ئێران و دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی شۆڕش

Wednesday, 11/03/2015, 12:00

1642 بینراوە






ئەمریكا بەشێوازی خۆی دیموكراسی لەجیهاندا پیادەدەكات یاخود دەسەپێنێت، یان لەڕێی هێزی سەربازی یان ڤیتۆیەكەی لە (ئەنجومەنی ئاسایش)ەوە، ڕووسیای ئێستاو (یەكیەتی سۆڤیەتی) جاران لەڕێی واڵاكردنی دەرگای كڕینی چەك لەلایەن ووڵاتانی عەرەبیەوە بوونی خۆیی لەناوچەكە سەلماند بوو لەڕۆژهەڵاتی ناویندا، كاتێك شای ئێران ڕووخێنراو لەئێران و وەدەرنراو هەڵهات، شۆڕشی ئیسلامی ئێران هاتە كایەوە،بەجۆرێك ووڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا بەشۆڕشی گەلانی ئێرانیان ناساند ،بەڵام دواتر هەڵسوكەوتەكانی كاربەدەستانی ئێران ئەمانی لەو هەڵوێستە پاشگەزكردەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران دوای گرتنەدەستی دەستەڵات لەئێراندا بانگەشەی(هەناردەی شۆڕشی)بەگوێی جیهاندا دا، ئەمەش لەبەر چەند ئامانجێك كەدیارترینیان چاوترسێنكردنی ووڵاتانی كەنداوبوو كەنابێت ببنە ڕێگر لەبەردەم فراوان بوونی دەستەڵاتی(شیعە)لەناوچەكەدا،بۆیە بەئاماژەی ئەمریكاو لەپێناو هاتنەناوەوەی ئەو ووڵاتەو سەپاندنی هەیمەنەی خۆی لەبری (ڕووسیا)چونكە ئەمریكا براوەی جەنگی دووەمی جیهانی بوو،بۆیە ئەمریكا داوای لەووڵاتانی عەرەبی لەناوچەكە كرد كە عێراق وەكو پارێزەری دەروازەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبی بەڕووی كۆماری ئیسلامیدا بووەستێتەوە،سەدام حوسەینیش لەنەشوەی چێژی دەستەڵاتدابوو هەربۆیە بەئاماژەی ئەمریكا لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی (ڕێكەوتنی جەزائیر)لەلایەن ئێرانەوە عێراق خۆی هاویشتە ناو شەڕێكی هەشت ساڵەوە، كە بەرهەمەكەی كوژرانی ملیۆنان كەس بوو لەهەردوولا، هەژموونگەرای شیعە ترسی لەلای زۆربەی ووڵاتانی كەنداو دروست كردبوو هەربۆیە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری عێراقیان دەكرد لەجەنگی دژ بەئێراندا،دواتر خەڵكانی(شیعە)مەزهەب لەعیراقدا زۆرترین ڕێژەیان هەبوو لەچاو ووڵاتانی ناوچەكە،بۆیە سەدام حوسەین بەهیوای بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەناوچەكە خۆی كرد بەپارێزەری هەموو نیشتمانی عەرەبی ، كۆماری ئیسلامیش لەسەرەتای فەرمانڕەوایەتیدا بوو بۆیە هێڵی جەنگی دژ بەعێراق بە(جیهادی پیرۆز)(الجهاد المقدس) ناوزەدكرد بەجۆرێكهاونیشتمانیانی واتێگەیاند كە ڕێگای شەڕلەدژی ڕژێمی بەعس هەمان ڕێگایە بۆ گەشتن بە(كەربەلا)، بۆیە گەلانی ئێران زۆر بەحەماسەوە بەرەو بەرەكانی جەنگ دەڕۆشتن چونكە وەكو ووتمان هەمان ڕێگای كەربەلایە،دوای هەشت ساڵ بەناچاری ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی(ئیمام خومەینی)بڕیاری ئاگربەستی قبوڵ كردو لەو كاتەشدا بە(پەرداخێك زەهر)ئەو ئاگربەستەی وەسف كردكەناچاركراوە بەخواردنەوەی ، بەڵام سەرانی ئێران زۆر لێزانانەو لێبرَاوانە دوای وەستانی جەنگ كەوتنە ئاوەدانكردنەوەی ووڵاتەكەیان و فراوانكردنی بازنەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و نەهێشتنی بێ كاری و بەرەو پێش بردنی ووڵات، بەجۆرێك ئەمریكا بەهەلًە لێكدانەوەی كردبوو بۆ ئێرانیەكان چونكە ووڵاتانی عەرەبی تەنها لەهەوڵی(خۆشگوزەرانی خۆیان)و (بەهێزكردنی پێگەی بنەماڵەكانیاندا)بوون لەپێناو مانەوەیان لەسەر كورسی دەستەڵات، بەڵام كاربەدەستانی ئێرانی بەپێچەوانەی ئەمانەوە بەشێوەیەكی زۆرنهێنی و زیرەكانە توانیان برەو بە(توانا ناوەكیەكان)ی ئێران بدەن،بەجۆرێك كاتێك ئەمریكا لەڕێی ئیسرائیلەوە ئاگاداركرایەوە كار لەكارترازابوو،هەربۆیە بەهەڵەداوان ئەمریكاو ووڵاتانی ڕۆژئاوا كەوتنە دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا،بەشێوەیەك تائێستاش گفتوگۆكان بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت كە ئێرانیەكان دەیانەوێت،چونكە ئەوەندەو نیوی جەنگی (ئێران..عێراق) لەكاتدا بەخەرج دراوە لەم دۆسیەدا، لێرەوە ئێران چەند جەمسەرێكی بەهێزی لەناوچەكەدا دروستكردووە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی خودی ئێران ،لەپێناو برەودان بەبەرنامە ئەتۆمیەكەی،لەو جەمسەرانەش دروستكردنی(حزب الله)ی لوبنانی،(ڕژێمی عەلەوی)لەسوریا، (شیعەكان لەعێراق) (حوسیەكان لەیەمەن) دواتر،شەڕفرۆشتنی وەرزیش بە (ئیمارات لەسەر سێ دورگەكە)ی كەلەسەر خاكی ئیماراتین،بەم شێوەیە بۆ زیاتر لە(سێ)دەیە زۆر سەركەوتوانە ئێران توانیویەتی درێژە بەژیانی سیاسی خۆی بدات لەپێناو بەدەست هێنانی (چەكی ئەتۆمی)دا،لەگەڵ هاتنی ئەمریكاو ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەعێراق،كۆماری ئیسلامی توانی شیعەكان ووشیاربكاتەوە لەهەستیاری دۆخەكەو ڕاپێچی پرۆسەی سیاسیان بكات لەعێراقدا،بەپێچەوانەی سونەكانەوە كە دژایەتی پرۆسەی سیاسی و ئەمریكیەكانیان هەڵبژارد، بەجۆرێك هەر ئەم دابڕانەش بوو بە هۆی لەدەست دانی پێگەی(سوننە) لەعێراقداو تائەمڕۆش باجەكەی دەدەن،ئەمریكاش لەتۆڵەی ئەمەدا حوكمی عێراقی بە(شیعە)سپارد بۆ ئەوەی سونەكان ڕێگای(مقاومە)واتە بەرخودان بگرنە بەرو بخرێنە (لیستی ڕەشەوە)،بەجۆرێك قاعدە لەعیراقدا بەپاڵپشتی سونەكان جێ پێی خۆی كردەوە، دواتریش داعش وەكو خاڵی هاوبەش سەنگەریان لەگەڵ سونەكان كرد بەیەك كەدژایەتی كردنی ئەمریكاو شیعەی عێراق ،لێرەوە هەلی زێڕین بۆ كۆماری ئیسلامی هاتە پێش تاكار بەوە گەشت بەرپرسانی ئێرانی بە ئەمریكیەكان بڵێن(ئەگەر ئاسایش و سەقامگیریتان بۆعیراق)دەوێت دەبێت لەگەڵ ئێمە دانوستان بكەن ،واتە ئێمەین عیراق بەڕێوە دەبەین نەك ئێوە، دوای سێ دەیە ووڵاتانی كەنداو هانایان بۆ قاعدەو داعش بردەوە لەبەرامبەر پاوانخوازیەكانی ئێراندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆو لەڕێی كۆمەكی دارایی ولۆجستیەوە بەو گروپە توندڕەوانەبەڵام ئەنجام گیر نەبوو،بەڵكو بە پێچەوانەوە شكایەوە بەسەریاندا چونكە كۆماری ئیسلامی بەخودی خۆی سەرپەرشتی و بەشداری شەڕە لەعێراق وسوریا ، بۆیە داعش چەندە پانتای جوگرافی فراوان بێت ئەوەندە ئێران پێگەی بەهێزتر دەبێت،چونكە پایتەختێكی شیعە لەمەترسیدایە كە ئێران نایەوێت ببن بەدووان ئەویش(دیمەشق،بەغدا)یە،لێرەوە دەتوانین بڵێین (داعش)هۆكارێكی بەهێزی هەناردەكردنەوەی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیە لەناوچەكەدا،هەروەك كاتی خۆی ڕژێمی بەعس هۆكاربوو بۆ هاتنە ناوەوەی نفوزی ئێرانی لەناوچەكە لەڕێی جەنگی كەنداوی یەكەمەوە ، كوردەكانی باشوریش بۆ دلأنەوای كۆماری ئیسلامی ئامادەیی خۆیان پیشان داوە بۆ گێڕانی مەراسیمی مەزهەبی لەكوردستان لەڕێی كردنەوەی(حوسەینیەكان)ەوە جیاواز لە هەمووان، بۆیە ئێران یاسایەكی هەیە كەدەڵێت(،ئەو شوێنانەی خوێنی سەربازو پاسداری ئێرانی لەسەربڕژێت كۆماری ئیسلامی بەهی خۆی دەزانێت)هەربۆیە ڕێكخراوی(بەدر،خوراسانی)نمونەی ئەم خواستەی ئێرانن لەعێراق، چونكە ئەگەر لەبیرمان بێت ئیمام خومەینی وەستانی شەڕی لەگەڵ عێراقدا بە خواردنەوەی(ژەهر)وەسف كرد،هەمووان ئەوەش دەزانین تەنها دوژمن(ژەهر)دەرخوادی بەرامبەرەكەی دەدات،واتە ئەمان ئێستا تۆڵەی سێ دەیە لەمەوپێش دەكەنەوە كەشەڕی سوننە بوو بەرامبەر بەشیعە لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا...
كامەران/گوڵپی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە