واڵانەکردنی دەرگای گۆڕان، بۆ یەکەتیەکان!

Friday, 02/05/2014, 12:00

1809 بینراوە





بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ریکخەری گشتی هەنوکەی ئەو بزوتنەوەیەو چەند سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی نیشتمانی لە دایک بوو، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستان، بەفەرمی بوونی خۆیان راگەیاند.
لە نێو ئەو سەرکردانە هەبوو کە بە خەڵکی پاک و بە هەڵوێست ناسرابوون، بەڵام تیاشیاندا هەبوو کە ناپاکی و پەت پەتێنی زۆری کردبوو لە نێوان باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی نیشتمانی، وەخاوەن ئەجێندای تایبەتی خۆیان بوون لە هەر دوو لا.
دوور نیە ئەو راستیە، لە ئاست شەقامی کوردی هەستی پێنەکرابێ، بەڵام بۆ ئەوانەی خاوەن ئەزمونی کارکردن و چاودێری رووداوەکانیان دەکرد، چ لە ناو چوارچێوەی یەکێتی نیشتمانی وە چ لە دەرەوەی ئەو جوارچێوەیە، ئەوە شتێکی شاراوە نەبوو. لە پاڵ ئەوش هەندێکیان، تەواو لەناو خەڵک ناخۆشەویست و نەویست ببوون، لە ئەنجامی تێوەگلانیان لە گەندەڵی کاتێ لە ناو یەکێتی کاریان دەکرد، بۆ نمونە ، قەید کردنی بن دیوار، کڕینی خانوی گەورەو ڤێلا، وەرگرتنی زەمالەی خوێندن بۆ منداڵ و کەسو کاریان، دابین کردنی موچەی خانە نشینی بە پلەی باڵا، کۆکردنەوەی سەروەتو سامانی زۆر، سەفەرکردنی بێ حیساب بۆ دەرەوەی وڵات، دامەزراندنی کەسو کاریان لە دام و دەزگا حکومیەکان و حزبیەکان وگەلێکی تر.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش، بە دڵنیایەوە هەندێکیان لەوانە هەبوون، کە خاوەن رابردوویەکی پاک و کەسایەتی ئازاو لێهاتوو بوون، وە پەتپەتێنیان نەکردبوو لە نێو باڵەکان، وە مێژوویەکیان هەبوو لە پشتیوانی لە هەڵوێستە سیاسیەکانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە رامبەر بە رووداوەکان و ململانێکانی ناو باڵەکانی کۆمەڵە بە تایبەتی و یەکێتی بە گشتی لە قۆناغی شاخەوە، وە تا رادەیەکی باش خۆیان پاراست بوو لە گەندەڵی، وە پێگەی تایبەتیان هەبوو لە ناو رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی، ناو کۆمەڵگا وە لە ئاستی شەقامی کوردیش لە باشوری وڵات خۆشەویست بوون.
ئەو نوخبە پاکەی لەناو ئەو چەند سەرکردایەتیەی یەکێتی کە دەستیان هەبوو وە یارمەتی دەرێکی بەهێز بوون بۆ لە دایک بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، کە توانرا ئیستیفادەیەکی باش بکرێ لە ئەزموونی سیاسیان، پێگەی کۆمەڵایتیان وجەماوەریان لە ناو یەکێتی نیشتمانی و لە دەرەوەی، سەرەرای ئەوانەش سوود وەرگرتن لە سامان و سەروتیان و پارەیان وە بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی بزوتنەوەکە، بە تایبەتی لە قۆناغە هەرە سەرەتایەکانی کە بیرۆکەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا، کە مقۆیەکەی دەگەرێتەوە بۆ پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵێ ٢٠٠٩.
لە ئاستی کەوادیری ناوەراست و قاعیدەی یەکێتی لە سەرەتادا زۆرانێک خۆیان ساغکردەوە و هەڵوێستی خۆیان ئیعلان کرد دەستیان کرد بە کار کردن بۆ ئەو بزوتنەوە تازە لە دایک بووە، بەڵام بە گشتی هەموویان وەکو داشێک بەکارهێنران بۆ دەستکەوت و مەرامی سیاسی.
بزوتنەوەی گۆڕان، سیاسەتێکی ناراستی گرتە بەر، لە بەهەند هەلنەگرتن و بەرز نەنرخاندنی هەڵوێسستی ئەو کەوادیرە وەسەتانەو ئەوانی تر لە ئاستی قاعیدەی یەکێتی. شان بە شانی ئەوەش لە پەراوێز خستنی هەندێک لەو سەرکردانە، بەکار ‌هێنانیان تەنیا بۆ قۆناغێکی دیاری کراو بۆ گەیشتن، بە هەندێ دەستکەوت، وای کرد ئەو سەرکردانەی تووشی کورتە ناموسی کرد، لەوەی ج بگەرێنەوە بۆ ناو یەکێتی، یان بکەونە کارکردن بە ئاراستەیەکی تر کە دژی بزوتنەوەکە بێت، یان بە حورمەتی خۆیان بە بێ دەنگی دانیشن و پارێزگاری لە ناوبانگی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری خۆیان بکەن.
حەسر کردنی ئەو سەرکدانە بەو شێوەیە، پەردەیەی هەڵدایەوە لەسەر سروشت و جۆری بیرکردنەوەی بزوتنەوەکە، کە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵک خوێندنەوەی جیاجیای بۆ کراو بووبە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکان لە روونەدانی ئەو پێشبینیەی کە چاوەروان دەکرا، ئەویش ئەوە بوو زۆرانیک لە ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ناو یەکێتی نیشتمانی، سەنگەریان بگوزنەوە بۆ ناو گۆڕان لە ئەنجامی نارەزایان لە یەکێتی نیشتمانی و ناکۆکیەکانی ناو ئەو حیزبە، بە تایبەتی دوای نەمانی تاڵەبانی، وە ئەو دیاردەیە بێگومان لەلایەن هەندێ لە سەرکردەکانی یەکێتی، لە پاڵ ئیغرا کردنیان بە پارەو پۆست لەلایەن تاڵەبانی ، پێشوەختێش دەرکیان بەو مەترسیەیە کردبوو، بۆیەش هەر لە سەرتای سەرهەڵدانی نارەزایەکان، لە ناو یەکێتی و گەران بەدوای هەڵبژاردەی کە، هەندێکیان هەر زوو لەو هەڵوێستەیان پەشیمان بوونەوە، لەوەی کە پەیمانیان دابوو بە رێکخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە، کە دەنگیان بخەنە پاڵ یەکتری دژی باڵەکەی تاڵەبانی بە تایبەتی لە دوای ساڵێ ٢٠٠٥.
ئە و دیاردەیە، کاردانەوەی هەبوو کە زۆرانێک لە ناو یەکێتی هەتا لە ئاست کەوادیری ناوەراست و خوارتر، هەمان هەڵوێستیان هەبێ، لە ترسی ئەوەی کە لە هەردوو لاببن، بە تایبەتیش بەشێکی زۆریان بژوێوی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لەو رێگەیەوە دابین دەکەن. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکان کە گۆڕان نەیتوانی ئەو هەلە بقۆستەوەو ببێ بە جێگەی متمانەیان و دەرگای خۆی واڵا بکا بۆ قاعیدەی یەکێتی و بتوانێ زۆربەی دەنگە نارەزایەکان لەو ئاستە لە باوەش بگرێ و لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبێ لەسەر هەڵوەشانەوەی یەکێتی و یان بەلای کەمی کاردانەوەی زیاتری هەبێ لەسەر کەمکردنەوەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٤/٢٠١٤.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە