ئێرانیەكان دەنگیان بە توندڕه‌ویدا

Wednesday, 17/06/2009, 12:00

2078 بینراوە


سەركەوتنى گەورەى مەحمود ئەحمەدى نەژاد بۆ گەڕى دووەمى سەرۆكایەتى كۆمارى ئێران بەو دەنگە زۆر و جیاوازییە گەورەیە جێى هەڵوەستەیە. لە بەرامبەر ئەو هاش و هوشەى نەژاد لە سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەكەى بەرامبەر ئەمریكا و ئیسرائیل و خۆرئاوا دروستى كردووە و پاڵەپەستۆیەكى گەورەى خستۆتە سەر وڵاتەكەى، چاوەڕێمان دەكرد میللەت گورزێكى كەمەر شكێنى لێ بدات و بیكەن بە پەند، لێ بە پێچەوانەوەوە بە دەنگێكى زۆر و جیاوازییەكى گەورە نەژاد خۆى سەلماند و پاڵپشتى جەماوەرى ئێرانى بۆ سیاسەتەكەى نمایش كرد. ئەگەر ئەم دەرەنجامە راستەقینە بێ و ساختەى زۆرى تیا نەكرابێ وەكو ئەوەى موسەوى و كەڕوبى و لایەنگرانى باسى لێوە دەكەن دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەى هێشتا گۆڕان و چاكسازى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەگەر ئەستەم نەبێ زۆرى ماوە. ئێرانیەكان بڕیارى خۆیان دا و خۆشیان لەبەرامبەر ئەو بڕیارەیان بەرپرسن، لێ هیوادارین نەژاد درێژە بە هەمان سیاسەتى پێشووى نەدات و تارماییەكانى شەڕ لە ئێران و ناوچەكە دوور بخاتەوە. بە سەركەوتنى ئۆباما لە ئەمریكا و بەخشینى ئەولەویەت بە سیاسەتى هێزى نەرم Soft Power لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانى وڵاتەكەى بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى دونیا، دەرفەتێكى باش بوو كە ئێرانییەكان سەرۆكێكى میانڕەو بۆ وڵاتەكەیان هەڵبژێرن تا هاو تەریب لە گەڵ ئەو نەرمییەى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریكا لە سەردەمى ئۆبامادا، ئێران و ناوچەكە لە شەڕى دیكە و ناساقامگیرى زیاتر دوور بخەنەوە. لێ ئێرانییەكان بڕیارى خۆیاندا و بڕیاریش هەر بۆ ئەوانە. هیوادار نین ئێرانیەكان لە بەر ئەو رەقەكارییەى نەژاد و سیاسەتە توندەكانى بەرامبەر رۆژئاوا دەنگیان پێى دابێ، چونكە ئەگەر وابێ نابێ چاوەڕێى كارى باش لە نەژاد بكەین، نابێ باوەڕیشمان وابێ كە چاكسازى و گۆڕان لەم ناوچەیە بە بێ هێزى دەرەكى و لە رێى دەنگى خەڵكەوە دەبێ. چونكە بینیمان زۆرینەى ئێرانییەكان دەنگیان بە توندڕەویى و هێزى رەق Hard Power و دوژمنكارى دونیا دا، گوێیان بە كرانەوە و دۆستایەتى دونیا نەدا . خۆزگە ئێرانیەكان دەنگیان بە نەژاد نەدابوایە!!!.

مامۆستا لە بەشى زانستە سیاسییەكانى زانكۆى سەڵاحەددین - هەولێر


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە