گەریلا بەرامبەر تورکیا شەر رادەگرێت،بەڵام چەک دانانێت

Saturday, 07/03/2015, 12:00

2267 بینراوە





دوای ئەوەی رۆژی ٢٧-٢-٢٠١٥ بۆ یەکەم جار نوێنەرانی گەلی کورد و نوێنەری حکومەتی تورکیا لەسەر پرۆژەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد پێکەوە لێدوانیان دا،جارێکی تر چەکدانانی گەریلای ک ج ک کرایەوە رۆژەڤی راگەیاندنەکانی تورکیا و باشوری کوردستان.دیارە حکومەتی تورکیا و دۆستەکانی لە گەورەکردنی مەسەلەی چەکدانانی گەریلا ئامانجی سیاسیان هەیە،یەکەم ئامانجی حکومەتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ئەوەیە کە وەڵامی رەخنەی رکەبەرە ناوخۆییەکانی خۆی وەک حزبی رەگەزپەرستی M H P ،حزبی کەمالیستی C H P بداتەوە،حزبی M H P رەخنەی توند لە A K P و حکومەتی ئێستەی تورکیا دەگرێت و دەلێت تەسلیمی پ ک ک بوون.هۆکارێکی تر کە حکومەتی تورکیا و دۆستەکانی مەسەلەی چەکدانانی پ ک ک دەکەنە رۆژەڤ،هەوڵدانی A K P یە بۆ ئەوەی چەکدانانی گەریلا بکاتە پرۆپاگەندە و لە هەڵمەتی هەلبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵدا کە لە ٧-٦ -٢٠١٥ بەرێوەدەچێت سودی لیوەربگرێت.
هەرچی لایەنە کوردیەکانن H D P و B D P ، ک ج ک،لەسەر هەواڵی چەکدانانی گەریلا،لەسەرخۆ و بەرپرسیارانە هەلسوکەوت دەکەن و هەڵناچن، ک ج ک دەلێت (١٠)دە خالی رێکەوتنەکەی نێوان کورد و حکومەتی تورکیا، بنەمای گفتوگۆ و رێکەوتنی نێوان کورد و حکومەتی تورکیایە،جێبەجێکردنی ئەو خالانە وا دەکەت ک ج ک بریار بدات لە تورکیا خەباتی چەکداری رابگرێت و دەست بە خەباتی سیاسی بکات یان بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو خاڵانە جێبەجێنەکران،ئەوا لەسەر خەباتی چەکداری بەردەوام بێت.
لە لایەکی تریشەوە ک ج ک بەو هەواڵەی رەگەیاندنەکانی تورکیا زۆر نیگەران نابینرێت،لەبەر ئەوەی دەیەوێت سود لە گەورەکردنی ئەو هەواڵە وەربگرێت بۆ ئەوەی ک ج ک لە لیستی تیرۆری ولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەربهێنرێت،وەک بینیمان هەر یەک لە ئەمریکا و بەریتانیا پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژەکەی کورد و تورکیا نیشاندا و پێش هەفتەیەکیش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گفتوگۆی جدی لەسەر دەرکردنی ک ج ک لە لیستی تیرۆر کرا.
هەرچی لایەنە کوردیەکانی باکوری کوردستان و تورکیان H D P و B D P ،ئەوانیش دەیانەوێت لە هەلبژاردنی حوزەیرانی ئەمسالدا سود لە پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەر وەربگرن وبڵێن ئێمە هاوکارێکی جدی پرۆسەی ئاشتی بوین، بەو شیوەیە بتوانن رێژەی دەنگەکانیان بەرزبکەنەوە و بەربەستی ١٠% یاسای هەلبژاردنی تورکیا تێپەرێنن و بە ژمارەیەکی زیادتری کورسی بەشداری پەرلەمانی تورکیا بکەن.
بەڵام دور لە بەرژەوەندی سیاسی کاتی هەمو لایەنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا،پێوەندیدار بە چارەنوسی گەلی کورد و ئاشتی و دیمۆکراتی لە کۆمەلگاکانی رۆژهەلاتی ناوەراستدا،وە بە تایبەتی دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و باشوری کوردستان و رۆڵی بێوێنەی گەریلا لە پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد و پاراستنی سەروماڵی گەلانی ناوچەکەوە،دەبێت سەیری گرنگی رۆلی گەریلا بکەین.هیزی گەریلای ک ج ک لە سەرەتای دروستبونیەوە تا ئەمرۆ،هێزی پاراستنی هەمو پارچەکانی کوردستان بوە،لە هەر پارچەیەکی کوردستان گەل پیویستی پێبوبێت لەوێ ئامادە بوە،هێزی گەریلا هێزێکی ئینساندۆست و نێونەتەوەیی بوە،هەر تاک و پێکهاتەیەکی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست پیویستی بە پشتیوانی گەریلا بوبێت،گەریلا لەوێ بوە.لەگەل دروستبونی داعش و هێرشە هۆڤانەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و خێلە عەرەبەکان و ئاشوری و کلدان،مەسیحی و یەزیدی،گیانفیدایی گەریلا دژی هێرشەکانی داعش، سەلماندی کە لە پێناو ئازادی مرۆڤایەتیدا ئاوابوە.
بۆیە ئاسایی دەبینرێت ئەگەر ک ج ک و حکومەتی تورکیا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێکبەون، شەر لە نێوان گەریلا و سوپای تورکیادا بوەستێت،بەلام گەریلا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و بۆ پاراستنی گەلانی تری ناوچەکە،لەشاخەکانی قەندیل و لە شوێنی تری پیویستدا بمێنێتەوە.بە بروای من بەرپرسانی ک ج ک هەر بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێن،لەبەر ئەوەی لەم کاتەدا زیاتر لە جاران گەریلا بۆتە جیی متمانەی گەلی کورد و گەلانی ژیردەستی ناوچەکە و بە هەمو لایەک داوا دەکەن گەریلا بمێنێتەوە و بیانپاریزێت،ک ج ک ناتوانێت دژی داخوازی و ئیرادەی گەل هەنگاو بنێت،بۆیە گونجاوترین بریار دەربارەی گەریلا بۆ ک ج ک ئەوەیە لە کاتی سەقامگیربونی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، شەری گەریلا دژی تورکیا رابگرێت و لە تورکیا خەباتی سیاسی بکات،هێزی گەریلاش بمینێتەوە بۆ ئەوەی لە پارچەکانی تری کوردستان و لە ناوچەکە لە کاتی پێویستدا گەل و دەستکەوتەکانی کورد بپارێزێت.
ئەگەر لەمە زیاتر قوڵبینەوە لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی گەریلا لە تورکیا بوەستین،دەبینین راگرتنی خەباتی چەکداری بەرامبەر تورکیا تەنها گەریلاکانی باکوری کوردستان دەگرێتەوە،خۆ دەولەتی تورکیا داوای گەریلاکانی باشور و رۆژهەلات و رۆژئاوای کوردستان ئەو ولاتانەی تر ناکات کە کوردی تێدا دەژیت بۆ ئەوەی بێنەوە تورکیا و دەست لە خەباتی چەکداری بەربدەن و بە گوێرەی رێکەوتنی نێوان کورد و تورکیا شوێنی کارکردنیان بۆ دیاری بکریت.دەربارەی چارەنوسی گەریلاکانی باکوری کوردستانیش،ئەگەر نمونەی رێکەوتنی گەلی باشوری کوردستان و حکومەتی عراق بێنینەوە بەرچاوی خۆمان،بەرچاو رونیەکمان لە لا دروستدەبێت، لە بەیانی ١١ ئازاری ١٩٧٠ دا،لە کاتی ریکەوتنی نێوان شۆرشی ئەیلول و حکومەتی ئەو کاتەی عراقدا،چەند بەندێکی رێکەوتننامەکە لەسەر چارەنوسی پێشمەرگە دانرابوو،شەهیدەکان خانەنشینیان بۆ ببرێتەوە،پێشمەرگە ببێت بە هێزی پاراستنی سنور و تا دوایی.هەر لە باشوری کوردستان دوای روخانی رژێمی سەدام بە رێکەوتن لەگەل حکومەتی نوێی عراقدا،هیزی پێشمەرگە لە رێکەوتنەکاندا قسەی لەسەر کراوە،پێشمەرگە وەک پۆلیس وەک ئاسایش،وەک بەشێک لە سوپای عراق و وەک هیزی پاراستنی سنور بە فەرمی کاری بۆ دەستنیشان کراوە.
لە کاتی رێکەوتنی نێوان کورد و حکومەتی تورکیاشدا، دەبێت چەند بەندێکی رێکەوتنەکە باس لە چارەنوسی گەریلاکانی باکوری کوردستان بکات،ببنە ئاسایش و پۆلیس لە سنوری باکوری کوردستان،ببنە هێزی پاراستنی سنور یان ببنە بەشێک لە سوپای تورکیا.
بە بروای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و خەلکی نەتەوەیی و دلسۆزی کورد،تا ئەو کاتەی رۆژهەلاتی ناوەراست وەک ئەوروپای لێدیت،یان ئەو کاتەی تورکیا بەم رێکەوتنەی نێوان کورد و حکومەتی A K P وەک سویسرای لێدێت، یان کورد دەبێتە خاوەن کیانی سەربەخۆیی خۆی و دەتوانێت لە روی سیاسی و سەربازیەوە داکۆکی لە دەستکەوت و ماف و ئازادیەکانی بکات،تا ئەو کاتە مانەوەی هێزی پاراستنی گەلی کورد لە شیوەی گەریلاکانی H P G و Y P G و Y P J و پێشمەرگەی کوردستان،پێویستیەکی دەستلێبەرنەدراوە.
د.فایق محەمەد گۆلپی ٧-٣-٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە