رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


داعش وەک فریادڕەسێك بۆ دەسەڵاتی کوردی

Monday, 08/12/2014, 12:00

1672 بینراوە


سیستەمە دیکتاتۆرەکانی دونیا هەمیشە خەریکی دروستکردنی قەیرانن بۆ کۆمەڵگاکانیان بۆ سەرقاڵ کردنی جەماوەرەکەیان تاکو بیر لە مافە سیاسی و نیشتمانیەکانیان نەکەنەوە و هەمیشە بە مافێکی سەرەتایی و خزمەتگوزارییەکی کەم یان بەقوتی ڕۆژانەیان ڕازی بن.
دەسەلاتی یەکێتی و پارتیش یەکێکە لەو سیستەمانە کە هەرگیز بڕوایان بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات نیە بە هەمان شێوە هەمیشە بەدوای قەیران و دروستکردنی کێشەن تاکو خەڵکی کوردستانی پێوە سەرقاڵ بکەن، بەمەش درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن. بە درێژایی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە کە زیاتر لە ٢٢ ساڵە، بەردەوام خەریکی دروستکردنی کێشە و قەیران بوون بۆ سەرقاڵ کردنی جەماوەر و چەواشە کردنیان چەند نمونەیەکی ئەو قەیرانانە باس دەکەین:

* دوا بە دوای دروست کردنی یەکەم حکومەتی نیشتمانی لە سالی ١٩٩٢ڕاستەوخۆ شەڕێکی خوێناویان لەگەڵ پەکەکە هەڵگیرسان بۆ هاوکاریکردنی ڕژێمی تورکیا جگە لە بەهەدەر دانی سەرمایەیەکی زۆر لەو شەڕەدا بۆ خزمەتی داگیرکەران بە سەدان لاوی کوردیان لە هەردوو لای شەڕەکە کردە قوربانی.
* زیاتر لە دووساڵ مێشکی خەڵکیان خەریک کرد بە درۆ و بوختانەکانیان بۆ پەکەکەو کەوا ئەو هێرش دەکاتە سەر سنوری باشوور.
* دواتر لەساڵی ١٩٩٤ شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیان دروست کرد، نزیکەی ٤ ساڵ خەڵکی کوردستانیان پێوە خەریك کرد و بەهەزاران کوڕی کوردیان تیادا بەکوشتدا، تاکو ئێستاش ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە لەسەر کۆمەڵگای کوردی ماوە.
* دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامیش لە ساڵی ٢٠٠٣  بەدەیان قەیارانیان دروست کردووە بۆ چەواشەکردنی جەماوەرو خەریكکردنیان بەشتی لاوەکیەوە لەبیربردنەوە پرۆژە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکانیان کە خۆی لەسەربەخۆیی و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا دەبینیەوە. مەسەلەی نەوت و گازو پێشمەرگە و سوپای دیجلە و ململانێکانی نێوان بەغداو هەرێم نەناردنی موچە هەر هەموویان قەیرانی دروست کراو بوون و تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکی بوو بۆ خەریك کردنی خەڵک پێیانەوە بیربردنەوەی مافە بنەڕەتیەکانی جەماوەر بوو.
* دواتر وایان لەخەڵکی کرد لەجیاتی سەربەخۆیی و گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان و چەسپاندنی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستاندا جەماوەر تەنها گوێ لە هەواڵەکان بگرێت بزانێت ئەم هەفتە موچەی کام وەزارەت دابەش دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکدا دەبێت مانگێك خەڵک چاوەڕێ ئەنجامەکان بێت بزانێت کام حیزب دەرچووە و یەکەم و دووەمە و دواتر مانگێکی تریش چاوەڕێی تۆمەتبار کردنی یەکتر بن لەسەر تەزویر کردن و سەرئەنجام دوای دوو مانگ ئینجا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن دواتر لەسەر دروست کردنی حکومەت ڕێك ناکەون دەبێت دوای ٩ مانگ خەڵکی چاوەڕێ بێت تاکو حکومەتێکی تەوافوقی دروست بکەن و ئەمە یەکساڵ کەواتە بۆ هەر هەڵبژاردنێك لەهەرێمی کوردستاندا جەماوەر دەبێت یەك ساڵ مێشکی بە هەڵبژاردنەکانەوە خەریك بێت .ئەم هەموو قەیرانانە هەر هەموو ووزەی تاکی کوردی لە بن هێناوە و خەڵکی تووشی بێ ئومێدیەکی گەورە کردووە.


داعش و قەیرانێکی فریادڕەس

دەسەڵاتی کوردی بە پلەی یەکەم پارتی خوای دروست کردنی قەیران و سیناریۆکانە.
پارتی دەیەوێت لەڕێگەی تورکیای هاوپەیمانیەوە لەیەك کاتدا داوای لە ١٧% بودجەی عێراق دەکات و لەلایەکی تریشەوە بە پێچەوانەی دەستوری عێراقەوە دەیەوێت نەوت بەبۆڕی و بەتەنکەر لەگەڵ تورکیا بە شەریکی بفرۆشن، ئەمە جگە لە گومرگی خاڵە سنوریەکانی کوردستان و داهاتی ناوخۆی هەرێم کە خۆی لە سەدان ملیۆن دۆلار دەدات.
لە ساڵی پارەوە پارتی قەرانێکی نەخوازراوی لەگەڵ حکومەتی بەغدادا دروست کردووە لەسەر بۆدجەو مەسەلەی نەوت و گاز هەرهەموو باجەکەیشی جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان دەیدات کە بۆتە هۆی بڕینی موچەی فەرمانبەران و وەستاندنی تەواوی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی هەرێم. کۆمپانیە سەرمایە گوزاریەکان.
داعش لە ناوەڕاستی قەیرانەکاندا وەکو فریاد ڕەسێک بۆ دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە سەری هەڵدا. دوای هێرش هێنانی داعش بۆ سەر موسڵ ئیتر پارتی و یەکێتی خۆیان ئامادە کرد بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو قەیرانەداو جەماوەریان بە داعشەوە سەرقاڵ کرد بەجۆرێك ئیتر کەس ناتوانێت بڵێت بۆچی ئاو کارەبامان نیە یان کەس بۆی نیە داوای چاکسازی و سزا دانی گەندەڵ کاران بکات یەکسەر پێت دەڵێن بابە ئەوە خەریکە داعش دێت هەولێر دەگرێت وەکو کەسێکی گەمژە نەزانێت هەولێر پارتی دەیپارێزێت.
لە سنوری پارتیەوە داعش گەیشتە نزیك هەولێرو لە سنوری یەکێتیشەوە نزیکی کەرکوك بونەوە کەچی ئەگەر قاسم سولەیمانی نەبوایە کەرکوك دەگیراو ئەگەر ئەمەریکاش نەبوایە هەولێر فت دەبوو. کەواتە ئێمە ئێران و ئەمەریکا دەمان پارێزن نەوەك یەکێتی و پارتی .
ئێمە لەبەر خاتری نەوتی بە تاڵان براوی کوردستان کۆمپانیا نەوتە بیانیەکانی ئەمەریکاو ڕۆژ ئاوا پارێزگاریمان لێ دەکەن نەوەك دەسەڵاتی کوردی.
داعش جگە لەوەی بووە بیانویەکی بێ منەت بۆ پارتی و یەکێتی دواتر ڕۆژ ئاوایەکان بە بیانووی شەڕی داعشەوە بە هەزارەها تەن چەك و جبەخانەو کۆمەکی سەربازیان بەو دوو حیزبە داوەو بە ملیۆنەها دۆلاریش خواردن و جۆرەها کەلو پەلی تریان پێ داون کە هەرهەمووی لەسەر پارەی نەوتی خەڵکی کوردستان حیساب دەکرێت.
ئێستا داعش بۆتە بیانوویەکی حازر بەدەست بڕۆ داوای پسوڵەی خواردەمەنی لەو دوو حیزبە بکە یەکسەر چۆن جاران مناڵیان بە شەولەبان دەترسان ئێستاش دەڵێن داعشت بۆ بانگ دەکەین . داعش وا خەڵکی بێزارو نائومێد کردوە ئیتردەبێت خەڵك تەنها چاوەڕێ ی ڕەحمەتی ئەو دوو حیزبە بێت چیان پێ دا بڵێت بەزیاد بێت. بە پێ ی لێدوانەکانی سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا لەناو بردنی داعش پرۆسەیەکی درێژ خایەنە لەنزیك مەودا کۆتایی نایەت کەواتە دەبێت خەڵکی کوردستان ژیانێکی پڕ لە نائومێدی پڕ چەرمەسەری بەسەر بەرن ئیتر پرۆسە چاکسازی و دیموکراسی کردنی ئەم کۆمەڵگاو دەسەڵاتە دەبێت بەقەدەر بسپررێت.
هیچ بەدووریشی نازانم چەند مانگێکی تر کە دوو ساڵە سەرۆکایەتیەکەی مەسعود بارزانیش کە تەواو دەبێت لەسەر خواستی تورکیاو لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لەسەر فەلسەفەکەی جارانی سەدام (القائد الچروره‌) بە تێکڕای دەنگی حزبەکان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بە چەپڵەڕێزان کردیانە سەرۆکی هەمیشە یی بە بیانووی ئەوە ناوچەکە نائارامەومەترسی لەسەر کوردستان هەیەو ئەویش بەدیلی نیە. کەواتە دەتوانم بڵێم داعش وەکو فریشتەیەك بوو بە فریاد ڕەسی دەسەڵات و لەولاشە وە بوو بە مۆتەکەیەکی مەرگ بۆ جەماوەری کوردستان و ئۆپۆزیسیۆن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە