لەگەڵ سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەمەڕ هەڵبژاردن و قەدەغەكردنی لیستی هیوا

Sunday, 14/06/2009, 12:00

3150 بینراوە


دیمانە: ستیڤان شەمزینانی

دیار غەریب سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەرێگەی ئەم دیمانەیەوە تیشك دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن وهۆكاری سەرنەگرتنی هاوپەیمانیی پارتەكەیان لەگەڵ لیستی چەپەكان، دواتریش پرسی تەزویرات وئەگەری پێكهاتنی پەرلەمانێكی جیاواز لەرێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە دەخاتە روو، لەبەشێكی تری دیمانەكەشدا تیشك دەخاتە سەر پرسی رێگەگرتن لە لیستی هیوا كەلیستی پارتی چارەسەرییە بۆ بەشدارییكردن لەم پرۆسەیەداو ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات رێگەی جۆربەجۆر دەگرنە بەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بڕیارەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كە ئەو بەبڕیارێكی نایاسایی ودوور لەپرنسیپی دیموكراتی ناوزەدی دەكات.

ستیڤان: بۆچی لەگەڵ حیزبی شیوعی كوردستان وهێزە چەپەكان رێكنەكەوتن بۆ هاوپەیمانێتی وهاوبەشێتی لەچوارچێوەی یەك لیستدا؟ هەندێك بۆچوون هەن دەڵێن پارتی چارەسەری بەهۆی ئەوەی ویستی سیاسیی خۆی فەرز كردبوو، هێزەكانی تریش رەتیانكردۆتەوە ئەو هاوپەیمانییە سەری نەگرت، تاچەند ئەم بۆچوونە راستیی پێكاوە؟.
دیار غەریب: بۆچوونێكی بەو رەنگەمان نەبیستووە ورەنگە ئەوە هەوڵێك بێت بۆ دوورخستنەوەی ئێمەو ئەو لایەنانە لەیەكتر. چونكە شتێكی بەو رەنگە بوونی نەبووەو نەمانبیستووە هیچ لایەنێك لەو لایەنانە بەفەرمی بۆچوونێكی بەو رەنگەیان راگەیاندبێت. ئەو بۆچوونە راستی نەپێكاوە. بەگشتی ئێمە پێمانوایە هەر هاوپەیمانی ورێككەوتنێك پێویستە هاوسەنگ بێت وهەر لایەنەی مافی خۆی بدرێتی. ئێمە لەو هاوپەیمانیەدا هاوسەنگیمان نەبینی بۆیە ئامادەنەبووین بەشداریی تێدا بكەین. ئەمەش بەو واتایە نایەت ئێمەو ئەولایەنانە زۆر دووری یەكترین یاخود خاڵی هاوبەش لەنێوانماندا نییە. ئێمە پێمان خۆش بوو بەیەكەوە بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، بەڵام وادەركەوت كە هێشتا زەمینەكەی پێنەگەیشتووە.

ستیڤان: راتانگەیاند لیستی گۆڕان بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا بۆ دژایەتی وململانێی لیستی هیوای پارتی چارەسەری دروستبووە! من هیچ بڕیارێك نادەم ومافی بڕیادانیشم نییە، بەڵام پرسیار دەكەم ئایا پارتی چارەسەری هێندە بەهێزە بتوانێت كێبڕكێ لەگەڵ لیستی گۆڕان بكات؟. كەوایە ئێوە پێشبینی دەكەن چەند كورسی مسۆگەر بكەن؟.
دیار غەریب: پێویستە ئێوە راستییەكان وەكو خۆی بڵاوبكەنەوە یاخود بخوێننەوە چونكە ئێمە شتی بەو رەنگەمان رانەگەیاندووە. ئێمەش بیستمان هەواڵێكی بەو رەنگە لەناو راگەیاندنەكان و جەماوەردا بڵاوبۆتەوە وهەڵویستی خۆمان لەسەری نیشاندا. ئێمە پێمانوایە لەسیستمی دیموكراتیدا ململانێی دیموكراتی هەیە، دژایەتی نییە، هەر بۆیە ئێمە خۆمان بەدژی كەس و كەسیش بەدژی خۆمان نازانین. سەبارەت بەوەی ئێمە چەند كورسی دێنیین ئەگەر هەڵبژاردنێكی خاوێن ئەنجام بدرێت، ئێمە پێمانوایە لەدوو كورسی زیاتر دێنین.

ستیڤان: ئەگەر پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بڕواتە پەرلەمانەوە بەكورسییەك یان دوو كورسی یان زیاتر تاچەند شانسی هەیە بەشداربێت لەپرۆسێسی گۆڕان و وەرچەرخاندنی سیستمی سیاسیی وحكومداریی لەكوردستان؟، ئایا پارتی چارەسەری ئەگەر بڕواتە پەرلەمانەوە ئەولەویەتی بۆ كاركردن چییەو لەكوێوە دەستپێدەكەن؟.
دیار غەریب: بەشداریكردن لەپرۆسەی گۆڕاندا بەتێڕوانینی ئێمە تەنیا وابەستە نییە بەچوونە پەرلەمان یاخود بەژمارەی ئەو كورسییانەی لایەنێك بەدەستیدێنێ، لەوە زیاتر وابەستەی ئەقڵیەت وپڕۆژەی ئەو لایەنەیە، ئایا چەند رشتە لەسەر گۆڕان وكار بۆ گۆڕان دەكات. خۆ ئەوەتا ئێستا یەكێتی وپارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان لەدەستدایەوە باسی خزمەت و پێشكەوتن دەكەن، بەڵام چەندە لەگەڵ ئەم لێدوان وراگەیاندنەدا راستگۆن ئەوە گرنگە. یاخود پارت ورێكخستنەكانی تر هەتا ئێستاش لەپەرلەماندا زیاتر لە 25 كورسیان هەیە، بەڵام چەندە كاریان بۆ گۆڕان وچاكسازیی كردووە؟ ئەمە پێویستە جێگەی باس بێت، من گومانم نییە ئەگەر ئەو پارت ولایەنانەی پەرلەمان كەلەدەرەوەی یەكێتی وپارتین دوای ئیمتیاز نەكەوتنایەو بیانخواستایە ببنە هێزی فشارو چاكسازیی دەیانتوانی بارۆدۆخەكە بەرەو ئاقارێكی باشتر ببەن، رەنگە هەندێك دەسكەوتی شەخسی وحزبیان لەدەستبدایە، بەڵام بەهای دیموكراتیان بەدەست دەهێنا. ئێستاش ئێمە هەر وابیر دەكەینەوە، پێمانوایە زۆری ژمارەی كورسییەكان مەرج نین بۆ گۆڕان، ئەگەر ئیرادەی دەستبەردان لەئیمتیاز ودەسكەوتی شەخسی وحزبی نەبێت، ئیرادەی گۆڕان پێشناكەوێت. لەلایەكی ترەوە مەرج نییە. تەنیا ئەو لایەنانەی دەچنە پەرلەمانەوە رۆڵیان لەگۆڕاندا هەبێت. زۆر كات ئەو لایەن وگروپانەی ناچنە پەرلەمانەوە فشارێكی زیاتر دروست دەكەن وئیرادەی گۆڕان دورستدەكەن. ئێمە لەچوار ساڵی رابردوودا لەپەرلەماندا نەبووین، بەڵام لەسەر جادەو كۆڵانەكانی كوردستان وئێراق هێزێكی ئاكتیڤ بووین بۆ ئەنجامدانی گۆڕان، هەر بۆیە ئێمە چەند كورسی بێنین ئەو كورسیانە دەكەینە سەكۆیەك كەنوێنەرایەتی دەنگ ورەنگی گەل بكات و لەرێگەیەوە تێكۆشانی دیموكراتی خۆمان پەرە پێدەدەین.
وەك دەزانین ئێمە لەچوارچێوەی لیستی هیوادا بەشداریی هەڵبژاردن دەكەین. ئەم لیستە پڕۆژەیەكی هەیە لەسێ تەوەر پێكهاتووە، تەوەری یەكەم: سەبارەت بەبونیادنانی سیستمێكی دیموكراتی وخزمەتگوزارییە لەهەرێمی كودستاندا، تەوەری دووەم لەسەر رۆڵی پەرلەمانی هەرێم لەچارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكاندایە، تەوەری سێیەم: لەسەر رۆڵی پەرلەمانە لەداڕشتنی سیاسەتی نەتەوەییداو چۆنێتی كاركردن بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی. ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا كاردەكەین. دەبێت ئەوەش بڵێم لەتەوەری یەكەمدا داڕشتنی دەستوورێكی دیموكراتی دەسەڵاتەكانی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەریی) لەیەكتری جیابكاتەوەو دەسەڵاتی حزب لەو دەسەڵاتانە جیا بكاتەوەو دەسەڵاتی مەدەنی وسەربازیی لەیەكتر جیابكاتەوەو پارتییبون ورێكخراوبوون وراگەیاندنی ئازاد گەرەنتی بكات، ئەولەویەتی هەیە، ئێمە پێمانوایە یەكەم كار پەرلەمانی ئایندە بیكات ئەمەیە، چونكە بەبێ بوونی دەستوورێكی دیموكراتی ناتوانین باسی بونیادنانی سیستمی دیموكراتی بكەین.

ستیڤان: پارتی دیموكراتی كوردستان ویەكێتی نیشتمانیی ئەزموونێكی زۆریان هەیە لەگزیی وفێڵكردن وتەزویركردن لەپرۆسەكانی هەڵبژاردندا، پێتوانییە ئەمجارە پارتی ویەكێتی لەهەموو كاتەكانی تر زیاتر پەنادەبەنە بەر تەزویرات وفێڵكردن چونكە لیستی بەهێزی ركاربەریان بۆ دروستبووە؟ ئایا تەنانەت بەكارهێنانی توندوتیژیش ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو نییە؟.
دیار غەریب: راستە لەرابردوودا پێشێلكاریی یاسایی زۆر كرا لەهەڵبژاردنەكاندا، ئێستاش رەنگە دەسەڵات بخوازێت تای تەرازوو بەلای خۆیدا بشكێنێتەوەو بۆ ئەمەش ئەگەر بتوانێت پەنا بۆ رێگای نایاسایش ببات. بەڵام ئێمە پێمانوایە بەگشتی دەسەڵات كاری بەمرەنگە نەكات، چونكە ئەگەر بشخوازێت ئەوا بەئاسانی بۆی ناچێتە سەرو ئەوەش دەبێتە هۆی شەرمەزاربوونیان. واتە ئەو شێوە پێشێلكارییانەی رابردوودا لەم هەڵبژاردنە زەمینەی كەمبۆتەوە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە پێشێلكاریی نابێت. دیارە ئەركی نوێنەری لیستەكانی تر ئەوەیە ببنە چاودێر بەسەر یەكتر و بەسەر دەسەڵاتیشەوە بۆ ئەوەی كەس لەیاسا دەرنەچێت ویاسایی كارەكان بەڕێوە بچێت، راستە ئەمڕۆ دەسەڵات ترسی ئەوەی هەیە كۆتایی بەدەسەڵاتەكەی بێت، بەڵام چاودێریی لەسەریشی زیاتر بووە، هەر بۆیە چەندە ترسی لەدەستچوونی دەسەڵاتی هەیە ئەوەندەش ترسی لەچاودێریی ناوخۆیی وبیانی هەیە. لەلایەكی ترەوە بەشێكی زۆری خەڵكی ئیتر گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی پەنا بۆ فێڵ وتەڵەكەبازیی نەبەن، ئەمەش بۆ خۆی زەمینەی پێشێلكاریی كەمدەكاتەوە.

ستیڤان: پەرلەمانی داهاتووی كوردستان لەرووی پێكهاتەوە پەرلەمانێكی هەمەچەشن وپڕ لەهێزی ناكۆك دەبێت، ئێوە پێشبینی دەكەن پەرلەمانی داهاتووی كوردستان هەنگاوی جیددیتر وكاریگەرتر بنێت؟ پێتانوایە ئەم پەرلەمانە بەشێوەیەكی كردەیی دەبێتە پەرلەمانی سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان؟.
دیارغەریب: ئێمە بێگومان نین ئەم هەڵبژاردنەو ئەنجامەكانی جیاوازدەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، پێكهاتەی جیاوازو دەنگ ورەنگی جیاواز زیاتر دەبن لەپەرلەماندا، ئەمەش لەگەڵ خۆیدا دەوڵەمەندیی دێنێ. دیارە ئەوانەشی لەرابردوودا چوونەتە پەرلەمان و ئێستاش دەچنە پەرلەمان هەر بەدەنگی گەل چوون. بەڵام چەندە نوێنەرایەتی داخوازییەكانی گەل دەكەن لەپەرلەمانداو دەبنە دەنگ ورەنگی گەل؟ ئەوە دوای هەڵبژاردن دەردەكەوێت. بۆ نموونە لەساڵی 2005 هەتا ئەمساڵ لەزۆر دەڤەری كوردستان ناڕەزایی جەماوەر دروستبوو، رێپێوان وخۆپێشاندان دروستبوو، زۆر چین وتوێژ ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام ئەو نوێنەرانەی كە بەدەنگی ئەو خەڵكە چووبوونە پەرلەمان لەبەرامبەر نارەِزایی گەلدا بێدەنگیان هەڵبژارد. ئەمەش بەو واتایە دێت ئەوان نەیانتوانی ببنە دەنگ ورەنگی هەموو گەل. بۆ ئەمڕۆ وئایندەش ئەگەر نوێنەرە جیاجیاكانیش خاوەنداریی لەداواكاریی وپڕۆژەكانی گەل نەكەن ناتوانن ببنە نوێنەری سەرجەم چین وتوێژەكان. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین دەخوازین لەپەرلەماندا ببینە نوێنەری دەنگ و رەنگە ناڕازی وبەشخوراوەكان.

ستیڤان: بریاری راگرتنی لیستی هیوا چۆن دراو چی بەسەر هات؟ ئایا ئەو بڕیارە بەتێڕوانینی ئێوە یاساییە؟.
دیار غەریب: سەرەتا پێمخۆشە ئەوە بڵێم بەپێی یاسا لیستی هیوا مۆڵەتی وەرگرت، لە 28-4-2009دا وژمارەی مۆڵەتەكەی 895. بەڵام لەكاتێكدا كە31-5-2009 ژمارەی لیستەكان خوێنەرایەوە ژمارەی لیستی هیوا كە63یە نەخوێندرایەوەو هیچ هۆكارێكیش دیاری نەكرا بۆ ئەمە. ئەمە بۆ خۆی كارێكی نایاساییە. چونكە بەپێی یاسا كەس تاوانبار نییە هەتا دادگا بڕیاری تاوانباریی بەسەردا نەدات. لەیاسای كۆمیسیۆن خۆشیدا هەیە دەڵێ سەبارەت بەهەر لایەنێك هەر بڕیارێك بدرێت ئەوا ئەو بڕیارە پێویستە بەلایەنی كەمەوە لەسێ رۆژنامەو راگەیاندنی هەرێمیدا بڵاوبكرێتەوەو لایەنی پەیوەندیداریش دەتوانێت لەماوەی سێ رۆژدا سەر لەدادگا بدات بۆ پێداچوونەوە، بڕیاری دواییش لای دادگایە. ئێمە ئەمە بۆخۆی بەكارێكی نایاسایی دەبینین، چونكە پێش ئەوەی دادگا بڕیاری كۆتایی بدات، كۆمیسیۆن ژمارەی لیستەكەی ئێمەی هەڵواسی، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ روونكردنەوەیەكیان بۆ راگەیاندنەكان نەكردو لەراگەیاندنەكانیشدا بڵاویان نەكردەوە. دیارە خواستیان بەبێ دەنگی كارەكانیان سەر بگرێت، ئەگەر بەپێی یاسا هەڵسوكەوتیان بكردایە، پێویستبوو ژمارەی لیستەكەی ئێمەیان بخوێندایەتەوە وئاشكرایان بكردایە سكاڵا لەسەر ئەم لیستە هەیە لەسەر ئەوەی كەلیستی پارتی چارەسەرییەو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانیش رووی پەكەكەیەو ئەگەر ئەو سكاڵایە ئەنجامی گرت ئەوا ئەم لیستە بەتاڵ دەبێتەوە، ئەگەر ئەو سكاڵایە سەری نەگرت ئەوا ئەم لیستە دەمێنێتەوە. ئەوان ئەمەیان نەكرد هەتا نەبێتە رۆژەڤی راگەیاندنەكان ولەسەریان زۆر نەكەوێت. لەلایەكی ترەوە ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دووجار لە 31-1-2005 و 15-12-2005 دا بەشداریی هەڵبژاردنەكانمان كردووە. ئەوان هاتوون لەسەر داخوازی توركیاو وەزارەتی بەناو ئاسایشی نیشتمانی كەشیروان وائیلی بەرپرسێتی وبەپێی یاسای سەردەمی ئەنجوومەنی حوكم كەهەڵوەشاوەتەوە بڕیاریانداوە لیستی هیوا قەدەغە بكرێت. ئەمە بۆ خۆی كارێكی نایاساییەو رەوایی كۆمیسیۆن وهەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ویاساكانمان دەخاتە بن گومانەوە. چونكە ئەمە ئەوە نیشان دەدات سبەینێ هەر دەوڵەتێك یاخود هەر لایەنێكی دەسەڵات سیاسەتی كام رێكخستنیان بەدلأ نەبوو ئەوا داوای لەسەر تۆمار بكەن وكۆمیسیۆنیش مۆڵەتەكەیان هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمەش ئەوە دیاریدەكات كەیاسا سەروەر نابێت لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا بەڵكو ویستی سیاسیی دەسەڵاتی سیاسیی.

ستیڤان: هەتا ئێستا چیتان كردووە ودەخوازن چی بكەن؟ ئەگەر رێگەتان نەدەن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن هەڵوێستان چی دەبێت؟.
دیار غەریب: ئێمە سەردانی لیژنەی دادوەریمان كردووەو ناڕەزاییمان پێشكەش كردووەو بڕیارە لەماوەی دە رۆژدا دوا بڕیار بدەن. لەهەمانكاتدا سەردانی كۆمیسیۆنی باڵامان كردووە لەبەغدادو داوامان كردووە بەبڕیارەكەی خۆیاندا بچنەوە. داوامان لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان ولایەنە سیاسیەكان وراگەیاندنەكان ورۆشنبیران كردووە كەبڕیارێكی نایاسایی ونادیموكراتی بەم رەنگە پەسەند نەكەن. ئێمە هەتا ئێستا كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەكەین وپێمانوایە ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێتەوە ئەوا هەڵبژاردنی هەرێم رەوایی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو ئێمەش ئەو كاتە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین.

دیار غەریب
دیار غەریب ساڵی 1973 لەسێوسێنانی سەر بەقەرەداغ لەدایكبووە، 1995 كۆلێژی زانست بەشی فیزیای لەزانكۆی سەلاحەدین تەواوكردووە، لەدوای راپەڕینەوە بەشداریی لەچالاكی سیاسی ومەدەنیدا كردووەو یەكێكە لەدامەزرێنەرانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەساڵی 2002 داو لەكۆنگرەی یەكەمەوە هەتا كۆنگرەی چوارەم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دەستەی كارگێڕیی ئەم پارتە بووە. لەكۆنگرەی چوارەمی ئەم پارتەدا هەڵبژێردراوە بەسەرۆكی پارتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە