لەڕێی خودایە كوردی خۆش دەوێ !

Wednesday, 20/03/2013, 12:00

1777 بینراوە





ئەردۆغان ، ئەم موسڵمانە توركە عەیار بیست و چوارە ، خۆی بە خەلیفەی ئیسلام دەزانی لە سەردەمی ئێستادا ، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا لەم ڕۆژانە ، لە قسەكانیدا خۆی وا نیشاندا كە مرۆڤێكە دوورە لە ڕەگەزپەرستی و جیاوازیكردن لەنێوان نەتەوەكان و مرۆڤەكاندا، بۆ بەڵگە و شایەتیش ئاماژەی بە ژنەكەی كرد كە عەرەبە و لە ڕاھی خوداشە كوردی خۆش دەوێ .
ئەوەی جێی سەرنج و تێبینیە لەسەر ئەم لێدوانە ئەوەیە كە ئەردۆغان و ئەوانەی لە شێوەی ئەون لە ڕەفتار و كردەوەكانیاندا دژ بە نەتەوە و كەسانی دی ، چۆن بە بلیمەتی و ژیری و ئەزمونێكی دەوڵەمەند لە مێژوودا لە بەكارھینانی ئایین و ئایینزا وەكو داردەستێك و چەكێكی كاریگەرو كوشندە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و نەتەوەكانیان و داگیركردنی نیشتیمانی نەتەوەی دی بەكاریدێنن ، وە بۆ چەواشەكردنی خەڵكانێك كە بڕوایان بە ھەمان ئایین و ئایینزا ھەیە .!
درۆیەكەی ئەردۆغان ئەوەندە گەورە و شاخدارە كە خۆی وا نیشاندەدا ڕەگەز پەرست نییە و مرۆڤ دۆستە ، پەرچ دانەوەی بەڵگە نەویستە ، تا ئێستا خوێندن بە زمانی دایك بۆ كورد بە فەرمی .قەدەغەیە ، ھەروەھا لە ڕۆژی ھەینی ڕێكەوتی 15 / 3 / 2013 دا جارێكی دیكە پاراستن یان پارێزگاریكردن بەزمانی كوردی لە چوارەمین دانیشتنی دۆزی ئەستانبۆڵ ڕەتكرایەوە ، ھەر لەو دانیشتنەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی (بەدەپە) موستەفا ئاڤچی كە لە دۆزەكەدا دادگایی دەكرا ، داوای كرد كە بە زمانی كوردی بەرگری لە خۆی بكات ، بەڵام دەستەی دادگا داخوازییەكەی ڕتكردەوە .! جگە لەوەش دەستورەكەی جگە لە تورك نكۆڵی و حاشا لە بوونی ھەر نەتەوەیەك ، زمانێك ، كەلتوورێك و ئەدەب و گۆرانی و موزیكەكەی دەكات . !
ئەردۆغانێك كە سنوورێك نییە بۆ كۆمەڵ كوژیەكانی ، لە منداڵ ، پیاو ، ژن ، گەنج و پیری گەلی كورد لە باكووری كوردستان ، وە گەلێك جاریش بەزاندنی سنووری باشووری كوردستان كە شەھید كردن و بریندار بوونی دانیشتوانی گوندەكان ، سووتاندنی دارستان ، ڕەز و باخ وكێڵگەكانی جوتیاران ، كوشتنی مەڕ و ماڵات و تێكدانی ژینگە و شێواندنی سروشتی كوردستانی لێدەكەویتەوە .
خۆشەویستی ئەردۆغان بۆ كورد بە قسەی خۆی لەبەر خاتری خودایە و بۆ ڕەزامەندی ئەوە . ! ئەگینا ھەڵنەقوڵاوە لە ھەست و نەستی مرۆڤایەتییەوە . چونكە گورگە لە پیستی مەڕدا . !
ئەو خوایەی ئەردۆغان دەیپەرستی ، ئەو ئایین و ئەیینزایەی بڕوای پێیان ھەیە و كردیتیە ناسنامە بۆ خۆی ، دەبێ ھەڵوێستیان چیبێ دەربارەی كابرایەكی خوێنڕێژ و دڕندە و دژ بە مرۆڤایەتی ؟ ئیسلام باشترین پاڵپشت و ھاوكارە لە كردەوكانی ئەردۆغان و دەستاڵاتەكەیدا ، نەك ئێستا ، بەڵكو بەدرێژایی چوار سەدە لە فەرمانڕەوایی تورك لە ژێر ناوی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و خەلیفەكانیاندا ، كە تەنیا ئەوەی بەرھەمیان ھێنا لەو ماوە دوور و درێژەدا ، برسێتی، نەخۆشی و ھەژاری ، نەزانین و جەھالەت ، چەوساندنەوە ، تاڵان و كوشتن و وێرانكردن . لە كۆشك و تەلارەكانیشیاندا ، گەندەڵی و ڕابواردن ، بە سەدان پیاوانی خەسێندرا و لە خزمەتیان دەست لەسەر سینگ ڕادەوەستان . !
ئیسلام دژ بە ھەڵگەڕانەوە و سەرھەڵدان وڕوو بە ڕوو بوونەوەی فەڕمانڕەوا و حاكمی موسڵمانە ، تا نوێژ بكات و پەیوەست بی ئایینی ئیسلامەوە . ! ھەر لەبەر ئەوەش بوو لە سەرەتای ڕاپەڕین وشۆڕشی گەلی میسر ، ھەڵوێستی شێخەكانی ئەزھەر دژایەتی كردنی بوو .! پاشان كە زانیان كار لە كار ترازایە و پرسەكە بەرەو ڕووخانی دەستەلاتەكەی حوسنی موبارەك دەڕوات ، یەكێك لە شێخەكان خۆی گەیاندە ناو گۆڕەپانی ئازادی ، ویستی لەگەڵ گەنجە ڕاپەڕیوەكان قسە وگفتوگۆ بكات ، گوایە ھاتووە بۆ پشتگیری و پاڵپشتیكردنیان ، بەڵام گەنجە شۆڕشگێڕەكان ھەر زوو ڕێیان لێگرت و پێیان گۆت : تۆ ماوەیك پێش ئێستا فەتواێكت دەركرد بوو كە ڕاپەڕین و دژایەتی كردنی دەستەڵاتی ئیسلام و فەرمانڕەواكانی دژ بە ئایینە و لادانە لێی . ! ئێمە ھیچت پێناڵێین چونكە تۆ پیاوێكی پیری ، بەڵام وا چاكە ئەم شوێنە بەجێبێلی و بڕۆی . ئەردۆغان و باوك و باپیرانی زۆر چاك ولێھاتوانە توانیویانە مامەڵە لەگەڵ ئایینی ئیسلام بكەن ، وەكو چەكێكی بەھێز و داردەست دژ بە كورد و داگیركردنی كوردستان بەكاری بێنن ، ! خۆیان بكەن بەخاوەنی نیشتیمانەكەی و كوردیش بە دیل و كۆیلە و ژێردەستە و خزمەتكار ، یان سەیركردنی بە كەمایەتی . ئیسماعیل بێشكچی لە كتێبەكیدا كە ناوی ناوە (كوردستان كۆڵۆنییەكی نێو دەوڵەتی) نووسیتی : (لێرەدا پێویستە بڵێین كورد كەمایەتی نییە ، چونكە كورد لە نیشتیمان و لەسەر خاكی خۆی دەژی و خەڵكی ڕەسەنی ئەم وڵاتەیە و لە ھەرێم و ناوچەكانی دی نەھاتووە بۆ كوردستان ، بەڵام تورك لە سەدەی یازدەھەمی زایینی گەیشتووەتە ئەنادۆڵ . !
بە ھاتنی ئیسلام بۆ ناوچەكە ، بە پلەی یەكەم كورد زەرەر مەند و مالوێران و ڕەنجە ڕۆ بوو . ! ھەر لە سڕینەوەی كەلتوور و مێژوو و دابونەریتی ، لەناو بردنی ئایینەكەی و ھەوڵدان بۆ لەناو بردنی زمان و ئەدەب و شارستانیەتیەكەی ، لە سەرووی ھەموویانەوەش داگیركردنی خاكەكەی و تاڵان و فەرھوود و ئەنفالكردنی بە ھەزاران كچ و ژن منداڵی كورد و بردنیان بۆ دوورگەی عەرەب بە مەبەستی فرۆشتنیان یان گڵدانەوەیان بۆ خۆیان . ! ئەمەش گەلێك بە سفت و سۆتر و مەرگەساتتر بووە لە ئەنفالەكەی سەدام حوسێن . ! بەوەش نەوەستان ، پاشان ھەر سێ لایان لە عەرەب ، تورك و فارس كە ھاوئایین و برای ئایینن ، ! ھەستان بە دابەشكردنی كوردستان لە نێوان خۆیاندا بە یارمەتی و ھاوكاری و نەخشەی زل ھێزەكانی جیھان كە تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە . ئەمانە كە لەسەر ھیچ شتێك تەبا و یەكگرتوو نین ، تەنیا لەسەر قڕكردنی كورد كۆكن .!
عەرەب ئەگەر ئیسلام نەبووایە ، ئێستا ھەندێك لە ئاسەوار وپەیكەرەكانیان بە چەشنی مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ھەندێ مۆزەخانی جیھانیدا نمایش دەكران كە ئەمانە لەسەر دەمانێك ژیاون و لەناو چوونە بەھۆی قات و قڕی و كوشتن و بڕین و تاڵانی یەكدی .!
توركە ڕەوەند و ھۆز و تیرە پەرت و بڵاوەكانیش كە لە ناوەڕاستی ئاسیای بچووكەوە بەرەو ئەو ناوچانە ھاتن ، خۆیان لە دەستەڵاتی خەلیفەكانی عەبباسی نزیك كردەوە و شارەزاییان پەیدا كرد لە بەڕێوەبردنی وڵات و كۆنتڕۆڵكردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و پاشان كودەتا و ڕاپەڕین لە دژی خەلیفەكان ، ھەمووی ئەمانە بە ھۆی نزیك بوونەوەیان لە ئیسلام و چوونە ناویەوەی بوو ، شارەزایی و ئەزموونیان سەبارەت بەوەی كە چی دەگوزەرێ لە دیوان و كۆشكی خەلیفەكاندا . بەھەمان شێوە بە كارامەیی و بلیمەتی و زانینەوە ئیسلامیان بەكارھینا بۆ دامزراندنی دەوڵەت و برەودان بە داگیركردن و فرەوانكردنی سنوورەكانیان لەسەر حیساب و بەرژەوەندی نەتەوەی
كورد و خەڵكانی دی ، كە دواتر بوو بە ئیمپڕاتۆریەتێك چوار سەدە زیاتر بەردەوام بوو .
ھەروەھا فارسەكانیش توانیان تۆڵەی ئەو شكست و نەھامەتیانە بكەنەوە كە بەسەریان ھات لە ئەنجامی داگیركردنی وڵاتەكەیان و ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی بە پەیڕەو كردنی ڕێبازی ئایینزای شیعە گەری و دژایەتی كردنی سووننە و پەلوپۆ ھاویشتنیان لە ناوچەكە و خۆ بەھێزكردنیان بە ھاوكاریكردنی گروپ و لایەنەكانی كە سەر بەھەمان ئایینزانە .
لە كوردستاندا ، چەندین مەلا ، شێخ ، سەیید ، بەگ ، میر ، كێخوا ، ئاغا و سەرۆك ھۆز و عەشیرەتی كورد لە خزمەت نەخشە و پیلان و پلانەكانیان دژ بە نەتەوەكەیان لە پێناو ھەندێ دەستكەوت و ئافەرینێك . ئێستاش ھەیانە گوێ ڕایەڵ ولە خزمەتی ئەم داگیركەرە موسڵمانانە دان . !
لە كتێبی (كوردستان كۆڵۆنییەكی نێو دەوڵەتیی ) ھاتووە : بە ھۆی كارامەیی (ئیدریس بەتلیسی) زۆرینەی كورد ئیعتیرافیان بە سەروەری سوڵتانی عوسمانی كرد .
ئەم مەلایە كە زانا و دانا و خواپەرستێكی بێ وێنە بووە ، ! بە درێژایی تەمەنی لە خزمەتی داگیركەری تورك بووە ، زۆر لە ئیمارەتە كوردیەكان بە ڕێنمایی و ھاوكاریكردنی ئەو ڕووخاون و لە ناوچوون . !
ئەردۆغان و ئەوانەی لە پێش ئەو جەرەوی دەستەڵاتیان لەدەست بووە ، درێغیان نەكردییە لە بەكارھینانی پیاوانی ئایینی بۆ گەیشتن بە مەرامە چەپەڵەكانیان لە ڕێگری لە سەرھەڵدان و ڕاپەڕین و وشیار بوونەوەی نەتەوەی كورد . ئیسماعیل بێشكچی لە كتێبەكەیدا دەنووسێ : (شێخ سەیدا لە ساڵی 1968 لە ناوچەی جزیرە دەژیا ، ئەم شێخە ھەمیشە بەم شێوەیە ئامۆژگاری پەیڕەوانی دەكرد ، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ موسڵمان بێت و برایانە ھەڵسوكەوت بكات ، بەڵام ئەوەی كوردایەتی بكات دژایەتی ئایینی ئیسلام دەكات و ھەروەھا لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان بە ئوممەتی پێغەمبەر دەزانین ، پێغەمبەری خودا داوامان لێدەكات ئەو جۆرە كەسانە لە ڕیزەكانی خۆمان دەربكەین . !
ھاوئایین و برای ئایینی بۆ كورد ڕێگرتنە لە كورد بۆ بەھێزكردنی ھەستی نەتەوایەتی و گەیشتن بە مافە ڕەواكانی لە ئازادی و سەربەخۆییدا ، وە دروست كردنی كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم بزاڤ و بزوتنەوەی نەتەوەی كورد لە ھەموو بەشەكانی كوردستاندا .
بۆیە تورك (عەرەب و فارس) بەدەرنین لەم بۆچوونەدا ، زۆر وەستایانە كاریان لە دژی كورد كردووە بە مەبەستی تواندنەوەیان لە ناو بۆتەی توركدا لەژێر دروشمی ئێمە ھەموومان توركین و موسڵمانین ، ھاوئایینین و ھەزار ساڵە پێكەوە دەژین . !
ئیسماعیل بێشكچی لە كتێبەكەیدا دەڵێ : (ئایدۆلۆژیای ئایینی چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكەن گەشەكردنی ھەستی نەتەوایەتی لاواز بكات و كۆسپ بۆ بزوتنەوەی نەتەوایەتی دروست بكات ، تەنھا لە كوردستان ئەو كارە پیادە دەكەن . ئەمەش مانای وایە ڕێگەگرتنە لە گەشەسەندنی بزوتنەوەی نەتەوایەتی كورد ، ئەو ئەركە تایبەتییە كە ئایدۆلۆژیای ڕەسمی لە كوردستان بە ئایینی سپاردووە) . !
ئەم سیاسەتە وای لە تاكی كورد كرد بوو بە تایبەتی پێش دامەزراندنی (پ ك ك ) و جاڕدانی خەباتی چەكداری ، كە باس لە مافە نەتەوایەتییەكانی و مەسەلەی كورد لەگەڵیدا بكرایە ، وەڵامی ئەوە بوو كە ئێمە ھەموومان موسڵمان و برای ئایینین و گفتوگۆ دەربارەی بوونی كورد و مافەكانی گرنگ نییە . !
ئەم سیاسەتەی تورك لە دوای ساڵی 1984 وە بە چڕی و خەستی دەستی پێكردەوە ، بۆ بەجێھینانی ئەم ئەركە گرنگە ، وەزارەتی كاروباری ئایینی ژمارەێكی زۆر تیمی دروست كرد بە ناوی (تیمەكانی چاودێری) بەمەبەستی گۆڕینی ھزر و ھەستی نەتەوایەتی تاكی كورد و دوورخستنەوەی لە پارتی كرێكارانی كوردستان و ڕیزەكانی گەریلا ، ئەم تیمانە لە شار و شارۆچكەكان و گوند و دێھاتەكاندا كۆڕ و كۆبوونەوەیان سازدەكرد و خەڵكیان ھاندەدا بۆ پەیوەست بوونی زیاتر بە ئایین و جێبەجێكردنی فەرزەكانی و ڕێنماییەكانی و چوونە مزگەفت.بەو نیازە كە نیشانی بدەن كە ئەم پارتە دژایەتی ئیسلام دەكات و مەترسیەكی گەورە و ڕاستەقینە لەسەر موسڵمانان ، بۆیە پێویستە ھەموو كەسێك بەرامبەری بوەستێ و بە دوژمنی ئەم ئایینەیان بزانی ، ! وە ھەوڵیان دەدا ئایدیۆلۆژیای ئەتاتورك لە ئیسلام نزیك بكەنەوە .
لە قڕكردن و كۆمەل كوژی كوردان لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە ، ئایین ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لە بەشەرعی كردنی ، ھەر وەكو تاوانەكانی ڕژێمی بەعس لە شاڵاوەكانی تاڵانی (ئەنفال) كە بەناوی ھەشتەمین سورەتی قوڕئانە ، ھەر لەو كاتەشدا تاوانی ھەڵەبجە ئەنجامدرا . ئەوجا جیھانی ئیسلامی كە لەسەرووی ملیارێكە و بەناو ھاوئایین و برای ئایینی كوردن ، مەلاێك ، شێخێك ، زاناێك ، سەییدێك ، ڕێكخراوە ئیسلامییەكان و دانیشگای ئەزھەر خۆیان كەڕو ڵاڵ و كۆرە كردبوو لە ئاست مەرگەساتەكانی كورد ، تەنانەت لە ناوەوەی كوردستانیش بەھەمان شێوە . ! ھەرنا دەبوایە داكۆكی لەمزگەفتەكانیان و كتێبە پیرۆزەكانیان بكەن . !
ئێرانیش ھەمان سیاسەت بەڕێوەدەبات دژ بە گەلی كورد ، ئەوەتا چەند ساڵێكە بەردەوامە لە سێدارەدانی گەنجانی كورد لە كوڕان و كچانی بە تۆمەتی (محارب ێللە) جەنگاوەری دژ بەخودا . ھەر لەم دواییەدا مەلای واھەیە بە فەرمانی دەستەڵات خەڵك ھاندەدا و ڕێنماییان دەكات كە ناوی كوردی لە منداڵەكانیان نەنێن چونكە لەگەڵ ئایین ناگونجێ .!
ھەروەھا بەرپرسانی دەستەڵاتی ئاخوندەكان ھەوڵدەدەن خەڵك بەشداری نەورۆز نەكات ، بەڵكو لەو ڕۆژەدا ڕوو لە مزگەفت بكەن و دوعا بكەن و دوعا بخوێنن . !
لە كوردستانی باشووریش ئیسلامی سیاسی و دەوڵتانی داگیركەر خەریكی بە ئیسلام كردنی گەلی كوردن سەر لە نوێ ، وا دیارە ئەو ھەزار وچوار سەد ساڵە تێری نەكرد و ڕەباس نەبووە ، بۆیە ژمارەی مزگەفتەكان بە گوێرەی ئامارێكی وەزارەتی ئەوقاف گەیشتیتە (4500 ) و ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە ، ئەمانە ھەموو كاردەكەن بۆ گۆڕینی ھزر و ھەستی نەتەوایەتی و لاوازكردنی و ئاڕاستەكردنی بەرەو مزگەفت ، بەتایبەتی توێژی گەنجان كە كاریگەری زۆرتری لەسەر ئەوانە ، وە ژنانیش پشكی شێریان بەركەوتیە لە كوشتن ، خۆكوشتن ، سووتاندن ، خۆسووتاندن و تووند و تیژی دەرھەقیان ، كە بووینەتە قوربانی نێوان ئیسلامی سیاسی و كرانەوەی كوردستان بە ڕووی جیھاندا ، شاڵاوی ھاتنی تەكنۆڵۆژیای سەردەم و نەبوونی وشیاری پێویست و ئامادەیی كومەڵگا لەم بارەیەوە ، دەستەڵاتیش لە گوێی گادا نووستیە.
ئەردۆغان و داگیركەرانی ھاوپەیمانی و ھاوشێوەی ئەو خەیاڵیان خاوە و ئەو سەردەمە بەسەر چوو كە بتوانن كورد بە ڕێگای ئایین لە خشتە ببەن و دژ بە ماف و چارەنووسی خۆی بوەستێ و بیكەن بە داردەست و ھێزێكی چەكدار بۆپاراستن و خزمەتی خۆیان لە چەشنی سوارەی حمیدیە. !

سابیر كەریم عەلی _ 18 / 3 / 2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە