كۆمیتەى سەركردایەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان/ باڵى ریفۆرم-راگەیاندنى ژمارە (1)ى

Wednesday, 27/05/2009, 12:00

29300 بینراوە


پاش ئەوەى گروپى باڵادەستى ناو سەركردایەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان، دوور لە عورفى دیموكراتىو پەیڕەوى حزبى، مافى بەخشییە خۆى بەبێ ئامادەبوونو ئاگاداركردنەوەى ئێمە، لە دۆخێكى ناسكو هەستیاردا، كۆبوونەوەى كۆمیتەى سەركردایەتى گرێ بدات...، هاوكات لەگەلأ رەفتارى نادیموكراتانەى هەمان گروپ سەبارەت بە دەركردن و هەڕەشەكردن و ئیبتزازكردنى ئەو ئەندام و كادیرو تێكۆشەرانەى پشتیوانى چاكسازى و كۆتاییهێنان بە تاكڕەوى و پاوانكاریى دەسەڵات دەكەن لەناو یەكێتیدا...، پاش ئەوەى هەستمان كرد هەموو دەرگایەكى دایەلۆگى ڕێكخراوەیى لەناوخۆى حزبدا بەڕووماندا داخراوە..، ئەم ڕاگەیاندنە بۆ بنكەى ڕێكخستن و جەماوەرى یەكێتى و ڕاى گشتى كوردستان و عێراق بڵاودەكەینەوە:
1. گروپى باڵادەستى ناو یەكێتى ئەو شەرعیەتەى نییە بڕیار لە چارەنووسى ئەندامان و پێكهاتەى سەركردایەتى ى.ن.ك بدات، چونكە جگە لەوەى ئێمە سێ یەكى كۆمیتەى سەركردایەتى پێكدێنین، بۆ هەشت ساڵیش دەچێت گروپى باڵادەست ڕێگریى كردووە لە بەستنى كۆنگرە و پەیڕەوى ناوخۆى پێشێلكردووە، تەنانەت بۆ زیاتر لە چەند مانگێك دەچێت نەیانویستووە كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستى كۆمیتەى سەركردایەتیش بۆ تاوتوێكردنى كێشە كەڵەكەبووەكان گرێ بدرێت. ئەڵبەتە تەنها ئەو گروپەش ئۆباڵى قووڵبوونەوە و ئاڵۆزبوونى ئەو كێشانە لە ئەستۆ دەگرێت كە گەیشتوونەتە ئەم ئاستە پڕ قەیرانە.
2. بازنەى بڕیاردانى سیاسى لەناو یەكێتیدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسكتر دەبێتەوە، بەجۆرێك جگە لە بەڕێز سكرتێرى گشتى و چەند كەسێك كە شەخسى خۆى دیارییان دەكات، هیچ ئەندامێك، تەنانەت لە ئاستە بەرزەكانیشدا ئاگادارى وردەكارییەكانى وەرگرتنى بڕیار نییە. ئەم دۆخە ئەو حزبەى بەرەو تاكڕەویى زیاتر بردووە، هیچ دەرفەتێكى بۆ بڕیارى هاوبەش و سەركردایەتى بەكۆمەڵ نەهێشتۆتەوە.
3. یەكێتى بەرەو حزبێكى تەواو تۆتالیتار و پاوانكار هەنگاو دەنێت، نەك لەسەر ئاستى سیاسى، بەڵكو لەسەر ئاستى ئابورییش. ئێستا بودجە و ئابوریى ئەو بەشەى هەرێمى كوردستان كە لەژێر دەسەڵاتى یەكێتیدایە، بەشێكە لە بەرژەوەندیىو ئابوریى یەكێتىو تەنها گروپى باڵادەست ئاگادارى وردەكارییەكانى ئەو بودجە و ئابورییەیە. گروپى باڵادەست ماف دەبەخشێتە خۆى دارایى خەڵك و وڵات و بەرژەوەندیى ئابوری حزب وەك چەكى كڕینى ویژدان و ئیبتزاز و نانبڕین بەكاربێنێت بۆ كپكردنى دەنگ و هەڵوێستى ناڕازیى ئەندامە ڕەخنەگرەكان و یەكلاكردنەوەى هەموو جیاوازییەكان لە بەرژەوەندیى خۆیدا.
4. گروپى باڵادەستى ناو یەكێتى سیاسەتى "خۆساغكردنەوە" لەگەلأ ئەندامانى حزبدا بەكاردێنێتو هیچ بوارێكى بۆ ڕاى جیاواز نەهێشتۆتەوە، كادیرو پێشمەرگەو ئەندامان ناچاردەكات كە یان وەلاى رەها بۆ ئەو گروپە بسەلمێنن، یان خۆیان ساغ بكەنەوەو یەكێتى بەجێبێڵن. بۆ ئەو مەرامە پەنا دەبەنە بەر هەڕەشەى نان بڕینو مووچەبڕینو سەندنەوەى پۆست كە ئەڵبەتە ئەمە رەفتارێكى زۆر نادیموكراتو ناشارستانییەو لە دنیاى شارستانىو ژیانى حزبیى مۆدێرندا نمونەى بەدى ناكەین.
5. لە كاتێكدا ئەم روونكردنەوەیە بۆ جەماوەرى یەكێتىو راى گشتى بڵاودەكەینەوە، دووپاتى دەكەینەوە كە ئێمە بەشێكى دانەبڕاوى كۆمیتەى سەركردایەتى یەكێتینو بەبێ ئێمە هیچ بڕیارێكى یەكێتى شەرعى نییە، تا ئەو كاتەى كۆنگرەیەكى فراوان لە بارێكى ئاساییدا بەشێوەیەكى شەفافو دیموكراتانە، لەسەر بنەماو میكانیزمى دروست، بەڕێوەدەچێتو كۆمیتەیەكى سەركردایەتى نوێ هەڵدەبژێردرێت.
6. لە كاتیكدا گروپى باڵادەستى ناو یەكێتى بە زۆر دەیەوێت جیابوونەوەى خۆمان لە یەكێتى رابگەیەنین، بەڵام ئێمە ئامادە نین بڕیارى لەو جۆرە بدەینو خۆمانو هەموو ئەو پێشمەرگەو ئەندامو كادیرو تێكۆشەرانەى كە رۆژانە لە ئۆرگانو رێكخستنەكان دەردەكرێنو رەفتارى نادیموكراتانەیان دەرهەق دەكرێت، بە بەشێكى دانەبڕاو لە سەروەرییەكانى یەكێتىو ئێستاو ئایندەى دەزانین.
7. داوا لە دامودەزگا حكومىو داراییەكان، پارتو رێكخراوو فیدراسیۆنو دۆستەكانمان لەسەر ئاستى ناوخۆو جیهان دەكەین ئەو واقعە پەسەند نەكەن كە گروپى باڵادەستى ناو یەكێتى دەیەوێتو بەشێوەیەكى تاكڕەوانەو ناشەفاف بەزۆر بیسەپێنێت، چونكە دەبێتە سەرەتایەكى ترسناك دژى دیموكراسىو تەنها بە زەرەر بەسەر یەكێتیدا ناشكێتەوە، بەڵكو كۆى ئەزموونى سیاسىو یاسایىو دیموكراتى لەسەر ئاستى كوردستانو عیراق دەخاتە بەر مەترسى.
لە كۆتاییدا ئومێد دەكەین ئەم راگەیاندنە ببێتە مایەى ئاگاداربوونەوە بۆ بەڕێز سكرتێرى گشتىو گروپى باڵادەستى ناو یەكێتى، تا بە خۆیاندا بچنەوە چیتر بێباكانە نەڕواننە كێشە مەترسیدارو كەڵەكەبووەكانى ناو یەكێتى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە