شەفیق زاهیر و هاوڕێکانی لە چاوەڕوانیی دادوەریدا

Saturday, 04.05.2014, 12:00

1606 بینراوە


لەساڵانی سەرەتای بەرپابوونی خەباتی چەکداری دوای هەرەسی ١٩٧٥ لە دەشتی کۆیە و شاری کۆیە پێشمەرگەیەکی فەرماندەی خۆنەویست و چاونەترس سەری هەڵدا، پێشمەرگەیەک کە بڵێسەی بەرخۆدانی لە دەشت و گردۆڵکە و چیاکانی ناوچەکەدا شێلگیرانە بەرزکردەوە، ئەو پێشمەرگەیە قارەمانی گیانگەش شەفیق زاهیر بوو.
قارمانی و چاونەترسی شەفیق زاهیر نمونەی نەبوو، ئەو نەیدەزانی ترس چییە و لە چاڵاکیەکەوە بۆ چاڵاکیەکی تر هەنگاوی دەنا، بازی بەسەر داستان و نەبەردیەکانی دەنا و لە دیدی خەڵکدا بەرزتر و بەرزتر دەبووەوە. شەفیق بومەلەرزەی رقی خەڵکی چەوساوە و ستەمدیدە بوو، ئەو بورکانێکی توڕە بوو بلێسەی پشکۆکانی بەرزتر و گەشتر دەبوونەوە. شەفیق تٶڵەی خەڵکی کۆیلەکراوی کورد بوو، ئەو هەناسەی ئازادی بوو و بەشار و دەوروبەریدا دەگەڕا، وزەی بە مرۆڤەکان دەبەخشی و لە نائومێدی دوای هەرەس رزگاریدەکردن و مژدەی ژیانێکی سەربەرزانەی پێدەبەخشین، ئەو هیوا بوو و ئومێدی رزگاری بوو.
لە ساڵانی ١٩٧٧ و ١٩٧٨ دا، ناوی شەفیق ئاسمانی کۆیە و دەشتی کۆیەی تەواو داگرتبوو و لە ناو ماڵان، لە چایەخانان و لە باخچە و کۆڵانان گێرانەوەی نەبەردیەکانی ئەو ببوونە گوتن و چیرۆکی منداڵ و لاو و پیری شار. هەرکە رۆژ سەری بەرەو رۆژئاوا کز دەکرد و ئێوارە دادەهات، ترومبێل لە رێگەکاندا نەدەمان و جادەکان چۆڵ دەبوون، دەرگەی ماڵەکان دادەخران و هاتووچۆ دەبڕا و چرپەیەک لەو نێوەدا نەدەما. کۆڵانەکانی شار هەستیان لەبەردەبڕا و خەڵک لە ژوورەوە گوێیان بۆ یەکەم زرمەی ئارپیچی شەفیق زاهیر هەلدەخست.
شەفیق لە ئازایەتیدا کەموێنە بوو، بۆیە ناو و ئازایەتی ئەو سنوری کۆیەی تێپەڕاندبوو. لە ترسی شەفیق و هاوڕێکانی هێزەکانی رژێمی بەعسی داگیرکەر بە جاش و ئەمنەوە تا گزنگی بەرەبەیان بەتەمای گیانی خۆیان نەبوون. دیارە ئەوانەی لەگەڵ ئەودا پێشمەرگەبوون، ئەوان باشتر دەتوانن لە توانا و ئازایەتی شەفیق بدوێن.
گومان لەوەدا نییە شاری کۆیە هەمیشە خاوەنی خەڵکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەی زۆر بووە، خەڵکی کۆیە هەمیشە لە بزوتنەوە رزگاریخوازی و چەکداریەکاندا رٶلی دیار و بەرچاویان هەبووە. بۆیە خەڵکی کۆیە شانازی بە شۆڕشگێری و ئاستی رۆشنبیری شارەکەیان دەکەن. شۆڕشگیرانی وەکو دکتۆر خالید، شەفیق، دلزار، سەرباز، شەهریار و سەدان گیانگەشی دیکە هەروەها شارەزا و رۆشنبیری گەورەی وەکو حاجی قادر، مەلای گەورە و دڵدار و کۆمەڵی کەسایەتی دیکە گەواهی ئەو راستییە دەدەن.
قاسماغا کە خەڵکی کۆیە بە قاسمە کوێر ناوی دەبەن، جاشێکی سەرسەختی دژ بە پیشمەرگە بوو، خەڵکی کۆیە بە منداڵ و لاو و پیریانەوە رقیان لەو سەرۆک جاشە بوو. کۆییەکان هەمیشە دەیانگوت شاری کۆیە جاشی نییە و ئەو جاشانەی قاسماغا خەڵکی شارەکە نین. هەروەکو بەرێز نەوزاد زاهیر برای شەفیق زاهیر دەنوسێت " سەرەتای جاشایەتی و خۆفرۆشی لە شارەکەمان لەپاش هەرەسی ئەیلول، لەسەر دەستی ئەو خۆفرۆشە داکەوت، سەرەتای جاشایەتی لەپاش ٧٥ ەوە ئەو کابرایە هێنایە شارەکەمان، هەموو خەڵکی شاریش ئەو راستیە دەزانێت".
رژێمی بەعسی داگیرکەر هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستبووەگەڕ تاکو بتوانێ زەفەر بە شەفیق و هاوڕیکانی ببات، جاشەکانی شار و ناوچە لەو رووەوە هاوکاری گرنگی رژێمی داگیرکەریان دەکرد، هەروەکو ئەوان کورد بوون و شارەزاییان لە ناوچەکەدا هەبوو، دەیانتوانی چاوساغیی بۆ دوژمن بکەن.
لە ساڵی ١٩٧٨ دا شەفیق و هاوڕێکانی شەوێکیان هەڵدەکوتنە سەر دائیرەی ئەمن کە نزیک ماڵی قاسم ئاغا بوو، کە بەیان دەکاتەوە ئەوان لە گوندی قوڕەبەرازەی نزیک شاری کۆیە دەبن. دوژمن پێیاندەزانێ و بەهێزێکی زۆری جاش و ئەمن و قواتخاسەوە دەوریاندەدرێت لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکەنە سەریان. بەپێی گێرانەوەکان جاشەکانی قاسم ئاغا رۆڵی زۆریان لەهێرشەکەدا بینیووە. دیارە لەبەر چاڵاکیەکەی شەوی پێشتر پێشمەرگەکان فیشەکیان کەم پێ بووە، بۆیە کێشەی کەمی تەقەمەنیان هەبووە، بەڵام نەترسانە شەریان کردووە. دوای شەڕێکی خوێناوی دوورودریژ شەفیق و کۆمەلیک پێشمەرگەی گیانگەش دەکرێن، چوار پێشمەرگە بەدیل دەگیرێن دواتر گوللەباران دەکرێن. لەو شەڕەدا شەفیق و ١٨ پێشمەرگە گیانگەش دەکرێن.
وەکو بەڕێز نەوزاد دەگێڕێتەوە دوای شەڕەکە جاشەکانی قاسم ئاغا و سەربازەکانی دوژمن لە جادەی سەرەکی شاری کۆیەدا لەناو زیلەسەربازیەکاندا، هوتافیان لێدەدا و هاواریان بەعەرەبی دەکرد "مات شەفیق" ، "کاک شەفیق مات"!.
گیانگەشکردنی شەفیق و هاوڕێکانی جگەلەوەی زیانێکی گەورە بوو بە هێزەکانی پێشمەرگە کەوت، هەموو خەڵکی ئازادیخوازی شاری کۆیە و کوردستانی تاساند. لای خەڵکی کۆیە قاسم ئاغا تاوانباری یەکەمی ئەو تاوانە بوو و بۆیە بەهۆی ئەو تاوانەوە قاسم ئاغا ناوی زۆر زیاتر لەناو خەلکدا زڕا.
قاسم ئاغا و زیاتر لە ٢٥٠ سەرۆک جاشی دیکە لەلایەن دادگای باڵای ئێراقەوە وەکو تۆمەتباری تاوانی گەلکوژی ئەنفال داواکراون. گەلێ لەو سەرۆکجاشانە لەلایەن کەسوکاری قوربانیانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە. بەڵام ئەو سەرۆکجاشانە لەلایەن سەرۆکەکانی پارتی و یەکێتی پەنادراون و دەسەڵاتداران رێگەیان لە دادگاییکردنی ئەو تاوانبارانە گرتووە.
دیارە قاسم ئاغا و نمونەی ئەو لە زووەوە لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانی پارتی و یەکێتی، داڵدەدراون و پارێزگاریکراون، هەندێکیان ئێستا خاوەن دەسەڵاتن و دەستیان دەڕوا. پاراستنی ئەو سەرۆک جاشانە لەبەر بەرژەوەندی پارتەکان خۆیان بووە، لەبەر بەرژەوەندی خەلکی کوردستان نەبووە، سەرۆک و پارتەکان ئەو راستییە باش دەزانن. ئەگەر پارتی و یەکێتی وەکو پارت یا دەسەڵات لە تاوانەکانی ئەو سەرۆکجاشانە خۆش بووین و لێبووردنیان بۆ دەرکردوون، چونکە لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە کێشەیان بۆ دروست بکرێت، ئەوا نە ئەوان و نە هیچ دەسەڵاتێک مافی ئەوەیان نییە مافیی کەسیی کەسوکاری قوربانیان زەوت بکەن.
ئەو کارەی ئەوانە دەیکەن جگەلەوەی پێشگرتنە بە پرۆسەی دادوەری کە بۆ گەیشتن بە رەوایەتی و ئاشتبوونەوە لە کۆمەلگەدا زۆرگرنگە، پێشێلی مافی رەوای قوربانیان و کەسوکاری قوربانیانە بەتایبەتی و خەڵکی کوردستانە بەگشتی. ئەوان بەو کارەیان ئەگەرەکانی دووبارەبوونەوەی تاوان بەکراوەیی دەهێڵنەوە. هەروەها ئەوان بەو کارەیان دژی جاڕنامەی گەلکوژی و یاسا نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە مافی قوربانیان و دادوەری دەوەستنەوە. بەبێ دادگاییکردنی تاوانباران، دادوەری نایەتەدی و کەسوکاری قوربانیان ئارام ناگرن، بۆیە دواڕۆژێکی ئارام و ئاسوودە لە کۆمەڵگەدا دروست نابێت.

بۆ خوێندنەوەی زیاتر:
- وەڵامێکی پێویست لەلایەن نەوزاد زاهیر، برای شەهیدی سەرکردە شەفیق زاهیر:


- بیرەوەرى 33 ساڵەى 19 شەهیدەکەى داستانى قوڕە بەرازە بەرز راگیرا:
- چۆن شەهید شەفیقم ناسی، شێرکۆ جەلال