نەوشیروان مستەفا لە کوێوە دەیگۆڕێت!؟

Monday, 18/11/2013, 12:00

2115 بینراوە


هەفتەی رابڕدوو چەند هەواڵێک لە زاری چەند بەرپرسێکی یەکێتیی بەرگوێمان کەوتن، ئەوەیان راگەیاند، کە گوایە لەلایەن یەکێتیی و بەهاریکاریی زێڕەڤانی پارتیی دەیانەوێت پەلاماری گردەکەی نەوشیروان مستەفا بدەن، ئەم هەڕەشەیەش بۆ فشارخستنە سەر گۆڕان بوو، تا سوور نەبێت لەسەر پۆستی پاریزگای سلێمانی و دەنگدان بۆ پاریزگاکانیش نەکرێت. هەڵبەتە ئەوەندەی من لە سیاسەت گەیشتبم، دەزانم هیچ کام لەو هێزە سیاسییانەی ناو دەسەلات و ئەو حیزبانەیش کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن، لە سەر ئەوە کۆکن کە نابێت پشێوی و ئاژاوە لە هەرێمەکەیاندا هەبێت، بەهەموویان دەبێت ئەو دەستکەوتە بازرگانییە بپاریزن و ئەوەی تا ئیستا هەیانە لە دەستیان نەچێت، بۆیە ئەو هەڕەشەیەی گوایە کۆسرەت و بەرهەم ساڵح و مەحمود سەنگاوی، شێخ جەعفەر کردوویانە، جگە لە خۆگیڤکردنەوە هیچی تر نییە، هەموو لە ناو پاپۆڕێکدان، کونی تێ ببێت پێکەوە تێیدا دەخنکێن، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گردەکە، وەک ئەوە وایە هێرش کرابێتە سەر دەباشان و قەڵاچوالان، بۆیە بۆ نەوشیروانیش پێچەوانەکەش راستە، کە نایەوێت تاڵێک لە موی برادەرانی ناو یەکێتیی بکاتەوە و هاوارێکیان لێهەڵبستێت.، ئەوەی لەو ناوەدا زیان دەکات تەنها خەڵکی کوردستان و ئەو کەسە ساویلکانەیە کە بڕوایان وایە ئەمانە سیاسەت دەکەن، نەک بازرگانی.

لە هەواڵەکاندا وا هاتووە کە:

(لەسەر داوای فەتاح ڕەباتی لە ماڵی خۆی ڕۆژی دووشەممە ١١- ١١-٢٠١٣ نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح و کۆسرەت کۆبوونەتەوە.)
لێرەدا بە پێویسستی دەزانم لەسەر چوونی ئەم سێ کەسەی گۆڕان و یەکێتیی بۆ ماڵی فەتاح رەباتیی قسە بکەم. ئەمەش بۆ خۆی بەڵگەیە و دەردەکەوێت کە چۆن ئەمانە  کە پرۆپاگەندەی سیاسیی دەکەن، مەسەلە تەنها بازرگانییە، ئەو قسە سەوز و سورانەش، لە زاریان دێتە دەرێ، تا لای کەسە ساویلکە و دەروێشەکانی خۆیان بڕ دەکات، هیچ پەیوەندیی بە بەرژەوەندی میللەت و خەڵکەوە نییە، ئەمانە چونکە پیسخۆریی و خیانەت دەکەن، قورسایی لە کردارەکانیاندا نییە، مرۆڤ دەبێت تێگەیشتنی لەسەر ئەم حیزبە کوردیی و بازرگانە سیاسییانە هەبێت. هەموو شتەکان کردارە، کە جێگای رەخنەیە، نەک ئەو رەخنانەی لە سەر قسەکانیان دەگیرێت!
نەوشیروان مستەفا کاتێک بزوونەوەی گۆڕانی دروست کرد، بەردەوام باسی لە ژووری تاریک و دەرگای داخراو و شەفافییەت دەکرد، ئیستا بۆ خۆشێ بە هەمان موڕاڵی پارتیی و یەکێتیی رەفتار دەکات، داهێنانیکی تریشی هێناوەتە ناو سیاسەتی کوردییەوە، کە لە گەڵ حیزبەکاندا کۆدەبێتەوە. لە گردەکە و شوێنێکی شیاو دانانیشێت، لە بەرچاوی راگەیاندن و گۆرانخوازەکان خۆی دوور دەخاتەوە. ئیستا نەک لە ژوورێکی تاریک، بەڵکو لە شەوێکی دەیجور و تاریکیدا گردەکە جێدەهێڵێت، تا کەس نەیبینێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە