستی وەشاند کە حکومەتی بەغداد بەنەبوو حساب بوو. گەورەیی مەترسیی داعش لە لاوازیی ئێمەوەیە. خەڵکێک لە دورەوە بڕیاری راکردن بدات مانای وایە دوژمن هەر لە دورەوە بێ تەقە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. من وای دەبینم کە داعش شکستێکی گەورە دەخوات و شوێن بۆ ئەوان نییە تا سەر. سەرکەوتنی ئەوان مەترسییە بۆ وڵاتانی تریش. ئێمەی کورد پێویستە بەئاگا بین لەوەی کە ئەو چەکە قورسانەی بۆ شەڕی دژی داعش دەدرێن بە حکومەتی هەرێم لە داهاتودا بەکارنەهێنرێن دژی پەکەکە و لقەکانی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە