منیش ، هیچ كارێكم وەك وەزیرى تەندروستى بەدكتۆر ڕێكەوت نیە .....

Thursday, 01.17.2013, 12:00

1234 بینراوە





بە داخەوە ، لەم هەرێمە پڕ نەگبەتەى ئێمە زۆربەى كات لە مەیسەر نەبوونى كارەكانى هاووڵاتى ، ناچار بە شێوە زگماكیەكانمان لەو پەروەردە نا تەندروستیەى كە بە درێژایى ژیانمان لە گەڵمان بووە لە ناحەقى چەوسانەوەو ،ستەمكارى ،نادادى چ لە سەر دەستى بێگانە داگیركارەكان یان كۆپیە خۆماڵیەكەى دەسەڵاتى عەسكەرتارى كوردى، ناچارین بە توڕەیى بە كەف و كوڵێك تەواوى سادەیى ناخى خۆمان بە دەربڕینێكى حەقیانە یەكاڵابكەینەوە ، ئەگەر زەرەرى مادى و پۆست كە هەر نەبووەو نامانبێ ، یان بۆدەمێك بۆ بەردەم یاسایەكت بەرنەوە لە یاسا دزێو ناشرینەكان كە تەنها بە قازانجى خۆیان ئەشكێتەوە ، بەڵام بۆ دەمێك ناخى هزرمان شاد دەبێت زَۆر ئاساییە و یاساییە ئەو مافە بدەینە خۆمان بۆ سەرفیرازى و ژیانێكى سەربەرزانە بە دوای لەزەتە ڕوحیەكانمان بگەڕێین لە بەرپەرچ دانەوەى هەڵس و كەوتە نا مەسۆولەكانیان.

گەورە نووسەرى ڕووس میخائیل شۆلۆخۆف دەڵێ (پزیشكى ڕاستەقینە لە زیندانیش بە ئەركى پیرۆزى خۆى هەڵدەستێ)
دەبێت ئەوش بزانین پێپێوى پێشكەوتنى كۆمەڵ ڕاستەو خۆ بەندە بە پێشوەچوونى تەندروستى لەتەندروستى و ساغى هاووڵاتیان و ژینگەیەكى دروست .
بە مافى خۆمى دەزانم و سەر سەختانە داكۆكى لێ بكەم ، ئەو كاتەى من و هەڤاڵەكانم لە ڕێكخستنى شار ،لە بەر نەبوونى و ستەمى داگیر كەر پەنامان بردبووە بەر دزى ، بەڵام دزى پارەو پوول و مافى خەڵكى سادەو هەژار نا ، بەڵكو دزى جیهازى زەخت و ئارترى و كاتیتەر و یۆد و گۆز و لەفافى خەفارەى شەوانى خەستەخانەكانى هەولێرێ ، كە بۆ بەیانى كارمەندەكانیان ڕووبەڕووى لێپرسینەوە دەبوون ،ئەو دزیانەى ئەو دەم هیچیان لە نویژ و تاعەتى كەسێكى لە خواترسى دەست بە كڵاوى خۆ گرتوو كەمتر نەبوو .
بە داخەوە لە دواى ڕاپەڕین چەتە و چەتەگەرێتى لە بوارى كەرەستەو ئامێرى پزیشكى پەیدا بوو كەسانێكى چاوچنۆك مافیا ئاسا درێخیان نەكرد لەتاڵان و ناردنە دەرەوى سەرەتایترین پێداویستیەكانى نەخۆش لە ئامێر و كەل وپەلى پزیشكى تا ئێستاش بەردەوامە ، بەڵام بە ڕەنگێكى تر ئەویش لە هاوردە كردنى دەرمانى بەسەرچوو خراپ لە كوالیتى ، لە جیات تێپەڕاندنى بە كۆنترۆلى جۆرى فلتەر كردنى بە ئۆكەیەكى بەرپرسان نۆشى گیانى نەخۆش دەكرێت .
من دڵنیام تەمەنى جەنابى وەزیرى ئێستا و چەندان وەزیرى تر و سەدان مودیر عام و موستەشارى یاسا دارێژ ى بەرپرسى ئەمڕۆ لە هەر هەموو سەكتەرەكانى فەرمانڕەوایەتى دەسەڵاتى كوردى، ئەو دەم تەمەنى هەرزەكاریان بەڕێكردوەو ، لەگەڵ ڕێژنەى تەقەى شەوانى ناو شار موچڕك و لێوەلەرزەیان پیا هاتیە .
ئێمە بووین دكتۆرەكانى شاخ ڕاژێنەرى ئازارەكانى خەڵكى سڤیلى گوندەكان و مقاوەمەت ، ئێمە ئەو دەم هەوێنى دروست بوونى ئەو كورسیە بووین كە خۆتانى لەسەر بادەدەن .
من دەمێكە ئەو پرسیارانەم لا گەڵاڵە بووە , كە وەڵامەكەى لاى هەموو كەسێكە ئەگەر لە ئەلف و بێى تەندروستى تۆزێك سەعى كردبێ .
هەر بەیادى ڕۆژانى زووى هەولێرێ ، ئەگەر لە بن دیوارى قەڵاتى هەولێرێ لەبەردەم لەیالى و سینەما سیروان بوەستى كە تەنها پێنج دەقیقە لە كورسیەكەى فەخامەتى وەزیر دوورە ، دەستى چەپ دائیرەى سحەى هەولێرێ و دەستى ڕاست وەزارەتى تەندروستیە، لە كورسیەكەى جەنابیان دەست پێبكەى ، هەر لە دەست و پێوەندەكان و مودیر عامەكان و موستەشارەكان و مودیرەكان و تەنها زێرەڤانیەكانى بەر دەرگاى لێ دەرچى ، ئەو شیرازە ناتەندروستەى لە پەیوەندى پێك تان هێناوە لە سەر خزم خزمێنەو كوڕو كچتان و كوڕى شار و كوڕى باش و، لە سیستەمى تەندروستى كامە هەسارە هەیە؟؟؟
با لەوێوە هۆیدەینەوە دەستى چەپ و دائیرەى سحەى هەولێرێ ، كوڕى جاشى واى تیایە لەسەرەتاى هەشتاكان ، كارمەندى تەندروستى فیرا و موتەخەلیف نەمابوو لەو هەولێرە نەیكاتە خەفیفە و عەدەم تەعەروزى لۆ نەهێنێ ، ئێستاشى لەگەڵ دابێ كۆنە ڕەفیق حزبى واى تیایە كە ئەیبینى ، وا دەزانى دوێنێیە ئێستاشى لەگەڵ دابێ ئەگەر بۆى بلوێ دەتوانێ قۆڵ بەستت كاو بتخاتە ناو هینۆیەكەى دوێنێ و بتباتە بەرەكانى جەنگى دژ بە مالیكى .
تۆ ئەو سوێندەى لە پەرلەمان خواردتان ، كارى تەندروستى و خزمەتگوزارى تەندروستى ئاوا دەگاتە دەست خەڵك ، كە وەزارەت یەكێتى و دائیرەى سحە پارتى و سحەى دهۆك پارتى و سحەى سلێمانى یەكێتى و سحەى .........
چەند ڕاستیەك هەیە لە نێوەندە تەندروستیەكان دەگوزەرێ ، دڵنیام ئەگەر نەشى زانى ناتەوێ بیزانى چونكە ئەو نێوەندە هەر لەسەرەتاى دروست بوونى لە دواى ڕاپەڕین ، وەزیرێكى هەبوو لە كۆبوونەوەكان هێندەى باسى بەڵشەوى دەكرد یەك لەسەدى ئەوە باسى لە خزمەتگوزارى تەندروستى و كەم وكوڕیەكانى نەدەكرد ، لەدەمى دوولەت بوونەكەى وولاِت لە شەڕى ناوخۆ دەبێت لە داهاتوو لە دیوانى وەزارەتى تەندروستى مۆزەخانەى سەیرو سەمەرەكانى وەزارەتى تەندروستى و وەزیرە حیزبیەكانى تەندروستى بكرێتەوە ، كە لە كۆبوونەوەكان باسى كاوبۆى جینزیان دەكردو تەنانەت دووزاراوەى تەندروستى و پزیشكى دەبوا بە هەزار نارى عەلى بدركێنن
لە ووڵاتى سەیر و سەمەرە دكتۆر هەبوو لە پۆستە بچوكەكەى لادەبرا لە دڤەرى ئەولا بە ڕەتلێك سەیارە بە پۆستى وەزیر دەگەڕایەوە ، كەسانى نەخۆش و نەفس نزمى وا لەو ناوەندە هەستیارە دەكرانە بەرپرس ، كە دەیان ساڵ پێش تەكنیكى یوتیوب و وێنەى ئابڕوبەرانەی ئەخلاقى كەوتبوون ڕۆژانە وێنە ڕووتەقووتەكانیان لە نێوان كارمەند و دكتۆر ئەو دەست و ئەو دەستى پێدەكرا .
لە سەر دەستى كەم لۆژیكى سیاسیەكان و نامەسۆلى بەشێك لە دكتۆر و كارمەند ، چەند جار میحرابى پیرۆزى خەستەخانە و بنكە تەندروستەكان كراوە بە سەنگەر و ڕەبایە و سووتێنران .

لێرە بە پێویستى دەزانم تاریفێكى تەواوى نێوەندى تەندروستى بكەم (ناوەندێكى زۆر هەستیارى زانستى پیشەیە شەو ڕۆژ لە كاردایە هەموو چین و توێژەكانى كۆمەڵگاى تیایە لەو باجى و حاجیە خزمەت گوزارانە تا دەگاتە بڕوانامە پسپۆڕیەكان ، لە هەمووى هەستیار تر دەبینین بە هەمان شێوەلە هەموو كاتەكان ڕاستەو خۆ تێكهەڵكێشە لە گەڵ هەموو توێژەكانى ناو كۆمەڵ ، جا لێرە ژاوە ژاوێك هاوشێوەى بازاڕێكى قەڵەباڵغ دروست دەبێ ، ئەگەر زۆ لێزانانە مامەڵەى لەگەڵ نەكەى هاوشێوەى بوومەلەرزەیەك لافاوێك شەڕێكى نەگریس زەرەرو زیان لە داهاتووى ووڵات دەدات .
لە نێو ناوەندى تەندروستیەكان ئەگەر بە نەخۆشێك بڵێین دادە یان كاكە (ئەلحەمدولیلا فەحسەكەت باشە) تۆزێك تێمان ڕادەمینێ و لە سیماى دیارە دەڵێتن مەعقوولە من نەخۆش نەبم
دڵنیام ئەگەر شارع ئەتیبا ى هەولێر و جادەى ئۆرزدى شارەكەت هێندەى تر درێژتر بكرێتەوەو هەر هەهەموو عیادە خێرخوازیە؟؟؟ بە پارەكان وهەر هەموو عیادەى ناو كۆڵانەكان چەند جارە بكرێتەوە ، هێشتا بەشى نەخۆشەكان ناكات ، چونكە كۆمەڵگاى كوردى تاكى ساغى تیا نەماوە هەر لە نەخۆشیە زگماكیەكان و درێژخایەنەكان و دەروونیەكان و جەستەییەكان و ڕووداوەكانى هاتوو چۆو شەڕە گوللە و شەڕە چەقۆ .
دەبێت ئەوە بزانین ووڵات لەسەر دەستى تاكى نەخۆش ئاوەدان نابێتەوە ، بەڵگە مێژوویەكانى شەڕى فێتنا م و كۆریا و ژاپۆن و تەخت بوونى ووڵاتى فرانسا و ئەڵەمانیا و خاپوور بوونى لەندەن لە دەمى شەڕ جیهانیەكان لەسەر دەستى تاكى تەندروست و ساغى ئەوڵاتانە ئاوەدان بۆوە ، ئادەى تۆ وەك بەرپرسى یەكەمى تەندروستى خەڵكى ئەو دەڤەرە ، لە كوێ ى ئە وهاوكێشەى .
لە هەموو وڵاتانى دونیا كار لەسەر بنەبڕكردن و نەهێشتنى نەخۆشیە درمەكان دەكرێت ، لاى خۆمان تازە بەرپرسانى ئەو ناوەندە هەستیارە لە دەمى كۆتایى ساڵ یان بۆنمایشێكى منداڵكارانە لە دەمى كردنەوەى بنكەیەكى تەندروستى یا سەنتەرێك ، وەك سوپەر ماركێتى هەبێت ساغ كردنەوەى كاڵاكانى دەخاتە بەردەمى خەڵك ، ئاخر لە كوێ ى قوژبنێكى گۆى زەوى بووە بەرپرسەكە شانازى بە زۆرى ژمارەى ئەو هەموو نەشتەرگەریە سووك و مامناوەندى و قورسانە بكات كە دڵنیام تاكێكى زۆرى هاووڵاتى تیایا كەم ئەندام بووە ، بەڵا ئەمەش لەبەختى حكومەت؟؟ وخەڵكى سادەو كەم ئەزموون كە لە تەندروستى نازانێ بە دواى سایدئیفێكتەكانى دەرئەنجامى مردن و كەم ئەندامیەكەى دا بگەڕێت ، دەنا دەبێت چەندان كەس ببێتە قوربانى هەڵە پزیشكیەكان .
ئێستا نەریتى دانیشتنە دەستە جەمعیەكانمان لە ناو ماڵەكان لە بازاڕ لە ناو تاكسى ، باس باسى شەكرەكەم، زەختەكەم، جیهازى زەخت و كۆلسترۆل و شەبەكە باڵون قەستەرە، بگرە ڕەشكە هەنگوین ، شێخ و مەلا نووشتەو ئەبو جانە ، سەفەرى ئێران و خەستەخانەكانى پونەى هیندستان و ئەنكەرەو شەریكە دوختۆرەكانى عەمان وئیمارات ، ئەویە پێشكەوتنە زانستى و تەندروستیە سەر سووڕهێنەرەكەى كوردستان ؟؟؟
دەبێت حیكمەت لە سووتانى ئەو هەموو كۆگا و خەستەخانەكانى كوردستان چى بێت ، بە شۆرتى كارەبا ؟؟؟
جاران هاوشێوەى كەركوك و هەولێر ، بەنیاز بوون هێڵى ئاسنینى شەمەندەنەفەر بگەیننە سولەیمانى ، تا كارگەیشتە ئەوەى كوڕە قۆشمەچیاكانى شار ، لە درەنگ وەختى گەیشتنى ژوانى دڵخوازیەكانیان ، بە تەوسەوە دەیانگووت ، چیە دیسان قیتارەكەى سڵێمانیە ؟
دەبێت ئەمجارە چى بڵێن بە خەستەخانە چوارسەد ساڵیەكە ؟
وا خەریكە نەخۆشى وتەشەنەسەندووى نەخۆشى و تێنەگەیشتن لە نەخۆشى لە نەریت دەبێتە كولتورێكى تەواوى كۆمەڵگا .
لە ووڵاتێكى وەك بەریتانیا لە دەمى هەشتاكان ، لەو نامیلكە بچكۆلانەى (گبیبك و ێحتك) كە لە بەیروت دەردەچو و ، باسى لە هاوسەنگى بوودجەى تەندروستى و تفاق و جبەخانەى سەربازى دەكرد ، لە دەرەنجامى ئەو گرنگیەو بەهەند زانینە و هەەستیارى ئەو ناوەندە بووە كەئەو ووڵاتە ئەو پێشكەوتنە سەرسوڕهێَنەرەى بەخۆیەوە بینیوە .
ڕاستە رژێمى بەعس خەڵكى عێراقى بە كوردستانەوە كرد بە زۆر خۆرترین ئەنتى بایوتیك وەك ئامارەكانى ئەرشیفى هەشتاكان دەیسەلمێنن ، بە هەموو ئەوروپاى ڕۆژ ئاواى ئەو دەم بە قەد عێراق ئەو ماددەیان بە كار نەهێناوە ،ئادەى دەبێت ئێستا وەك كوردەوارى دەڵێتن وورگ دڕاى ئەنتى بایوتیك نەبوبین؟؟؟؟
ئەو پرسیارە لە خۆتان دەكەم ،لە دەرەنجامى نەبوونى خزمەت گوزارى چەند بنكەى تەندروستى بووەتە جێگاى گردكردنەوەى حاسلات و قەت بەبیرتان هاتووە لە دۆڵەكانى خۆشناوەتى و بالیسان و مەلەكان و شاورێ و دەشتى كۆیە باڵەییان .... ئاخۆ خزەمت گوزارى تەندروستى زانستى چۆن و بە چ شێوەیەك دەگاتە دەست هاووڵاتى، قەت ئاوت پەیشنى ڕۆژانەى خەستەخانەكانت بیستووە چ قەرەپەستەیەكە لە خەڵكى هەژار و نەخۆش.
ئەگەر ئەوانە هیچیان گرنگ نەبن ، تەنیا ئەو پرسیارە سادەیەتان لێ دەكەم ،دەبێ شاراوەیى كارى تەندروستى چى بێت , خەڵك بە بازرگانى ؟؟؟ كردن بە نەخۆش و دەرمان، خەڵكى تەندروست كار دكتۆر و كارمەند ئاوا زوو دەوڵەمەندبێت ، توو خواتان لە مێژووى تەندروستى كەس كۆكتێلى دیوە چەند دەرزى و دەرمان تێكەڵبكرێت ، كە بە بەر فراوانى لە زۆربەى ناوەندەكانى تەندروستى ڕەواجى هەیە و نەخۆشیش وا لەسەرى ڕاهاتووە و داواى دەكا .
بووە لە نێوەندێكى تاقیگەیى پایتەخت بۆ یەكلاكردنەوەى خەرجكردنى دەرماڵە لە سەدایەكە پەنا ببرێتە بەر تیروپشك ، بەو واتایە بێت ڤایرۆسە درمە گواستراوەكان ئەبێت لە جینەكانیان ئەوە هەبێت تەنها بۆ باباى دەرماڵە سەد لەسەدەكە بچێت ، ئەوەى تر با لە هەمان ژوور لەسەر تەختى پشت ڕاكشێت ، مادام دەرماڵەى نیە دیارە ڤایرۆسەكەش ئەوەند بێَویژدان نیە تووشى مەترسى نەخۆشى بكات .
ئایا دەبێت تەمەنى ئێوە مانان باى ئەوە بێت ئەو بەسەرهاتە هەرس بكات ، ساڵى 1982 سەدام لە گەرمەى شەڕى عێراق ئێران هەڵسا بە لە سێداردانى دكتور ریاز ئیبراهیم حاجى حوسێن ، وەزیرى تەندروستى ئەودەمى عێراقى ، دەزانى بۆ ؟
چونكە بەڵگە زۆرینەكان دەیسەلمێنن ، كە كوشتنى ئەو وەزیرە لە لایەن سەدام لەسەر كارى سیاسى نەبووە بەڵكو لەسەر هەڵەى پزیشكى بووە ، ئەو دەمى ماددەى ترسناكى ژەهرینى سۆدیۆم كلوراید لە دەمى وەزیرداریەكەى هاتۆتە عێراق و لە (پێكانى سەر) وەك چارەسەرێكى كوتوپڕ بە سەرپەرشتى دكتۆرى پسپۆڕ و بە دلیوشنێكى كەم بەكارهێنراوە لە برینەكانى شەڕى هەشت ساڵەى عێراق ئێران ، گوایە ئەم دەرمانە بووەتە هۆى مردنى كەسێكى تكریتى ، بەسەرهاتەكان لە هاوڕێیەكى وەزیرى لە سێدارەدراو دەگێڕنەوە گوایە ڕازى نەبووە دكتۆرێكى ڤێرتنەرى لە جیات دكتۆرێكى مرۆیى بنێردرێتە ئەمێركا بۆ خوێندن لە بوارى مادە ژەهرینە پزیشكیەكان ، چونكە دەبێتە مایەى ئابڕووچوونى ووڵات.
سەیرە سەدام بەو ترسناكیەى بەڵام لەسەر تەندروستى هاووڵاتى عێراقى بە شیر بوو ،
چەند مانگێك بەر لەئێستاو پارساڵ و پێرار و چەند كەس بە دەرزى و سرنج و ئەنتى بایوتیكى نەشیاو بۆ بەكارهێنانى مرۆیى لەم ووڵاتەبە نوێژى نیوەڕۆ پەلەواژ بوونەوە، بەڵام سەیر تر ئەوەیە حكومەت نەكەسى لە سێدارە داو نەكەسیش جورئەتى دەستبەردارى كورسیە شیرینەكەى بوو .
دەبێت چەند كەسى ناحەق بۆئیفاد نێردرابن چەند كۆنفرانس تەنها بۆ خۆتان گیرابێت و بەس .
چەند ڕۆژێكى تر كۆنفراسەكەى كەچەكە لە ئامەد دەبەسترێت دیارە هەر ماستاوچیەكانتان بۆ خواردن وقاوە خواردنەوە دەچێت وەك ئەوەى پار ساڵ ڕووى دا ،
لە كوێى دونیا بووە بۆ دەرماڵەیەكى زیاتر پەنا ببرێتە بەر نوسینگەى سەرۆكى وەزیران ، دەكرێت بۆ ئەو وەڵامە بە ئاسانى ئەو بەڵگانەى كە ئێمە مانان دەیزانین ئێوە كە ناتانەوێ بیزانن ، ئەوا لە كەمتر لە نیو كیلو مەتر ڕێگا لە دائیرەى سحە بەردەستتان كەوێت .
سەیرە لە دام ودەزگاكانى حكومەت دەست بۆ هەر شتێك ببەى , زۆر بێشەرمانە پێت بڵێن ئەگەر پشتت نیە و ئەگەر واستەى گەورەت نیە و ئەگەر ............؟
لێرەوە پێویستە دەسەڵات چیتر نا مەسۆولانە مامەڵە نەكات لە گەڵ ئەو سێكتەر زۆر هەستیارە كە تەندروستیە ، پێویستە چیترهەوڵ نەدات ئیستغلالى و ناهوشیارى خەڵك بقۆزێتەوەو بازرگانى بە ژیان و تەندروستى داهاتووى تاكى هاووڵاتى بكات بە تایبەت منداڵ كە سەرمایەكى لە بن نەها تووى ئاییندەیە ، پێویستە بەدەر لە خواستى سیاسى و بەرژەوەندى وەك سەرەتاترین نیازپاكی ئەو ناوەندە بدرێتە دەست كەسانى ئەكادیمى و زانستى سەربەخۆ لەبەر تەنها یەك هۆكار و بەس، چونكە پێشكەوتنى تەندروستى و گرنگى ئاسایشى تەندروستى بە ئیجتهاد و بە حیزب ناكرێت بەڵكو دەبێت مامەڵەیەكى تەندروستیانە و زانستیانەى لە تەك بكرێت .....چونكە زانستە و بەس

یوسف عوسمان عەزیز
بایولوجى
دكتۆرى شۆڕش لە نێوەڕاستى هەشتاكان (د. كرمانج)

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر