سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد- بەشی دووەم

Saturday, 16/03/2013, 12:00

3165 بینراوە


هەر لە سەرتای دەست پێکردنی بزوتنەوەی ساڵی ١٩٦١ ی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشێکی زۆر لە کار و تێکۆشانی خۆی بو پشتگیری و یارمەتی ئەو بزوتنەوەیە وەکار خست، خەڵکی کوردستان ئێران بە هیوا و هومێدێکی زۆرەوە چاویان بڕیبوە بزوتنەوەی گەلەکەمان لە کوردستانی عێراق و بە ئیمان و بەو راستی یە کە وەدەست هێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لەهەر بەشێکی کوردستان دا دەتوانێ ببێتە نموونە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەرچی لە توانایان دابوو لە یارمەتی ماددی و مەعنەوەی بێدرێغ پێشکەشی ئەو بزوتنەوەیان کرد.
كادر و مەسئوولانی حیزبی ئێمە چ ئەوانەی لە نێو خۆی وڵات دا بە نهێنی تێدەکۆشان و چ ئەوانەشی کە ئاوارەی کوردستانی عێراق ببون قورسایی کاری خۆیان خستبوە سەر تێکۆشان بۆ ناساندن و یارمەتی دانی بزوتنەوەی گەلەکەمان لە کوردستانی عێراق. کادرەکانی ئێمە کە لە کوردستانی عێراق ئەو دیو دەژیان دەستە دەستە بە نهێنی دەگەڕانەوە کوردستانی ئێران و بە کۆمەکی رێکخراوەکانی حیزبی چەک و پووڵ و تەقەمەنی و خواردەمەنی و بەرگ و پێڵاویان کۆ دەکردەوە و دەیانگەیاندە براکانیان لە کوردستانی عێراق ، پێویستە ئەوەش بگوترێ کە زۆربەی ئەو یارمەتی یانەی کۆدەکرانەوە و بەڕێ دەکران ڕاستەوخۆ دەگەیشتنە دەستی بارزانی.
خەڵکی کوردستانی ئێران باشیان لەبیرە کە لە ژێر زەبروزەنگی ساواک دا، ئەندامانی حیزبی ئێمە یارمەتی یان بۆ بزوتنەوەی کوردستانی عێراق کۆدەکردەوە و زستانان کەبەفر رێگاکانی دەگرت و وڵاغ دەرنەدەچوو، ئەو خەڵکە بەشەرەفە پشتێنێک بەفریان دەدڕی و بە کۆڵ کۆمەکەکانی خۆیان ئاوای ئەو دیو دەکرد.
خۆ لە جەبهەکانی شەڕیش دا ئەندامان و لایەنگران و کادر و مەسئولەکانی حیزبی هیچ کاتێک خۆیان لە برا پێشمەرگە عێراقی یەکانیان هەڵناوارد و هەمیشە شان بە شانی ئەوان لە چیا و پێدەشتەکانی کوردستان دا سنگیان بە گولەوەنا، چیاکانی هەندرین و زۆزک و بەشی بادینان و ناوچەی پشدەر و پێنجوێن و بە کورتی هەموو جەبهەکانی شەڕی کوردستانی عێراق شاهیدی گیانبازی پێشمەرگە کوردە ئێرانیەکانن کە بەچەک و فیشەک و هەموو ئیمکاناتی خۆیان لە ژێر سەرکردایەتی برا کوردەکانی ئەو دیودا شەڕیان دەکرد و تەنانەت چاویان لەوە نەبوو جارێکیش ناویان ببرێ.
با ئەوەش بڵێن رەفتاری بارزانی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق لە سەرتاوە تا ئەو وەختە کە زۆرتر تەکیەی لەسەر یارمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو لەگەڵ براکانی ئاوارەی ئێمە و هەروەها لەگەڵ حیزبی ئێمە دۆستانەبوو، بەڵام وردە وردە حکوومەتی حەمەڕەزاشا و دەزگای جاسوسی ساواک دەستیان کێشایە نێو بزوتنەوە و لەگەڵ سەرۆکایەتی کەوتنە تەون و بەست، پی بە پێی لێک نزیک بوونەوەی ڕیژێمی شا و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق رەفتار و هەڵوێستی سەرۆکایەتی بارزانی بەرامبەر بە حیزبی ئێمە خراپ و خراپتر دبوو، هەتا دەزگای جاسوسی ساواک زیاتر خۆی لە بارەگای بارزانی نیزیک دەکردەوە مەیدانی کاروتێکۆشانی کادر و ئەندامانی حیزبی ئێمە بەرتسکتر دەکرا.
سەرە بەهاری ساڵ١٣٤٤ ئەفسەری بەناوبانگی روکنی دووی ئەرتەش سەرهەنگ کدرسی لە ناوچەی سەنگەسەر کە ئەو کاتە ناوەندی سەرکردایەتی بزوتنەوە بوو جێگیر بوو، بەگەیشتنی سەرهەنگ مدرسی بۆ ئەوەی تەکلیفی براکانی ئێمە ڕوون بوو. سەرۆکایەتی بارزانی کە نەدەرکرا لە فەرمانی ساواک و روکنی دووی ئەرتەشی ئێران سەرپیچی بکا بەڕەسمی نوێنەرانی حیزبی ئێمە بانگ کرد و پێی ڕاگەیاندن کە دەبێ بنکەکانیان لە نزیک سنووری ئێران تێک دەن و بە هیچ جۆرێکیش هاتوچۆی کوردستانی ئێران نەکەن، لەوەش زیاتر ڕۆیشت و داوای کرد کە هەموو چەشنە تێکۆشانێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێو خۆی وڵاتیش دا ڕابگیرێ، بەدوای ئەو فەرمانە مێژووییە!!دا ئەفرادی بارزانی بۆ خۆیان پەلاماری بنکەکانی کوردی ئێران لە نزیک سنووریان دا و تێکیانەوەپێچان و بۆ ئەوەی کە براکانی ئێمە نەتوانن بەیاننامە و نووسراوەی حیزبی بڵاوبکەنەوە هەموو کەرەستەی چاپەمەنی و کتیبخانەکەشیان بەتاڵان برد.
لێرەدا بوو کە سەرۆکایەتی بارزانی یارمەتی دەوڵەتی کۆنەپەرستو و نۆکەری ئیمپریالیزمی حەمەڕزاشای لە جێگای یارمەتی خەڵکی کوردستان دانا، رووی کردە دوژمنانی گەلی کورد و پشتی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد، لە راستی دا بەردی بناخەی ئاش بەتاڵ ساڵی ١٩٧٥ی بارزانیش لێرەدا دانراوە و تا ئێستاش کە ئێستایە گەلی کورد لە کوردستانی عێراق و تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دا کوتەکی ئەو لاری بوونەی سەرۆکایەتی بارزانی ویدەکەوی.
بۆ حەقیقەت و تاریخ دەبێ بگوترێ کە کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی کوردستانی عێراق و ئەندامان و پێشمەرگەکانی پارتی و تەنانەت بەشێکی زۆر لە کادری بەڕێوەبەرایەتی پارتیش دژی ئەو سیاسەتە بوون، بەڵام بەرامبەر بە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی بنەماڵەی بارزانی کارێکیان لەدەست نەدەهات، ئەوان کە دەیانزانی ئەوەی بەڕاستی دۆستی بزوتنەوەی کوردستانی عێراقە گەلی کوردی ئێرانە نەک حکوومەتی حەمەڕەزاشا.بەدزی دوور لە چاوی دەزگای جاسوسی بارەگای بارزانی هەمیشە دۆستایەتی تێکۆشەرانی کوردی ئێرانیان دەکرد و دڵخۆشی یان دەدانەوە بەڕاستی زۆر کوردی بەشەرەفی عێراقیش هەر بە تاوانی دۆستایەتی براکانی ئێمە کەوتنە بەر لافاوی ڕق و قینی بارزانیەکان و تووشی ئەشکەنجە و و زیندان و ئازار و جەزرەبە بوون.
هەر لە سەرتاەوە دیار بوو دوایش بە بەڵگە دەرکەوت کە شەرتی هەرە بنەڕەتی یارمەتی ڕیژێمی حەمەڕەزاشا بەسەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق ئەوە بووە کە ئەو سەرکردایەتی یە رێگانەدا هیچ چەشنە بزوتنەوەیەکی دژی ڕیژێمی کۆنەپەرست و نۆکەری ئیمپریالیزم لە کوردستانی ئێران سەر هەڵبدا و گوڵ بکا.
پیاو هەق بڵێ دەربارەی بارزانی زۆر بە سەرراستی ئەو بەڵێنەی بەجێ گەیاند و هیچ کاتێک نەیهێشت دەربارەی پەهلەوی لەو بارەوە گلەی بکا. رووداوەکانی دواتر کە لەمەودوا باسیان دەکەین باشی نیشان دەدەن کە بارزانی بێ قەول قەرار لەگەڵ گەلی کورد تا چ رادەیەک بەو بەڵێنە بە دووژمنانی کوردی دابوو هەتا سەر وەفادار مایەوە.
بەهاری ساڵی ١٣٤٦ ئیدریس بارزانی لە رێگای بێ سیمەوە دەستوری بە(عەلی شەعبان) بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچەی بیتوین دا کە بچێتە سەر بنکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گوندی(دیری) و هەموو هاوڕی یانی بگرێ، بەڵام پێش ئەوەی عەلی شەعبان بتوانێ ئەو فەرمانە دژی گەلی یە جێ بەجێ بکا، بە هۆی کوردێکی بەشەرەفەوە خەبەرەکە بە براکانی ئێمە گەیشت، شەهید کاک سولیمانی موعینی و هاوڕێ کانی کاتێک ئەو خەبەرەیان زانی تێگەیشتن کە لە کوردستانی عێراق گیانیان لە مەترسی دایە و جێ پی یەک بۆ خەباتکەرانی کوردی ئێران لە کوردستانی عێراق نەماوە، بۆیە هەر بە ئەو ڕاپەڕین و خۆیان گەیاندە کوردستانی ئێران.
بەدوای ئەوان دا دەستە دەستە کادرو ئەندامانی ئاوارەی حیزبی دیموکارتی کوردستان گەڕانەوە ئێران و لە هەل و مەرجێکی زۆر دژوار و پڕ لە زەبروزەنگی پۆلیسی دا تێکۆشانی سیاسی خۆیان دەست پێکرد، دیارە ریژێمی حەمەڕەزاشا نەیدەتوانی تێکۆشانێکی وا بەربڵاوی حیزبی ئێمە تەحەمول بکا و هەربۆیە هەزاران جاش و ژاندارمی بۆ راونانی خەباتکەرانی حیزب خستەکار. لە ئەنجام دا هاوڕێ یانی ئێمە جگە لەوەی کە چەکدارانە و دیفاع لە خۆیان بکەن رێگایەکیان بۆ نەمایەوە و بەو جۆرە ڕاپەڕینی چەکدارانە ساڵەکانی٤٧-١٣٤٦ کە بە شێکی زۆری ئەنجامی سیاسەتی دژی کوردی سەرۆکایەتی بارزانی بوو بی وەخت و بی ئەوەی خۆی بۆ ئامادەکرابێ. دەستی پێکرد.
هەرچەندە ڕاپەڕینەکە خۆی بۆ ساز نەکرابوو بە چەشنێکی گشتی هەل و مەرج لە ئێران دا بو ڕاپەڕینێکی چەکدارانە ئامادە بوو. لەبەر ئەوەی کۆمەڵانی زەحمەتکێسی خەڵکی کوردستان بە گەرمی باوەشیان بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی کورەوە و پشتیوانی لێ کردن، ئەو ڕاپەڕینە ١٨ مانگ خۆی راگرت و دەردی سەریکی زۆری بۆ ریژێمی بەکرێگیراوی پەهلەوی پێک هێنا.
حکوومەتی ئیستیبدادی پەهلەوی کاتێک تێگەیشت بەو هەموو جاش و ژاندارمەوە ناتوانن بزوتنەوەی چەکدارانە سەرکوت بکا هاواری بۆ بارزانی برد و داوای لێ کرد کە بەپێی تەعەهودێک کە داوێتی بۆ سەرکوت کردن و کوژاندنەوەی ئاگری ئەو ڕاپەڕینە پارمەتی بدا، لێرەش دا دەربارەی بارزانی پیاوانە!!فریای دەرباری پەهلەوی کەوت و بە دڵسۆزیەوە!! بە هاواری گەیشت.
کۆمەکی بارزانی بە حکوومەتی حەمەڕەزاشا دووباری هەبوو: یەکیان ئەوە کە ئەفرادی چەکداری خۆی بو یارمەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی شا ناردە کوردستانی ئێران و ئەوی دیکەش ئەوە کە لەداخلی کوردستانی عێراق دا کەوتە گرتن و راونان و تەحویل دانەوەی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا بە زیندوویی دەنا بە مردوویی.
خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت و بانە شاهیدن کە چەکدارەکانی بارزانی چۆن لە نێۆ جەرگی کوردستانی ئێران دا شان بە شانی ئەندام و جاشەکان و بە دوای پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا دەگەڕان. (مام وسوو دزەیی) فەرماندەی بەشێک لەو چەکدارانەی هاتبوونە کوردستانی ئێران پاش چەند رۆژ مانەوە و گەڕان لە کوردستانی ئێران دا گەڕایەوە بۆ عێراق. لەوی بە ئاشکرا گوتبوی: من ئیتر ناتوانم ئەو خیانەتە بکەم. بە تەواوی هەستم کردوە خەڵکی کوردستانی ئێران بە جاشمان دەزانێ و لە راستیش دا جاشین. هەر لە سەر ئەوەش (حەسۆ میرخانی بارزانی) فەرماندەی هێزی کاوە لە ناوچەی قەڵادزی رقی لێ داگرت و هەتا دوای ئاش بەتاڵیش ناکۆکی نێوان ئەو دوو کەسە کۆتایی نەهات.
لە کوردستانی عێراقیش دەزگای دژی گەلی دارودەستەی بارزانی کەوتە گرتن و راونانی ئەو کادر و مەسئولانەی حیزبی ئێمەکە لە کوردستانی گەرمی دا مابوونەوە. یەکەم قوربانی ئەو هێرشە دژی گەلی و ناپیاوانەیە هاوڕیی شەهید(مەلا رەحیمی ویردی) خەڵکی مەنیجەلانی بانە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو. کاک رەحیم کە بە(میرزا ئەحمەد) ناسرا لە گوندی(سورە دزە) لە ناوچەی ماوەتی کوردستانی عێراق دەژیا. چەکدراەکانی(عەبدوالوەهاب ئەترووش) بەکرێگیراوی ساواک و فەرماندەی ئەو کاتی هێزی خەبات چوونە سەری گرتیان و بەرەو سنووری ئێران لەگەڵ خۆیان برد. لە رێگا زۆر بێ شەرمانە شەهیدیان کرد و تەرمی بێ گیانی ئەو رولە تێکۆشەرەیان وەک دیاری یەکی بچوک!! تەسلیمی ریژێمی چەپەڵی حەمەڕەزاشا کردەوە.
بێجگە لە میرزا ئەحمەد چوارکەسی دیکەش لە ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەر لەلایەن عەبدوالوەهاب ئەترووشی یەوە گیران و بەزیندویی تەسلیمی ئێران کرانەوە کە دوای چەندین ساڵ زیندان ئازاد بوون. ئەو چوار کەسە خەڵکی ناوچەی هەورامانان و جوانڕۆ بوون. ساڵی١٣٤٨ یش هەر ئەو جەنابی ئەترووشی یە شەهید کاک(هاشمی حەق تەلەب) مەشهور بە قادر شەریفی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دا تیرۆر کرد زۆر بەشانازییەوە خەبەری ئەو شاکارەی بە بی سیم بە بارەگای بارزانی راگەیاند.
پیاو لە حەق دەرنەچی پاش بەیاننامەی ١١مارسی ١٩٧٠ کاتێک (عەبدوالوەهاب ئەترووشی) کرابوو بە ئوستانداری هەولێر یەکێک لە نوێنەرانی حیزبی ئێمە لەگەڵ چەند کوردێکی دڵسۆزی عێراق چووبوونە لای و ئەو تاوانەیان بەچاودا دابوو . ناوبراو نامەی ڕەسمی بارەگای بارزانی نیشان دابوو کە دەستووری گرتن و نەحویل دانەوەی میرزا ئەحمەدی پێ دابوو.
لە بەهاری ساڵی ١٣٤٧ دا کە هێشتا بزوتنەوەی چەکدرانەی کوردستانی ئێان درێژەی هەبووە شەهید سولەیمانی موعینی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ برایەکی کادر بە ناوی (خەلیلی مستەفازادە) ناسراو بە(خەلیل شەوباش) بە نهێنی چووە شاری سولەیمانی تا لە رێگای حیزبی کمونیسیتی عێراقەوە لەگەڵ هیندی مەسئوولی حیزبی کە لە ئەوروپا دەژیان پەیوەندی بگرێ، ئەو سەفەرە کەمێک درێژ بووە و لە ئاکام دا ساواک هەستی کرد کاک سولەیمان چوەتە ئەودیو . بۆیە لە گەل سەرۆکایەتی بارزانی دەفکری لە دواخستنی سولەیمان کەون.
بۆ وەدی هێنانی ئەو ئاواتە چەپەڵە سەرکردایەتی بارزانی بە هۆی سکرتێری پارتی و ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەی ناوەندی یەوە لە کاک سولەیمان دا دەسپێری کە هەوڵ بدا مەسئوول و پێشمەرگەکانی حیزب لە کوردستانی ئێران دا بگێڕێتەوە بۆ کوردستانی عێراق جاری واز لە کوردستانی ئێران بێنن بەو ناوە کە مەسەلەی کورد هەر یەکە و ئێستا کە لە عێراق بزوتنەوە هەیە ناکرێ جەبهەیەکی دیکەش بکەینەوە. بەڵێنیشی پێ دەدەین کە ئەگەر بگەڕێتەوە کوردستانی عێراق شەخسی بارزانی زەمانەتی پاراستنی گیان و ئەمنیەتیان دەکا. کاک سولەیمان بەڵێن دەدا کە کاتێک گەیشتەوە ئێران مەسەلەکە لەگەل هاوڕێ یانی باش بکا و نەتیجەیان بداتەوە.
لەسەر ئەو هەول و هەرارە کاک سولەیمان لە سلیمانی یەوە بەرەو کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە. بەڵام لە دەرەوەی شاری سولەیمانی دەکەویتە بۆسەیەکەوەکە(سەدیق ئەفەندی) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەسئوولی لقی چواری پارتی بە دەستووری سەرکردایەتی بۆی دانابوو.
کاک سولەیمان و هاوڕێ یەکی بەو فێلە نامەردانەیە بە بێ چەک گیران و ڕەوانەی حاجی ئۆمەران کران کە ئەو کاتە بارەگای بارزانی لێ بوو. کاتێک شەهید سولەیمان دەبەنە لای بارزانی مەلا مستەفا زۆر جنێوو قسەی کاڵی پێ دەڵێ، بەڵام شەهیدی نەمر کە دەزانێ بارزانی بڕیاری تەحویل دانەوەی ئەوی داوە بە ئەنقەست و بۆ ئەوەی تووڕەی بکا بەگژی دادی و ئەوەی بەزاری دادی پێی دەڵی مەبەستیش هەر ئەوە دەبێ کە لەوێ بیکوژن و بەزیندوویی نەدرێتە دەستی ڕیژێمی شا، بارزانی کە قەت هیچ کەس نەیتوانیوە قسەی لە قسە بکا لە دین دەردەچی و لە یەک جەولە دا دەڵێ:"ببەن، ببەن، بیکوژن، سەیە، سەباب".
دیارە ئەو کورتە جوملەیە لە قاموسی بارزانی یەکان دا بە مانای موحاکەمە و دادگا و حوکم دان و هەموو شتێکە. ئیتر هەر ئەو شەوە ئەو دوو تێکۆشەرە گولە باران دەکەن و بۆ بەیانی تەرمەکانیان بۆ مەزەی سەر سفرەی شەرابی کاربەدەستانی ڕیژێمی شا دەنێرنەوە ئێران. خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بۆ خۆیان دیویانە کە چڵکاو خۆرەکانی ساواک بە چ شێوەیەک و بە چ فیزێکەوە تەرمی بێ گیانی ئەو تێکۆشەرە شەهیدەیان بە شارو باژێڕەکان دا دەگێڕا و پێویست ناکا ئێمە زیاتری لەسەر بڕۆین.
کار بەوەندەوە کۆتایی نەهات. ڕیژێمی شا و دارودەستەی بارزانی پێکەوە لە هەوڵ و تەقەلای کووژاندنەوەی ئاگری ڕاپەڕینی چەکدارنەی کوردستانی ئێران دا بوون. بارزانی لە لایەک چەکدارەکانی خۆی بۆ راونانی تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە دەناردە هاواری جاش و ژاندارمەکانی شا و لە لایەکیش لە بنەوە بە ناوی دڵسۆزی لێی رادەسپاردن کە بگەڕێنەوە کوردستانی عێراق و دڵنیابن کە مەترسی یەک هەڕەشە لە ژیانیان ناکا.
لە ١٣٤٧ دا ئەگەر لەولا کاک سولەیمان بەدەستی قولەچوماغەکانی بارزانی شەهید کرا. لەم لاشەوە بە ماوەیەکی زۆر کەم تێکۆشەی بەناو بانگ "مەلا ئاوارە" گیرا و پاش سێ مانگ شەهید کرا.کاک "سمایلی شەریفزادە" لە گەڵ سێ کەس لە هاوسەنگەرەکانی لە ناوچەی بانە کەوتنە داوو شەهید بوون. کاک عەولای موعینی لەگەڵ پێشمەرگەی بەناوودەنگ "مینەشەم" لە نزیک قالوی لە ناوچەی مەهاباد شەهید کران و زۆر کەسیش لە پێشمەرگەکان لە پیک هەڵپرژان لەگەڵ جاش و ژاندارم دا گیانی خۆیان بەخت کرد.
وەختێک بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرانی بزوتنەوە لە نێو چوون برا پێشمەرگەکان خۆیان بی دەرەتان و بی سەرپەرشت هاتە بەرچاو. بۆیە کاتێک حەسۆ میر- خانی بارزانی فەرماندەی هێزی کاوە لە ناوچەی پشدەر بە قەولی خۆیان لە سەر شەرەفی بارزانی بەڵێنی پی دان کە ئەگەر بگەڕێنەوە عێراق گیانیان لە ئەمان دایە، بەو بەڵێنە رازی بوون و چوونەوە کوردستانی عێراق.
بەڵام قەولی شەرەفی بارزانی یەکان بەو جۆرە وەفای پێ کرا کە جگە لەوەی هەموویان چەک کردن هەر دەس بە جێ لیکیان بڵاوکردن و پاش چەند ڕۆژێک یازدە کەسیان لێ گرتن و بەبێ سی و دوو لیکردن تەحویلی ئیرانیان دانەوە.
جەللادەکانی ڕیژێمی شا لەو یازدە کەسە چوار ڕۆڵەی بە نرخی وەک" سالح لاجاني"و"سولەیمان کەرقەشان"و"عەولای بایزە منجە" و" حەمەسووریان" بێ موحاکەمە گولە بارن کرد و ئەوانی دیکەش بە زیندانی دوور و درێژ مەحکووم کران، گڵکۆی ئەو چوار شەهیدە ئێستاش لە سەر ڕێگای پیرانشار- نەغەدە شاهیدی نەمری بەکرێگیراوی و خۆفرۆشی بنەماڵەی بارزانی یە.
هاوینی ساڵی ١٣٤٧ هێشتا خوێنی ئەو چوار شەهیدە وشک نەببوە کە دەستی پیاوکوژەکانی بارزانی بە خوێنی دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری کوردستانی ئێران سوور بوو. دەستەیەک لە پێشمەرگەکان کە لە ناوچەی لاجان ماوونەوە لە گەڵ جاش و ژاندارم لێیان دەبێتە شەڕ. دوای چەند سەعات تەقە و لیکدان ناچار دەبن پاشەکشە بکەن بۆ کوردستانی عێراق، ئەو برایانە کە پێنج کەس دەبن لە نزیک سنووری ئێران دەچنە دی یەک بە ناوی"ئالانی" ژاندارم و جاشەکان کە بە دووربین پاشەکشەی پێشمەرگەکان بۆ خاکی عێراق دەبینن بە ماشێن دەچنە حاجی ئۆمەران و لەوی دا لەگەڵ چەند چەکدرای بارزانی بە سەرۆکایەتی"غەزالی میرخانی بارزانی" و"ئەحمەد حاجی و پیاوکوژ و ئەشکەنەچی بە ناوبانگ"سەعید مەسیفی دەچنە سەریان و دێ یەکە گەمارۆ دەدەن.
پێشمەرگەکان لە پێشدا کەوا دەزانن هەر جاش و ژاندارمەی ئێران دەوریان داون، دەس نادەن و تەقەیان لێ دەکەن. بەڵام غەزالی کە یەکێک لە نیزیکانی دەرباری بارزانی یە بانگیان دەکا و دەڵێ ئێمە جاش و ژاندارم نین پێشمەرگەی بارزانین، وەرنەدەری، لە سەر شەرەفی بارزانی کەس هیچتان لێ ناکا و گیانتان لە ئەمان دایە.
برادەرانی ئیمە بۆ ئەوەی شەریان لە گەل پێشمەرگە نەکردبی سی کەسیان دێنەدەر کە خۆیان تەسلیم بکەن بەڵام هەر لە دەرگای ماڵەکە دێنەدەری تیرباری سەعید مەسیفی تەقەیان لێ دەکا و هەرسێکیان لە خاک و خوێن دەردەدا!! دوو پێشمەرگەکەی دیکە کاتێک وادەبینن خۆیان بەدەستەوە نادەن و هەتا ئاخر گولە شەڕیان لەگەڵ دەکەن، بەڵام سەرەنجام کە فیشەکیان لێ دەبڕی دێنە دەری ئەوانیش هەر لەوی گولە باران دەکرێن. جەنازەی ئەو پێنج شەهیدە هەر لەوی دەکەنە دیاری دەستی خۆیان و دەیاندەنە دەستی ژاندارمەکانی شا بۆ ئەوەی بیان هیننەوە ئێران.
ئەوانەی باسمان کردن تەنیا بەشێک لەو تاوانانەبوون کە سەرۆکایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق لە ساڵەکانی پیش ١٩٧٠ دا لەگەڵ تێکۆشەرانی کوردی ئێرانیان کردوە. ئەگەر بمانەوی هەمووشتێک باس بکەین دەبی سەدان لاپەڕەی لەسەر بنوسین، بەڵام وەک دەڵێن مستێکنمونەی خەلوارێکە.
ساڵی ١٣٤٨کۆنفرانسی دووهەمی حیزبی ئێمە پێک هات. کۆمیتەی ناوەندی حیزب بە ناوی کۆنفرانسەوە یادداشتێکی دا بە پارتی و بارزانی و لەوی دا ناڕەزایی خۆی لەو کردەوە ناڕەوایانە دەبڕی. دیارە ئەوان پاش ماوەیەک کۆمیتەی ناوەندی حیزبی ئێمە بۆ باسی هیندیک مەسەلە دەستەیەکی نوێنەرایەتی ناردەلای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.
راستە کە دەڵێن بنیادەم کویرزەینە. ئەوانەی لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەوە لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی ئێمە قسەیان کردبوو بریتی بوون لە "حەبیب محمد کەریم"سکرتێری ئەوکاتی پارتی و"علی عەبداللە" سکرتێری ئیستای پارتی. کاتێک نوێنەرانی حیزبی ئێمە باسی ئەو کارەساتەیان لەگەل کردبوون هەردووکیان گوتبوویان:"ئەوەی لەگەل حیزبی ئیوە کراوە پەڵەیەکی شەرمە بە نێو چاوانی پارتی یەوە بەڵام بەڵێن دەدەین دووپات نەبێتەوە. ئەودەم ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین هیوامان پیداکرد کەشتی واتازە نەبێتەوە.
کەچی جگە لەو جینایەتانە کە دواتر دەرهەقی کوردی ئێرانیان کد و لەمەو- دوا باسیان دەکەین. زۆر بەداخەوە ئێستا دەبینن هەر ئەو جەنابی عەلی عبدواللەیە.پەڵەی شەرم و شوورەییەکەی هێندە گەورەتر کردوەتەوە کە نەک هەر نێو چاوان و سەر بەڵکوو تەواوی ئەندامی لەشی پارتی داگرتووە.
ماوێتی.......
ناوی کتێب: خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد
نوسين: لە بڵاوکراوەکانی ئینتشارات و تبلیغاتی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
نوسینەوەی: سەباح عەلی قارەمان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە