مەلایەک دەڵێت: نەورۆز حەرامە و جێژنی موسڵمانان نییە!

Monday, 19/03/2012, 12:00

1837 بینراوە


ئەنشتاین دەڵیت : مۆراڵیەتی تا دوا پلەی بەرزی گرنگە بۆ مرۆڤ نەوەک بۆ خوا
سۆرین کیرکیگارد دەڵێت : نوێژ ناتوانێت خوا بگۆڕێت بەڵکو نوێژ کەرەکان ئەگۆڕێت
کۆمەڵگای کوردی مێژوویەکی تۆخی هەیە لەگەڵ باکگراوندی دین وبەتایبەتی دینی ئیسلامیدا .. گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی ئیمارەت و شۆرشە ناوچەییەکان گەڕانەوە بۆ حوکمی شیخ ومەلا وپیاوە ئایینیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە ..ئەوەمان بۆ نیشان ئەدا کە ئێمەی کورد باشخانێکی باشمان هەیە بە خاڵە پۆزەتیڤ ونێگەتیڤەکانیەوە لەگەڵ دیندا،ئێستاش دین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای کوردیە بەم واتایە دین ڕەهەندو فۆرمێکی بەهێزی کردەکانی ناو کۆمەڵگای لە خۆی کۆکردۆتەوەو ولەناو جەستەی مەخڵوقەکانی کۆمەڵگاشدا چەندین جومگەی بەهێزی هەیە ،بۆیە کاتیک قسە ئەکرێت لەسەر دین زۆرێک لە سیاسیە سکیولاریزم و حزبیەکانیش لە خاڵیکدا ئەوەستن کە بریندار کردنی هەستێکی زۆرینەی کۆمەڵگایە ،لەهەمان کاتدا خۆ دوور گرتن و تێوەنەگلاندنی زۆرێک لە چینە ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵگاشە لە سەر مەفهومەکانی دین وشیتەڵکردنیان.
نەورۆز مێژوویەکی دوور دریژی هەیە لەناو کورددا وبە ئەمساڵ و ساڵی کوردی ئەبێتە دوو هەزار وئەوەندە ساڵە .. کە دەکاتە مێژوویەکی زۆر کۆنتر لە دینی ئیسلامی،ئەوە جێگای پرسیار بێت لێرەدا سەر هەڵدەدا هیچ کەسێکی ئاگر پەرست یان نەرۆزپەرست یان هەر دین ومەزهەب هیچ کاتیک نەبۆتە هەڕەشە بۆ سەر دینی ئیسلامی،بە پێچەوانەشەوە ئیسلامیەکان چەندین جار بونەتە هەڕەشەو بۆ سەر دین لەوەیە زیادە ڕەوی نەبیت ئەگەر بڵیم کورد باجی مسڵمانی بونی دەدا نەوەک کورد بونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆیە ئەگەر قسەکانم بە جۆرێکی تر بنوسمەوە ئەگەر کورد مەسیحی بوایە ئێستا شێوازی حوکم ڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆرێکی تر،
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو مەلایەک بەناوی (عبدالسمد) لە شاری هەولێر بەم شێوەیە قسەی کرد لەسەر نەورۆز.

*************************

*************************

(نەورۆز هی مسڵمانان نیە)ئەمە قسەی مەلاکەیە .. قسەی ئاوا کارەساتێکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگا و ڕەوتی کلتوری لە کۆمەڵگای کوردی لێرەدا پرسیاری سەرەکی لەوە دەست پێ دەکات،ئەگەر ئەم مەلایە دەسەڵاتی هەبێت چی دەکات لە کورد ؟ بێگومانم لەوەی کە جلەکانمان شەڕواڵ و شاڵ و جۆرەکانی حەرام ئەکا ئەڵێت ئەمانە هی ئیسلام نین خواردنی کوردەواریش حەرام ئەکا چونکە هی ئیسلام نین .. وەک چۆن جەژنی نەورۆزی حەرام کرد چونکە هی مسڵمانان نیە ، من لە نوسینەکەمدا ناچمە ناو دینی ئیسلامی و ڕوانینی سەبارەت بە پرسەو جەژنەکان چونکە باسەکەم ئەباتە ئاقاریکی تر،لە زەمانی بەعسدا حزبی بەعس هەرچیەک خراپ بوو کردی دژی میللەتی کورد و بە هەموو جۆرەکانیەوە ئێستاش دوای خۆی ئەمانەی جێهێشتوون دەسەڵاتە گەندەڵەکەی پارتیش لە هەولێر هەڵئەستێت بە دابین کردنی جێگا وڕێگا خوڵقاندنی مزگەوتی گەورە گەورە بۆ ئەوەی بەم شێوازە هێرش بکەنە سەر کلتورو جەژنی کوردیەکان،ئەم مەلایە لە شوینێکی تردا دەڵێت

**********************


**********************
باس لە بێڕێزی کردن لە دین دەکات لەلایەن کوردێکەوە .. واتا یەک کورد لەلای مامۆستا بێرێزی بەدین کردووە چۆن باسەکە دەروژێنێت.. بەڵام خۆی سوکایەتی و بە جەژنێکی ٤٥ ملیۆن کەس دەکات کەچی ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت..کارەساتی گەورەیە کە دەسەڵاتە گەندەڵەکەی کوردی ڕێگە بدا ئەمانە لە کوردستاندا هەبن.
گەڕانەوەیە بۆ هەبوونی ئیسلامیەکان لە کوردستان ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە ئیسلامیەکان لە کوردستان خەریکی چین هەبوونی حزبە ئیسلامیەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە چ سودیکیان هەیە جگە لە شێواندنی کۆمەڵگای کوردی؟

**********************

**********************

ئەم پیاوە لەم وتارەیدا باس لە حەرام بوونی سەری ساڵی زاینیدا دەکات نەوەک هەر لەوەش هەرچی لە دەرەوەی سنوری مسڵمان بونی ئەودانەبێت کافرە،کەوابێت ئەو دێت بە هەوەس ومیزاجی خۆی هێرش دەکاتە سەر هەرچی پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای کوردی هەیە بیرمان نەچیت مەسیحیەکان بە درێژایی مێژوو لە کوردستان ژیاون شوێنەوارەکانیان ئەوەندە کۆنن لە شوێنێکی وەک شەقڵاوە (رەبەن بۆیا) دەیسەلمێنێ کە بۆ ئەوەی مسڵمان نەبێت خۆی لە کەلەنە شاخی سەفیندا دەشارێتەوە،
بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دەسەڵاتە گەندەڵ چڵکاوخۆرەکەی پدک وینک خەریکی دانانی سنوریک بن بۆ ئەم مەلایانە بەڵام من گومانم هەیە ئەوان بیانەوێت شتی لەم جۆرە لە کۆمەڵگا ڕێگری لێبکرێت چونکە ئەوان بەس بۆ ڕازی کردنی دڵی مەلایەک چی پێویست بیت دەیکەن ئیتر کلتورو ئیستاتیکای کلتوریش لە کۆمەڵگای کوردی چۆن سەقەت دەبێت جاڕ بەهەنەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە