سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


کێ هاتووەتە سەر سفرەی حازر، منداڵەکانی (تاڵەبانی و بارزانی) و یان منداڵەکانی ئینسانە هەژارەکانی ئەم وڵاتە تاڵانکراوە..........

Saturday, 08/09/2012, 12:00

1537 بینراوە







منداڵەکانی (بارزانی و تاڵەبانی) و زۆربەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە تاڵانکراوە بەبێ ئەوەی نەسەرمایان چەشتبی نەگەرما هاتوونەتە سەر سفرەی حازر و شەقان بە پارەی منداڵانی ئێستا و داهاتوی ئەم وڵاتەوە دەکەن، کەچی هێشتا ئەوان هاتوون گەنجە کرێکار و زەحمەت کێش و خێر لە خۆنەدیووی ئەم وڵاتە تاوانبار دەکەن بەوەی هاتوونەتە سەر سفرەی حازری،کە بەرگەی برسێتی و قات و قڕی زۆریان گرت لە کاتێکدا دوو ئابڵوقەی ئابوری لەسەر کوردستان بوو، زۆرێک لەگەنجەکان بوون بە خۆراکی خاک لە پێناوی پەیدا کردنی نان و هەندێکی تریشیان سوکایەتی دوونیایان قەبوڵکرد بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن، فەرموون وێنەی ئەم دووگەنجە کرێکارە کە بەرەنجە شانی خۆیان و ماندووبوون و هیلاکی خۆیان پارە پەیدا ئەکەن بۆ ئەوەی بژین، پرسیارەکە ئەوەیە ئیتر بۆ دەبێت ئەم گەنجانە هاتبێتنە سەر سفرەی حاز؟ ئەی ئێوە بۆ نەهاتوونەتە سەر سفرەی حازر کە لەوەتەی هەن لە ناز و نیعمەتدا ئەژین بە پارەی دزراوەی منداڵانی کورد ئەلەوەڕین و رادەبوێرن؟.
هیوادارام گەنجانی وڵاتەکەم دوای تاریکی نەکەون و بە خەبەر بێنەوە و هیچکاتێک خۆیان بە کەم نەزانن و لە بەرامبەر منداڵەکانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە کە لەسەر ئێسک و پروسکی کەس و کارەکانی ئەوان بیناکانیان بەرز دەکەنەوە و بوون بە بازرگان و ملیاردێر، پێویستە گەنجانی کوردستان هیچ سەرکردەیەک تەقدیس نەکەن و خوداوەندی بەشەری بۆ خۆیان درووست نەکەن.
لە ئەورپادا ئەوانەی سیاسەت ئەکەن میدیاکانیان دەچن سوکیان ئەکەن ئەوجار هەڵیان ئەبژێرن بۆ سەرۆک و وەزیر و ئەندام پەرلەمان، بۆ ئەوەی هەرچ هەڵەیەکیان کرد یەکسەر بۆیان لابدرێت و ناچاری بکەن خۆی دەست لە کار بکێشێتەوە. بەڵام ئەمە لە کوردستان پێچەوانە بووەتەوە و خەڵک سیاسیەکان تەقدیس دەکەن و دەیان کەن بە خوداوەند و لە شکرێک لە کۆیلەیان بەدواوەوەیە و هەرچ کەسێک رەخنەیەکیان ئاراستە بکات وەکو دوژمن سەیری دەکەن و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەیەن، لە کوردستان کاتێک کەسێکی سیاسی بە موقەدەسی ئەچێتە سەر دەسەڵات بە گاڵتە دەست بەرداری دەسەڵات نابێت. ئەرکی گەنجانی کوردستانە بە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکانەوە ئەوەیە کە هیچ کەس و سیاسیەک تەقدیسو پیرۆز نەکەن، بەڵکو ئەبێت رەخنەی توندیان ئاراستە بکەن و بیان خەنە ژێر نەشتەری پرسیارەوە، بۆئەوەی هیچ سیاسیەک نەتوانێت سیاسەت بۆ خۆی و بنەماڵە و چەند کەسێکی دەورو بەری قۆرخ بکات و خەڵكی پێ بە مێگەل بکات.
بەداخەوە هەندێک جار چەند گەنجانێک ئەبینم کە کراوە بە کۆیلە و بیرو عەقڵیان لێ سەندراوەتەوە و ئەبن بە قەڵخان بۆ پاراستنی حوکمی بنەماڵە و شەخس و سیاسیەکان، ئەوەکاتە من لە جێگای خۆمەوە خەجاڵەتی ئەکێشم بۆ دەبێت ئینسان ئەوەندە خۆی بەکەم بزانێت لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی چەند کەسێک تاوانباردا خۆی ناشرین بکات و شانازی بەو ناشرینییەی خۆیەوە بکات؟.
زۆر جار کاتێک رەخنە ئاراستەی سەرکردەی حیزبەکان دەکەین، لە شکرێک لە گەنجی کۆیلە کراوە پەلامار دەدەن و سوکایەتی بە خوشک و دایک و برا و کەس و کارمانەوە دەکەن و پێیان وایە بەو جۆرە ئەتاونن خەڵکانی رەخنە گر بووەستێنن و تێکیان بشکێنن. بەڵام ئەوە بەکار هێنانی کارتێکی سوتاوە و هیچ دەورو تەئسیر و کارگەریەک بەجێ ناهێڵێت لەسەر ئینسانە رەخنە گر و جدیەکان کە دەچنە نێو تونێلە تاریکەکانەوە ڕۆشنای دەخەنە سەری بۆ ئەوەی خەڵکیش بەدوای ئەوندا ترسیان بشکێت و شتە نەبینراوەکانی نێو ئەو تونیلە تاریكانە ببینێت، بۆ ئەوەی بزانن هەرچ شتێک لە تاریکیدا گوزەریکرد ئەوە شتێکی ناشرینە بۆیە لە تاریکیدا گوزەری کردووە.
ئەرکی ئێمە مانان ئەوەیە رۆشنای بخەینە نێو ئەو تونێلە تاریکانە و ژیانی خۆمان بخەینە بەرمەترسیەوە بۆ ئەوەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگەکەمان بە ئاسانی بە گەن بە حقیقەتەکان. دیارە تونێلە تاریکەکان زۆر زۆرن، بۆیە پێویستمان بە خەڵکانێکی رەخنەگری زۆر هەیە بۆ ئەو کارە، بەڵام ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت قەڵەم بەدەستەکانمان زۆربەیان نەک خۆیان لەو تونێلە تاریکە نادەن، بەڵکو خۆیان بوون بە هەورێکی رەشی چڵکن و تەواوی ژیانیان تاریک کردووە، ئەو کارەیش لە پێناوە ئەوەدا دەکەن کە تۆزێک پارە و پوڵ و پۆستێکیان دەست بکەوێت. واتە لە پێناوی پارە و پۆستدا لەشکرێک لە ئینسانی گوێڕایەڵ و هەڵقە لە گوێ درووست ئەکەن بۆ بەرگریکردن لە ناشرینیەکانی سیاسیە گەمژەکان.
تاکەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی بۆ ئەوەی بتوانێت لە چوارچێوەی ئەو قەفەزە پۆڵاینە دەربچێت کە مێشکیان تێدا زیندانی کراوە وكە هیچ شتێک نابینن لە دەروەی ئەو زیندانە،رەخنە گرتن و رەخنە لەخۆگرتن باشترین کلیلە بۆ کردنەوەی ئەو دەرگا پۆڵایینانە و بۆ رزگاركردنی مێشکە زیندانیکراوەکان، تا بینین ئەو جیهانە بەرفراوانە کە مرۆڤایەتی تێدا سەرقاڵە بە ژیانەوە چەند لەوە گەورە ترە کە لە زیندانێکی بچوکدا ئەیبینن.
ئەگەر نەتوانرێت رەخنە گرە جدیەکان بەپارێزرین و زۆرتر بكرێن، ئەوە نەک ناتوانین عەقڵی کۆمەڵگا لەو زیندانە دەربهێنن، بەڵکوو عەقڵەکان ژەهراویش دەبن و لە ناو دەچن. ئەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بخەینە گڕ بۆ ئەوەی ئەو دیاردە ناشرینە کە ئینسان لە وڵاتەکەی ئێمەدا خۆی بەکەم ئەزانێت لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵیتەکێنین و پرۆسەی خۆ بکەم زانین لە گۆڕبنێن و مندڵەکانمان لەو دیاردە سەقەتە قوتار بکەین کە دەسەڵات دارانی ئەم هەرێمە هەڕاجکراوە بە سیستەم منداڵانی ئەم وڵاتەی پێ لە خشتە ئەبەن و کۆیلە دەکەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە